سیستەمی سەرمایەداری یان سیستەمی شورایی …

نووسینی: عبدالرحمن رسول

سیستەمی سەرمایەداری جگەل ماڵوێرانی و هەژاری و ئاوارەی وشەڕ وکوشتن، هیچ سوودێکی تری نەبووەو نییە بۆ مرۆڤایەتی. سەرمایەداری سیستەمی دزەکانە، کۆمەڵە دزێک دەڕوات وکۆمەڵە دزێکی تر دێت. بۆیە باشترین هەنگاو بۆ نەمانی دزەکان تێکۆشانی هاوبەشی یەکگرتووانەیە بۆ نەمانی سیستەمی زاڵمانەی  سەرمایەداری. ماوەی چەندین ساڵە ئەم سیستەمە چەوسێنەرو نابەرابەرە لەکێشە و قەیراندایە ساڵ لە دوایی ساڵ کێشەو قەیرانەکانی گەورەترو کارەساتبارتر دەبن بۆ مرۆڤایەتی. ئەگەر سەیری ساڵانی ڕابردوو بکەین ئەو ڕاستییە باشتر دەردەکەوێت کە  ڕێژەی گەشەکردنی بەرهەمی سەرمایە تەنها بۆ کەمینەیەک چووەتە ئاستی باڵا کەپێک هاتووە لەچەند سەرمایەدارو بازرگانێک, بەڵام بۆ دەوڵەتەکانی سەرمایەداری قەیران وکێشەکانی قوڵتربۆوتەوە. هەربۆیە ڕووبەرویی خۆپیشاندان و مانگرتنەکان لە فەڕەنسا، شیڵی، ئێران، عێراق، لوبنان، هۆنکۆنگ، کۆڵۆمبیا، جەزایر و فەنزەویلا لە ساڵی ٢٠١٩دا، کاردانەوەی سیاسیی – کۆمەڵایەتی بوون بە قەیرانی سەرمایەی جیهانی لەلایەک و جەنگی بازرگانی ئەمریکا لەگەڵ چین و یەکێتی ئەوروپایش لەلایەکی دیکەوە، ئەمانە ئاماژە ئاشکراکان بوو بە ڕکود وشکستی یاساکانی سەرمایەداری و قەیرانێکی ئابوریی کە ڕژێمی سەرمایەداری جیهانی لە یەک ساڵی ڕابردوودا لەگەڵی بەرەو ڕوو بووە. ئەگەرچی قەیران و کێشە ئابوورییەکانی دەوڵەتانی سەرمایەداری درێژکراوەی قەیرانی ئابوریی ٢٠٠٧ – ٢٠٠٨ ، کە سەرمایەی  ئەمریکا و ئەوروپا تێیدا داڕووخا وداڕما، قەیرانەکە سەرتاپای جیهانی سیستەمی سەرمایەداری گرتەوە. هەروەکو کارڵ مارکس دەڵێت خۆی گۆڕ بۆخۆی هەڵدەکەنێت. لەبەرئەوەی خۆی بەهۆی نابەرابەری و نایەکسانی وچەوسانەوەوە قەیرانەکان بۆخۆی دروست دەکات دواتر خۆی لەناودەبات،. هاتنی ئەم کۆرۆنا ڤایرۆسە ئەگەرچی زۆربەداخەوە زۆرێک لەمرۆڤەکان بەهۆی کەمتەرخەمی دەوڵەتەکانەوە لەئاستی دابین نەکردنی پێداویستی چارەسەری تەندروستی بۆمرۆڤەکان بەیەکسانی تووشی لەناوبردن بوون، بەڵام بۆسیستەمی سەرمایەداریش بەگشتی وەک بەڵایە خەریکە گیانی دەهەڵلوشێت، چونکە زیاتر وێران وتووشی قەیران وکێشەی ئابووریی دەکات، زۆرێک لەجومگە ئەساسەکانی ئابووری وبازرگانی وگەشتوگوزاری لەکارخستووە. لەلایەکی تریشەوە  تارمایەک لە تەواوی جیهان وەکو هەورەکان دێن و دەچن بەسەر مرۆڤەکاندا ئەویش تارمایی زەنگی شۆڕشی گۆڕانکارییە لە سیستەم و کۆمەڵگەدا، وێڕای هەبوونی داهاتی سەر زەوی و ژێر زەوی، کۆکردنەوە و دزینی ئەم سامانە وتەخشان وپەخشان پێکردنی لەلایەن بەرپرسەکانی دەسەڵاتداری سەرمایەدارانەوە و زیاتر دەڵەمەندبوون و سەرمایەاربوونیان، بەڵام بەرزبوونەوەی ڕێژەی بێکاری و چەوسانەوەو نابەرابەری و سەرکوت، برسیکردن و هەژارکردنی زیاتری خەڵک، وێرانکردنی ژینگە ومرۆڤایەتی  بەهۆی سازکردنی جەنگ و شەڕ وئاوارەکردن وکوشتنی خەڵک بەدرێژایی سیستەمی سەرمایەداری لەپێناوی مانەوەی بەوجۆرە دژە ئینسانی و دژە ژینگەی درێژەی بەدەسەڵاتی داوە. لەقۆناغی ئێستاشدا زیاتر کەوتۆتە ناوقەیرانەوە بەهۆی هەبوونی ڤایرۆسی کۆرۆناوە کە بەکۆمەڵ مرۆڤەکانی جیهان لەناودەبات. ئەمەش نیشانەی چەمانەوەی سیستەمی سەرمایەدارییە لەبەردەم کێشەو قەیرانە تەندروستییە مرۆیییەکاندا، لەئێستادا ناڕەزایەتی خەڵک لەبەرامبەر دەوڵەتانی سەرمایەدار بەسەرجەم دەوڵەتە قەومی ومەزهەبی ولیبراڵەکانەوە، ڕۆژانە و شەوانە وەکو گرمە و دەنگی هەور بە مرۆڤە چەوساوەکان دەڵێن بیربکەنەوە زەنگی شۆڕشی تێکۆشانی هاوبەشی یەکگرتووانە لیبدەن بۆ هێنانەدی سیستەمێکی ئازاد و بەرابەر و پێشکەوتنخواز بە جۆرێک کە مرۆڤ خۆی ڕابەر و سەرکردەی خۆی بێت، نەک بتەکانی کۆمەڵگە بکات بە ڕابەر و سەرکردە و پیرۆزیان بکات و کڕنۆشیان بۆبەرێت، دواتریش ئەم بتانە کە کراونە سەرۆک کە نەک کۆمەڵگەیان وێران کردو فرۆشت، بەڵکو مێشک و عەقڵ و کەسایەتی مرۆڤایەتی بوونی مرۆڤەکانی کۆمەڵگای جیهانیان وێران کرد و هەڕاج کرد لە بازاڕی بێ ڕوحمانەی سیستەمی سەرمایەداری دا. ئیتر بەسە پێویستە بەکردار بیربکرێتەوە و هەنگاوەکانی تێکۆشانی هاوبەش ویەکگرتووانە دڵسۆزانە بکەوێتە گەڕ بۆ بەدیهێنانی سیستەمێکی باشتر و ئازاد و بەرابەر. هەروەک.بیرمەندێکی سویسری ژانگ زیگلەر کۆمەڵناس دەڵێت (لەسەردەمێکدا دەژین سیاسەت کردن وبەڕێوەبردن لەلایەن کۆمپانیا کانەوە بەڕێوەدەچێت، بەپێی سەر ژمێری ئەوکۆمەڵناسە کە کردوویەتی  لەسەدا ۲٥٪ ئەو خەڵکەی سەرزەوی حکومی لەسەدا ۷٥٪ خەڵکەکەی تر دەکەن، هەروەها دەڵێت شتێک نییە بەناوی دیموکراسییەوە، چونکە کەمینە حوکم بەسەر زۆرینەدا دەکات، ئەم بیرمەندە کۆمەڵناسە دەڵێت پارێزەرانی سەرمایەداری بەخەڵک دەڵێن ئەوخەڵکەی لەئەفریقا کە لەبرسان دەمرن بەهۆی زۆری خەڵکەوەیە، ئەو خۆراکەی لەجیهاندا هەیە بەشی ئەو هەمووە لەخەڵکە ناکات، بەپێی سەرژمێرەکانی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ هەر پێنچ چرکەیەک منداڵێک لەبرسان دەمرێت، لەسەرزەوی، ژانگ زیگلەر دەڵێت هۆکار ئەوە نییە خەڵک زۆرە بۆیە مناڵ لەبرسان دەمرێت، ئەگەر گۆی زەوی حەوت ملیارو نیو مرۆڤ هەبێت، ڕۆژانە خۆراک بایی چواردە ملیار مرۆڤ بەرهەم دێت، بەڵام کێشەی گەورە ئەوەیە کە لەسەدا ۲٥٪خەڵک کۆمەڵگاکانی جیهان بەڕێوەدەبەن زۆر جیاواز و لەلوتکەی باڵادا دەژین). مرۆڤ هەیە بۆیەک شەو لەیەک میوانخانەدا چەند دەفتەر دۆلار خەرج دەکات. هەروەکو کاڕڵ مارکس دەڵێت (دەسەڵات قەیران دروستدەکات  سەرمایەدار و بارزگانەکان دەیقوزنەوە وسودی لێ وەردەگرن) لەسەردەمی وڵاتانی هەبوونی سەرمایەداری دا زۆر ئاشکرا دیارە زۆرجار بەپلان ونەخشەکاری قەیران بۆخەڵک ساز دەکەن ئەمەش بۆ گەشەدانی بازرگانی خۆیان وکۆکردنەوەی پارەی زیاتر بۆ خۆیان. زۆرجار کاڵایەک کەم دەکەنەوە بۆئەوەی خواستی زیاتر بێت ونرخی کاڵاکە بەرزببێتەوە گیرفانی خەڵک زیاتر بەتاڵ کەن. بۆیە کاڕڵ مارکس دەڵێت (هەژارەکانیش کاردەکەن، بەڵام لەبەرئەوەی دزنین بۆیە نابنە سەرمایەدار).لەم تێڕوانینەی مارکسەوە دەگەینە ئەونجامەی کە بەرابەری لەکومەڵگادا هەبێت هەمووان دەستیان ڕادەگات بەخۆشگوزەرانی وچارەسەری تەندروستی. کەدەوڵەتانی سەرمایەداری ئەوپارەی کە لەدروستکردنی چەک وبۆم وچەکی ئۆتۆمی خەرچیان کردووە لەبواری تەندروستی ودەرمان خەرجیان بکردایە ئێستا جیهانی مرۆڤایەتی چۆکی دانەدەدا لەبەردەم ڤایرۆسی کرۆنادا. هەربۆیە بەبۆچوونی من جیهان پێویستی بەگەشەی هێزی مرۆڤایەتی یە، نەک گەشەی هێزی سەربازی وئابووری، چونکە گەشەی سەربازی و ئابووری ژینگە ومرۆڤایەتی وێران دەکەن. مرۆڤەکان دەتوانن جیهان بەرەوجیهانێکی مرۆڤایەتی تر بەرن کە دووربێت لەکێشە وقەیرانەکان، بەڵام بەمەرجێک ئەم سیستەمە سەرمایەدارییە بخەنە زبڵدانی مێژوویی مرۆڤایەتی یەوە. هەروەکو فیدڵ کاسترۆ: دەڵێت  “پێویستمان بە پزیشکە نەک بۆمب…پزیشک نەک چەکی زیرەک” ئەمە چەندین ساڵە ئەم قسەی کردووە کاسترۆ. بۆ ئاڵوگۆڕو هێنانەدی کۆمەڵگەیەکی باشتر پێویستمان بەئیدارەدانێکی باشترە، لەئیدارەدانێکی باشتر پێویست دەکات بۆ بەدیهێنانی کۆمەڵگایەک کەمرۆڤەکان بێ جیاوازی بەشداربن لەدانانی یاسا و سیستەمێکی پێشکەوتوو کە یەکسانی وبەرابەری بەرقەرار بکات ئەمەش  تێکۆشانی هەمووانی دەوێت هەرلەسەرەتاوە هەتا کۆتایی. کەمرۆڤەکان ئازادانە بەشدار نەبن ناتوانن ئازادانە چاودێربن وڕەخنەبگرن لەخراپی دەسەڵات وئیدارەداندا. بەواتایەکی ڕوونتر کەتێکۆشان بۆهێنانەدی ئازادی نەکرێت هەرگیز چاوەڕوانی ئارامی ئابووری مەبە، واتە مووچەکەت وەک خێرێک وەردەگریت، نەک وەک مافێک. ئەمەش لەسەرجەم دەوڵەتەکانی خاوەن سیستەمی سەرمایەداری بەدینی وقەومی ولیبراڵی ودیموکراسی ئەوە هەیە کاتێک کرێکارێک مووچە وەردەگرێت هەروەکو ئەوەیە کەخێری پێ بکەن، لەگەڵ ئەوەی کەبەشێک لەمووچەکەی دەدزرێت لەلایەن خاوەنکارو دەوڵەتەوە بەبیانوویی جۆراوجۆر لەهەمان کاتدا بەردەوام هەڕەشە لە کرێکاران دەکەن کە سەرپێچی لەفەرمانەکانیان نەکەن، دەنا لەکار دەریان دەکەن و نان بڕاویان دەکەن. هەربۆیە  باشترین هەنگاو ئەوەیە کەخەڵک لەناو بزووتنەوەی جەماوەری دا بەجۆرو شێوازی شورایی خۆیان ڕێکخراوبکەن بۆ ئەوەی لەکاتی ئاڵوگۆڕ وگۆڕانی سیستەمە چەوسێنەرەکاندا خەڵک خۆی سیستەمی شورایی دابمەزرێنێت. لەسیستەمی شورایی دا هیچ مرۆڤێک نەدەچەوسێتەوە ونەمافی دەخورێت، بەڵکو خۆی بەشدارە لە بەرێوەبردن وئیدارەدانی کۆمەڵگەدا لە ڕێگای هەڵبژاردنی ڕاستەخۆی شوراکانی یەوە لەشوێنی کاروژیانی خۆی دا…

تێبینی: ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ٧٢ لە ٣١/٣/٢٠٢٠ دا بڵاوبۆتەوە

Check Also

پەیامەکانی سەردانەکەی ئۆردوگان!

موحسین کەریم رۆژی دووشەممە ٢٢ی نیسان رەجەب تەیب ئۆردوگان سەردانی بەغدای کردو لەگەڵ بەرپرسانی عێراق …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *