بەرەنگاربوونەوەی کۆڕۆنا یان فریاکەوتنی سەرمایەداران! …

کاوە کەریم

لەسەروبەندی کارەساتی نەخۆشی کۆرۆنادا کە بەرۆکی بە تەواوی مرۆڤایەتی گرتووە لەسەر گۆی زەویدا، کە لەلایەکەوە بۆتە هۆی تووشبوونی سەدەها هەزار کەس بە نەخۆشیەکە و گیان لەدەستدانی هەزارەهای تر، وە لە لایەکی ترەوە بۆتە هۆی برسێتی و هەژاری و بێکاری زیاتری ملیۆنەها لە خەڵک و چینی کرێکار لە تەواوی جیهاندا.

ئەم کارەساتە پێویست بوو لە جیهاندا بەیەک دەست و لە زووترین کاتدا بەرەوڕووی ببنەوە، بۆئەوەی بەکەمترین زەرەر خەڵکی جیهان خۆی لێ رزگار بکات و چارەسەری بۆ بدۆزێتەوە. بەلام ئەوەی دەیبینیت لە واقعیدا شتێکی ترە و ڕێڕەوەکە بەرەو جایگایەکی تر دەڕوات.

من لێرەدا نامەوێت قسە لەسەر نەخۆشەیەکە و چۆنیەتی بڵاوبوونەوەی بکەم، بەڵام دەمەوێت ئاماژە بە مەسەلەیکی گرنگ بکەم کە وڵاتانی سەرمایەداری جیهان بەچ ئاراستەیک و سیاسەتێک خۆیان ئامادەکردوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی لە نەخۆشەیەکە و ئەنجامەکانی، و هەوڵدانیان و ئامانجیان لەسەر چی فۆکوسی کردوە.

ئەگەر تەماشا یان گوێبیستی تەواوی پلانەکانی وڵاتە سەرمایەدارەکانی گەورەی جیهان بین لەم قەیرانەدا، دەبینین ئاراستەی سیاسەتەکانیان پێچەوانەی ئارەزوو وئیرادەی زوربەی خەڵکی جیهانە. ئەوەی تێبینی دەکەیت لە بەرنامەو سیاسەتی ئەو وڵاتانەدا ئەولەویەت بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشیەکە و چارەسەری نییە، بەڵکو یەکدەستی سەرمایەداری جیهانییە بۆ خۆئامادەکاری بۆ بەرئەنجام و هەلومەرجی داهاتووی دوایی کارەساتەکە و ڕزگاربوونیان لەهەلوومەرجێ ئێستا.

دەتوانین بڵێن سەرمایەداران و حوکمەتەکانیان کاردانەوەی پراکتیکی و داڕشتنی سیاسەتی ئەوان بە ئاراستەی فریاکەوتنی خەڵکی جیهان نییە لە کارەساتەکە، بەڵکو ڕزگارکردن و پشتیوانی کۆمپانیاکانی سەرمایەدارەکان بووە بۆ پاراستنی قازانج و بەرژەوەندییەکانیان.

لەتەواوی وڵاتانی سەرمایەداریدا، پاش بڵاوبوونەوەی نەخۆشەیەکە، هەموویان ملیارەها دولاریان خستەبەردەست کۆمپانیا گەورەکان، هەموو باج و تاکسێکیان لەسەر لابردن بۆئەوەی کێشە نەیەتە بەردەم بەردەوامی کارو کۆکردنەوەی سوودی زیاتریان. بڕی ئەو پارانەی تەرخان کراوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشیەکە لەسەدا یەکی بڕی ئەو پارەیە نییە بۆ کۆمپانیاکان و خاوەن کارگەکان و سەرمایەداران تەرخانکراوە.

کۆمپانیاکانی سەرمایەداران لە جیهاندا بەپێ سەرچاوە ئابووریەکان لە ماوەی دە ساڵی پێشوودا بڕی سوودیان و دەستکەوتیان هەزارەهاجار بەرابەر بووە، وە کەپیتاڵ یان سەرمایەی زوربەی زۆری کۆمپانیاکان و سەرمایەدارانی جیهان بە هەزارەها جار زیاتر بووە، بەڵام لەوپەڕی لوتکەی بەدەستهێنانی قازانج و کەڵەکەی سەرمایەیان دەبوایە نوێنەرانی نیقابە کرێکارییەکان بەشەڕ و بەزۆر یان بە هەڕەشەی مانگرتن بتوانن بڕێکی کەمی کرێ و مووچەی ساڵانەی کرێکاران زیاد بکەن. لە ئێستاشدا هاواریان لێ بەرزبۆتەوە و هەڕەشەی دەرکردنی بەکۆمەڵی کرێکاران دەکەن، ئەگەر حوکمەتەکان پشتیوانی مادیان نەکەن و خەرجی کارمەندو کرێکارەکان نەگرنە ئەستۆ، ئەوا بە ملێۆن لەخەڵک بێکار دەکەن و ڕەوانەی ماڵەوەیان دەکەن. بەکوردیەکەی خۆمان قازانج بۆ خۆمان و زەرەر بۆ ئێوە.

ئایا نەدەکرا حوکمەتەکان فشار بخەنە سەر کۆمپانیاکان کە لە قازانجی ملیارەها دولاری ساڵانی پێشوو کە کەڵەکەیان کردبوو، تەحەمولی چەند مانگی مووچەی کرێکارو کارمەندانیان بکردایە لەم قەیرانەدا، یان چاوچنۆکی و نامرۆڤایەتی سەرمایەداری بەڕادەیەکە کە قازانج و سوود لەسەر و ئینسانەوەیە.

حوکمەتەکان کە حوکمەتی پاراستنی بەرژەوەندی ئەوانن ئەم کارە ناکەن و قورسی باری قەیرانی ئەوان دەخەنە سەر شانی خەڵک بە گشتی و کرێکاران بەتایبەتی، نەخۆشیەکەیان بیرچۆتەوە و بەدەم داواکاریەکانی سەرمایەدارانەوە دەڕۆن و بەپێچەوانەوە داوای هاوپشتی لە کرێکاران و خەڵک دەکەن کە تەحەمول بکەن و باری قورسیە بخەنە سەرشانیان.

ئەگەر بڕوانینە سیاسەتی دەوڵەتان لە قەیرانەکەدا، دەبینین کۆمەڵگە بە گشتی و چینی کرێکار زەرەرمەندی گەورە دەبێت لەم قەیرانەدا، لەلایەکەوە سەرمایەداران کرێکار بێکار دەکەن یان مووچەیان نادەنێ، لەلایەکی ترەوە پارەی بودجەی گشتی حوکمەت کە لە تاکس و باجی چینی کرێکارو خەڵک کۆدەکرێتەوە، دەبێت جارێکی تر بدرێتەوە بە سەرمایەداران و کۆمپانیاکان بۆ بەردەوامیان لەسەر کەڵەکەی سەرمایەی خۆیان.

بۆ نمونە تەنها لە ئەمریکادا لە پاکێتی یەکەمدا چوار ترلیون دۆلار خرایە خزمەت کۆمپانیا گەورەکانەوە بۆ قەرەبووی زەرەریان بەهۆی قەیرانەکەوە. کە ئەمە خۆی لەخۆیدا لەپارەی گشتی خەڵکە بۆ دام و دەستگا خزمەتگوزارییەکان و مووچەی کارمەندانی کەرتی گشتی. ئەمە لەهەمان کاتدایە کە دەوڵەتەکەیان دەناڵێنن بەدەست نەبوونی ئامێری هەناسەدان و پێداویستەکانی تر بۆ هەزارەها لەوانەی کە تووشی نەخۆشیەکە بوون، یان ملیۆنەها لە خەڵک ئەوانەی پێویستان بە پێداویستیەکانی ترە بۆ خۆپاراستن لە نەخۆشیەکە.

ئەوەی جێگای سەرنجە ئەو بێدەنگیەی نقابەو یەکێتیە کرێکارییەکان و نوێنەرانی چینی کرێکار!! بە گشتی لەبەرانبەر ئەم هێرشە پێچەوانەی سەرمایەداران و حوکمەتەکانیان بۆسەر چینی کرێکاران، ناکرێ بڵێن بۆچی دەبێ ئەوان باجی قەیرانەکە بدەن؟ ژیانی ملیۆنەها لە کرێکاران لە بارێکی زۆر باشدا نەبوو لەپێش کارەساتی کۆرۆناوە، ئێستاش دەبێت سەد بەرابەر زیاتر ژیانیان خراپترو برسی تر بکرێن.

کۆرۆنا دەبێت وانەیەک بێت بۆ چینی کرێکار، بەوەی سەرمایەداران و حوکمەتەکەیان لەخەمی ژیان و مانەوەی ئەواندا نین، حوکمەتەکان نوێنەری ئەوان نین، بەڵکو نوێنەری دەسەڵاتی سەرمایەدارانن بۆ پاراستن لە قازانج و بەرژەوەندی ئەوان. دەبێت چینی کرێکار بیر لەداهاتووی خۆی بکاتەوە، دەبێت لە بەرانبەر هێرشی وەحشیگەری و بێمبالاتی سەرمایەداری بوەەستێتەوە، خۆی ڕێک بخات ڕیزی خۆی جیا بکاتەوە.

پرسی تەندروستی گشتی و پێداویستیەکانی دەبێت پرسی داهاتووی کۆمەلگە بە گشتی و چینی کرێکار بێت، پرسی داهاتووی ژیان و مسوگەرکردنی ژیانی نەوەکان ئێستا و داهاتوو، دەبێت پرسی چینی کرێکار بێت. نەک هەر تەنها ئەم پرسانە، پرسی تەواوی ژیانی دوای کۆرۆنا دەبێت پرسی چینی کرێکار بێت. بەڵام بۆ لە ئەستۆگرتنی ئەم پرسانە، داواکاریەکی پێوێستە، داواکاری دەسەڵات، یان بەرەنگاربوونەوەی دەسەڵاتی سەرمایەداران. نابێت بیر لەپێکەوە ژیان بکەنەوە لەگەڵ دەسەڵاتی نامرۆڤانەیان، دەبێت بیر لەژیانی جودای خۆیان بکەنەوە. ئەم کارەساتەی کۆرۆنایە دەریخست کە هیچ بەرژەوندی هاوبەش لە نێوان ئەوان و سەرمایەداریدا نییە، سەرمایەداری زۆری هەیە لەدەستی بدات، بەڵام ئەوان هیچیان نییە جگە لەزنجیرەکانیان نەبێت لەدەستی بدەن، لەوەشەوە دنیای خۆیان بەدەست بێنن.

 

Check Also

پەیامەکانی سەردانەکەی ئۆردوگان!

موحسین کەریم رۆژی دووشەممە ٢٢ی نیسان رەجەب تەیب ئۆردوگان سەردانی بەغدای کردو لەگەڵ بەرپرسانی عێراق …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *