کورتە ڕاپۆرتێک سەبارەت بەمانگرتنی گشتی کرێکارانی ئیتالیا …

” ژیانمان بەهای زیاتری هەیە لە قازانجەکانی ئێوە”

کورتە ڕاپۆرتێک سەبارەت بەمانگرتنی گشتی کرێکارانی ئیتالیا

ئا/ نوری بەشیر

ئەگەرچی حکومەتی ئیتالیا بانگەوازی مانەوە لەماڵەوە و کەرەنتینە کردنی هاوڵاتیانی ڕاگەیاندووە، بەڵام هێشتا بەشێکی زۆر لەو کارگەو پڕۆژانەی کەبەرهەمەکانیان ڕاستەوخۆ پەیوەندی بەژیانی هاوڵاتیانەوە نیە، هەر کار دەکەن. لەبەرامبەردا ڕۆژی ١٥ی مارس کرێکاران بەمەبەستی ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بەم دۆخە و هەروەها لەدژی سوربونی حکومەت لەسەر کارکردنی ئەم کارگانە لەژێر ناوی سیاسەتی” بازرگانی ڕۆژانی ئاسایی“دا، بانگەوازی مانگرتنی گشتیان بەکۆمەڵگا ڕاگەیاندو داوایانکرد هەموو هاوڵاتیان پشتیوانی ئەم بانگەوازەبکەن. لەمبارەوە میدیاکانی ئیتالیاش ئەمەیان بە سەرەتای سەرهەڵدانی ڕاپەڕینێکی کرێکاری ناوزەد کرد. بەتایبەتی، کاتێک سەرجەم کرێکارانی کارخانەکانی وەک فلزکاری لۆمبار، کارگەی پیمانت وفولادی پیوموبینۆ، کورەخانەکانی تارنتۆ، کۆمپانیاکانی کیمیایی، نەسیج، گەشتی ئاسمانی ودەریایی، کارخانەکانی ناوچەی جنوا.. هەمویان پێکەوە خوازیاری ڕاگرتنی کاربون و ڕایاگەیاندووە کەمادام هەموو کۆمەلگا لەحاڵەتی قەرەنتینەدا بێت، ئەوان ناچارنین ڕیسک بەگیانی خۆیانەوە بکەن وبچنە سەرکار. ئەمە لەکاتێکدایە کە توشبوان بەڤایرۆسی کۆرۆنا خەریکە سەد هەزار کەس و ومردوانیش دەهەزار کەس تێدەپەڕێنێ.

کرێکاران دەڵێن، دەوڵەتی  نیولیبراڵیزمی ئیتاڵیا کەدوو دەیەیە سیاسەتی لێگرتنەوەی ئابوری و هەڵوەشانەوەی خزمەتگوزاری گشتی تەندروستی تائەوپەڕی خۆی، بێشەرمانە پەیڕەو کردووە، بەهۆیەوە کۆمەڵگای ئیتاڵیای گەیاندووە بەم دۆخە ناهەموارو مەترسیدارەی ئێستا.

لەلایەکیترەوە لەماڵەوە ڕاگرتنی هاوڵاتیان و دانەخستنی کارگەکان، کەڕۆژانە ملیۆنەها کرێکار ناچار دەبێ لەهاتوچۆدابن ئەو دۆخەیە کە نیگەرانی و ناڕەزایەتی کرێکارانی لێکەوتۆتەوە. لەم پێوەندەشدا کرێکاران لەسەرەتاوە دەستیان بۆ مانگرتنی جوزئی بردووە و لەڕیگای سەندیکاکانیانەوە داوای پێداویستیە فەردیەکانی خۆپارێزی تەندروستیان کردووە. دواتریش هەستیان بەمەترسیداربوونی دۆخەکە کردووە حکومەتیان خستۆتە ژێر فشارەوە تا کارگەکان دابخات. تا لەئاکامدا حکومەت لەژێر ئەم فشارو ناڕەزایەتیەی کرێکاراندا ڕایگەیاند کەهەموو ئەو کارخانە وبزنس وشوێنانە دادەخات کەلەم دۆخەدا پێویست نین. بەلام ژوری بازرگانی ئیتالیا، Cofindustria”” کە کاریگەرترین کارتلی سەرمایەدارانە وبەشەکانی بازرگانی ڕیکخراودەکات هەر ڕۆژێک دوای بڕیارەکەی حکومەت کەوتە فشار هێنانەوە و ڕایگەیاند کەئەگەر هەموو کارگەکان دابخرێن ئەوا ئەوان دەست بۆ بودجە دەبەن. ئەمەش وای لەکاربەدەستان کرد کەبڕیارەکەیان شل بکەنەوەو بەشێک لەکارگەو پڕۆژە ئابوری و بازرگانیەکان دانەخەن و کرێکاران و کارمەندەکانیان ناچار بکەن بەردەوام بن لەسەر کارەکانیان. بەم جۆرەش مانگرتنی گشتی وجەماوەری لەپێناو پاراستنی گیانی کریکاراندا لە چوارچیوەی مانگرتنە ناوچەیی وبەشەکاندا تێپەڕی و  زۆرینەی یەکیەتیە کرێکاریەکانی گرتەوە، تەنانەت ئەوانەشی کەسەر بەدەوڵەت بوون، بەم بزاوتەوە چینایەتیەوە پەیوەستبوون.

لەنامەیەکدا کەیەکیەتی کرێکارانی USB -Unione Sindacale di Base  ئاڕاستەی دەوڵەتی کردووە ئاماژە بەوە دەکات کە:

” چاوەڕوانی ئێمە ئەوەیە کە هەموو ئەو کارگەو پڕۆژەو دامەزراوانەی کە بەرهەمە کانیان بەدۆخەکەوە پەیوەست نییە دابخرێن . بەتایبەتی لە کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت .. بەڵام ئەم هەنگاوە نەنراوە وئێمە  ئاگادارین کەهێشتا کارگەو ئۆفیسەکانی ئەم شوینانە کاردەکەن،  بۆیە ئێمە پشتیوانی مانگرتنی ئەو کرێکارنە دەکەین کەلەم ڕۆژانەدا پێی هەستاون، چونکە مافی کرێکارانە کەخۆیان نەخەنە بەردەم مەترسی گیان لەدەستدانەوە“

شایانی باسە سەندیکای ناوبراو ئەوەشی لە بەیاننامەیەکدا تەئکیدکردوە کە سیستەمی خزمەتگوزاری تەندروستی ودەرمان و چارەسەری وپێرسونەڵەکانی ئەم بوارە، بەهۆی سیاسەتی تایبەتی کردنەوە یەکجار کەمی کردووە و بەرەوخوارەوە هاتووە. بەتایبەتی کەمبوونەوەی جێگەی خەوی نەخۆش، کەمی ژمارەی کارمەندو پزیشک، ئامراز وهۆیەکانی کاری نێو نەخۆشخانەکان، دەرمان و مەوادی پاکژی.. کەلەمدۆخەدا پیویستن، بەیەکجاری کەمەو نیزکە لەنەبوون.  ئەمە ئەو هۆکارەیە کە کۆمەلگای ئیالیای بەم ڕۆژە گەیاندووە نەک کرێکاران“.

لەلایەکیتروە کۆنفیدراسیۆنی یەکیەتیە کرێکاریەکانی ئیتالیا CISL  کەدووەمین گەورە سەندیکای کرێکاریە لەدانوسانەکانیدا لەگەڵ کاربەدەستانی حکومەت خەریەکە لەڕیکەوتن نزیک دەبیتەوە و دەڵیت ئەگەر لەسەر داخستنی کارگەکان ڕێکنەکەوین ئەوا بەمانگرتنی گشتیەوە پەیوەست دەبین.

سەندیکای SiCobas   کە زۆر تر کرێکارانی کۆچکردووی لەخۆیدا ڕیکخراو کردووە، بەهۆی ئەوەی کەلەعەمبارو ناوەندەکانی کاردا کرێکارانێک توش بوون بەڤایرۆسەکە، خۆبەخۆ مانگرتنی ڕاگەیاندووە تا گرێکاران ببارێزیت لەمەترسیەکانی ئەم پەتایە.

لەگەڵ ئەوەدا کەمانگرتنی گشتی ڕۆژی ٢٥ مانگ هاواری چینی کرێکارە بەوەی کە دەڵێت“ ژیانی ئێمە گرنگترە لە قازانجی ئیوە“، بەڵام کرێکاران لەئاکامەکانی ئەم قەیرانە تێدەگەن و بەشوین ڕێگا چارەی دەربازکردنی کۆمەڵگاوەن لەم میحنەتە. دابین کردنی خزمەتگوزاری تەندروستی خۆرایی و کۆمەلایەتی بۆ هەموهاولاتیان و لەژێر دەستدەرهێنانی خزمەتگوزاریەکان لەدەستی کۆمپانیاکانی کەرتی حکومی و تایبەتی وگشتی کردنەوەیان، هاوکات بەڕیوەبردنی ئەمکەرتە لەلایەن کرێکاران و کارمەندان و پزیشکان خۆیانەوە بەشیوەیەکی هەرەوەزی و شورایی..ئەمە ئەو بەدیلەیە کەدەتوانێ ژیانی نەک هەر کرێکاران بەڵکو سەرجەم کۆمەلگا لەبازنەی بازاری قازانج پەرستی دەرکێشی وبخاتە خزمەتی سەلامتی هاولاتیانەوە.

مانگرتنی کرێکارانی ئیتالیا بەهەموو کەموکوڕیەکانیەوە، لەدۆخێکدا کەجیهان پێدا تێپەردەبێ، جگەلەوەی چرای ئومێدیکی گەورەیە، هاوکات ئەو دەرسەش دەداتە دەست کۆمەلگای بەشەری کە ڕزگاری بەشەریەت بەڕزگاربوون لەسیستەمی سەرمایەداری وحکومەتەکەیەوە گرێی خواردوە، ئەمەش لەپێشەوە ئەرکی کرێکارانە…

تێبینی: لە دەنگی کرێکاری ژمارە ٨ی بەرواری ١/٤/٢٠٢٠ بڵاوکراوەتەوە

Check Also

پەیامەکانی سەردانەکەی ئۆردوگان!

موحسین کەریم رۆژی دووشەممە ٢٢ی نیسان رەجەب تەیب ئۆردوگان سەردانی بەغدای کردو لەگەڵ بەرپرسانی عێراق …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *