لەیادی هاوڕێ ”بەکر عەلی“ تێکۆشەرو شاعیری بێبەشاندا …

بۆپێشەوە

هاوڕێ بەکر عەلی شاعیر و رابەری ئاوارەو بێ خانەولانەکان… لە ساڵی ١٩٦٨ لە شاری سلێمانیدا چاو بە دنیای زوڵم نابەرابەری هەڵهێناوە. بەکر عەلی زۆر زوو زوڵمی چینایەتی ناچاری خەبات و وەستانەوەی دەکات، زۆر زوو لەبەرەی خەڵکی هەژارو نەداردا دەوەستێت و دەبێتە هەڵسوڕاوێکی چالاک و تێکۆشەری نا وتن بە دنیای سەرەوخواری پر ستەم و نابەرابەری سەرمایەداری. لەساڵی ١٩٩٣ و لەگەڵ هاتنە ئارای مەسەلەی ڕوخاندنی خانوە بێ تاپۆکانی شاری سلێمانی هاوڕی بەکر وەکو رابەرێکی ماندونەناسی بەرگری لە هاوڵاتیانی ئاوارەو بێ خانەو لانە، دەردەکەویت و دەبێتە سیمایەکی خۆشەویست و ناسراوی ناو ئاوارەکان و خەڵکی بێ خانەو لانە. دوای پشتیوانی لێبراوانەی یەکێتی بێکارانی ئەو کاتە لە خەڵکی بێخانەو لانە، هاوڕێ بەکر و ژمارەیەکی بەرچاو لەخەڵکی ئاوارەو بی خانەو لانە روو لە یەکێتی بێکاران دەکەن و  بەکر عەلی ش دەبێتە یەکێک لە ئەندام و رابەرانی یەکێتی بێکاران. پاشان بەکر عەلی دەبێتە روخسارێکی ناسراو و خۆشەویستی بێبەشانی هەر جێگایەک کە ئەو هەڵسورانی تیادا دەکات… هەر ئەمەشە بەکر عەلی دەبیتە یەکێک لە هەڵسوراوی یاد و بۆنە کرێکاریی و ئاکسیۆنە کرێکارییەکان و یەکێک دەبێت لە وتار بێژانی ئاکسیۆنی شکۆداری یەکی ئایاری ساڵی ١٩٩٤ ی مەلعەبەکەی شاری سلێمانی…، لەو وتارەدا پەردە لەسەر زوڵم و ستەم و ژیانی ئاوارەیی هەڵدەماڵێت و روودەکاتە بەرپرسان کەهەموو جێگایەکی شاریان بەشێوەی نایاسایی پاوان و دەست بەسەردا گرتوووە، کەچی گوشار دەهێنن بۆ سەر خیزانە ئاوارەکان کە لەناچاری و بەهۆی نەبوونیەوە خانوی لە گڵ و لە لەوح دروستکراویان کردۆتە شوێنی نیشتەجێ بوونیان… لێبراوی و تیکۆشانی بەکر عەلی بۆ وەستانەوە بەرووی روخاندنی خانوە بیتاپۆکانی شارو حامیەی سلیمانی، رۆڵی رابەری و پێشرەوی ئەو بەکر عەلی دەکاتە خۆشەویست و جیگا متمانەی کرێکاران و زەحمەتکێشانی و نەداران و خەڵکی بێخانەو لانەو ئاوارە،  هاوکاتیش دەبێتە چقڵی چاوی ستەمکاران و تاڵانچیانی کوردایەتی… بۆیە جگە لە هەرەشەو چاوسورکردنەوەی دەسەڵاتدارانی سلێمانی، چەندین جار دەستگیری دەکەن و هەرەشەی کوشتنی لێدەکەن بۆ وازهێنان لەپشتیوانی و تیکۆشانی لە خەڵکی ئاوارەو بیخانەو لانە…بەڵام باوەری بەکر عەلی بۆ ئاڵوگۆر و باشترکردنی ژیانی هەژاران و نەدارانی کۆمەڵگە، ئەو سورتر دەکات لە خەبات و تێکۆشان و گرتنەبەری رێگای ریکخستنی نارەزایەتی جەماوەری و رابەری کردنیان… تا لە رۆژی ١/٩/١٩٩٤دا، لەکاتی رابەریکردنی خۆپیشاندان و رێپێوانی ئاوارەو بێ خانەو لانەکانی حامیەدا، دەدرێتە بەر دەستڕیژی گوللەو دوای ئەوەی بریندار دەکرێت، بەدەستی قارەمانەکانی کوردایەتی و پارێزگارەکانی پاریزگای سلێمانی ئەو کاتە، دەکوژرێت و دڵە پڕ هیواو ئومێدەکەی لە جوڵە دەخەن… شایانی باسە بەکر  عەلی تەنها رابەرو هەڵسوراوێکی خەڵکی کرێکارو هەژارو نارازی نەبوو، بەڵکە ئەو شاعیرێکی هەست ناسک و یاخی و خۆشەویستی بوو… خاوەنی چەندین هۆنراوەی ناوازەو جوانە. و هۆنراوەکانیشی پڕن لە نیشاندانی نابەرابەری چینایەتی و رەخنە لە چینە داراکانی کۆمەڵگە.

یادو بیرەوەری خەباتکارانەی بەکر عەلی، نەک هەر لەبیرناچێتەوە، بەلکو تا ستەم نابەرابەری هەبێت، تا بێکاری و گرانی و بێخانەو لانەیی بمێنێ… بەکر عەلی رەمزی  تێکۆشانی ئەوانە و بیروەرییە خەباتکارانەکانی سەرمایەکی پر بەهایە بۆ تێکۆشەران و رابەرانی بزوتنەوەی کرێکاری و جەماوەری و داینەمۆی وزە بەخشە بۆ ئاوارەکان و خەڵکی بێخانەو لانە… وە هۆنراوە ناسکەکانی، کە لێوان لێون لە راستگۆیی و خۆشەویستی، وەکو وێردی سەر زمانی عاشقان و خۆشەویست دۆستان بەزیندووی دەمێنێتەوە…

بەرزو بەرێز بێت یادی هاوڕێی گیان بەختکردوو  بەکر  عەلی…

Check Also

پەیامەکانی سەردانەکەی ئۆردوگان!

موحسین کەریم رۆژی دووشەممە ٢٢ی نیسان رەجەب تەیب ئۆردوگان سەردانی بەغدای کردو لەگەڵ بەرپرسانی عێراق …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *