دەبێ دەستبەجێ دەستگیراوەکانی خۆپیشاندانەکان ئازاد بکرێن! …

بەپێی نامەیەکی کۆمەڵێك  مامۆستاو فەرمانبەرو چالاکوانی سیاسی دانیشتووی ڕانیە کە ئاراستەی ڕێکخراوە جیهانیەکان و حکومەتی عێراقیان کردوە، بە دوای خۆپیشاندانەکانی ڕانیە و قەڵادزە لە ١٠ی ئابی ڕابروودا دژی خراپی بارودۆدخی ژیان و گوزەران و هەژاری و بێمافی، ئەو دوو شارە بە هێزی سەربازی گەمارۆ دراون و سوکایەتی بە هاوڵاتیان و بەتایبەتی گەنجان و تازەلاوان دەکرێت.  دەیان گەنجی خوار تەمەن (١٨)ساڵ بە بێ بڕیاری دادگا زیندانی کراون. لە نێوان ١٢ تا ١٩ی ئاب نزیکەی (١٠٠) گەنج لە قەڵادزەو ڕانیە لە زیندان توندکراون! سەرباری ئەوە زیاتر لە (١٥) گەنجیش بریندار بوون.  هەروەها  لە ڕاگەیاندنی كۆمه‌ڵێك له‌ ڕۆژنامه‌نووس و چالاكوانانی پارێزگای دهۆك  کە رۆژی ٢٥ی ئابی ڕابردوو بڵاوکراوەتەوە باس لەوە کراوە کە لە دوای ١٣ی ئابەوە تا ٢٥ی ئاب، ده‌زگا ئه‌منییه‌كانی پارێزگای دهۆك ده‌یان هاوڵاتی، چالاكوان، مامۆستا و ڕۆژنامه‌نووسیان  لە شاری دهۆك و زاخۆ بەتایبەتی دوای خۆپیشاندانەکەی ئیبراهیم خەلیل لە ١٩ی ئابدا دەستگیر کردوە و بەشێوازی دڕندانە ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی دەدرێن و  تا ئێستا چارەنوسی زۆربەشیان نادیارە.

دەسەڵاتدارانی کوردایەتی و بۆرژوازی کورد سەرەتایی ترین خزمەتگوزاریەکان و پێداویستیەکانی ژیان و گوزەرانیان بۆ خەڵکی کوردستان کردوە بە ئاواتێکی دورەدەست و هیچ جۆرە بەرپرسیارێتیەك بەرامبەر بە ژیانی ئە وخەڵکە نیشان نادەن و لەسەر حسابی ئەوانیش ملیارەها دۆلاریان بۆ خۆیان و خێزانەکانیان کەڵەکردووە. کاتێکیش خەڵکی برسیکراوو مافخوراو دژی ئەو زوڵم و ستەمە ناڕەزایەتی دەردەبڕن لولەی چەك و هێزی میلیشیاکانیان تێدەکەن و مافی دەنگ بەرزکردنەوەشیان بەرامبەر بە سەختیەکانی ژیانیان لێ دەستێننەوە…

ئێمە لە حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان، لەکاتێکدا مافی ژیانێکی شایستە و خۆشگوزەران  بە مافی بێ ئەملاو لای هەموو هاوڵاتیانی کوردستان دەزانین کە حکومەت بەرپرسە لە بەرامبەر دابیکردنیدا، هاوکات هەموو جۆرە ناڕەزایەتی و چالاکیەکی  جەماوەری بۆ بەدەستهێنانی ئەومافە بە ڕەوا دەزانین و پشتیوانی دەکەین و خۆمان بە بەشێك لەو خەبات و تێکۆشانە دەزانین. لەم سۆنگەیەوە سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران و گرتن و ئەشکەنجە دانیان و هێشتنەوەیان لە زیندان بە تاوانێکی نەبەخشراو دەرهەق بە خەڵکی کوردستان لەقەڵەم دەدەین. دەبێ دەستبەجێ دەستگیراوەکان ئازاد بکرێن و قەرەبووی مادی و مەعنەوی بکرێنەوە. لە کاتێکدا  ئێمە پێمانوایە کە  دابینکردنی ئازادی سیاسی و ئازادیی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی دەربڕین بە بێ مەرج و کۆت بۆ دانیشتوانی کوردستان بەندە بە هەڵپێچانی ئەم دەسەڵاتە میلیشیاییەی ئێستاوە، بەڵام هاوکات داوا لە خەڵکی کوردستان دەکەین کە بە هەموو شێوازێکی گونجاو فشاربخەنە سەر دەسەڵاتدارانی پارتی و یەکێتی بۆ ئازادکردنی دەستگیرکراوەکان و رێزگرتن لە ئازادی سیاسی. ئێمە بۆ بەرگری لە گیان و سەلامەتی و ئازادکردنی دەستبەجێی دەستگیرکراوەکان و ریسواکردنی دەسەڵاتدارانی کوردایەتی، هەموو هەوڵێکی خۆمان بەگەڕ دەخەین.

حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان

٥-٩-٢٠٢٠

Check Also

پەیامەکانی سەردانەکەی ئۆردوگان!

موحسین کەریم رۆژی دووشەممە ٢٢ی نیسان رەجەب تەیب ئۆردوگان سەردانی بەغدای کردو لەگەڵ بەرپرسانی عێراق …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *