ڕادەستکردنەوەی مستەفا سەلیمی  بە رژێمی مرۆڤکوژی ئیسلامی قێزەونەو مایەی شەرمەزاریە! …

مستەفا سەلیمی زیندانیەکی سیاسی خەڵکی کوردستانی ئێران دوای ئەوەی لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە ڕەوانەی ئێران کرایەوە لەلایەن رژێمی دڕندەی ئیسلامی ئێرانەوە لەسێدارە درا!

ناوبراو یەکێك بوو لەو زیندانە سیاسیانەی سزای ١٥ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنرابوو ماوەی ١٧ ساڵیش بوو لە زیندانی سەقز زیندانی کرابوو، لە هەفتەی ڕابردووداو بە فرسەت وەرگرتن لەو دۆخەی بەهۆی کۆرۆناوە لە زیندانەکانی ئێراندا هاتۆتەئاراوە لەگەڵ چەند زیندانی دیکە هەڵدێت و رۆژی هەینی دەگاتە مەرزی باشماخ لە شارۆچکەی پێنجوێن، بەڵام کاربەدەستانی ئاسایشی یەکێتی رێگای پێنادەن و دەیگێڕنەوە بۆناو ئێران. بەداخەوە ئەم بەیانیە هەواڵی لەسێدارەدانی لەلایەن رژێمی مرۆڤکوژو دڕندەی ئیسلامی ئێرانەوە بڵاوکرایەوە!

ئەم کردەوەیەی حکومەتی هەرێم و یەکێتی نیشتمانی کوردستان کە دەسەڵاتی ناوچەکەی بەدەستەوەیە، جێگای نەفرەت و شەرمەزاریەو ئەڵقەیەکی قێزەونی دیکەیە لە نۆکەرایەتیکردن بۆ رژێمە دڕندەو کۆنەپەرست و سەرکوتگەرەکانی ناوچەکە. مێژووی حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی پڕە لەم جۆرە تاوانانەو هیچ کاتێك سڵیان لەوە نەکردۆتەوە کە ئازادیخوازان و نەیارانی سیاسی رژێمەکانی تورکیاو ئێران، تەنانەت لەناو ئەوانەی پێیان دەڵێن هاونەتەوەو هاوخوێنی خۆیان، ڕادەستی ئەو رژێمانە بکەنەوە!

ئێمە بەناوی خەڵکی ئازادیخوازی کوردستانی عێراقەوە دڵتەنگی خۆمان بۆ ئەو ڕوداوە دڵتەزێنە ڕادەگەیەنین و بەشداری  ئازاری کەسوکاری دەکەین. هاوکات داوا لە سەرجەم ئازادیخوازان دەکەین کە ئەم تاوانە قێزەونە شەرمەزارو ڕیسوا بکەن، تابەوجۆرە بتوانین رێگریەك بۆ دوبارەبوونەوەیان دروست بکەین و رێگا نەدەین نۆکەرانی رژێمە سەرکوتگەرەکانی ناوچەکە گیانی نەیارانی سیاسی ئەو وڵاتانە هەڕاج بکەن!

حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان

١١ی نیسانی ٢٠٢٠

 

Check Also

پەیامەکانی سەردانەکەی ئۆردوگان!

موحسین کەریم رۆژی دووشەممە ٢٢ی نیسان رەجەب تەیب ئۆردوگان سەردانی بەغدای کردو لەگەڵ بەرپرسانی عێراق …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *