گفتوگۆی بۆپێشەوە لەگەڵ: تاهیر حەسەن، وەلید عومەر و ئاسۆ شابان…

دۆسیەی ژمارە

” هێرشی دەوڵەتی تورکیاو ئایندەی ناوچە کوردنشینەکانی سوریا”

گفتوگۆی بۆپێشەوە لەگەڵ تاهیر حەسەن، کادری کۆمۆنیزمی کرێکاریی سەبارەت بە هێرشی دەوڵەتی تورکیاو ئایندەی ناوچە کوردنشینەکانی سوریا

بۆپێشەوە: ڕژێمی تورکیا، بە پاساوی پاراستنی سنوورەکانی وجەنگ لە دژی تیرۆریزم و گێڕانەوەی ئاوارەکان ودروستکردنی ناوچەیەکی ئارام بۆیان، هێرشی کردە ناوچە کوردنشینەکانی سوریا. تاچەند ئەوپاساوانەی دەوڵەتی تورکیا، هۆکارن بۆ ئەم هێرش وئۆپەراسیۆنە سەربازییە؟.

تاهیر حەسەن: پووچی و ڕیسوایی ئەوبەهانانە زۆر لەوە ئاشکراترە، تا ئینسان پێویستی بە بەڵگەهێنانەوە هەبێت بۆئاشکراکردنی ناوەڕۆکی کۆنەپەرستانەو دژی ئینسانیەکەی. ئێوە سەیرکەن، بە پێشچاوی هەشت ملیارد ئینسانەوە، هێزێکی زەبەلاحی پڕچەک، بەسەدان هەزار سەربازو تۆپ وتانکەوە، بەپێشرەوی دەیان هەزار چەکداری بەکرێگیراوی سەلەفی هەوسارپچڕاوەوە، زەوی و ئاسمانی کۆمەڵگەیەک تەنانەت بە چەکی قەدەغەکراوی نێودەوڵەتی ئاگرباران دەکەن، ‌ماڵوحاڵی سەدان هەزار خێزان، کە بەچنگەکڕێ بژێوی ژیانیان پەیدا دەکەن خاپوور دەکەن. قوتابخانەو خەستەخانەکان لەگەڵ خاک یەکسان دەکەن، لاشەی ناسکی منداڵان بەچەک فۆسفۆڕ دەسوتێنن، سەدان هەزار خێزان ناچار بەبەجێهێشتنی ماڵوحاڵیان دەکەن. دەیان هەزار ئینسان بریندارو کەم ئەندام دەکەن. هەر ئێستا بەکرێگیراوە ئیسلامیە داعشیەکانیان ماڵی خەڵک تاڵان دەکەن و بۆ شڕەخۆری کەوتونەتە فەرهودی ماڵەچۆڵکراوەکانی ئەوناوچانە!.

ئەگەر کەسێک ویژدانی بەبەرژەوەندیەک نەفرۆشتبێ، باوەڕ بەوە دەکات. دەوڵەتێک کە خۆی سەرچاوەی ئاوارەبوونی خەڵک بێت، چارەسەری ئاوارەیی بکات؟!. دەوڵەتێک کە خۆی بەبەرچاوی دنیاوە لانکەی پشتیوانی ڕەشترین هێزی تیرۆریستی وەک داعش بووبێت، تا ئەو ڕادەیەی کە وەزیری دەرەوەی پێشووی تورکیاش دانی پێدا بنێت، ئێستالە سەنگەری دژی تیرۆردا بێت؟!. دەوڵەتێک کە خۆی سەرچاوەی نا ئارامی بێت لە ناوچەکەدا، چۆن دەکرێت دامەزراندنی ناوچەیەکی ئارامی بە جدی لێ وەربگیرێت!. ئەمانە بەهانەی زۆر پووچ و ڕەزیلانەن، لەوەش ڕەزیلانەترو شەرمئاوەرتر، ئەوەیە کە ئەمریکاو غەرب ڕۆژی سەدجار ئەوە دووپات دەکەنەوە، کە لەنیگەرانیەکانی دەوڵەتی تورکیا تێدەگەن ولەبەرچاوی دەگرن!!. بەڵام لەئاست دڵەڕاوکێ و نیگەرانیەکانی چەندین ملیۆن ئینسان لەکوردستانی سوریا کەڕو لاڵن!. ئەو ڕاستیە ئێستا ئیتر لە کەس شاراوە نییە کە حکومەتەکەی ئەردۆگان گەورەترین هاوکارو پشتوپەنای دەسەڵاتی ڕەش و تیرۆریستی خەلافەتی  داعش بوو. سەدان هەزار چەکداری داعش لە سنوورەکانی تورکیاوە دەچوونە کوردستانی سوریاو عێراق، بریندارەکانی داعش لە تورکیا چارەسەر دەکران. هەر ئێستا زیاتر لە ٢٥ هەزار چەکداری بەکرێگیراوی سەلەفی (لەژێر ناوی سوپای سوریای ئازاد)دا خستۆتە پێش سوپاکەیەوە، کە هەموویان داعشن!.

کەسێک ناپرسێت باشە دەسەڵاتی خۆجێی لە کوردسانی سوریا چ خروقاتێکیان بەرامبەر سنوورەکانی تورکیا کردووە؟!. ئایا فیشەکێک ڕووەو سنوورەکانی تورکیا تەقێندراوە؟!. ئایا خەڵکێک لە ئەنجامی گوللەبارانی سەر سنوورەکانەوە ماڵی خۆیان جێهێشتووە؟!. ئایا بەڵگەیەک لەبەر دەستدایە، کە لەسنورەکانی کوردستانی سوریاوە ئەمنیەت و ژیانی خەڵکی ناوچەکانی دراوسێ خرابنە مەترسی؟!. بەڵام لەبەرامبەردا حکومەتە بۆرژوا فاشستەکەی ئەردۆگان هەموو ڕۆژێک بەسەدان بۆمب ومووشەک کوردستانی سوریا وێران دەکات. بە پێش چاوی کامێراکانی میدیا جیهانیەکانەوە، جێگایەک نا ئارام و وێران دەکات، کە ڕەنگە بە بەراورد بە ناوچەکانی تری سوریا، تەنیا جێگایەک بووبێت، کە منداڵان دەچوونە قوتابخانەو گڵۆپی کۆڵانەکانی دەسوتان و خەبەرێک لە مافەکانی ژنان هەیە. پرسیار ئەوەیە لەشکری کۆنەپەرستی تورکیا لە وڵاتێکی ترو لەو دیو سنوورەکانی خۆیەوە چ دەکات؟. ئەو بەهانانەی دەوڵەتی تورکیا گوێگرێک پەیدا ناکات، ئامانجی پشتی پەردەی ئەم سیاسەتە کۆنەپەرستانەیەی حکومەتە فاشستەکەی ئەردۆگان زۆر لەوە مەترسیدارترەو یەخەی کوردستانی عێراقیش دەگرێت ئەگەر بۆی بچێتە سەرو لەجێگای خۆی دانەنرێتەوە.

بۆپێشەوە: وەک دەزانین هێرشی حکومەتی تورکیا بۆ سەر کوردستانی سوریا، بە ئاگاداری وڕەزامەندی ئەمریکاو ڕووسیا بوو. هۆکار چییە ئەمریکا دوای پێنچ ساڵ لە ستایشی یەپەگە و هەسەدە و هاوکاریان لەگەڵ یەکتر لەشەڕی داعشدا، ڕۆژئاوای جێهێشت و ڕێکەوتنی لەگەڵ ئەردۆگان کرد بۆ هێرش بۆ سەر ناوچە کوردنشینەکانی سوریا؟

طاهر حسن: ئەوەی کە لای کەس شاراوە نییە، ئەوەیە کاتێک دەستی حکومەتی فاشستی تورکیا بۆ هێرشی بۆسەر کوردستانی سوریا ئاوەڵا بوو، کە چرای سەوزی ئەمریکاو ڕووسیای بۆ هەڵکرا. بەڵام چرای سەوزی ئەمریکاو ڕووسیا وەک یەک نین، تەنیا ڕەنگەکانیان لەیەک دەچێ. ئەمریکا بە ئارەزووی دڵی خۆی نەبوو کە سوریای جێهێشت، بەڵکو ناچاربوو. ئەو لێکدانەوەیە منداڵانەیە کە پێی وایە چوونە دەرەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا سیاسەتی سەرشێتانەی ئیدارەی ترامپە!. مەسەلەی جەوهەری ئەوەیە، کە سیاسەت و ئیستیراتیجی سیاسی وسەربازی ئەمریکا لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا شکستی خواردووە. ئەم شکستەش هی ئەمڕۆ نییە. لە سەرەتای دەورەی دووەمی ئیدارەی (جۆرج بووش) ی کوڕەوە دەستپێدەکات تا دەگات بە ئەمڕۆ. پاشەکشەی ئێستای ئەمریکا لە سوریا، ئاکامی ئەو شکستە سیاسی وسەربازیەیە کە بە جەنگی ئەفغانستان دەستی پێکرد تا دەگات بەعێراق وسوریا. ئێستا ئیتر دنیای تاک جەمسەری جیهانی کە بە کۆتاییهاتنی جەنگی سارد لە کۆتایی دەیەی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا دەستی پێکرد، نییە.

ڕووسیا و چین لەقوتبێک و ئەمریکاو ئەورپاو غەرب لە قوتبی بەرامبەر خەریکن لە هاوسەنگی هێزی جیهانی ئێستایاندا هاوکێشە سیاسیەکان و ناوچەکانی نفوزیان لە دنیادا پێناسە دەکەنەوە. ڕووسیا ئێستا بە کردەوە خاوەن ماڵی سەرەکیە لەسوریا، ئەمریکا وەک میوانێکی شکستخواردوو، بە تایبەتی دوای تەواوبوونی شەڕی داعش، هۆیەک بۆ مانەوەی لە سوریا نییە، دەبوو بڕوا. ڕێکەوتنی لەگەڵ تورکیادا، کە زیاتر لە دەهەیەکە حکومەتەکەی ئەردۆگان لە نێوان ڕوسیا وئەمریکادا یاری دەکات، هەوڵێک بوو لەو ڕاستایەدا، کە تورکیای ئەندامی ناتۆ زیاتر نەخزێتە کەمپی ڕووسیاوەو وەک هاوپەیمانی ئەمریکاو غەرب بمێنێتەوە.

بەڵام پێش ئەوەی مرەکەبی ڕێکەوتنەکەی ئەمریکا لەگەڵ حکومەتەکەی ئەردۆگان وشکبێتەوە، ڕووسیا ئەردۆگانی بۆ لای خۆی کێش کرد و تێی گەیاند، کە ئەگەر بیەوێت لە سوریادا پەنجە بکات بە ئاودا بەبێ ڕەزامەندی ڕووسیا ناکرێت. لێرەدا یەپەگە وهەسەدە کەئومێدی سیاسیان تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت لەسەر سیاسەتی ئەمریکا هەڵچنیوە، دەبنە قوربانی.

هەرچەندە لەسەر ناوچەکانی نفوز لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ململانێی زلهێزە ئیمپریالیستەکان دەتوانێت زۆر بە خێرایی هاوسەنگی هێزەکان بگۆڕێت و لەگەڵ خۆیدا هەلومەرجی سیاسی ناوچەکە قڵپبکاتەوە، بەڵام سەرباری ئەمانە، ئاماژەکانی تا ئێستا وا نیشان دەدات، کە قەیرانی سووریا بەرەو کۆتایی بڕوات. لاشەی هەلاهەلای سوریا کەوتۆتە بەردەم کەڵبەی خوێناوی چەندین هێز و هەر یەک خەریکە بەشی خۆی لێ دەپچڕێ. بەپێی ئەو ڕێکەوتنانەی کە تا ئێستا کراوە. ڕژێمی تورکیا تەواوی کوردستانی سوریا بۆ خۆی دەبات و زیاتر لە سێ ملیۆن ونیو ئاوارەی ناوچەکانی تری سوریا لەوێ جێگیر دەکات، کە لە نێویاندا سەدان هەزار چەکداری سەلەفی داعشی هەن. بەم شێوەیە ئەو پاکتاوە قەومیەی کەچەندین ساڵە پارەی لەسەر خەرج دەکات لەماوەیەکی زۆر کەمدا بەدەستی دێنێ. لەبەرامبەردا یەپەگەو هەسەدە کە زیاتر لە یانزە هەزار قوربانی و دەیان هەزار برینداریان لە جەنگی قارەمانانە لەدژی داعشدا دا، نەک هەر نابنە خاوەنی هیچ، بەڵکو تەنانەت دانیشتن لە ماڵەکانی خۆشیان پێ ڕەوا نابینن!.

بۆپێشەوە: چۆن دەڕوانیتە ڕێکەوتنی ئەمریکاو تورکیاو هاوکات ڕێکەوتنی سوریاو ڕوسیا و دواجاریش ڕێکەوتنی ڕوسیاو تورکیا کە ٢٢ی ئەم مانگە ئیمزاکرا؟. پاشان پێت وایە کوژرانی ئەبوبەکر بەغدادی کاریگەری لەسەر ئەو ڕێکەوتنانە ببێت؟. 

طاهرحسن: ڕێکەوتنی سوریاو ڕووسیا ڕابردویەکی کۆنتری هەیە. هەر لە سەرەتای دەستپێکردنی ئەوەی پێی دەڵێن بەهاری عەرەبیەوە، ڕووسیا سوریای کرد بەدەروازەی تەواجدی سیاسی وسەربازی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، لە ئەوروپاش ئۆکرانیای کرد بە دەروازە بۆ هێزنواندن لە ئەوروپای ڕۆژهەڵاتداو خۆنمایشکردن بە وێنەی قوتبێکی جیهانی دوای جەنگی سارد. ڕێکەوتنی تورکیاو ڕووسیا خستنە سەر کاغەزی ئەو هاوکێشەو هاوسەنگی هێزەیە کە ئێستا لەسەر زەوی سوریا هەیە. من پێشتر وتم ڕێکەوتنی ڕوسیاو تورکیا بە کردەوە بووە ئەڵتەرناتیڤی ڕێکەوتنی تورکیاو ئەمریکا.

وەرن با پێکەوە بڕێک بگەڕێینەوە بۆ دواوەو بچینەوە بۆ سەرەتای سەرهەڵدانی قەیرانی سوریا. دوای ئەوەی کە خۆپیشاندان و خرۆشانی هەقخوازانەی خەڵکی دەست تەنگ و بەشمەینەتی سوریا بە ساوایی لەباربراو چەندین هێزی جیهانی وناوچەیی بەناڕەوا خۆیان خزاندە سوریاوەو خەڵکی خرۆشاویان بەدەستی بەستراوەوە ناردەوە بۆ ماڵەوە، ڕژێمی دیکتاتۆری ئەسەد بەمەبەستی کەمکردنەوەی بەرەکانی جەنگ بەڕووی سوپاکەیدا، کوردستانی سوریای چۆڵ کرد. لەم کەتەدا یەپەگە فرسەتی ئەوەی بۆ هەڵکەوت بە خێرایی ناوچەکانی کوردستان پڕ بکاتەوەو دەسەڵاتێکی خۆجێی لەو ناوچانەدا دامەزراند. کە ئینسان دەتوانێت لەنێو مەئسات و مەرگەساتی ناوچەکانی تردا، دەست بخاتە سەر چەندین لایەنی موسبەت و ئینسانی کردەوەکانی ئەو دەسەڵاتە. ئێستا و لەدوای تەواوبوونی جەنگ لەدژی داعش، بە پیلانێکی دژی ئینسانی زلهێزە بۆرژوا ئیمپریالیستەکان، دەیانەوێ قەیرانی سوریابە یەک کاسەکردنەوەی دەسەڵات بە قازانجی ڕژێمی بەعس یەکلایی بکەنەوە. بۆ ئەمە خەریکن خەڵکی کوردستانی سوریا دەخەنە نێوان دوو بەرداشتی لەناوچوونەوە. یان شەڕکردن تا مردن، یان چۆڵکردنی کوردستان بۆ سەدان هەزار چەکداری هەوسارپچڕاوی سەلەفی بەکرێگیراوی تورکیا.

من پێم وایە ئەم چارەنووسە ڕۆژێک یەخەی هەرێمی کوردستانی عێراقیش دەگرێ. ئەوە دەسەڵاتی پووچ و فاسدو داوەشاوی عێراقە کە شانسی درێژکێشانی تا ئێستای بە وەزعیەتی هەڵواسراوی هەرێمی کوردستان داوە. دەنا هەرکاتێک خۆی کۆکردەوە بە دانی تیژ گاز دەگرێ. ڕووداوی ١٦ ئۆکتۆبەر هەوڵێکی بۆرژوا ناسیونالیستی ئیسلامی عێراقی بوو بۆ یەک کاسەکردنەوەی دەسەڵات لە عێراقدا، نەک شتێکی تر.

دەربارەی کاریگەری کوژرانی ئەبو بەکر بەغدادی لەسەر ڕێکەوتنەکان، من پێم وایە هیچ کاریگەریەکی نابێت. بەغدادی بە کردەوە دەمێکە مردووە. ئەم هەرایەی ئێستای ئیدارەکەی ترامپ جگە لە هەڵمەتێکی ڕاگەیاندن بۆ کەمکردنەوەی فشارەکانی دیموکراتەکان شتێکی تر نییە. ترامپ دەیەوێ بە کوشتنی بەغدادی بە دیموکراتەکان بڵێ کە، منیش هیچم لە ئۆباما کەمتر نییە.

ئەوە بێجگە لەوەی کە پەیامێکیشە بۆ ڕووسیا، کە لەو شوێنەی تۆ دەسەڵاتی ڕەهات هەیە، ئێمە توانای گێڕانی مانۆڕمان هەیە.

بۆپێشەوە: دەنگێک لە ناو ڕیزەکانی بزووتنەوەی ناسیونالیزمی کورد وتەنانەت لە ئاستێکی فراواندا بەرز بۆتەوەو بەو پەڕی بێزاریەوە هاوار دەکات ئەمریکا و ڕووسیاپشتیان لە کورد کرد. تۆ لەو بارەیەوە دەڵێی چی؟.

طاهرحسن: جادەستەی فەرمانڕەوای ئەمریکا و ڕووسیا کەی ڕوویان لە خەڵکی کوردستان بووە تا ئێستا پشتیان تێ کردبێ؟!. ئەگەر کەسێک لای خۆیەوە ئومێدێکی لەسەر سیاسەتی ئەمریکا هەڵچنیوە، ئەوە باجی خۆشباوەڕی خۆی دەدات!. کە ئەمە سەرتاپای مێژووی سەد ساڵی سەرانی بزووتنەوەی کوردایەتی بووە.

وەرە تەنیا یەک جێگایەکم لەسەر ئەم گۆی زەویە نیشان بدە، کە دەستەی فەرمانڕەوای ئەمریکا هێزیان بۆ بردبێت ودەروازەی خۆشبەختی بە ڕووی دانیشتوانەکەیدا کرابێتەوە!. شیکردنەوەی ناوێت، سەیری عێراق کەن دوای دوو دەهە چ سەرەنوێڵکێک لەسەر کورسی دەسەڵات دانیشتووەو قانوون دەنووسێ!. سەیری ئەفغانستان کەن، دوای زیاتر لە چارەکە سەدەیەک و لەبەریەک هەڵوەشاندنی کۆمەڵگە، تازە دەڵێن سەرکەوتنی پرۆسەی سیاسی لەو وڵاتەدا بەستراوەتەوە بە ڕازیبوونی تاڵیبان کە لە پرۆسەی سیاسیدا بەشداری بکات!.

ناسیونالیزمی کورد کەیفی خۆیەتی ئومێدی بە دەسەڵات گەیشتنی، یان مانەوەی لە دەسەڵاتدا، یان شەریک بوونی لە دەسەڵاتدا بە پەتی ڕزیوی چ دەوڵەتێکەوە گرێ دەدات، کێشە ئەوەیە لەگەڵ خۆیدا چارەنووسی خەڵکی کوردستانیش بەخۆیەوە گرێ دەدات، بۆیە لەگەڵ هەر شکستێکی چاوەڕوانکراویدا، ژیانی خەڵکی کوردستانیش لەگەڵ کارەسات بەرەو ڕوو دەکات.

لەسەرەتای گێچەڵی سەربازی تورکیاوە بۆسەر کوردستانی سوریا، زۆر کەس لەو باوەڕەدا بوو، کە پەکەکە بە هۆی نفوزێکەوە کە لە تورکیادا هەیەتی، دەست دەداتە نمایشی جەماوەری زۆر گەورەو شارەکانی تورکیا لێوان لێو دەکات. لەڕاستیدا پەکەکە ئاوها کارێکی لەدەست دێت. بەڵام ئەوەی کە نایکات، ئومێدێکە کە بە نێوانگیری ئەمریکا بۆ ڕێکەوتن لەگەڵ حکومەتەکەی ئەردۆگان هەیەتی. نامە تەسلیم ئامێزەکەی ئۆجالان هەر ئەمەیە.

ئێستا ئەم قسەیەی کە ئەمریکا خیانەتی لە کورد کرد!، ئەمریکا کوردەکانی بەتەنیا جێهێشت!. ئەمریکا متمانەی لای هاوپەیمانەکانی لە دەستدا!. لە هەموو کەس زیاتر دیموکراتەکان کردویانەتە خۆراکی ڕاگەیاندن. ناسیونالیزمی کوردیش دڵی بەم هەرایەی کۆنگرێسی ئەمریکا زۆر خۆشە!!. دوو هاواری ناو کۆنگرێس بەوەی کوردەکان ئازان، چاو نەترسن، گیان لەسەر دەستن. بەسە بۆ بە کوشتدانی سەدان ڕۆڵەی کرێکارو زەحمەتکێشی کوردستان. وەرن گوێ بگرن بزانن ئەو لایەنگرانەی یەپەگە وهەسەدە لە کۆنگرێسی ئەمریکا (کەتەیفێکی فراوانی سەرمەست کردووە) چۆن باسی ١١ هەزار کوڕان وکچانی نازداری قوربانی لە جەنگی دژی داعشدا دەکەن. ئەوان هیچ شەرم ناکەن دەڵێن “سەرۆک ترامپ چۆن دەبێ پشت بکاتە کوردەکان، ئەوان لەباتی سەربازەکانی ئێمە شەڕیان بۆ کردین و خوێنیاندا”.!. (ترامپ)یش نایشارێتەوە دەڵێ بەبەلاش نەیان کردووە، لە بەرامبەردا پارەو چەکیان وەرگرتووە!. بەڕاستی خەتایەکی گەورەیە ئەوگیانبازیە بێ وێنەیەی کە لووتی داعشی شکاند، لەگەڵ کردەوە دژی ئینسانیەکانی سوپای ئەمریکا هەژمار بکرێت. ئەو هەموو ئینسانە شەریف و ئازادیخوازەی لە سەرتاسەری دنیاوە چوونە سوریاو لەڕیزەکانی یەپەگەدا شەڕی داعشیان دەکرد، لەبەر کورد بوونی یەپەگە نەبوو، بەڵکو لەبەر ئەوەبوو کە یەپەگە خەریکە شەڕی ڕەشترین هێزێک دەکات کەمەترسیە لەسەر تەواوی ئینسانیەت.

هەر ئێستا هیج دوور نییە دەستەی فەرمانڕەوای ئەمریکا بۆ دووبارە گێڕانەوەی هێزەکانی لەسوریاو قەرەبووکردنەوەی هاتنەخوارەوەی هەژموونی سیاسی وسەربازیەکەی، داعش لە ژێرناوێکی تردا زیندوو بکەنەوەو بەری بدەنە گیانی کۆمەڵگە.

بۆپێشەوە: لەبەرامبەر هێرشو ملهوڕی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر کوردستانی سوریابەپاڵپشتی ئەمریکاو ڕووسیا دەبێ چی بکرێ؟.

طاهر حسن: مەئساتی سوریا وعێراق و….هتد بەشێکە لە تراژیدیایەکی ئینسانی گەورەتر، کە کۆمەڵگەی ئینسانی لەم سەدەی بیست و یەکەداو لەسایەی نیزامی زاڵمانەو چاوچنۆکی سەرمایەدا بە نسیبی ملیارەها ئینسان بووە. برسێتی، گرانی، بێکاری، بێ دەرمانی، جەنگ و کوشت و کوشتار، ئاوارەیی و بێ خانەولانەیی، سیناریۆی نەبڕاوەی ژیانی ئینسانی ئەم سەردەمەن وهەموو ڕۆژێک ژیانی ملیۆنەها ئینسان هەڵدەلووشێ!. ملیۆن ملیۆن ئینسان پاروویەک نان و دەنکێک حەب شک نابەن، کەچی لەملاشەوە تەواوی سەروەت و سامانی دنیا لەدەستی چەند کەسێکدا کۆبۆتەوە!!. وجوودی فیزیکی ئینسان و تەنانەت گۆی زەوی لەسایەی ئەم بەربەریەتەی سەرمایەدا لەبەردەم هەڕەشەی لەناوچووندایە.

لە دوای هەڵگیرساندنی شۆڕشەکانی میسر وتونس، دیموکراسی بۆرژوایی غەرب، ئەو تەنیا نوزە دیموکراتیکە ڕوکەشەش کە هەیبوو لە دەستیداو لەبەرامبەر ئاڵوگۆڕی شۆڕشگێڕانەدا کەوتنە پشت و پەنای ئیخوانەکان وسەلەفیەکان!. بەمەبەستی سەرکوتکردنی هەلومەرجێکی شۆڕشگێڕانە، ئامادەن بچنە ژێر باڵی دەیان هێزی وەک داعش و بەرەی نوسرەو تالیبان و قاعیدە. چاوەڕوانی لە دیموکراسی غەرب جگە لە خۆکوژی هیچ شتێکی تر نییە.

ئەوەی کە تەنیا ئومێدێکەو لە ڕاستیدا تەنها ڕێگایەکەو لە توانایدا هەیە تەواوی هەلومەرجی ئێستا قڵپ بکاتەوەو بەقازانجی ئینسانەکان بیگۆڕێت، پەرە گرتنەوەی ئەو شەپۆلە لە خرۆشانی جەماوەری وشۆڕشگێڕانەیە کە لەوڵاتانی ئەمریکای لاتینەوە دەستی پێکردووە، تا دەگات بە سودان ومیسر و جەزائیر وعێراق و لوبنان.

بە خۆدا هاتنەوەو بەرچاو ڕۆشنیەکی بەرچاو و دڵخۆشکەر بە نەبەردی ئەمجارەوە بەدی دەکرێت. ئەگەر کرێکاران وزەحمەتکێشان و لاوان وژنانی دڵپڕ لە هیوا بە ڕیزی سەربەخۆ و ڕێکخراوی خۆیان وبە ئاسۆی ڕۆشنی گرتنەدەستی دەسەڵاتی سیاسی ودامەزراندنی ئۆرگانەکانی دەسەڵاتدارەتی خۆیان لە شوراکاندا بێنە مەیدان و کەمترین بوار بۆ ئەحزاب گەلی ڕەنگاوڕەنگی بۆرژوایی نەهێڵنەوە، کە سواری شەپۆلی ناڕەزایەتیەکانیان ببێت و بیکاتە دەستمایەی بەندوبەستیان لەگەڵ دەسەڵاتدا، ئەوکات دەروازەیەکی ڕووناک بە ڕووی کۆمەڵگەدا دەکەوێتە سەر پشت و دەریایەک لە تواناو داهێنان، کە ئێستا خنکێنراوە، بۆ بەگەڕخستنی کۆمەڵگە دێتەدەرەوە. تەنیا لەم ڕێگایەوە دەکرێ، تراژیدیای ژیانی ئەمڕۆ بە ژیانێکی باشتر بگۆڕێت وچیتر ژیان لە ژێر بەربەریەتی سەرمایەدا نەبێت.

تا ئەو جێگایەی بە کوردستانی سوریا دەگەڕێتەوە، هیچ ڕێگایەکی تر نییە، جگە لە مقاوەمەتکردنی قارەمانانە، کە لەوبارەیەوە نەک هەر هیچ کەمیان نەهێناوە، بەڵکو سەرچاوەی دەریایەک ئەزمونن بۆ کۆمەڵگەی ئینسانی. بەڵام هاوکات دەبێ ئەوکەمپینە جیهانیەی بۆ ڕسواکردنی حکومەتەکەی ئەردۆگان کەوتۆتەڕێ، هەرچی فراوانتر بکرێت، ئەو ڕێگریانەی دەبنە سنووردارکردنی دامێنە جیهانیەکەی بە دیقەتەوە لاببرێت. وەک قەومیگەرایی وحزبی بوون و ناو و وێنەی سەرۆکی حزب. دەبێ ئەو ئیمەیجە بخرێتە بەرچاوی جیهانیان، وەرن پشتیوانمان بن بۆ ڕاگرتنی جەنگێک کە بە ناڕەوا ڕژێمی تورکیا خەریکە دەیکاتە سەر ماڵ و ژیانی ملیۆنەها ئینسان و ئاوارەیان دەکات.

 

گفتوگۆی بۆپێشەوە لەگەڵ وەلید عومەر، نووسەر و وەرگێر سەبارەت بە هێرشی دەوڵەتی تورکیاو ئایندەی ناوچە کوردنشینەکانی سوریا

 بۆپێشەوە: چۆن دەڕواننە ڕۆڵی یەکێتی ئەوروپا و وڵاتانی ئەوروپا، بۆ ناڕەزایەتیان لەبەرامبەر بە هێرشی تورکیا؟

وەلید عومەر: لە وێنە گشتییەکەدا, یەکێتیى ئەورووپا لە پەیوەندییدا بە داعشەوە هەڵوێستى خۆى ڕووندەکاتەوە. شەڕڤانەکانى ڕۆژاڤا، بەهۆى شەڕى داعشەوە جۆرێک لە کارتى نێودەوڵەتییان بۆ خۆیان دەستەبەرکردووە. ڕەنگە ئەم کارتە هەستیار بێت و بەئاسانى بسوتێت، بەڵام وێنا درێژخایەنەکانى خۆى لەدەستنادات. هۆکارەکەش زۆر ناڕوون نییە: داعش ناوێکە بۆ چەندین گرووپى تیرۆریستیى تر کە لە داهاتووى خۆرهەڵاتدا هەن و سەرهەڵدەدەنەوە. تا ئەم جۆرە مەترسییانە هەبێت، گیانفیدایى ڕۆژاڤا وەک کارتێکى ئەرێنى لە یادەوەریى ئەورووپییەکاندا دەمێنێتەوە و پێویستیان پێى دەبێتەوە. ئەمەش لەبەر ئەوە نییە کە کوردانى ڕۆژاڤا باوەڕیان بە هەندێک بەهاى مۆدێرنى خۆرئاوایى هەیە وەک مافى ژن، سێکۆلاریزم و سۆسیالیزم و دیموکراسى و… هتد، بەڵکو داعش و تیرۆر هەڕەشەیەکى هەمیشەییشە لەسەر خۆیان. ئەزموونى ئەورووپییەکان ئەزموونێکى هەستیارە و هەرکە بەچڕى دەستى تیرۆرى پێ بگات ئیدى پێناچێت بەئاسانى ڕەونەقى خۆى وەرگرێتەوە. فەڕەنسا لە هاوپەیمانێتییەکەدا دژى داعش، پاش ئەمریکا دووەم هێزى کاریگەر بوو. ئەمەش وادەکات تەماسێکى ستراتیژ بە کوردەکانەوە بپارێزێت. لەنێو یەکێتیى ئەورووپادا، ئەوە فەڕەنسایە خاوەنى قسە و کاریگەرییە لەسەر دۆزى سوریا. فەڕەنسا هەم دامەزرێنەرى یەکێتیى ئەوروپا بوو، هەم بەنیسبەت جەنگى سوریاشەوە هێزێکى تۆکمەى سەربازیی لەوێیە و لەڕووى مێژووییشەوە تموحێکى مێژوویى هەیە کە دەگاتەوە سەر سەردەمانى کۆڵۆنیاڵیزم و لە بەهارى عەرەبییشدا هەر لەسەرەتاوە دەیویست ئەسەد بڕوات. هەڵوێستى فەڕەنسا ئەرێنى بووە و کورد دەتوانێت هاوپەیمانێکى کەم تازۆر درێژخایەنى ئەو بێت. فەڕەنسا هەر لەسەرەتاوە هێرشەکانى تورکیاى بەتوندى مەحکوم کرد و داوای کرد ئەنجومەنى ئاسایش کۆببێتەوە (ڕەنگە هەر لەوێشەوە فەڕەنسا بووبێت کە بەیانێکى هاوبەشى لەگەڵ بەریتانیا و ئەڵمانیا ئامادەکردبوو بۆ فشارخستنە سەر ئەنجوومەنى ئاسایش بۆ سازدانى دانیشتنێک). ھەر وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا خۆى وتى: “داوا لە یەکێتیی ئەوروپا دەکەین هەناردەکردن و فرۆشتنی چەک بە تورکیا رابگرێت”. لەم سەردانەى دواییشدا وەزیرى دەرەوەى فەڕەنسا لە هەولێر, هەمان نیگەرانیى لەمەڕ داهاتووى داعش و تیرۆر خستەوەڕوو. جيا لەوەى کە سیاسەتى مۆدێرن بەئاشکرا لەسەر بەرژەوەندی و قازانج ڕۆنراوە، بەڵام ئەوروپییەکان هەندێک بەهاشیان لە مێژووى خۆیاندا بنیاتناوە کە کاریگەریى بەسەر سیاسەتەکەیانەوە هەبووە. ڕۆشنگەریى ئەورووپى لە دوو سێ سەدەى پێشوودا، گەواهیدەرى ئەمەیە. بەس لە کۆدا ئەوەى هەیە ڕیاڵ پۆلەتیکە، سیاسەتى باوە، ئەو فەڕەنسایەى کە ئێستا داکۆکى لە هەسەدە دەکات هەر ئەو فەڕەنسایەیە کە سانسۆر و بلۆکى خستۆتە سەر ئەندامانى پەکەکە لەناو فەڕەنسادا.

  بۆپێشەوە: ئایندەی سیاسی سوریا و کێشەی کورد چۆن دەبینن لەسوریادا؟

وەلید عومەر: ئاشکرایە کێشەى کورد لە سوریا, مێژوویەکى تاریکى هەیە. سەدان هەزارکەس لەوێ هیچ بەڵگەنامەیەکى یاسایى و ناسنامەى نەبوو، لە مافى پەروەردە و تەندرووستى و کەرتى گشتى بێبەش بوو. لەڕووى ئاسایشى سیاسییشەوە لەژێر چاودێریى دەزگا پڕ دیسپلینەکانى دەوڵەتى سورییدا بوون. ئەوان لەو جۆرە هاوڵاتییە دەچوون کە جۆرجیۆ ئاگامبێن ناویدەنێت هۆمۆساکەر. هۆمۆساکەر ئەو کەسەیە خۆى هەیە بەڵام مافى نییە، قوربانییە بەڵام بشکوژرێت خوێنەکەى باجى لەسەر نییە، یاسا هەیە بەس نایگرێتەخۆى. ئەوان چل ساڵ و تا کاتى تەقینەوەى دۆخى سوریا، بەم جۆرە لەژێر دەستورێکدا دەژیان کە ناوى وڵاتـەکەشى گۆڕیبوو بۆ کۆمارى عەرەبیى سوریا و هەموو جۆرە شوناسێکى ئەوانى نەفی دەکرد. لەسەر زەمینەى واقیع، جەنگى سوریا وردەوردە بەرەو کۆتایى دەڕوات. کورد لەوێ دیوە سەربازییەکەى خۆى تاقیکردەوە و داعشى لەناوبرد و سەدا سى خاکەکەى کۆنترۆڵکرد، بۆیە ڕەنگە لەمەودوا و لە دوا ئەگەردا چارەنووسى کوردەکان پەیوەندیى بە جۆرى بەشدارییانەوە هەبێت لە نوسینەوەى دەستورى سوریادا. دەستور دەتوانێت کۆمەڵێک مافی بنە‌ڕەتى بۆ کورد دەستەبەر بکات (گەرچی لە ڕ‌ۆژهەڵاتى ناوەڕاست دەستوور بەتەواوى چارەى کێشەکان ناکات). خاکى ڕۆژئاڤا بەردەوام لەبەردەم مەترسیى فاشیزمى تورکیدایە, بەڵام وەک ئەمرى واقیع سەر بە کێشە ناوخۆییەکانى سوریایە. ئەگەر بتوانن لە دەستوورى سورییدا فیدراڵیەتێک بۆ خۆیان بپچڕن، ئەوا  دەشتوانن هێزە نێودەوڵەتییەکانى وەک ڕوسیا و ئەمریکا کە لە سوریادا خاوەن قسەن ناچار بکەن دانیان پێدابنێن. هەرکات توانرا دەستکاریى «کۆمارى عەرەبیى سوریا» بکرێت و بگۆڕدرێت بۆ کۆمارێکى فیدراڵى (یان بەپێى پرۆژەکەى کوردانى ڕۆژاوا بۆ دەستورى نوێى سوریا: کۆمارێکى یەکگرتووى دیموکراسى)، ئیتر زەمینە بۆ کۆمەڵێک مافى ڕیشەیى خۆشدەکات. گەرچى پێشتر سیستەمی فیدراڵی و دیموکراتی باکوری سووریایان ڕاگەیاند، بەڵام لە دۆخى ئاوارەیى دانپیانەنراوى سوریادا ئەوە کرا و ئێستا لە دۆخى هەڵوەشاندنەوەدایە. بێگومان شەڕى دەستوریش قورسە و پاراستنى جۆرێک لە هاوسەنگیى دەوێت لەنێوان ئەو هێزە ناوچەیى و نێودەوڵەتییانەدا کە دەرگیرى کێشەى سوریان. بۆنموونە ئەمریکا لە لێدوانەکانیدا دەیویست سوریا لەت بکات و قەوارەیەک بۆ کوردەکان جیابکرێتەوە و لەژێر هەژموونى خۆیدا بێت، ڕووسیاش بەردەوام ئەوە دووپاتدەکاتەوە کە دەبێت خاکى سوریا یەکپارچە بێت. بەڵام خاڵى گەشیشیان پاراستنى کەمینە نەژادییەکانى تر بووە لە ئەزموونى ئەو چەند ساڵەدا، بۆیە دەتوانن شەڕێکى ڕەوا بکەن.

 بۆپێشەوە: چۆن دەڕواننە هەڵوێستی دەسەڵات و حزبەکانی باشوری کوردستان، لە پەیوەند بەهێرشی سوپای تورکیا بۆسەر ناوچە کوردنشینەکانی سوریا؟

وەلید عومەر: حیزب خۆى لە مێژووى نوێى کورددا پێگەیەکى تایبەت و تاڕادەیەک سەیرى هەیە. حیزب نە بەتەواوى خێڵە، نە بەتەواوى نەتەوەشە، بەڵکو شتێکە لەو نێوانەدا. بۆیە لە ساتى ئەم ڕووداوانەدا کە بەسەر پارچەیەکى کوردستاندا دێت, هەڵوێستەکان شلۆق و تەمومژاویین. حیزبى کوردى بەرژەوەندیى خۆى دەخاتە پێش بەرژەوەندیى ئەو شتەوە کە پێى دەوترێت نەتەوە. سەرەتا بیر لە مانەوەى خۆى دەکاتەوە نەک گەل و نەتەوە. لەم ‌‌‌ڕووەوە کە دەڵێین “باشور” ئەوا مەبەستمان حیزبەکانی نییە، بەڵکو ناوێکە و کۆمەڵێک خەڵکە. خەڵکەکەشى دیسان زۆر یەکڕا و تۆکمە نین و حیزب ئیشى لەسەر پارچەکردنیان کردووە. بەڵام هێشتا خەڵکەکە تواناى خۆکۆکردنەوەى هەیە و دەتوانێت پێشى حیزبەکان بداتەوە. پرسى بایکۆت بەڵگەیەکە لەسەر ئەمە، کە خەڵک خۆى ڕێکیخست و هێشتاش حیزبەکان جورئەتى هەڵوێستێکى ڕەسمییان نییە لەو ڕووەوە. باشور پێشوەختە فرۆشراوە یان دابەشکراوە. ئەمە زانیارییەکى نوێ نییە و خەڵک دەیزانن. پێشناچێت بەخێرایى وەرگیرێتەوە. فرۆشتن بە کاڵاى کۆڵۆنییەکى ئابورى. نەبێتە قسەکەى ئیسماعیل بێشکچى, ئێستاش هەر کۆڵۆنییەکە و ئیرادەى حیزبى کوردیى تیا نییە. ئیرادەى ئەوان تا ئەو جێیە بوو خزمەتى خەڵک بکەن لە ناوەوە، بەڵام وڵاتەکەیان گۆڕى بۆ گەندەڵخانە و بازاڕى ساغکردنەوەى کاڵاى ئەوانیتر و شوێنى تەراتێنى دەزگا سیخوڕییەکان و …هتد. وەک خۆم هەڵوێستى ئەمانە ئیعتیبارێکى ڕاستەقینەى نییە لام و تەنیا خۆنواندنە لە ترسى خەڵکدا.

بۆپێشەوە: مامەڵە و هەڵویستی پەکەکە لە پەیوەند بەهێرشی تورکیا بۆسەر کوردستانی سوریا، چۆن هەڵدەسەنگێنن؟ بۆچی ناوخۆی تورکیا بەتایبەت ناوچە کوردستانیەکانی خامۆشە و ناڕەزایەتی شەقام بەدژی هێرشی تورکیادا نابینرێ؟

وەلید عومەر: دۆخى باکور، دۆخى هەڵپەسێردراوى نێوان شەڕ و ئاشتییە. ئەم دۆخەش دەوڵەت سەپاندوویەتى و لە یەک کاتدا هەم شەڕ و وردەچالاکیى سەربازیى پەکەکە هەیە و هەم جۆرێک لە ئامادەیى بۆ ژیانێکى ئاسایى. ئاشکرایە باکور یان کوردەکانى ناو تورکیا، جۆرێک لە خودئاگاییەکى سیاسى و نەتەوەییان بەرامبەر بەو شتانە هەیە دەگوزەرێت و لەڕابردوودا سەلماندووشیانە، بەڵام لەئێستادا فشارى دەوڵەت بۆسەر ئەوان زۆر بەهێزە و خەڵک لەسەر پۆست و تویتەر دەستگیر دەکرێت. لەو دووسێ ساڵەى پێشوودا لە ئەندام پارلەمانەکانەوە بیگرە تا سەرەک شارەوانى و هەزاران چالاکوانى سیاسى تریش دەستبەسەرکراون و ڕێ بە کەسیان نادرێت لە میدیاوە دەرکەون و کەمترین هەڵوێستیان لەسەر ڕووداوەکانى ڕۆژاڤا هەبێت. بەدرێژایى ساڵانى شەڕى ناوخۆى سوریا، هەزاران کەس لە باکورەوە پەیوەندییان بە یەپەگەوە کردووە و ئەمە لە دەزگا ئەمنى و سیخوڕییەکانى تورکیادا تۆمارکراوە و بووەتە بیانوو بۆ هەر سەرکوتێکى ئەمنى و سیاسى لەلایەن تورکیاوە. دەوڵەتى تورک دژى ئەو دەسکەوتانەیە کە لە باکور بە خەباتى مەدەنى بەدەستهاتوون, چ جاى ئەوەى لەڕێگەى شەڕەوە بەدەستبێت. تازەکى سێ سەرەک شارەوانیى باکورى لە کارەکانیان دوورخستووەتەوە و ڕەوشێکى خنکێنەریى ئەمنى زاڵکردووە. وێڕاى ئەمەش خەڵکێک لەوێ هەن کە لە ژیانى ڕۆژانەى خۆیاندا تواونەتەوە و قازانجى مادى و بازرگانییان لەگەڵ دەوڵەتى تورکییدایە و خۆیان تووشى هیچ سەرئێشەیەک ناکەن. ئایدیاڵى ئەم خەڵکانە بازاڕە نەک گەل و نەتەوە.

 

گفتوگۆی بۆپێشەوە لەگەڵ ئاسۆ شابان، سەبارەت بە هێرشی دەوڵەتی تورکیاو ئایندەی ناوچە کوردنشینەکانی سوریا

 بۆپێشەوە: چۆن دەڕواننە ڕۆڵی یەکێتی ئەوروپا و وڵاتانی ئەوروپا، بۆ ناڕەزایەتیان لەبەرامبەر بە هێرشی تورکیا؟

ئاسۆ شابان: هە‌ڵبه‌ت ئه‌وروپا وه‌ک پێکهاته‌ی سیاسی له قازانجی بازاری سه‌رمایه‌دا هیچی که‌متر نییه له‌و پێکهاته‌ سیاسیه‌ی که ئه‌مه‌ریکا و ڕوسیای دروستکردووه، به‌ڵام له میتۆدی ستراتیجی کارکردندا جیاوازن. بۆ ئه‌مان گرێبه‌سته بازرگانیه‌کان و زیاتر واڵاکردنی بازاڕی هاوبه‌‌ش بۆ کاڵاکانیان پرسێکی له پێشتره له پرسی به‌ها مرۆییه‌کان. ئه‌وان بیانه‌وێت یان نا په‌یوه‌ستن به هه‌ندێ گرێبه‌ستی ئابوری و سیاسیه‌وه که وابه‌سته‌یان ده‌کات به ناتۆ و سندوقی بانقی نێوده‌وڵه‌تیه‌وه. بۆیه هه‌ندێ جار ناتوانن له هه‌ڵوێسته‌یه‌کی سیاسی که له سنوری مافه دیموکراتیه‌کان زیاتر نییه، زیاتر هه‌ڵوێست وه‌ربگرن. ڕێکخراوه‌کانی مافی مرۆڤ و خاچی سورو پشتیوانی له ئازادی و دیموکراسی..هتد، هه‌مووی سه‌ر به‌و میتۆده‌ن و ته‌نها تا ئه‌و شوێنه‌ به‌کارده‌برێت که بتوانێت سیمایان به جوانی بهێڵێته‌وه، ده‌نا کاتێک ده‌بێته گوشار یان زیان به‌سه‌ر گرێبه‌سته ئابوریه‌کانیانه‌وه، ئه‌وا زۆر بێشه‌رمانه بێده‌نگ بوون هه‌ڵده‌بژێرن. ئه‌وان ده‌بێت له هه‌موو گۆڕانکاریه‌کاندا که ڕووده‌دات به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌مانی تیابێت و به‌ڵکو پارێزراویش بێت، وه هیچ کات ته‌نها وه‌ک ته‌ماشاکارێک نامێننه‌وه، ئه‌مه‌ش خۆی له خۆیدا ماهیه‌تی بونیادی که‌‌پیتاڵیزمه. هه‌مووشمان ده‌توانین ڕۆشن ئه‌مه ببینین. بۆیه ئه‌وان تا ئه‌و شوێنه دژ ده‌بن که پێگه‌ و  جێگه‌ی سیاسی و ئابوری ئه‌وان نه‌خاته مه‌ترسیه‌وه.

بۆپێشەوە: ئایندەی سیاسی سوریا و کێشەی کورد چۆن دەبینن لەسوریادا؟

ئاسۆ شابان: کورد وه‌ک نه‌ته‌وه له‌به‌رده‌م مه‌ترسیه‌کی گه‌وره‌دایه، نه‌ک به ته‌نها کوردانی سوریا. ئیمپریالیزم له خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا بۆته مۆته‌که‌یه‌ک و لەپیناو ده‌سه‌ڵات به‌سه‌ر ئابوری و پێگه‌ی سه‌ربازی خۆیان له ناوچه‌که‌دا، هه‌موو گه‌لانی ناوچه‌که‌یان خستۆته به‌رده‌م جه‌نگێکی درێژخایه‌نه‌وه، که کوردیش به‌شێکن له‌م قووربانیه. هه‌روه‌ک کالینیکۆس ده‌ڵێت (‌کێشه‌که لێره‌دا هه‌ر ده‌وڵه‌ته داگیرکاره‌کان نین، به‌ڵکو کێشه‌که‌ ئه‌وه‌یه که هه‌ندێک جار ڕابه‌ره کورده‌کان هاوپه‌یمانی له‌گه‌ڵ هێزه ئیمپریالیسته‌کاندا ده‌به‌ستن، به تایبه‌تی ئه‌مریکا، ئه‌مه‌ش ستراتیجیه‌کی دورو درێژی هه‌ردوو پارته نه‌ته‌وە‌ییه‌که‌ی باکوری عێراق بووه به‌ تایبه‌تی له‌شه‌ری که‌نداودا. بۆیه کاتێک که تۆ وابه‌سته بووی به هاوپه‌یمانیه‌‌تی ئیمپریالیسته‌کانه‌وه، ئه‌وا به دڵنییایه‌وه‌ ده‌بێت به‌و ئاینده‌و میتۆده‌ش هه‌ڵوێست وه‌رگریت که به قازانجی ئه‌‌وان ته‌واو ده‌بێت). به‌ڵام لێره‌دا ڕێبه‌ره کورده‌کانیش ده‌توانن مل به هه‌موو داواکاریه‌ سه‌پێنراوه‌کان نه‌ده‌ن و ده‌ست به به‌های پرسێکه‌وه بگرن که چه‌ندان ساڵه به‌رخودانی بۆ ده‌که‌ن و قوربانیان بۆ داوه. تاقیکردنه‌وه‌که‌ی رۆژئاوا له به‌رخودان و به‌ڕێوه‌به‌رێیه‌تی خۆجێیی فره‌یی، گۆڕینی ده‌ستبه‌جێی یاسا بنه‌ڕه‌تیه‌کان له به‌رابه‌ری ژن و پیاو، ژیان و کار بۆ هه‌موان بێ جیاوازی، به‌رزڕاگرتنی پێگه‌ی ژنان له کۆمه‌ڵگه‌دا، ده‌ستکه‌‌وتێکی گرنگه‌و نابێت هه‌روا سانا ده‌ستبه‌رداری بن. چونکه ڕۆژئاوا شوێنێکی بێ هاوتایه که بتوانێت له ناوچه‌یه‌کدا که هه‌ر چوارده‌وری دوژمنه، تاقیکردنه‌وه‌یه‌کی وا ئه‌نجام بده‌ن که هیچ هه‌ڵناگرێت ته‌نها له دروستکردن و به‌رجه‌سته‌کردنی ده‌سه‌ڵاتێکی خۆبه‌ڕێوه‌بردن نه‌بێت که هه‌موو که‌س بێ جیاوازی بتوانێت تیایدا به‌شدار بێت و پێکه‌وه به‌ڕێوه‌ی به‌رن. ئه‌م تاقیکردنه‌وه‌یه‌ تا ئێستا که‌م وێنه‌یه‌ له خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ندا، بۆیه‌ ده‌بێت به‌‌هه‌ند وه‌ربگیرێت. هه‌ڵبه‌ت ئاینده‌ی ئه‌وان کاتێک مسۆگه‌ر ده‌بێت که شۆڕشێکی سه‌رتاسه‌ری له سوریادا هه‌ڵگیرسێت و ده‌سه‌ڵاتی ئه‌سه‌دو ئیمپریالیسته‌کان له گۆڕ نێت و گه‌لانی سوریا پێکه‌وە‌ بێ جیاوازی وه‌ک رۆژئاوا بەمافه‌کانی خۆیان به‌‌هره‌مه‌ندبن.

بۆپێشەوە: چۆن دەڕواننە هەڵوێستی دەسەڵات و حزبەکانی باشوری کوردستان، لە پەیوەند بەهێرشی سوپای تورکیا بۆسەر ناوچە کوردنشینەکانی سوریا؟

ئاسۆ شابان: لایه‌نه سیاسیه‌کانی باشور بوونه‌ته‌ دوو به‌ره‌وه‌، که هه‌ندێکیان ڕۆشن دژ به‌و ڕه‌شه‌ کوژیه‌‌ن که له ڕۆژئاوا ده‌گوزه‌رێت و پشتیوانی له به‌رخودانی ڕۆژئاوا ده‌که‌ن، به‌شێکیشیان به ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێستاوه که هاوپه‌یمان و هاوده‌نگی سیاسی ئه‌مه‌ریکا و تورکیان بێده‌نگ و بێ هه‌ڵوێست وه بگره جۆرێک له هاوده‌نگیش ماونه‌ته‌وه‌. هه‌ڵبه‌ت ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی که له باشوردا هه‌یه‌ به هاوپه‌یمانیه‌تی و سیناریۆ و ستراتیجی ئه‌مه‌ریکا و تورکیا ده‌چێته‌ ڕێوه. واته خاوه‌نی پێگه‌یه‌کی سیاسی و ئایدیۆلۆژی سه‌ربه‌خۆی خۆیان نین. لایه‌نی که‌م وه‌ک ناسیۆنالیستێکیش هه‌ڵوێستی نه‌ته‌وه‌یی خۆیان به‌یان نه‌کرد، چونکه له ڕووی سیاسی و ئابورییه‌وه ته‌واو له ژێر هه‌ژمونی وابه‌سته‌یی ئه‌واندان. مێژووی ئه‌م حیزبانه‌ش باشترین گه‌واهی ئه‌م هه‌ڵوێسته‌یانه. جگه له‌وه‌ی که ئه‌مانه خاوه‌نی ئه‌م پێکهاته سیاسی و ئایدیۆڵۆژیه نین، له هه‌مان کاتدا بوونه‌ته‌ بازاڕێکی کراوه له‌به‌رده‌م ئابوری تورکیادا و هه‌موو ئه‌و گرێبه‌ستانه‌ی که په‌یوه‌سته‌ به داهاتوو بازاری نه‌وت و چه‌که‌وه. ئه‌م وابه‌سته‌ییه‌ش له‌ ڕووی ئابوریه‌‌وه بێگومان ده‌تخاته به‌رده‌م ملدان بە هه‌موو مه‌رجێکی سیاسی تر که به قازانجی ئه‌وان ته‌واو ئه‌بێت. یه‌کێ له ترسناکترین شکستی سیاسی وابه‌سته بوونه. کاتێک ئه‌م پرۆسێسه له ڕووی سیاسی و ئابوریه‌وه پراکتیک ده‌کرێت، وه‌ک تورکیا له‌گه‌ڵ باشور کردوویه‌تی. ئه‌وا هیچ بژارده‌یه‌ک له‌به‌رده‌میدا نامێنێته‌وه جگه له پشتیوانی کردن و هه‌م ئاهه‌نگی نه‌بێت. هه‌ڵبه‌ت وابه‌سته بوون لێره‌دا بۆ باشور کۆنترۆڵکردنی هه‌موو جومگه‌کانی پێکهاته ئابوریه‌کانه له لایه‌ن تورکیا و ئه‌مه‌ریکاوه، بۆیه هه‌میشه له پێناو ڕاگرتنی داهاته‌کانیاندا سازشکاریه‌کی سیاسی ڕۆشن ده‌بینین. تورکیا له باشور توانیویه‌تی هه‌ژمونی سه‌ربازی و سیاسی خۆشی ته‌واو ڕۆشن بسه‌پێنێت، هه‌موو که‌سێکیش ده‌توانێت ئه‌مه ببینێت و لێی تێبگات. له‌ هه‌مان کاتدا تێڕوانین و پێگه‌ی ئایدیۆلۆژی و سیاسی ده‌سه‌ڵاتدارانی باشور زۆر جیاوازتره له ڕۆژئاوا، بۆیه ئه‌وان هه‌میشه تاقیکردنه‌وه‌ی ڕۆژئاوا به هه‌ڕه‌شه‌یه‌کی گه‌وره له‌به‌رده‌م ئاینده‌ی خۆیاندا ده‌بینن. بۆیه هه‌ر جۆره هاوده‌نگی و هاوته‌باییه‌کی ئه‌وان له‌گه‌ڵ تورکیا و ئه‌مه‌ریکا له‌و ڕوانگه‌یه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتووه. به دڵنییایه‌وه ئه‌و جۆره له سیستمی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ریی خۆجێیی فره‌یی به قازانجی ئاینده‌یی ده‌سه‌ڵاتی ئه‌وان و تورکیا و ئه‌مه‌ریکاش ته‌واو نابێت له ناوچه‌که‌دا.

بۆپێشەوە: مامەڵە و هەڵویستی پەکەکە لە پەیوەند بەهێرشی تورکیا بۆسەر کوردستانی سوریا، چۆن هەڵدەسەنگێنن؟ بۆچی ناوخۆی تورکیا بەتایبەت ناوچە کوردستانیەکانی خامۆشە و ناڕەزایەتی شەقام بەدژی هێرشی تورکیادا نابینرێ؟                     

ئاسۆ شابان: هه‌ڵبه‌ت باکوریش وه‌ك هه‌موو پارچه‌کانی تری کوردستان پشتیوانی خۆیان ده‌ربڕی و هاتنه مه‌یدان، ئامه‌د وه‌ک نموونه. به‌ڵام بۆ پرسی پکک من جیاوازتر ده‌یبینم، من پکک له هه‌ر چوار پارچه‌که‌ی کوردستان ده‌بینم و ئه‌کتیڤیشن، به‌ڵام له‌هه‌ر یه‌که‌یان له‌ژێر ناوێکی جیاواز و به میتۆدێکی ستراتیجی جیاواز کارده‌که‌ن. ئه‌وان توانیویانه خوێندنه‌وه‌یه‌کی جیاوازتریان هه‌بێت بۆ کارکردنی سیاسی و له‌و شێوه کلاسیکیه هاتوونه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌ که تا ئێستا له پارچه‌کانی تردا باوبووه. ته‌نانه‌ت ده‌توانین بڵێن پکک له نێو خودی په‌رله‌مانی تورکیاشدا هه‌ن، به‌ڵام به شێوه‌‌ و ڕوخسارێکی تره‌وه‌. پێموایه ده‌توانین ڕۆشن ئه‌مه‌ ببینین. ڕاسته ئه‌مانیش وه‌ک پارته سیاسیه‌کانی تریش ڕه‌نگه جۆرێک له هاوپه‌یمانیه‌تی سیاسیان هه‌بێت له‌گه‌ل ئه‌مه‌ریکا و وڵاتانی چوارده‌وردا، به‌ڵام به میتۆد و ستراتیجێکی جیاوازتر له‌وه‌ی که له سه‌رانی باشور ده‌یبینین. پکک مێژوویه‌کی قووڵی هه‌یه‌ له به‌رخودان دژی تورکیا و گورزی جه‌رگبڕی توندیشیان خوارد به‌ده‌ستی سه‌رانی باشور له خزمه‌ت هاوپه‌یمانیه‌تی ئه‌واندا بۆ تورکیا و ئه‌مه‌ریکا. وه‌ک میتۆدی سیاسی، ئه‌وان خوێندنه‌وه‌کی باشیان بۆ تورکیا و ئه‌مه‌ریکا هه‌یه‌ له ناوچه‌کەدا و ده‌زانن چۆن مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌که‌ن، ئه‌وان له ئێستادا سیاسه‌ت ده‌که‌ن له پێناوی مانه‌وه‌ و به‌رده‌وام بووندا. وه باشیشیان ده‌زانی که به‌شداربونی ئه‌وان به‌شێوه‌یه‌کی ڕاسته‌وخۆ، شه‌ره‌که‌ بۆ ده‌رئه‌نجامێکی تر ده‌بات که تورکیا خوازیاریه‌تی و ده‌بێته هۆی له‌نێوچوونی ئه‌زمونی ڕۆژئاوا و هاوپشتیه‌کی نیوده‌وڵه‌تی و ناتۆ بۆ تورکیا. چونکه تورکیا ئه‌وکات جگه‌ له‌وه‌ی که سنوری شه‌ڕو کوشتارکاریه‌که‌ی به‌رفراوانتر ده‌کرد و پێگه‌ی لایه‌نی که‌می ده‌سه‌ڵات له ڕۆژئاوا ده‌خاته مه‌ترسیه‌وه‌. هه‌ڵبه‌ت ئه‌وانیش توانای مرۆیی و سه‌ربازی خۆیان باش ده‌‌زانن و ده‌زانن که شه‌ڕێکی وا به‌رفراوانیان بۆ ناکرێت و که ڕه‌نگه‌ ئه‌‌مه خۆی له خۆیدا پلانێکیش بێت بۆ له‌ناوبردنی ئه‌وان، جگه‌ له‌وه‌ی که ئه‌وان زیاتریش ده‌یانه‌وێت قورسایی خۆیان له‌سه‌ر تورکیا بهێڵنه‌وه‌ و ئه‌و پارت و گه‌ریلایانه‌ی که هاوده‌نگی ئه‌وانن له پارچه‌کانی تردا خۆیان بەپێی باری سیاسی و هێزی جوگرافی خۆیان، خۆیان خاوه‌نی بڕیاڕدان بن، ئه‌وان به‌م میتۆده کارده‌که‌ن و ئه‌مه‌ ستراتیجی سیاسی ئه‌وانه. بۆیه‌ ته‌نها له ڕووی سیاسیه‌وه‌ پشتیوانی خۆیان ده‌ربڕی و وتیان ئه‌گه‌ر به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ڕؤژئاوا داوای یارمه‌تی بکات ئه‌وا ئێمه‌ ئاماده‌ین، هه‌ڵبه‌ت ئه‌مه‌ش‌ خۆی له خۆیدا سیاسه‌ته‌، ده‌نا ئه‌وان له‌وێن.

(( ئه‌وه‌ی که ده‌مێنێته‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌ که ئێمه چۆن ده‌یبینین، ڕاسته ڕۆژئاوا بێ که‌م و کوڕی و بێ هه‌ڵه نه‌بوو، هه‌ر له شێوه‌ی هاوپه‌یمانیه‌تی و مامه‌له‌ی ئه‌وان له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانه‌کانیاندا، به‌ڵام بۆ ئێمه وه‌ک سۆسیالیسته‌کان هیچ هه‌ڵبژارده‌یه‌کی ترمان نییه بۆ ڕۆژئاوا جگه له پشتیوانی نه‌بێت له‌و تاقیکردنه‌وه‌ بێ وێنه‌‌یه‌یان که کردیان، ئه‌و ده‌ستکه‌وتانه‌ی له‌وێ به‌دیهات له هیچ شوێنێکی تری ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ندا به‌ده‌ست نه‌هاتووه، هه‌ر له به‌ڕێوه‌به‌رێیه‌تی خۆیی و دروستکردنی کانتۆنه جه‌ماوه‌ره‌یەکان له خۆبه‌ڕێوه‌بردن و بڕیارداندا، به‌شداری و پێگه‌ی ڕاسته‌قینه‌ی ژنان له بونیاتی کۆمه‌ڵگه‌دا، گۆڕینی ده‌ستبه‌جێی یاسا خۆییه‌کان و یه‌کسانی ژن و پیاو له ‌هه‌موو بواره‌کانی ژیاندا، جیاکردنه‌وه‌ی پێگه‌ی دین له ده‌سه‌ڵات و په‌روه‌رده‌دا… هتد. ئه‌مانه هه‌مووی ئه‌و ده‌ستکه‌و‌تانه‌ن که لێره‌ به‌دواوه چیتر هه‌ر هی ئه‌وان نییه‌ و هی هه‌موومانه. ده‌کرێت پێکه‌وه هه‌وڵبده‌ین‌ که لایه‌نی که‌م ئه‌م ده‌ستکه‌وتانه به‌رز ڕاگرین و لەده‌ست نه‌چن))..

ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٦٣ی ١ نۆڤەمبەری ٢٠١٩ دا بڵاوبۆتەوە

Check Also

پەیامەکانی سەردانەکەی ئۆردوگان!

موحسین کەریم رۆژی دووشەممە ٢٢ی نیسان رەجەب تەیب ئۆردوگان سەردانی بەغدای کردو لەگەڵ بەرپرسانی عێراق …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *