پڕۆژەکەی مەلا بەختیار و سەرە قەڵەمێک…

عەبدوڵا مەحمود

٢٠ تەموز مەلا بەختیار کارگێری مەکتەبی سیاسی یەکیتی نیشتیمانی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەگەریدا پرۆژەیەکی ڕاگەیاند کە هەم هەڵسەنگاندنی دۆخی ناوخۆی یەکێتی و هەم گەڵاڵەیەکی پیشنیارییە بۆ دەورەی داهاتوو.

مەلا بەختیار لە بەشی یەکەمدا کە تایبەتە بە هەڵسەنگاندنێکی ڕەخنەگرانە، بەحەق دانی ناوە بە چەندین راستیدا… لەوانە بەجیا لە داکشانی کێرڤی یەکێتی نیشتیمانی لەسەر ئاستی جەماوەری و لە کایەی هەڵبژاردن و حکومەتدارییدا… هاوکات دانی ناوە بە ئاستی بەرینی دزی و تاڵانی، مشەخۆری، پاوانکردنی بازاڕ لەلایەن حزبەوە، شکستی ئابوری هەرێم و حکومەت، تەخشان و پەخشان کردنی داهات، نەبوونی لێپرسینەوە، نەبوونی یاسا بۆ بەرپرسان، باری گرانی هاوڵاتیان و دەرهاویشتە مەینەتبارەکانی سیستەمی پاشەکەوتی موچە، خزم خزمینە و تەکەتول بازی، هەلپەرستی، دزینی نەوت لەڕیگای تانکەر و کونکردنی بۆڕیەکانەوە، سەرانە لەخەڵک سەندن… تاد

هەر بەهۆی ئەم دۆخەوە کە مەلابەختیار ئاماژەی بەبەشیکیان داوە حزبە دەسەڵات بەدەستەکانی کوردستان بەتایبەتی پارتی و یەکێتی خوڵقاندویانە، خەڵکی دەست تەنگی کوردستان بە دواکاری زۆر سادەوە هاتنە سەرشەقامەکان، داوای ئاو و کارەبا و خزمەتگوزارییەکان، عەدالەت وسزادانی گەندەڵکارانیان دەکرد، کەچی بە بەتوندوتیژی و بەزۆری چەک وەڵامی داخوازییەکانیان درایەوە ژمارەیەل لەلاوان و هاوڵاتیان، بوونە قوربانی… بەڵێ لەبەرامبەر بەو دۆخە نەخوازاوەی کە مەلا بەختیار لیستی کردوون، خەڵک هاتنە سەرشەقامەکان، کەچی دەسەڵات بەگشتی و حزبەکەی مەلابەختیار کەخۆی پۆستی بەرپرسی دەستەی کارگێری مەکتەب سیاسی هەیە، بەرگەی وتنی ئەو راستیانەیان لە دەمی هاوڵاتیان و لەشەقام نەگرت و چەکیان لە دژ بەرزکردنەوە و کوشتاریان وەرێخست و تا ئێستاش تۆمەتبارانی ئەو کوشتار و سەرکوتگەرییە، لێپرسینەوەیان لەگەڵ نەکراوە…

مەلا بەختیار ئەگەر بەراستی خەمی هاوڵاتیانی بوایەو بە ڕاستی دژی دەسەڵاتی سەرکوتگەر و بێمافکردنی هاوڵاتیان بووایە، ئەگەر دژی دزی و گەندەڵی و بی یاسایی بوایە… کێ دەستی گرتبوو کاردانەوەیەکی بەرچاو نیشان بدات و هەڵویستێکی رۆشن بخاتە ڕوو؟ خێرە ئێستا و دوای تۆرانێکی درێژ مەودا هاتووە لیستی فراوانی شکستخواردنی دەسەڵات دەخاتە ڕوو، لیستی بێمافیەکان و کارنامەی بەشێک لە گەندەڵکاران و دزییەکان بەیان دەکات، باسی نەبوونی لێپرسینەوەو نەبوونی یاسا بۆ بەرپرسەکان دەخاتە ڕوو. باسی دەستەگەری و تەکەتول و سەرانە سەندن و دزی نەوت و مەینەتەکانی ئاکامی پاشەکەوتی موچەو داڕمانی ئابوری هەرێم… دەکات.

بە هەموو پێوانەو خوێندنەوەیەکی واقعی، پرۆژەو گەڵاڵەکەی مەلا بەختیار، بەرئەنجامی نارەزایەتی ئەو لە هەلومەرجی نەخوازراوی کوردستان، لە بێمافی و نەبوونی خزمەتگوزارییەکان و دزی و گەندەڵی، دارمانی ئابوری، نەبوونی یاسا… نییە، بەڵکو هەوڵێکی پێش کۆنگرە و دەرهاویشتەی هاتنە ئارای باسی بەستنی کۆنگرەی یەکێتییە.

هەرچەندە هێشتا دیار نییە یەکێتی دەتوانێ کۆنگرە بکات یان نا. چونکە ئەگەر کۆنگرە وەکو ڕیگاچارە بۆ دۆخی رێکخراوەیی و پێگەی روولەخواری یەکێتی تەماشابکەین، خودی کۆنگرە لە ململانێی توندی نێوان باڵ و لاباڵەکان و دەستەگەرییەکان و دەستێوردانی ناوچەیی تەماشا بکەین، کۆنگرە خۆی گرفتێکی یەکێتییە، چۆن دەکرێت خودی گرفتێک ببیتە ڕێگاچارە بۆ گرفتە بناغەییەکانی تر کە یەکێتی گیرۆدەیەتی.

ئەو هۆکارانەش کە مەلا بەختیار لە هەڵسەنگاندنەکەیدا بۆ دۆخی خراپی یەکێتی پشتی بەستوون، هەموویان هۆکاری ڕوکەش و لاوەکین…  هەموو ئەو لایەنانەی باسی کردوون لە دزی و تاڵانی و بێمافی و بازرگانی نەوت و مەینەتی هاوڵاتیان، نەبوونی خزمەتگوزارییەکان و پاوانی بازاڕ، تەکەتول و دەستەبازی و بەهەدەردانی داهاتی هاوڵاتیان و نەبوونی یاسا و لێ نەپرسینەوە لە دەستڕۆشتوەکانی ناو حزب….تاد، لە زۆنی زەدیش بوونیان هەیە، بەڵام پارتی لە پێگەیەکی زۆر باشتر لە پێشوودایە، چ بەبەراورد بە حزبە نەیارەکانی و چ بە بەراورد بە دۆخی چەند ساڵ لەپێشتری پارتی خۆیشی. چ پارتی و چ یەکێتی، ناتوانن چاکسازی ریشەیی بکەن و دژی گەندەڵی” لەراستیدا تاڵانی” بوەستن، چونکە دەستبردن بۆ چاکسازی و وەستانەوە بەرووی گەندەڵکاراندا و سپاردنیان بە لێپرسینەوەی یاسایی، بەمانای کۆتاییهاتنی دەسەڵاتیان تەواو دەبێت. دزی و تاڵانی و تیرۆری ئابوری و داهاتی کۆمەڵگەی کوردستان، لە هەرەمی دەسەڵاتی حزبیدایە و شۆڕبۆتەوە بۆ ناو کایەی حکومەتداری!! ئیدارە. ئەگەر یاسا و لێپرسینەوەیەکی یاسایی و ئاسایی و دادپەروەرانە هەبێت، پلە یەکەکانی حزب و حکومەت، دەسترۆشتوەکانی ناو بنەماڵە، پشکی شێریان، بەردەکەوێت… بەراستی ئەمانە ئامادەن خۆیان رادەستی دادگا و عەدالەت!! بکەن؟… بۆیە چاوەڕوانی لەوەی چاکسازی ریشەیی بکرێت، لەوەهم وەهم ترە… ئەگەر ئەم دەسەڵاتە چ لە ئاستی حزبی و چ لەئاستی حکومیدا چاکسازی بکات، دەروخێ، بۆیە نەخشەی دەسەڵات” حزب و حکومەت… روکەش و روو لە فەرمانبەران و کادرانی پلە لەخواری بێ پشت و پەنای حزبی و حکومی و هاوڵاتیانی ڕوتەڵەیە… باسی رادەستکردنەوەی داهاتی دەستبەسەرداگیراو نییە، باسی گێرانەوەی دەیان و سەدان هەزار هێکتار زەوی نییە، باسی راگرتنی قاچاخچیتی نەوت و دەرمان نییە، باسی پشکە هەزار سەرەکانی بازرگانی و بەڵیندەرایەتیەکان نییە.

دۆخی یەکێتیش، هۆکارەکەی نە دزی و تاڵانییە، نە تەکەتول بازی و قاچاخچێتی نەوت و سەرانە سەندنە، هەروەها هۆکارەکەی ژێر پیخستنی پرانسیبە حزبیەکان و پشتکردنە پەیرەی ناوخۆش نییە.، دیارە هەموو ئەوانە هەن و مەلا بەختیار راستگۆیانە بەشێکی زۆریانی خستوتە ڕوو… کێشەی یەکێتی سیاسەتە، روئیای سیاسییە.

یەکێتی دەمێکە خاوەنی هیچ پلاتفۆرمێکی سیاسی رۆشن، هیچ نەخشەو پرۆژەیەکی دیاریکراوی سیاسی نییە، چ لەسەر ئاستی هەرێم و عێراق و چ لەسەر ناوچەکە. لەجێگای ئەوە یەکێتی یان رۆڵی ئۆپۆزیسێۆن لە دەسەڵاتدا دەگێرێ و خۆیشی دەسەڵاتە، یان رۆڵی پاشکۆیەتی بۆ روداوەکان و پارتی دەبینێ. یەکێتی نە رووداو خوڵقێنە، نە فرسەت دروستکەرە، نەخاوەنی سیاسەتێکی جێگیر و نەهەڵگری هەنگاو و ڕێ و شوێنەکانی هیچ سیاسەتێکە. یەکیتی بە نرخی رۆژ سیاسەت دەکات، و بۆ روداو پیشهاتەکانیش وەڵامی هەڵچووی کوت بین و هەڵگری دروشمی ئاگراوی بێ فکر لێکراوی هەیە. باڵ و لاباڵەکانی ناو یەکێتیش هیچیان هەڵگری هیچ پرۆژەیەکی جیاوازی سیاسی لەیەکتری نین. ئەمە کێشەی بناغەیی یەکێتییە، کە مەلا بەختیار دوورو نزیک خۆی لەو گرفتە بناغەییە نادات. یەكێتی لەسەر ئاستی هەرێم، خوازیاری چییە؟ پلانی بەکردەوەی کامەیە؟ نموزەجی حکومرانیەکی کامەیە؟ لەگەڵ عێڕاق چی دەوێت؟ فیدرالیزمی قەومی؟ جیابوونەوە؟ کۆنفیدرالی؟ … نەخشەی یەکێتی بۆ ئایندەی سیاسی کوردستان چییە؟ پرسی کورد چۆن چارەسەر دەکات؟ هەنگاو نەخشەکەی کامەیە؟ لەسەر ئاستی ناوچەکە لەکوێی ڕوداوەکاندایە؟ دەیەوێت چی بکات؟ جیاوازی سەرەکی یەکێتی لەگەڵ پارتی، حزبی گۆڕان، تەنانەت یەکگرتووی ئیسلامی چییە؟ ئەمانە ئەو پرسانەن کە یەکێتی بەدەستیانەوە گیرۆدەیە. سیاسەت و دورنمای سیاسی گرفتی سەرەکی یەکێتییە، بۆیە ناوخۆی یەکیتی داغانە. بە چاکسازی لە بنەما رێکخراوەیەکاندا، بە ئاڵوگۆر لە تەلاری رێکخراوەییدا، یەکێتی شانسی دەربازبوون لەو مەوقعیەتەی نییە کە کەس بەغیلی پێنابات. حزبی سیاسی ئەو کاتە بەرەو تەکەتول بازی، وازهێنانی کادرانی، بێئومێدی، هەڵوەرین، رووەو پاشەکشە دەڕوات و دەکەوێتە کەنار…تاد، کە سیاسەت و پلاتفۆرمی سیاسی وەڵامدەرەوەی زەمان و سەردەمی خۆی نەبێت و نەزانێت بەکام رێگا دا بۆیان دەجەنگێ.

پرۆژەکەی مەلابەختیار… هەموو شتێک باس دەکات، ئەوە نەبێت… ئاماژە بەدەیان پرس دەکات، پرسی سیاسی و پرۆژەی سیاسی رۆشنی دیاریکراو نەبێت…

مەلا بەختیار بەو هۆیەوە دەست نابات بۆ هۆکاری بناغەیی کێشەکانی یەکیتی، ناتواناشە لە خستنە ڕووی پرۆژەیەکی رۆشنی سیاسیدا. مەلا بەختیار هێندەی دۆخی یەكێتی دەبەستێتەوە بە ناوخۆی یەكیتی و تەکەتولات و دەستەچێتی و هەلپەرستی و بازرگانی و رۆڵی خراپی بەرپرسەکانیان، نیو ئەوەندە ناگەڕێتەوە بۆ ئەوەی هۆکاری سەرهەڵدانی تەکەتولەکان چییە؟ هۆکاری تێوەگلانی سەرانی یەکێتی و لە دزی و تاڵانی، کامەیە؟ بۆ پرانسیبە حزببیەکان کاریان پێناکرێت؟ ئەمانە هۆکاریان هەیە. هۆکار زۆرن… لەوانەیە نەبوونی تاڵەبانیەک بۆ بوون بەچەتر و کۆکرنەوە و چەسپی ناوخۆیی هۆکارێک بێت. نەبوونی سەربەخۆیی لە بریار و ئیرادە نوانداندا هۆکارێکی تر بێت. ریکنەکەوتنی باڵەکان لەناوخۆدا هۆکارێک بێت، تێوگلانی بەشێک لە سەرانی یەکیتی بە دزی سیستماتیک، هۆکارێکی تر بێت… خەواندنی بنەما رێکخراوەیەکان و نەبوونی پاداشت و سزا… هۆکارێک بێت…بەڵام هێشتا ئەمانە لاوەکین.

دیارە ئەگەر لە هەڵسەنگاندنەکە بگوزەرێین و نیگایەکی خێرا بخەنە سەر گەڵاڵەکە.. گەڵاڵەکەی مەلا بەختیار کە لەژێر ناوی ئەرکەکانی قۆناغدا پێشکەشی کردووە، هیچ مەسەلە و پرسێکی دیاریکراوی رۆشنی نەخستۆتە ڕوو… لە جێگای ئەوە کۆمەڵێک بەندی جوان و ڕازاوەی بەرنامەیی خستۆتە ڕوو، کە هەموو حزب و لایەن و رێکخراوەیەکی سیاسی، لە لیستکردنیاندا توانایی بەخەرج دەدەن.

مەلا بەختیار ئەگەر ئامانجی خستنەرووی گەڵاڵەکەی بۆ خزمەت بەسیستەمێکی سیاسی و مۆدیرن و بوایە، وە بۆ ئەوە بوایە ڕێچکەیەکی تر بخاتە بەردەم یەکێتی و جیاوازی یەکێتیش لەگەڵ حزبەکانی تر نیشان بدایە… دەیتوانی بە چەند بەندی زۆر سادە، ئەم کارە بکات، بەڵام بۆچی مەلا بەختیار لەجێگای ئەوە کۆمەڵێک فۆرمەلبەندی گشتی و مەتاتی دروشمی خستۆتە ڕوو؟ چونکە یەکێتی و باڵەکانی یەکێتی و خودی مەلا بەختیار هیچ پرۆژەیەکی سیاسی رۆشنیان نە بۆ ئایندەی باشتری یەکێتی لایەو نە بۆ کۆمەڵگە کوردستان و ئایندە سیاسیەکەی. وە نە گرفتە بناغەیەکانی کۆمەڵگەی کوردستانیشی کردۆتە مەبنای داڕشتنی پرۆژەو گەڵاڵەنامەکەی.

گرێدانەوەی کۆمەڵگەی کوردستان بەدەوڵەتی قەومی ئیسلامی ئێستای عێراق لەچوارچێوەی فیدراڵیزمی قەومیدا، دەسەڵاتی میلیشیایی حزبی لە جێگای دەسەڵاتی حکومی و یاسایی وئاسایی، کۆنەپەرست بوونی حزبە دەسەڵات بەدەستەکان و ناکۆکیان بە مافی هاوڵاتی بوون، بە یەکسانی ژن و پیاو، بە جیاکردنەوەی دین لە سیاسەت و خوێندن و پەروەردەو یاساکان، ئازادی دینداری و بیدینی، پشت بەستن بە وڵاتانی ناوچەکەو نەبوونی سەربەخۆیی سیاسی بڕیاردان… سەرەکیترین گرفتە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکانی کۆمەڵگەی کوردستانن، هەر حزبێکی سیاسی پرۆژەی سیاسی بۆ وەڵامدانەوەی بەکردەوەی ئەو پرسانە نەبێت، ناکۆکی و دوری خۆی لەگەڵ خەڵکی کوردستان و کیشەکانیان دەخاتە ڕوو. مەلا بەختیار لە گەڵاڵەکەیدا هیچ وەڵامێکی رۆشن بۆ ئەو چەند گرفتە ناخاتە روو، “نوسینی دەستوری مەدەنی هەمیشەیی گەلپەسەند.
چەسپاندنی سیستەمی هاوچەرخ بكرێتە سیستەمی پەرلەمانی، دیموكراسی.
دادپەروەری، بكرێتە بنچینەی یاساو پەرەپێدانی مەدەنیەت‌و ئازادی‌و سەربەستیەكانی ژن.
ریشەكێشكردنی گەندەڵی‌و لێپێچینەوەی یاسایی، لە گەندەڵكار‌و سزادانیان.
داڕشتنی سیاسەتی رۆشنبیری بكرێتە سەرچاوەی نەمانی ئەندێشەی توندوتیژی دینی‌و دونیایی.
گۆڕینی فەلسەفەی پەروەردە، بەرەو فەلسەفەیەكی مۆدێرنی هاوچەرخی تەواو”
هەموو ئەم بەندانە هیزی پێداگری و بەکردەوە چەسپاندنی” مافی هاوڵاتی بوون، جیاکردنەوەی دین لە دەوڵەت و سیاسەت و پەروەردەو یاساکان، یەکسانی هەمەلایەنەی یاسایی نیوان ژن و پیاو”…نییە.

ناکرێت حزبێک بانگەشەی سۆشیال-دیموکراسی بکات، بانگەشەی دەستوری مەدەنی بکات، باسی دادپەروەری و یەکسانی ژن و پیاو بکات و دژی پیاوسالاری بێت… باسی یاسای مۆدێرن بکەیت… کەچی ئامادەنەبێت بەکردەوە بۆ جیاکردنەوەی دین لە دەوڵەت تێ بکۆشی، ئامیزی بۆ کۆنەپەرستی و ریسا ویسای ئیسلامی و دینی ئاوەڵابێت. ناکرێت باسی دەستوری مۆدیرن بکەیت، ئەگەر رۆشنی نەکەیتەوە مەبەستت لە مۆدێرن چییە؟ ئیستا “ئیسلامیەکانیش باسی مۆدیرن!! بوون دەکەن” لەوە زیاتر تۆ ناتوانی باسی دەستور بکەیت، ئەگەر مافی حکومداری و دەوڵەتداریت، بۆ بەفەرمی نەناسرابێت لە ئاستی نێودەوڵەتیدا. چۆن دەکرێت دەسەڵاتێکی لۆکاڵی، هەرێمێکی فیدراڵ خاوەنی دەستورێک بێت، کە پێچەوانە بەبنەما و پایەکانی دەستوری دەوڵەتی ناوەندی بێت؟

بۆیە گەڵاڵەکەی مەلا بەختیار وەک ئەرکی قۆناغەکە، خاڵییە لەوەی بەدوای هیچ هەنگاوێکی رۆشنەوە بیت و بەکردەوەش دەست بۆ هیچ حەرامیک ببات، کەنامۆ بێت بە بزوتنەوەی کوردایەتی و بزوتنەوە سیاسیە دینیەکان. گەورەترین کیشەی یەکێتی و مەلابەختیارێش ئەوەیە، کە لەنێوان بانگەشەو کردەوەیاندا خەرەندێکی هێندە زەبەلاح هەیە، کە پڕناکرێتەوە. هیچ هێزو حزبێکی سیاسی هێندەی یەکێتی باسی مافی مرۆڤ، یەکسانی و مەدەنیەت، سەروەری یاسا، پیشکەوتنخوازی و بانگەشەی سوشیال دیموکراسی ….ناکات، هیچ هێز و لایەنێکی سیاسیش بە کردەوە هێندەی یەکیتی دژیان نییە

تێبینی: ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٥٧ بەرواری ١/٨/٢٠١٩ بڵاوکراوەتەوە

Check Also

پەیامەکانی سەردانەکەی ئۆردوگان!

موحسین کەریم رۆژی دووشەممە ٢٢ی نیسان رەجەب تەیب ئۆردوگان سەردانی بەغدای کردو لەگەڵ بەرپرسانی عێراق …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *