کورتە ڕاپۆرتێک سەبارەت بە: پەتای کۆڕۆنــا و دۆخی کار لەپڕۆژە پیشەسازیەکاندا! …

ئا/ دەنگی کرێکار:

لەهەرا سێ پارێزگای هەرێمی کوردستاندا ٤٢٥٨ کارگە هەیە کە ٢٦٥٦ کارگەیان لە سنوری پارێزگای هەولێرەو ١٠٧٢ کارگەی تریان لە سنوری پارێزگای سلێمانییە و٥٣٠ کارگەش دەکەوێتە سنوری پارێزگای دهۆکەوە. بەپیێ ئامارێکی ڕەسمی حکومەتی هەرێم، کۆی ئەو کرێکارانەی کە لەم کارگانەدا کار دەکەن ٤٠٧٥٥ کرێکارە، هاوکات ساڵی ٢٠١٩ بەهۆی بوژانەوەی دۆخی ئابوری کوردستانەوە وچونەسەری خواستی سەرمایەداران بۆ بەگەرخستنی سەرمایەکانیان ١٥٣ کارگەی تر دروستکرا و مۆڵەتیش بە ١٤٧ کاگەی تریش دراوە.

ئەمە تەنها ئەو ئامارانەن کە تایبەتن بە کارگەی پیشەسازی و نزیك بە٥٠ هەزار کرێکار کاری تێدا دەکەن، ئەمە جگەلەوەی کە تا ئێستا هیچ ئامارێکی دەقیق لەسەرچاوەیەکی باوەڕپێکراوەوە نییە کە بەهۆیەوە بزانین ژمارەی ئەو کرێکارانە چەندە کەلەو پڕۆژەو دامەزراوانەدا کاردەکەن کەبەشێکیان سەربەکەرتی گشتین و بەشێکیتریشیان سەربەکەرتی تایبەتن، کەڕەنگە بەسەدان هەزار کرێکار لەخۆبگرن.

بەڵام بابزانین دۆخی کاری کرێکاران لەسایەی قەیرانی کۆرۆنادا لەچیدایە و تاچەندە مافە یاساییەکانی کرێکاران پارێزراون و خاوەنکارەکان لەئێستادا چۆن مامەڵە لەگەڵ کرێکاراندا دەکەن؟

بۆ بەرچاوڕونی و دڵنیابون لە دۆخێك کە کرێکارانی تێدایە، باسی چەند حاڵەتێک دەکەین لە کارگەکان، بەدیاریکراویش لە کارگەی دوروستکردنی خشتی ئاسۆ، کە نزیك چەمچەماڵەو کاتێک کە قەدەغەی هاموشۆ ڕاگەنرا لەبەر مەترسی بڵاوبونەوەی پەتای کۆرۆنا، بەشێك لەو کرێکارانەی کەماڵەکانیان نزیك بوو لە کارگەکەوە، کاریان نەوەستاند و خاوەنکارەکارە وەعدی پێدابون لەجیاتی ئەوەی کاریان کردووە قەرەبویان بۆ بکاتەوە، بەڵام ئەم بەڵینە تائێستا نەچۆتە بواری جێبەجێکردنەوە. هەر لەم کارگەیەدا کرێکاران ناچار دەکرێن بەکارکردن لەڕۆژانی پشوی ڕەسمیدا بۆ نمونە لەڕۆژی یەکی ئاردا. کرێکاران و فەرمانبەرانی ئەم کارگەیە بەرێژەی جۆراوجۆر لە موچەکانیان دەبڕن بەبیانوی ئەوەی بازاڕی ساغکردنەوەی خشتەکەیان کەم بۆتەوەو لەگەڵ قەیران بەرەوڕوون.

لەکرێکارانی کارگەی ئاسن و پۆڵاش ڕۆژانە یەك سەعات کاری زیادەیان پێدەکەن بەبێ ئەوە حساب بۆ کرێیان بکرێ. لەلایەکی ترەوە جەریمەو سزادانی کرێکاران وتۆمەت هەڵبەست بۆیان حاڵەتێکیتر کەڕووبەڕووی کرێکاران بۆتەوە. بۆ نمونە دوو کرێکار ڕاستەوخۆ ماوەی مانگێکە لەسەر کار دەرکراون، ئەویش وەک سزایەک بەپاساوی نەسەلماوی ئەوەی هۆکاربوون بۆ سوتاندنی شۆفلێک لەکارگەکەدا. شایانی باسە بەڕێوەبەرایەتی ئەم کارگەیە لەکاتی قەدەغەی هاموشۆدا، بەپێچەوانە بڕیارە تەندروستیەکانەوە، بەئیجباری کاری بەزۆربەی کرێکارەکان کردووە، تەنها ١٥کرێکار نەبێت کە خەڵکی کەرکوک بون و نەیانتوانیوە لەکاتی خۆیدا بگەڕێنەوە سەرکار، هەربۆیە موچەکانیان پێنەدان.

لەکارگەی چیمەنتۆی تاسلوجە بە هۆی مەترسی لە بڵاوبونەوەی کۆرۆناوە جاری یەکەم بۆماوەیەکی کەم بەشێك لەکرێکاران نەچونەوە سەرکار بەڵام لە گێمی دوەمی مەترسی بڵاوبونەوەی پەتاکەدا، بەرێوەبەرایەتی کارگە بڕیاری داخستنی کارگەی داو وهیچ حسابی بۆ کرێی کرێکاران نەکردو گەرەکی بوو کرێکارەکان بێکاربکات، لەبەرامبەردا بەشێك لەوکرێکارانەی نزیك کارگە بوون دۆخەکەیان قوبوڵ نەکرد ودواجار دەمەقاڵ دروست بو لەنێوان کرێکاران و بەرێوەبەری کارگەدا و ٥ کرێکار زیندانی کران. لەئێستادا ئەو کرێکارانەی کە ڕازای نەبون بەوەی بچنەوە ماڵەوە جێگۆڕکێیان پێکراوەو موچەکەیان کەمبۆتەوەو وەك ئیجرائاتێك (جەریمەکردنێک) بەرامبەر بە گوێنەدان بە بڕیاری بەڕێوەبەر لەگەڵیاندا کراوە.

لەکارگەی چیمەنتۆی دەڵتا دەستکاری گرێبەتی کرێکارەکان کراوە ویەکلایەنە بەڕێوەبەری کارگەکە گرێبەستە هەمیشەییەکانیان هەڵوەشاندۆتەوەو عەقدی کاتی پێ ئیمزاکردووەن، وکرێکارانیش لەترسی لەسەرکار دەکردنیان ناچاربوون بێدەنگ بن. لەکارگەی چیمەنتۆی دەڵتا و زۆربەی کارگەکانیتر ئەو ژەمە خواردنەی کە دەدرا بە کرێکار، یان نادرێت وەیان کەمکراوەتەوە بەبێ ئەوەی قەرەبۆ بکرێنەوە وەیاخود ژەمە خۆراکەکان کراون بەسەفەری و کرێکاران ناتوانن وەك جاران لەکاتی نانخواردندا لە کافتریای کارگە نان بخۆن و ئسراحەت بکەن. بەشێك لەکرێکارانی ئەم پڕۆژانەی کە گروپی کومپانیاکانی قەیوان دەیانبەن بەڕێوە لەحەقدەستی کرێکاران کەم دەکەنەوەو سەعاتی کار ڕۆژانە یەكسەعات زیاد دەکەن، بەبێ ئەوەی کەهیچ پاساوێکی یاسایی بۆئەمکارە هەبێت.

شایانی باسە کۆی گشت ئەم پێشێلکاریانە کە بەحەقی کرێکاران کراوەو بەردەوام دەکرێ نایاسایین و یەکلایەنە لەلایەن خاوەن کۆمپانیاکان و بەڕێوەبەرانی کارگەکانەوە دەستی بۆدەبرێ. تەنانەت لەهەندێک جێگادا، ئەو یاسایانەی کەلەهەرێمی کوردستان کاریان پێدەکرێت، ئاوەژوو دەکرێنەوە و بەمەبەستی پەیڕەوکردن لەم مامەڵانە لەدژی کرێکاران جارێکیتر دادەڕیژڕینەوە. ئەمە لەکاتێکدایە کەهیچ لایەنێكی یاسایی لەوانە حکومەت، وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی، دادگای کار، لیژەنکانی چاودێری دەستەبەری کۆمەڵایەتی وبەناو سەندیکاکان هیچ کاردانەوەیەکیان نییە و کرێکارانیش ناتوانن لەسەرمافەکانیان بەجواب بێن لەترسی ئەوەی لەسەرکار دەرنەکرێن.

لەکوردستان یەکێتی سەندیکاکان هیچ داوایەکی لەسەر ئەم پێشێلکاریانە نیەو ئەگەر هەشی بێت ڕای گشتی لێ بەئاگا ناهێنن ودەیشارنەوە. هاوکات کرێکارانیش ئەو ئاستە لە ئاشنایەتییان نیە بەمافەکانیان لەیاساکاندا وهەمیشە دەڵێن “ئێمە بێخاوەنین بۆیە مافمان پێشێل دەکرێ”.. بەم جۆرە کرێکاران نەخۆیان دەتوانن لەسەر خواستە ومافەکانیان بێنەدەنگ و نەڕێگەشیان پێدەدەرێ ڕێکخراوی سەربەخۆی خۆیان هەبێت، تا داکۆکی لەخۆیان بکەن. ئەوەشی لەم دۆخە قازانجی کردووە خاوەنکارو سەرمایەدارانە.

تێبینی: ئەم بابەتە لەژمارە ١٢ی دەنگی کرێکار لە ١/٨/٢٠٢٠دا بڵابۆتەوە

Check Also

پەیامەکانی سەردانەکەی ئۆردوگان!

موحسین کەریم رۆژی دووشەممە ٢٢ی نیسان رەجەب تەیب ئۆردوگان سەردانی بەغدای کردو لەگەڵ بەرپرسانی عێراق …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *