دۆسیەی تایبەت سەبارەت بە رۆڵی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە ژمارە ٥٢ی بۆپێشەوەدا …

عەبدوڵا مەحمود، کەژاڵ حەمە ڕەشید، کنێر جەمیل، بنار مستەفا، هێور دلێر …

 

چەند سەرنجێکی کورت وخێرا لەسەر دنیای تۆرە کۆمەڵایەتیەکان…

عەبدوڵا مەحمود 

مشت و مڕ هەڵناگرێت… ئەمرۆ تۆڕە کۆمەڵایەتیییەکان بەگشتی و فەیس بوک بەتایبەتی، پانتایەکی گەورەی لە ژیانی تاکەکانی کۆمەڵگە داگیرکردووە. وە کاتێکی یەکجار زۆری لە بەشدرابوونی بردووە…

دیارە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان بەگشتی و فەیس بوک بەتایبەتی تر توانیویەتی ڕایەڵ و پۆیەکی کۆمەڵایەتی بۆ بەشداربووانی مەیسەر بکات و ماڵێکیان بداتێ تا لێیەوە بۆچوون، پەیام و پەیوەندییان زۆر شتی تایبەتی و گشتی تری لێوە بڵاوبکەنەوەو ڕابگەیەنن… سەکۆیەکی بەخشیوە بەهەر کەسێک چۆن دەیەوێت واڵەکەی خۆی کەڵک لێوەربگرێت و ئەو ئازادیەشی پێبەخشیوە، کەلەسەروی کۆنترۆڵەوەیە… لەوەش واوەتر هەر هەواڵ و ڕووداو و زانیارییەک” راست بن یان هەڵە”، لە چرکەساتێکدا بەسەدان ملیۆن کەس بگات.

لە دنیای ئەم سەردەمەدا ئەم تۆڕە کۆمەڵایەتیانەو ئامێرە سمارت” زیرەکەکان” ڕووی پێشرەویەکی گەورە لە زەمینەی زانست و پەیوەندیەکاندا، دەخاتە ڕوو… دیارە سودمەندی یەک لەم تۆڕانە بە پلەی یەکەم کۆمپانیاکان و خاوەنی ئەو تۆرانەن… بەڵام ئەوە ئەو ڕاستیە داناپۆشێت کە بەشداربووانیش بە شێوەی جۆراو جۆر سودمەند لەو فەزایە دەبن کە تۆرەکان خستویانە بەردەست. تا ئێرە دیوێكی دنیای تەکنۆلۆژی و ئەلکترۆنی و پێشرەوی ئامێرە زیرەکەکانە کە قابیلی کەڵک لێوەرگرتن و فێربوونن.

دیوی دووەمی ئەم تۆڕانە کاریگەرییە سلبیەکەیەتی… کاریگەرییەک کەهێشتا دەرمانێک بۆ سارێژکردن و چارەسەری نەدۆزراوەتەوە. من لێرەدا تەنها وەکو سەردێر و زۆر بەکورتی ئاماژە بە چەند لایەنێکی کاریگەرییە زیانبارەکانی دەدەم…

یەکەمین کاریگەری سلبی ئەم تۆڕانە… بەزاندنی حەرەمی تاکەکانە، ئەگەر پێشتر و لە دەستوری زوربەی وڵاتە ناودێرکراوەکان بە دیموکرسیدا پاراستنی حەرەمی شەخسی و پشکینن و چوونە ناو وردەکاری ژیانی تایبەتی کەسەکان ڕێگەپێدراو نەبوو، یاساغ بوو… ئەوا ئێستا تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بۆ داگرتنی زۆر بەرنامە لە کۆمپیوتەردا یان لە ئامێرە زیرەکەکاندا ناچار بە دانی زانیاری تاکە کەسی دەکات… لەشوێنی نیشتەجی بوونەوە بۆ ساڵ و شوێنی لەدایک و بوون و پیشەو زانیاری لەسەر هاوڕێکانت و شوێنی وێنەگرتن و کاتی گەشت و سەفەر و….تاد.. لەبەردەستی کۆمپانیاکاندان، ماڵیکی فەردیت هەیە، و زانیاری فەردیت کۆنتڕۆڵکراوە و دەرگاو پەنجەرەی ماڵە تایبەتیەکەت بەڕووی ئەواندا کراوەیە.

دووەمین کاریگەری ئەم تۆڕانە… دزین و بردنی کاتێکی یەکجار زۆری زوربەی هەرەزۆری بەشداربوونی تۆڕەکانە… کە ڕۆژانە چەندین سەعات لە کاتی بەشداربوونی دەبات… خودی ئەو تۆرە کۆمەڵایەتیە، پەیوەندییە زیندووە کۆمەڵایەتیەکانی کەنار خستووەو لە جیگایدا پەیوەندیەکی رەمزی و نا ئۆنالینی داناوە… قسەو باس و گۆڕینەوەی بیروباوەر و پەیوەندیەکانی کەسە نزیکەکانی ناو خانەوادەکانیشی گۆیوە بۆ چاو خستنە سەر شاشە مردو بێ گیانەکان.

سێهەمین کاریگەری ئەو تۆڕانە… گوێزانەوەی دەم و چاو و هەستی کەسەکانە لەسەر فەزای گشتی و دیمەنە واقعیەکانی ژیانی کۆمەڵگە بۆ سەر شاشەی تابلێت و ئامێرە زیرەکەکان و دنیای ناو تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان.

ئەگەر پێشوتر ناو ماڵ و پاس و قیتارو پارک و قەراغ دەریا و کتێبخانەکان و… خوێندنەوەی ڕۆژنامەو کتێب سەرنجراکیشترین دیمەن بوون… ئێستا چاو لەسەر ئامێرە ئەلکترۆنیەکان و زیرەکەکان، دیمەنی زاڵە…

چوارەم کاریگەری ئەم تۆڕانە، ئەم تۆڕانە هاوکات جێگایەکن و ماڵێکن بۆ بابەت و هەواڵ و زانیاری بێ سود و پەرپوت… وەک و شوێنیك بەکاردەهێنرێن بۆ تۆمەت بەخشینەوە و درۆ پەخش کردنەوە، وە هێشتا جیگایەکی کامڵ نین بۆ کەڵك لێوەرگرتن و دەرخستنی رووی راستەقینەی روداو وهەواڵ و دیمەنە واقعیەکانی ژیان و گوزەران و گوڕینەوەی بیرورا و سەکۆیەک بۆ گۆرانکاری ئیجابی.

پینجەم کاریگەری سلبی ئەو تۆڕانە هەراسانکردن و بێزاکردنە… بیزارکردنی ژنان و هەراسانکردنیان لەکۆمەڵگە نەریتیەکانی وەکو ئێمەدا، هێندە ئاشکرایە کە زوربەی ژنان و کچان ناچارکراون بە ناوی وەهمی و وێنەی ترەوە بەشداری ناو تۆرەکان بن…

هەروەها بەشێکی زۆری بەشداربوونی تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان، لاپەرەو واڵی خۆیان بەکاردەهێنن بۆ دانانی وێنەو پەیامی روکەش، و سفرەی خواردن و خواردنەوە و نمایشی وێنەی شەخسی…دانانی وێنەی نەخوازراوی نەخۆش و کەسانی ئازاردراو، بریندار و لەسێدارە دراو و خنکێنرا و سوتێنراو، وینەو بابەتی ترسناکی روداوە تۆقێنەرەکان… تا دەگاتە ئەوەی وەکو شوێنیک بۆ پرسەدانان و تازەیەباری و دانانی وینەی نەشتەرگەرییەکان راگەیاندنی نەخۆشی تاد. کە دابەشکرنی ناخۆشیەکانە بۆ بەشداربوون و هاوڕێیانی..

لایەنێکی تری سلبی ئەو تۆرە کۆمەڵایەتیانە، دوورخستنەوەی چالاکوانان و کەسانی ئەکتیف و تیکۆشەرە لە کاری رێکخراو و ئامانجدارنەوە بۆ کاری فەردی و سەرقاڵ بوون بە واڵ و ماڵە فەردییەکەی خۆیانەوە… کە ئەمە وای کردووە کار رێکخراویان ببێتە کاری ئیختیاری و کاری ئامانجدارنەیان ببیتە کاری بەڕیکەوت و تەعەهود بوونیان لەگەڵ کەسانی تر ببێتە لاباکی و پابەند نەبوون… سەرئەنجام بەکردەوە لەکاری ڕیکخراو دووردەکەونەوە…

چ فەیس بوک و چ تۆرە کۆمەڵایەتیەکانی تر… پێویستە بە ئاقارێکی تردا کەڵکیان لێوەربگیریت و بەراستی ببنە سەکۆیەک کە پێچەوانەی ویستی کۆمپانیاکان و ئامانجەکانیان بێت… پێویستە ببنە شوێن و سەکۆیەک کە کاری رێکخراو ئامانجدارانە و تەعەهودی و بەکۆمەڵ بەمەبنا وەربگریت… ببێتە شوێنێک بۆ گۆڕینەوەی بیرورای و چ کردن و نەخشە دارشتن…. وە ببێتە جێگایەک بۆ گێرانەوەی پەیوەندی زیندو لەگەڵ یەکتری و حزوری…  پەرەدان بەخۆشەویستی و ئینساندۆستی و بەرابەری خوازی…

 

کەژاڵ حەمە ڕەشید

دیمانە لەگەڵ کەژاڵ حەمە ڕەشید نووسەر و چالاکوانی سیاسی و مافی مرۆڤ و مافی ژنان/ کەنەدا سەبارەت بە ڕۆڵی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان

بۆپێشەوە: سوشیال میدیا چ کاریگەرییەکی لەسەر کۆمەڵگە داناوە؟ لایەنە باشەکانی کامانەن؟

کەژاڵ حەمە ڕەشید: سەرەتا بۆ ئەوەی بچمە ناو بابەتەکەوە ئەمەوێت پێشەکی ئەوە باس بکەم کە سۆشیال میدیا تەنها بریتی نییە لە فەیس بووک و تویتەرو  ئەو تۆڕە کۆمەڵایەتیانەی کە ئەمڕۆ ئێمە بە تایبەتی کورد بەکاری دەهێنین بۆ پەیوەندی گرتنی کۆمەڵایەتی و سیاسی و بڵاوکردنەوە یان وەرگرتنی زانیاری. سۆشیال میدیا بریتیە لە هەموو ئەو سایت و ماڵپەڕو پێگە ئۆنلاینانە کە دەتوانین بەکاریان بهێنین بۆ بڵاوکردنەوەو وەرگرتنی زانیاری، کەواتە گووگڵ و یوتوب و یاهوو و هەموو ئەو کەناڵە ئۆنلاینانە بەشێکن لە سۆشیال میدیا. مێژووی سۆشیال میدیا دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی ١٩ کە یەکەم جار تەلەگرافی تیا دۆزراوەتەوە، بەڵام بانەچینە دیتەیڵی ئەو مێژوەوە، زیاتر ئەو سۆشیال میدیا بەرفراوانەی کە ئەمڕۆ بەکاری دەهێنین بەشێوەیەکی بەربڵاو، کە پێم وایە مەبەستی پرسیارەکانیشتانە لە ماوەی ساڵانی نەوەتەکان و دووهەزاردا بەرفراوان بووە لە بەکار هێنانیاندا. بێگومان ئەمە شۆڕشێکی تەکنۆلۆجی گەورەیە مرۆڤایەتی پێی گەیشتوە. بێگوومان دەستکەوتی ئەرێنی زۆر گەورەی هەیە و لە بەرامبەریشدا لایەنی نەرێنیشی هەیە.

سەبارەت بە لایەنە ئەرێنیەکان بە بۆچوونی من زۆر زیاترن لە لایەنە نەرێنیەکان. وەڵامی ئەوەی کە سۆشیال میدیا باشە یان خراپ ئەکەوێتە سەر ئەوەی چۆن بەکاری دەهێنیت و چی پی دەکەیت. وە ئەگەر ئەو پرسیارە لەوانە بکرێت کە سۆشیال میدیا بەفراوانی بەکار دەهێنن بێگومان دەڵێن سۆشیال میدیا شتێکی باشە، وە ئەوانەش کە بەکاری ناهێنن بە پێچەوانەوە هەڵی دەسەنگێنن. بەڵام لە ڕاستیدا بەکارهێنانی فەیسبووک لەلایەن ٢.٢ بلیۆن کەسەوە لە جیهاندا ، ١.٩ بەکاربەری یوتوبەوە و لە گووگڵدا تەنها لە ساڵێکدا ١.٢ ترلیۆن تەنها گەڕان دەکرێت (بە پێی لیکۆڵینەوەیەکی بی بی سی) و تەواوی سۆشیال میدیاکانی تر بە ڕێژەی خەیاڵی بەکار دەهێنرێت مانای ئەوەیە لایەنی ئەرێنی زۆر زیاترە.

سۆشیال میدیا لە ڕووی پەیوەندی کۆمەلایەتی، سیاسی، ئابووری کاریگەری زۆر گرنگی هەیە. لە ڕووی پەیوەندی کۆمەڵایەتیەوە ئەوە لای هەموومان ئاشکرایە کە چەند ئاسانکاری هاتوەتە بەرهەم بە هۆی سۆشیال میدیاوە، هەر ئەم پەیوەندیانەی ئێستا ئێمە هەمانە بۆ ئەم گفتوگۆیانە بەم ئاسانییە بەرهەمی بوونی ئەو کەناڵانەیە، کرانەوەی کۆمەڵگە داخراوەکان بەڕوی دنیادا، و دەست ڕاگەیشتنی نەوەی نوێ و گەنجان بە ئالوگۆڕە جیهانیەکان لە ڕووی کەلتووری و فەرهەنگی و زانستی و سیاسیەوە ،بابەتێکی زۆر گرنگە کە ئەگەر سۆشیال میدیا و کۆنێکشنی ئەلیکترۆنی نەبوایە بە دەیان ساڵی تریش ئەو داخراویە نەدەگەیشتە ئەم ئاستەی ئێستا. لە ڕووی زانستیەوە کاریگەری زۆر گرنگی هەیە، دەست ڕاگەیشتنی خوێندکار و مامۆستا و توێژەرەوە و پسپۆرو زانایان بە زانیاری نوێ و بڵاو کردنەوەی زانیاری زۆر بە ئاسانی و بە خێرایی کە هیچ کات زانست ئەمەی بەخۆوە نە بینیوە! هەر بەهۆی ئەو کەناڵە ئەلکترۆنیانەوە ئاستی زانستی زۆر بە خێرایی زیاتر گەشە دەکات، کاتێک لە سەنتینیاڵ کۆلێج لە وانەی کیمیا ریسێرچێکم هەبوو لەسەر ئەسپرین، لە کۆی گەڕان و ڕیسێرچ و ئامادەکردنی بابەتەکەمدا ئەوەندەم زانیاری کیمیایی وەرگرت بە ئەندازەی تەواوی ئەو زانیاریە کیمیایانەی لە هەموو ئەو سمستەری خوێندنەدا وەرم گرتبوو.

لە بواری ئابوری و بزنسدا شارەزانیم، بەڵام ئەوە ئاشکرایە کە سۆشیال میدیا ڕۆڵێکی زۆر کاریگەری هەیە لە بردنە پێشەوەی بزنس و گەشەی ئابووریدا، بە پێی لێکۆڵێنەوەیەکی ڕۆژنامەی بەناوبانگی ئیکۆنۆمست لە نێوان ساڵی١٩٩٠-٢٠٠٥ یەک بلێۆن کەس ئاستی بژێویان بەرز بوەتەوە بۆ ئاستی مامناوەندی! هەندێ بزنسی بچوک بە هۆی سۆشیال میدیا و کەناڵی ئەلکترۆنیەوە شۆرشێکی لەو بوارەی خۆیدا کردووە.

هەروەها سۆشیال میدیا ڕۆڵێکی زۆر گەورەو گرنگی هەیە لە بواری سیاسیدا، بڵاو بوونەوەی هەواڵ و ئاڵوگۆڕیە سیاسیەکان لە هەمان کات و بەشێوەیەکی ئاسان و بەرفراوان، لەم بارەیەوە تویتەر ڕۆڵیکی گەورەی هەیە، لەهەر خولەکێکدا نیو ملیۆن تویت بڵاو دەبیتەوە، ئەوە زۆر گرنگە بۆ نموونە بڕیارێکی دۆنالد ترامپ کە پەیوەندی بە ئاڵوگۆڕی گەورەی جیهانەوە هەیە بە تویتێک لەماوەی چەند خولەکێکدا هەزاران کەس دەیبیستێت و لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا چەندین ملیۆن کەس لێی ئاگادار دەبێت. دروست کردنی تۆڕی فراوان لەمسەر تا ئەوسەری جیهان بۆ نزیکبوونەوەی فکری ئاڵوگۆڕی بیروڕا و پێکهێنانی گروپ و ڕێکخراو و بڵاوکردنەوەی گۆڤارو ڕۆژنامە و بابەتی سیاسی. لە بیرمە کە ٢٠١١ میسر شۆڕشی کرد لەو کاتانەوە بوو کە سۆشیال میدیا خەریک بوو زۆر فراوان دەبوو، زۆربەی هەواڵەکان لەسەر شۆڕشی میسر باسی ئەوەشیان دەکرد کە سۆشیال میدیا زۆر ڕۆڵی هەبووە تیایدا. هەروەها ئاسانکاریەکی باشی کردوە لە دەست راگەیشتن بە ناوەندە جیهانییەکان و گەیاندنی پرسە گرنگەکان پێیان، سەبارەت بە پێشیلکاریەکانی مافی مرۆڤ و تیرۆرەکان لە کوردستان، من وەک خۆم و بە هاوکاریش لەگەڵ کەسانی تردا نامەم ناردوە بۆ ڕێکخراوە نێو دەوڵەتیەکان و ئاگادارم کردونەتەوە لەو بابەتانە ، تا ئێستاش ئەو نامانە وەکو دۆکیومێنت لەسەر پەیج و ماڵپەڕی ئەو ڕێکخراوە جیهانیانە هەر ماوە.

سوشیال میدیا لە هەموو بوارەکانی ژیاندا ڕەنگی داوەتەوە و کاریگەری داناوە، بۆیە ئەگەر باسی هەموو لایەنەکان بکەین گفتوگۆی هێجگار گەورە و کاتی زۆرمان دەوێت. بەڵام ئەوەش باس بکەم کە لە سۆشیال میدیادا، هەموو کەس وەکو یەک ئازادە و وەکو یەک مافی بڵاوکردنەوە و وەرگرتنی زانیاریان هەیە، بەبێ سانسۆرو جیاوازی، بە گشتی سەکۆیەکی دیموکراتیە بۆ هەمووان.

بۆپێشەوە: سۆشیال میدیا هەم لایەنی ئەرێنی و هەم نەرێنی هەیە، لایەنە نەرێنیەکانی سوشیال میدیا کامانەن؟

کەژاڵ حەمە ڕەشید: وەکو باسمان کرد ئەگەر لەو کەسانەی کە سۆشیال میدیا بەکار ناهێنن پرسیار بکەین لەسەر باشی و خراپی؟ ئەوا باسێ لایەنە خراپەکان دەکەن، بەگشتی لایەنە خراپە باوەکان کە باس دەکرێن ئاڵوودەبوونە، گۆشەگیری، سترێس(دڵتوندی)، کاریگەری لەسەر تەندروستی، هەروەها بە هۆی ئاسانی دەست پێڕاگەیشتن و بەکار هێنانیەوە ڕۆڵی هەیە لە بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناڕاست، زانیاری هەڵە، ناوزڕاندن، تادەگات بە ڕۆڵ و کاریگەری لە بردنە پێشەوەی تاوان و کوشتندا.

بەو پێیەی دەست گەیشتن بە سۆشیال میدیا زۆر سادەو ئاسان بووە، هەر لەرێگەی مۆبایلەکانمانەوە لەهەر کاتێک و لە هەر جێگەیەک بێت دەتوانین پێی بگەین، بۆیە زۆرێک لە بەکارهێنەرانی سۆسیال میدیا بەتایبەتی فەیس بووک، ئنیستگرام، تویتەر توشی جۆرێک لە ئالوودەبوون دەبن و کاتێکی زۆر تەرخان دەکەن لەو بارەیەوە کە هەندێ کات لەوانەیە ببێتە هۆی کێشەی کۆمەڵایەتی و خێزانی. هەندێکیش دەڵێن کەناڵی ئەلیکترۆنی کاریگەری هەیە لەسەر تووشبوون بە گۆشەگیری، ئەوە ڕاستە کە لەڕێی سۆشیال میدیاوە دەتوانیت پەیوەندی بکەیت بە سەدان یان هەزاران کەسەوە، بەڵام زۆرێک لەوانە هەرگیز ڕووبەڕوو لە ژیانی واقعیدا نایان بینیت، ئەو بینین و ڕوبەڕووبوونە کۆمەڵایەتیەی کە مرۆڤ پێویستی پێیەتی بۆ هەستکردن بە زیندویەتی شتەکان. هەروەها ئاسانی ئەو دیڤایز و ئامیرو تۆڕە کۆمەڵایەتیانە وای کردوە کەسانی ترسنۆک و لێنەهاتوو لە پشتی سکرینی(شاشەی) کۆمپیوتەرێکەوە بتوانن ئازایەتی بنوینن، و هێرش بکەنە سەر کەسانی تر و ناویان بزڕێنن و کەسایەتیان بشێوێنن و توانج و تانە… لە خەڵک بدەن. ئەمانە و بێجگە لەوەی هەڕەشە و بە ئەنجام گەیاندنی تاوان و کوشتن لەم ڕێگایانەوە ئاسان بەدەست دێت. بۆ نموونە لە کوردستان زۆرێک لە تاوانەکانی کوشتنی کچان و ژنان بەجۆرێک لە جۆرەکان پەیوەندی بە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانەوە هەیە. لە ڕاستیدا تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بووە بە پاساو و ئامرازێکی ئاسانکردنی ئەو تاوانانە. هەروەها زۆر ئاسانە لە بازرگانیدا لە ڕێگەی ئۆنلاین و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانەوە ساختەکاری بە ئاسانی بکرێت. بەم شێوەیە دەکرێت سۆشیال میدیا بە هەردوو باری باش و خراپ بەکار ببرێت، بەڵام لایەنە باشەکەی کە زۆربەی سێکتەرەکانی ژیانی گرتوەتەوە شۆڕشێکە.

بۆپێشەوە:  سۆشیال میدیا تا چەند بۆتە سەکۆیەک بۆ کاری هاوبەش وڕێکخراوو ئامانج دارانە؟

کەژاڵ حەمە ڕەشید: لە ڕاستیدا لەم بابەتەشیاندا سۆشیال میدیا لە دوو ڕووی جیاوازەوە ئاسانکاری کردوە و ڕۆڵی بینیوە. هەموو کەسێک دەتوانێت وەک تاک هەر خۆی ببێتە میدیایەک بۆ بڵاو کردنەوەی هەواڵ وبابەت و هەر شتێک کە ئارەزوویان لێی بێت بە بێ سانسۆرو دەست تێوەردانی هیچ کەسێکی تر. کەسێک بەتەنها دەتوانێت هەر خۆی ڕێکخراوێک بێت بۆ پەرەپێدانی بیرو بۆچوونێکی دیاریکراوو چەندین لایەنگریش بۆ خۆی پەیدا بکات و کاریگەریشی هەبێت. لەلایەکی ترەوە ئاسانکاریەکی زۆر گەورەشی کردوە بۆ کۆبوونەوە و پەیوەندی گرتنی چەندین کەس و گروپ و ڕێکخراوو کەسایەتی بۆ ڕاگۆڕینەوە و پێکهێنانی گروپ و ڕێکخراوی جۆراوجۆر و بڕیاردان لەسە پرسە باو و کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووری و هەر جۆرە بابەتێکی تر. هەندێک پۆست لەسەر بابەتێکی گرنگی جیهانی هەزاران کۆمێنتی لە ووڵاتانی جیهانەوە لەسەر دەنوسرێت و دەبێتە هۆی بیروڕا گۆڕینەوە لە چەندین جێگای دوور و نزیکی جیهانەوە. چەندەها کەس لە پیتیشن و هەڵمەتی واژۆ کۆکردنەوەدا لەسەر بابەتێک یەک دەگرنەوە کە لەوانەیە هەرگیز یەکتریان نەناسیبێت یان نەبینیبێت. لە ڕێی سۆشیال میدیاوە دەتوانیت تیمێکی تۆپی پێ یان گروپێکی هونەری کۆبکەیتەوە هەروەها بۆ زۆر بابەتی تریش. بە گشتی سۆشیال میدیا توانیویەتی هەل بدات بە کەسەکان بە تاک کار و ئامانجی خۆیان بەرنە پێشەوە کە لەوانەیە ئەگەر سۆشیال میدیا نەبوایە زۆرێک لەو کەسانە هەرگیز هەلێکیان بۆ نەڕەخسایە کە وێنەیەکی خۆیان بڵاو کەنەوە لە پەبڵکدا یان هۆنراوەیەک یان هەر بابەتێکی پەیوەندیدارو ئارەزومەندانە بە پرسێکی گرنگەوە بڵاو بکەنەوە. بەهەمان شێوە بەهۆی سۆشیال میدیاوە چەندەها گروپ و ڕێکخراو دروست دەبێت کە دەبێتە هۆی ئاسان بڵاوکردنەوە و بردنە پێشەوەی بابەت و بۆچوون و پرسە گرنگ و دیاریکراوەکان.

کنێر جەمیل

دیمانە لەگەڵ کنێر جەمیل خەیڵانی چالاکوان و چاودێری سیاسی و زیندانی سیاسی ڕژێمی سەبارەت بەڕۆڵی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان

بۆپێشەوە: تا چەندە توانراوە سۆشیال میدیا سودی لێ ببینرێت؟

کنێر جەمیل: کاتێ باسی سوود دەکرێ، هەڵبەتە دەبێ بگووترێ کەوا سوودی لێبینراوە، بەڵام کە دێینە سەر پێناسەکردنی سوود، یان دەستنیشانکردنی سوود و کەڵک لای ئێمە، مەبەستم لای کۆمەڵگەی کوردەوارییە، ئەوا لەوانەیە وەڵامەکە ئەوەندە پۆزەتیڤانە نەشکێتەوە. هەرچۆنێک بێ، لە ڕووی ئەوەی زمانێک، زمانی دەربڕینی سۆشیال میدیا، بەتایبەتیش لە فەیسبوکدا هاتۆتەکایەوە، کە  ئێستا وای لێهاتووە، جۆرە یەکانگیرییەک لەسەر بەکارهێنانی هەبێ، ئەمەش بەلای من پرسی زمان و مەسەلەی زمانی ستانداردی بە شێوەیەکی ڕوونتر هێناوەتە گۆڕێ. لەسەرێکی دیکەشەوە، ئەوەی پەیوەندی بە بەدبەکارهێنان یان بەدحاڵیبوون لەو کەناڵانە، بەداخەوە ئەوەندە بەرفراوان بووەو، چەندین جار کارەساتی لێکەوتۆتەوە. بۆیە کەڵکەکە سنوردارە، ئەمەش  دەگەڕێتەوە بۆ پاشخانی بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای نوێ، کە بۆ ئێمە وەک بازدانێک وایە، واتە پێشتر بەپێی پلەبەندی سەرهەڵدان و چەکەرەکردن نەهاتووە، بەڵکو ڕاستەوخۆ تاکی کورد بەسەر ئەو ئامێر و هێڵانەدا کەوتووە، ئیدی ئەو پاشخانە سنووردارەی فەرهەنگی و شارستانییە وایکردووە، لایەنی سلبی بەکارهێنان بە بەرەچاوی بێتە پێشەوە.

بۆپێشەوە: چۆن دەڕوانە ئەو کەسانەی سۆشیال میدیا بە ناوی خۆیانەوە بەکارناهێنن؟

کنێر جەمیل: لەوانەیە چەند هۆکارێک هەبن، هەندێکیان لە نیازپاکیی و ئەوی دیکەش لە بەدنیازی سەرچاوەی گرتبێ.

ئەوەی لە نیازپاکییەوەیە، لەوانە بارودۆخ، ئەوسا چ سیاسی بێ وەک بەشی ڕۆژهەڵات و باکووری کوردستان، یان بارودۆخی کۆمەڵایەتی وەک ئەوەی کچێک لەبەر بنەماڵەو تیر و هۆزەکەی نەتوانێ ڕاشکاوانە دەریببێڕی.

هەرچی بەدنیازیشە، ئەوا مەبەستێکی شاراوەی لەپشتە، وەک هەندێ لەو تۆڕە کۆمەڵایەتیەیانەی کە  سێبەری حزبە سیاسیەکانن و دەستی بۆدەبەن، و بۆ یەکدی شکاندن بەکاریدەهێنن، یان  کەسانی داخ لەدڵ بۆ مەبەستی دەرفەت قۆستنەوە بەکاری دەهێنن یان لەڕووی دەروونییەوە نەخۆشن. هەڵبەتە هەر حاڵەتێکیش دەکرێ لە کۆنتێکستی ناوەڕۆکی ئەو دەربڕینانەی کەسەکە بەناوێکی خوازراو یان دەمامکرداو بەکاری دەهێنرێ. بۆیەناکرێ حوکمێکی گشتگیری بدرێ و بە بەڵێ یان نەخێر، یان بەباش یان خراپ حوکم لەسەر بەکارهێنانی ناوی دەمامکدراو بدرێ. لەهەمان کاتیشدا لە بارودۆخێکی ئاسایی و ئارام و ئازادانەدا، ڕێسای گشتی ڕاست و ڕەوان ئەوەیە،  بەکارهێنەرەکە ناوی ڕاشکاوانەی خۆی بخاتە پێشەوە، چونکە ناوی دەمامکراو بەدگومانی لەخۆی هەڵدەگرێ.

بۆپێشەوە: بۆچی بەشێکی فراوانی ژنان وێنەو ناوی خۆیان بەکارناهێنن؟

کنێر جەمیل: وەک لە بەشێکی پرسیاری پێشوو وەڵامدرایەوە، بێگومان لەبەر لایەنی کلتوری و  فەرهەنگی و کۆمەڵایەتییە. ئاخر کۆمەڵگەی کوردەواری لەڕوانگەی یەکسانی نێوان هەردوو ڕەگەزەکە هێشتا زۆر لە پاشە! ڕای ئازاد و سەربەخۆی توخمی مێی پێ قبووڵ ناکرێ، هێشتا پیاوسالاری بەسەر جومگە و کایەکانی کۆمەڵدا باڵکێشە. بێگومان پرسی بڵاوکردنەوەی وێنە، لەنێو هەناوی ئەو کۆمەڵگەیە، کە شەرەف راستەوخۆ بە ئافرەتەوە دەبەستێتەوە، چەکێکی هەم کاریگەر و ترسنۆکانەشە، چەکێکی ئاسانە بە ئاسانی ئامانجەکەی خۆی دەپێکێ، چونکە کۆمەڵگایەکەمان بەداخەوە زیاتر لە حوکمدانەکەی خۆیدا، زیاتر پشت بە  گوتی و  وایگوت و بەندوباو دەبەستێ لەوەی ڕۆچێتە بنج و بناوانی پرسەکە و شتەکە تاوتوێ بکا و لێینەگەڕێ تا نەیگەیەنێتە سەر ساغە. ئیدی  کاتێکیش ژن لەو کۆمەڵگەیە پەنا بۆ بەکار‌هێنانی  ناوی دەمامکدراو دەبا، یان وەک پیاو ناتوانێ وێنەی خۆی بەکاربێنێ، لەبەر پێگەی لاوازی و زەبوونی بەجێماوی کۆمەڵایەتییەوە ئەم کارە دەکا، بۆ ئەوەی بە  نەناسراوی بمێنێتەوە، بۆ ئەوەی بژی و تووشی دەردەسەری نەبێ… کە نمونەی ئەوەندە زۆرن، ڕۆژ نییە گوێمان لە کارەساتێکی دڵتەزێن نەبێ.

بۆپێشەوە: کاریگەری سوشیال میدیا لەسەر بزووتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری چۆن دەبینن؟

کنێر جەمیل: بۆ وشیارکردنەوە، بۆ پەردەهەڵدانەوە لەسەر کەموکوڕییەکان دەرفەتێکی زۆر باشە، بەڵام بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین، ئەوا پێویستی بە هەندێک وردبوونەوە هەیە. بەداخەوە ڕەوشی سیاسی کۆمەڵگەکەمان ئەوەندە خراپە، ئەوەندە لە گەندەڵی و بێدادیدا ڕۆچووە، دەستڕۆیشتووان ئەوەندە بێ باکن، گوێیان لەئاست هەموو دەنگێکی ڕەوا و هەق کەڕ کردووە. بەداخەوە حاڵەتێک لە بێئومێدی و خەمساردی هاتۆتە گۆڕێ، کە لێکەوتەکەی ئەوەیە، خۆئەگەر دەنگیش هەڵبڕم، ئەوا کەس گوێی پێنادا! ئیدی ئەمە بۆتە بەربەستێک لەوەی  ناڕەزایەتیەکان تەشەنە نەکات و کاریگەری نەنوێنێ. بێگومان ئەو تۆڕە کۆمەڵایەتییانە بوونەتە دەرچەی هەناسەدان بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین، بەڵام بەداخەوە  لە دۆخی ئێستاماندا بێ باندۆر ماونەتەوە، پێناچێ لە ئایندەیەکی نزیکیشدا کاریگەرییەکی گەورە پەیدا بکا، چونکە شتەکان گۆترەیین، ڕێکخراو نین، هێزێکی کاریگەر لە پشتیەوە نییە تا بتوانێ ئاراستەی ناڕەزاییەتییەکان ڕاستەڕێ بکا. بۆیە هێشتا زۆری ماوە تا ناڕەزایەتیەکان بچنە قاڵبێک، ببنە هێزێکی فشاری گەورە تا جێدەستی خۆیان بسەلمێنن و ڕایەدارانیش بترسێنێ.

 

بنار مستەفا 

لە کاتێکدا کە تەواوی میدیا زەبەلاحەکان بە دەستی چینی دەسەڵاتدارەوەن و کرێکاران و هەڵسوڕاوانی چالاکی ئەم مەیدانە کەمتر دەستیان بە میدیای هاوشێوە دەگات، سۆسیال میدیا دەرفەتێکە بۆ پڕکردنەوەی ئەو کەلێنە و لە ڕێگەیەوە دەتوانرێت دەنگ بگات بە کۆمەڵگە…

دیمانە لەگەڵ کۆمۆنیست و ڕاگەیاندکار بنار مستەفا سەبارەت بەڕۆڵی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان

بۆپێشەوە: کاریگەری سوشیال میدیا لەسەر بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری چۆن دەبینن؟

بنار مستەفا: سەربەخۆ لەسەر ناوەرۆکی خودی نارەزایەتییە جەماوەرییەکە و ئامانجەکانی، ئەگەر بەشێوەیەکی گشتی سەبارەت بەم بابەتە بدوێین، ئەوا دەکرێت سۆشیال میدیا بە چەندین شێوە کەڵکی لێ وەربگیرێت بۆ پشتیوانی و ڕێکخراوکردنی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان. لە بەکارهێنانییەوە وەک ڕاگەیاندن، تا گەشتنی دەنگ بە زۆرترین کەس، لە دەرفەتی ڕێکخستنەوە تا ڕووماڵی ڕووداوەکان و خستنەڕووی ڕاستییەکان وەک خۆی.

لە کاتێکدا کە تەواوی میدیا زەبەلاحەکان بە دەستی چینی دەسەڵاتدارەوەن و کرێکاران و هەڵسوڕاوانی چالاکی ئەم مەیدانە کەمتر دەستیان بە میدیای هاوشێوە دەگات، سۆسیال میدیا دەرفەتێکە بۆ پڕکردنەوەی ئەو کەلێنە و لە ڕێگەیەوە دەتوانرێت دەنگ بگات بە کۆمەڵگە و بەتایبەتی ئەو کەسانەی مەبەستن. هەروەها لە ڕێگەیەوە دەکریت چەلاکوانان لە شار و وڵاتی جیاوازەوە دەنگیان بە یەک بگات، دەرفەتیان دەبێت کۆبوونەوە ئەنجام بدەن و ڕاوێژ و زانیاری و بابەتی تری بە کەڵک بگەیەننە یەکتری. دەرفەت دەکاتەوە، کە هەر کەسێک لە کونج و کۆڵانێک بابەتێکی بەرچاو کەوت یان بۆچوون و تێڕوانینێکی دیاریکراوی هەبوو لە ڕاستای بەهیزکردنی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان سوودمەندبێت، ئەوا خۆی دەست بەکار بێت و چاوەڕوانی ئەوە نەبیت، کە ئاخۆ میدیایەک ئامادەیە بابەتەکەی بۆ بگەێنیت یاخود نا.

دەتوانم بێشک بڵێم، کە ئەم دەرفەتانەی کراونەتەوە دەتوانیت مەیدانێکی گرنگ بێت بە خزمەتکردن و دانی سیاسەتی دروست بە ناڕەزایەتییە جەماوەرییە جیاوازەکان و بە سەرکەوتن گەیاندنیان، بەڵام ئەمانە لە خۆوە و تەنها بە بوونی سۆسیال میدیا ڕوونادەن، بەڵکو بوونی هەڵسوڕاوانی پێویست و کارکردنی بەردەوام و جددی لەم مەیدانەدا دەخوازێت. هەروەها جیانەکرێتەوە لە بزووتنەوە جەماوەرییەکان و نەکرێتە جیهانێکی جیاواز و دابڕاو لە کۆمەڵگە، بۆ نمونە لە خۆپیشاندان و مانگرتنەکان، بەڵکو لە چوارچیوەی خۆیدا کاری لەسەر بکرێت و ببێتە ئامرێزێکی ئەو خەباتە.

بۆپێشەوە: لەشکری بەرین و بێئەژماری بەکاربەری تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان، جگە لە واڵی فەردی و ماڵی تایبەتی، دوورو نزیک خەریکی کاری هاوبەش، رێکخراو، وابەستەی پەیمانێکی کۆمەڵایەتی نین، ئەمە چ کاریگەرییەکی لەسەر بزوتنەوە کۆمەڵایەتی و سیاسیەکان… داناوە؟

بنار مستەفا: تا ئاستێک ئەمە دروستە، بەداخەوە. ئەگەر چی بوونی سۆسیال میدیا دەرفەت دەدات بەو چالاکوانانەی ئەو چینەی کەمترین ئیمکاناتیان لە بەردەستدایە بۆ سوود لێوەرگرتن لێی، بەڵام لێرەشدا زۆر جار دەبینین، کە ئەوانە زیاتر بەکاری دەهێنن و سوودی لێوەردەگرن، کە کەناڵی تری ڕاگەیاندن و هۆکارەکانی تری پەیوەندییان بە شێوەیەکی بەرچاو لە بەردەستدایە. لە سۆسیال میدیاشدا یەکگرتن و کاری ڕێکخراوەی هەڵسوڕاوانی ئەو بەشەی کۆمەڵگە، کە گۆڕانی ڕیشەیی کۆمەڵگەیان ئامانجە دووبارە بە پێی پێویست نییە و پەرتەوازی پێوە دیارە.

هەڵبەت ئەمە کاریگەری نەرێنی دەبێت، ئەگەر هەوڵی کۆکردنەوەی نەدرێت و بە پەرتوبڵاوی بمێنێتەوە. باشتر وایە ئەوانەی کە بۆیان گرنگە ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان بە سیاسەتی شێلگیرانە بەرچاوڕوونی پێبدرێت و بەهێزتر و چالاکتر بکرێت، و دەنگی بگەێندرێتە کۆمەڵگە و هەموو جیهان، تا هەنگاوی پێویست هەڵنێ بەرەو سەرکەوتن، ئەوا دەبێت هەوڵ  بدرێت پێکەوە بەرنامەڕێژی بۆ بکرێت و کارەکان دابەش بکرێن و بەردەوام بەرنامەی هەنگاوی چوونە پێشەوەی بۆ دابندرێت. ئەمە دەتوانێت ڕێگایەکی دروست بێت بۆ سوود وەرگرتنێکی بە کەڵک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان.

بۆپێشەوە: دەوترێت فەیس بوک خراپترین شوێنێکە بۆ کاری سیاسی و رێکخراوەیی… ئێوە لەو بارەیەوە دەڵێن چی؟

 بنار مستەفا: هەڵسەنگاندن بەتەنها لەسەر خودی فەیسبووک خۆی بە بۆچوونی من دروست نییە، بەڵکو پێویستە قسە لەسەر چۆنیەتی بەکارهێنانی بکریت. فەیسبووک تۆڕێکی کۆمەڵایەتییە و دەکریت بە مەبەستی ڕاگەیاندن، پەیوەندی کردن، تۆڕ دروستکردن و چەندین هۆکاری تر کەڵکیان لێوەربگیرێت. چۆنێتی بەکارهێنانەکەی دەبێتە ئەنجامی باشی یان خراپی، نەک خودی کەناڵەکە.

هەڵبەت کاری سیاسی و ڕێکخراوەیی بە تەنها لە فەیسبووک ناکرێن و کۆمەڵگە مەیدانی سەرەکییەتی. فەیس بووک و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی تر دەتوانن سوودیان لێ وەربگیرێت بۆ پاڵپشتی کردنی کارە سەرەکییەکە، واتە لە گۆشەیەکەوە خزمەت بکات، نەک ببێتە ئەلتەرناتیڤ کۆی پڕۆسەکە. بێگومان لایەنی نەرێنیشی هەیە، ئەگەر بە تایبەتی بە هەڵە بەکاربهێندرێت، کە ئەمەشیان ئەهێنێت زۆر قسەی لەسەر بکرێت.

من پێم وایە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەتوانیت کەڵکیان لێ وەربگیرێت و ئامرازێکی گرنگ بن بۆ پتەوکردنی کار و ئامانجە سەرەکییەکە. دەسەڵاتدارانیش لەمە تێگەشتوون و مامەڵەیان جیاوازە لەگەڵ بوونی سۆسیال میدیادا. بۆیە لە ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانیشدا، سۆسیال میدیا دەکرێت بکرێتە ئامرازێک بۆ سوود وەرگرتن لێی.

 

هێور دلێر

سۆشیاڵ میدیا ده‌ورێكی به‌رچاوی هه‌بووه‌ له‌ گۆڕینی ده‌سه‌ڵات (كۆریای باشوور، به‌هاری عه‌ره‌بی، جوڵانه‌وه‌ی ئۆكیوپای … هتد). به‌ڵام ئه‌ویش تایبه‌تمه‌ندی نێگه‌تیڤی جۆراوجۆری هه‌یه‌. هیچ فیلته‌رێك نییە‌ بۆ ڕاستی و دروستی مه‌علوماته‌كان.

دیمانە لەگەڵ هێور دلێر هەڵسوڕاوی کۆمۆنیست و پێشکەوتنخواز سەبارەت بە ڕۆڵی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان

بۆپێشەوە: کاریگەری سوشیال میدیا لەسەر بزووتنەوەی ناڕەزایەتی جەماوەری چۆن دەبینن؟

هێور دلێر: بێگومان كاریگه‌ری هه‌یه. نموونه‌ی ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ زۆرن كه‌ سۆشیاڵ میدیا ده‌ورێكی به‌رچاوی هه‌بووه‌ له‌ گۆڕینی ده‌سه‌ڵات (كۆریای باشوور، به‌هاری عه‌ره‌بی، جوڵانه‌وه‌ی ئۆكیوپای … هتد). به‌ڵام ئه‌ویش تایبه‌تمه‌ندی نێگه‌تیڤی جۆراوجۆری هه‌یه‌. هیچ فیلته‌رێك نییە‌ بۆ ڕاستی و دروستی مه‌علوماته‌كان، بۆیه‌ پڕیشه‌ له‌ گروپی خورافی و دیعایه‌ و ئایدیۆلۆژی و زانیاری غه‌ڵه‌ت. ئه‌مه‌ به‌ جیا له‌ كاتپێدان و به‌سته‌نه‌ پێی. بۆیه‌ كاریگه‌ریه‌كانی تێكه‌ڵاوه‌.

بۆپێشەوە: تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان، بوونەتە سەرچاوەیەک بۆ کۆکردنەوەی زانیارییە تایبەتیەکان، نهێنی تاکەکانی بەشدار لەو تۆڕانەدا لە گەروی کۆمپانیاکانی سۆسیال میدیاکاندایە… ئەمەش مەترسیەکی کەم نییە، چۆن دەڕواننە ئەو لایەنەی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان؟

هێور دلێر: بێگومان وایه‌ و ئه‌م زانیاریه‌ تایبه‌تیانه‌‌ ده‌یفرۆشنه‌وه‌ به كۆمپانیاكانی دیکە بۆ ڕیكلام و شتی تر. بێجگه‌ له‌مه‌؛ له‌ ئه‌ساسدا موداخه‌له‌یێكه‌ له‌ مافی سه‌ره‌تایی به‌شداربووان كه‌ زانیاری تایبەتیەکانیان بپارێزرێت. حاڵەتێک هەبوو کە کۆمپایایەکی میدیایی سەر بەباڵی ڕاست مەعلوماتی وردی لە فەیسبووک وەرگرتبوو بۆئەوەی بتوانێ دیعایە بۆ ئەو لایەنە بکات کە دەیویست دەربچێت لە ئەڵمانیا، کەواتە مەترسیدارە. لە هەمانکاتدا، من لەڕێگەی فەیسبووکەوە هەواڵی هەموو دنیام لەیەک شوێن بۆ کۆدەکرێتەوە.

‌بۆپێشەوە: دەوترێت فەیس بوک خراپترین شوێنێکە بۆ کاری سیاسی و رێکخراوەیی… ئێوە لەو بارەیەوە دەڵێن چی؟

هێور دلێر: كێ وا ده‌ڵێت؟ به‌ڵگه‌ چییه‌؟ وه‌ك باسم كرد، كاریگه‌ریه‌كانی به‌ تێكه‌ڵ ده‌بینم. بەڵام بەشێوەیەکی گشتی ڕاستە، کاری واقعی زۆر باشترە لە کاری سەر ئەنتەرنێت.

تێبینی: ئەم بابەتانە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٥٢ بەرواری ١٥/٥/٢٠١٩ بڵاوبۆتەوە… 

Check Also

پەیامەکانی سەردانەکەی ئۆردوگان!

موحسین کەریم رۆژی دووشەممە ٢٢ی نیسان رەجەب تەیب ئۆردوگان سەردانی بەغدای کردو لەگەڵ بەرپرسانی عێراق …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *