دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ هاوڕێ کاوە کەریم، بە بۆنەی ١٩ ساڵ تێپەربوون بەسەر ڕووداوی تیرۆریستی ١١ سێبتەمبەردا…

بۆپێشەوە: هێرشی تیرۆریستی و خۆکوژی ١١سێپتەمبەر… دنیای تەکاندا و بواری کردەوە تا ئەمریکا ملهوڕی و باڵادەستی نیشانی دنیا و بەتایبەتی ڕەقیبە جیهانیەکانی بداتەوە. تا چەندە ئەمریکا لەو پەیامەیدا سەرکەوتوو بوو؟

کاوە کەریم: ڕووداوی ١١ سێپتەمبەر بەتەنها ڕووداوێکی خوێناوی  تیرۆریستی نەبوو، کاردانەوەیەکی هەڕەمەکی خێراو بێ بەرنامە نەبوو کە لەلایەن گرۆپێکەوە ئەنجام درابێت. کاتێک شیکاری بۆ ئەو ڕووداوە دژە مرۆڤایەتییە دەکەیت، زەمینە و هۆکارەکانی بەدەردەکەون، کە بەکورتی بریتیی بوو لەشەڕ لەسەر دەسەڵات، بەتایبەتیش لەلایەن ئیسلامی سیاسیەوە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، دەتوانین بڵێن هێشتا هێزو هاوسەنگی دوای شکستی بلۆکی سوڤیەتی بەردەوامی هەبوو، بە چوونە دەرەوەی ئەو بلۆکە لە هاوکێشەی سیاسی جیهاندا، ڕۆڵی سەرکردایەتی ئەمریکا بۆ  بلۆکی ڕۆژئاوا و حلفی ناتۆی هاوپەیمانی، بەتەواوی لەژێر پرسیاردا بوو. ئیتر هۆکارێک نەبوون بۆ ئەوەی بلۆکی غەربی پێشوو ڕۆڵی سەرکردایەتی ئەمریکای پێویست بێت. هەر بۆیە ئەمریکا پڕۆژەی سازدانەوەی نیزامی نوێی جیهانی تاکە جەمسەری خستە دەستوورەوە کە خۆی تێدا رابەرایەتی بکات. ئەمریکا هەمیشە هەوڵی دەدا کە مەترسی نوێ نیشانی جیهان بدات و لێرەشەوە پێویستی ڕۆڵی سەرکردایەتی خۆی نیشان بدات، وەکو  پۆلیسی جیهانی جێگە پەیدابکاتەوە. شەڕی یەکەمی کەنداو هەنگاوێک بوو لەم ڕاستەدا کە تێدا دەوڵەتانی زلهێزی جیهانی خستە ژێر گۆشار و لە پشتی خۆی ڕایگرتن..

کردەوەی تیرۆریستی ١١ی سێپتەمبەر هەلێکی تازەی دایە دەستی ئەمریکا بۆ دریژەدانی ڕۆڵی خۆی و چەسپاندنی نیزامە نوێکەی. بۆیە لە ڕاستیدا ئەمریکا بە گەرمی  پێشوازی لەو شەرە کرد لەگەل ئیسلامی سیاسیدا. هەرچەندە بە ڕواڵەت شکست پێدانی ئیسلامی سیاسی ئامانجەکەی بوو، بەڵام لە ڕاستیدا ڕاپێچکردنی دەوڵەتانی دنیا و بە تایبەتی هاوپەیمانە غەربیەکانی پێشووی بۆ ژێر ڕکێف و سەرکردایەتی خۆی ئامانجی راستەقینە بوو. بۆ ئەو هەلێک بوو کە بیدا بە گوێی هاوپەیمانەکانی پێشوی کە هێشتا مەترسی گەلی گەورە لەسەر جیهان هەیە کە ڕووبەڕووبونەوەیان پێویستی بەهێز و سەرکردایەتی سیاسی ئەمریکا هەیە.

هەوڵدانی ئەمریکا بۆ باڵادەستی بەسەر جیهاندا لەلایەن رکابەرەکانیانەوە لە نێویشیاندا ڕەوتی ئیسلامی سیاسی قابیلی هەزم نەبوو. بۆیە دەمەوێت بڵێم کێشمەکێشەکە لەم خاڵەوە سەرچاوەی گرت. ڕووداوی ١١ سێپتەمبەریش خاڵێکی وەرچەرخان بوو لە جیهاندا، ئەمریکا ڕووداوەکەی کردە ئامانجێ بۆ نیشاندانی باڵادەستی و پیشاندانی هێز و ملهوڕی بەسەر جیهاندا و دەم کوتکردنی بەرهەڵستکارانی. من لێرەوە لە وەڵامی پرسیارەکەی ئێوە دەمەوێت بپرسم  ئایا ئەمریکا چەندە لەو پەیامەیدا سەرکەوتوو بوو؟ بە بۆچوونی من؛ ئەمریکا لە ملهوڕی و باڵا دەستی و عەسکەرتاریزمی ئەمریکا سەرکەوتبوو، ئەگەر کورت ماوەش سەیری بکەین، بەڵام پەیامی ئەمریکا بۆ ڕاکێشانی ڕای گشتی خەڵکی دنیا بۆ ژێر پەیامەکەی خۆی سەرکەوتوو نەبوو، بگەرە بە پێچەوانەوە، پلانە جەنگخوازەکانی کەوتەبەر نەفرەت و توڕەیی خەڵکی شارستانی هەموو جیهان.  هەتا لەناو دەوڵەتە دۆستەکانی خۆشیدا بەشێکیانی زیاتر تۆڕە کرد.. هەموو بیرمانە کاتێک جۆرج بوشی کوڕ لە دوای ڕووداوی ١١ سیپتێمبەرەوە بە جیهانی ڕاگەیاند؛ یان لەگەڵمانی یان لەبەرەی دوژمن و دژ بە ئێمەدای. لە ڕاستیدا ئەمریکا توانی پێگەی سەربازی خۆی لە ناوچەکە قایمتر  بکات، بەڵام  ئەمریکا لە ناو خەڵکی جیهاندا نەک پشتیوانی نەکرا، بەڵکو نەفرەتی لێکرا.

بۆپێشەوە: زۆرێک هێرشی تیرۆرستی ١١ سێبەتەمبەریان لەکاتی خۆیدا، وەکو هێرش بۆسەر دیموکراسی و ژیانی غەربی لێکدایەوە، ڕیشەی ئەو لێکدانەوەیە لەچیدا بوو؟

کاوە کەریم: من نازانم یان مەبەستم نییە بزانم ڕیشەی ئەو لێکدانەوەیە چییە، بەڵام بەربەریەت و وەحشیگەری ئیسلامی سیاسی لەسەربڕین و خۆتەقانەوە بە جۆریک بوو وا دەهێنرایە پێش چاو کە ئەمانە ڕەوتێکن دەیانەوێت شارستانی غەربی لەناوبەرن، ئەگەر ئەمە ڕاستیەکیشی تێدا بوایە، بەڵام بەیانی ئەو بۆچونانە خۆی لەخۆیدا  یەکێک بوو لە پروپاگەندەکانی ماشینی جەنگی و تبلیغاتی جەنگی کە ئەمریکا و نۆکەرانی ژۆرنالیستی ڕۆژئاوایی.. نەخشە بۆ جەنگی گەورە پێویستی بە پروپاگەندەی سەرنجڕاکێشەر هەیە بۆ بزواندنی هەست و سۆزی خەڵک، و هێنانە مەیدانی خەڵک بۆ پشتیوانی لە شەڕەکە. بەڵام ئەمریکاش لەمەدا موفق نەبوو، تەنانەت بۆ خەڵکی ئەمریکاش.  کەم نەبوون لە خەڵکی ئەمریکا ئەوانەی دژی جەنگ وەستانەوە، کەم نەبوون ئەوانەی دەنگیان هەڵبڕی دژی بۆردومان و کوشتارەکان. لەلایەکی ترەوە خەڵکی ئازادیخوازی ئەوروپا و ئەمریکا چۆن چاوی تاوانی خوێنڕشتنی تیرۆریستانی ئیسلامی دەبینێت، بەهەمان شێوە بۆردومان و کاولکردنی شارەکانی موسڵ و ڕەقەش دەبینێ بەسەر خەڵکی سڤیڵدا. بۆیە کۆمەڵگەی غەربی مامەڵەیەکی ئاڵوزترو تێگەیشتوانەتری کرد لەگەڵ ڕووداوەکە. سەرئەنجام خەڵکی ئازادیخوازی ئەوروپا و غەرب لەوە هۆشیارتر بوون. بۆیە بۆ خەڵکی غەرب نەدەکرا فرمێسک بۆ قوربانیانی ١١ سێپتەمبەر و خۆکوژیەکانی پاریس و برۆکسل بڕێژێت، لەهەمان کاتیشدا ئاهەنگ بگێڕێ بۆ بۆردوومانی کوێرانەی ئەمریکا لە موسڵ و دیرلزور.

بۆپێشەوە: ڕووداوی ١١ سێپتەمبەر… لەچوارچێوەیەکی فەرمیدا بە جەنگی تیرۆریستی نێوان تیرۆریزمی دەوڵەتی و غەیرە دەوڵەتی ناولێدەهێندرێت، لاتان وایە هێشتا دنیا لەهەمان بازنەی جەنگی تیرۆریستی دەوڵەتی و غەیرە دەوڵەتیدایە؟

 

کاوە کەریم: جەنگی تیرۆریستان بەدەستی تیرۆریستان کۆتایی نایەت. وەکو وتم شەڕ لەسەر سەهم و دەسەڵاتە، بۆ ئیسلامی سیاسی کە بەشێکی لە دەسەڵاتدایە لە ناوچەکە، و بەشێکی بە شوێن دەسەڵاتەوەیە، تیروریزم واقیعەتی ئەو کێشمەکێشەیە، بەڵام خودی شەڕەکان لەسەر تیرۆریزم نییە. جەنگەکانی ئەمریکا و ڕوژئاوا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە قسەی مەنسور حیكمت بە شوێن تەمێ کردنی گروپە تیرۆریستەکانەوە نەبوو. جەنگەکانی ئەمریکا بۆ پاراستنی ئاسایش و ئارامی و ئاسوودەیی جیهان نییە، بەڵکو ئەمن و ئاسایشی جیهانی زیاتر خستە مەترسیەوە، تاکو ئێستاش ئەو مەترسیە بەردەوامە. هەتا بۆ خودی هاوڵاتیانی خۆشیان ئەمنیەتی بەهێز نەکردن، خەڵکی ئەورپا  بە بوونی ناسنامەی ئەوروپیان یان رەنگی پێستیان لە مالی و سریلانکە و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەریان لێدەکرێتەوە، لە چێشتخانەو شوێنەگشتیەکاندا بەرەو ڕووی قەتل وعام دەبنەوە.  دەبێت ئەوە بزانین ئەمریکا مەبەستی هێز نواندن بوو، جەنگ لە فەرهەنگی سیاسی ئەمریکادا جێگای گەورەی هەیە، چونکە تێڕوانینی ئەمریکا بۆخۆی و باڵادەستیی خۆی لەسەر هێز و توانا سەربازیەکەی دامەزراوە. سەرمایەداری و سیستەمی سەرمایەداری ئەمریکی، پاراستن لە مانەوەی خۆی بۆ بەردەوامی کەڵەکەی سوودی خۆی پێوستی بەتوندوتیژییە، واتە توندوتیژی و شەڕ بەشێکی جیانەکراوی ئەجندای سیستەمەکەیەتی، ئەمە زەرورەتی مانەوەی نیزامەکەیەتی. هەروەکو سەرنووسەری ڕۆژنامەی نیورک تایمز دەنووسێ: دەستی شاراوەی بازاڕ پێش ناکەوێت بەبێ دەستە ئاسنینەکەی ماکدونالز (کەمەبەستی لە گروپی چێشتخانەکانی ماکدونالزە) پێش ناکەوێت بەبێ ماکدونالز دۆگلاس (ئەندازیاری فرۆکەی جەنگی ئێف ١٥).  کەواتە جیهان هێشتا لە ژێر بازنەی جەنگی تیرۆریستی دەوڵەتی و نادەوڵەتیدا دەرنەچووە، هەرچەندە تیرورزمی نادەوڵەتی پاشەکشێی سەربازی کردووە. “جەنگ دژی تیرۆریزم” جیهانی ڕاپێچ کردە ناو زەلکاوی تیروریزمەوە بە دەوڵەتی و نادەوڵەتیەوە. هەر لە “جەنگ دژی تیرۆریزم” بوو داعش و دەوڵەتی ئیسلامی وەک قارچ سەری هەڵدا، گروپێک لەماوەیەکی کەمدا موسڵ و تکریت و ڕەقە، کۆبانی و شەنگالی کردە گۆرستانی هەزارەها لە خەڵکی سڤیل، هەر لەو شەڕەدا بوو کە چەندەها گروپی تیرۆریستی لە عێراقدا  دروستبوون، کە هەزارەها لە خەڵکی سڤیلیان قەتل وعام کرد لەژێر ناوی شیعە و سونەدا، هەر لەو کاتەدا بوو کە وەحشیگەری ئیسلامی سیاسی جیهانی کردبوو بە تاریکستان. لەبەرانبەریشدا ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لەژێر ناوی شەڕی تیرۆریستاندا بە دەیان شاری عێراق و سوریایان کاول کرد بەسەر خەڵکەکەیدا.

بۆپێشەوە: دوای ڕووداوی تیرۆریستی ١١ سێپتەمبەر، ئەمریکا جەنگی دژە تیرۆری ڕاگەیاند، کەچی دوای ١٨ ساڵ بەسەر ئەو ڕووداوەدا دنیا نوقمی تیرۆریزمە. هۆکاری بەردەوامی ئەم جەنگ و تیرۆریزمە چییە؟ چۆن دەکرێت بەری پێبگیرێت؟

کاوە کەریم: ڕاستە ئەمریکا شەڕی گەورەی بەرپاکرد و چەند وڵاتی لەگەڵ زەویدا کرد بەیەک، بە ملیۆنەها ئینسانی کوشت و دەربەدەر کرد، ئابووری زۆرێک لەوڵاتانی ڕووخاند، بەڵام هێشتا کێشەکە کۆتایی نەهاتووە،  هێشتا زەمینە خۆشە بۆ تیرۆریستی نادەوڵەتی بەتایبەتیش لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، چونکە زەخیرەی تیرۆریستان هێشتا بەردەوامی هەیە، هێشتا کێشەکانی ناوچەکە بە بەچارەسەرنەکراوی ماوەتەوە، برینی فەلەستینیەکان سارێژ نەبووە، کێشمەکێشی ئیسرائیل و عەرەب و ئیسلامیەکان وەک خۆی ماوە، کێشەی دەسەڵات یەکلانەبۆتەوە، ئەمە لە لایەک، لەلایەکی ترەوە هەرەکو ئاماژەم پێکرد، شەڕی ئەمریکا شەڕی لەناوبردنی تیروریزم نییە، شەڕى تیرۆریستانیش لە پێناو چارەسەری کێشەی خەڵک نییە، شەڕی تیرۆریستانی نادەوڵەتی بە قازانجی جێگیرکردنی ڕوخساری ئەمریکا بووە وەکو زلهێزێک. ئەگەر بڕوانینە بەرئەنجامی سەرجەم کێشەکان، ئەوە هەڵدەسەنگێنی کە ئەمریکا دۆڕا، ڕاستە ڕژێمی بەعسی لەناوبرد بەڵام عێراقی دوڕاند بە ئێران، لەسوریادا بەهەمان شێوە بە ڕوسیا و ئێران، لە ئەفغانستان خۆی هەوڵدەدا تالیبان بەشێوەیەک لە شێوەکان بەشداری پێبکات لە دەسەڵات و حوکمڕانی. هۆکاری بەردەوامی تیرۆریزم ئەوەی سەلماند کە تیرۆریزم بە تیرۆریزمی دەوڵەتی چارەسەر ناکرێت، هۆکارەکانی سەرهەڵدانی تیروریزم لەشوێنی خۆی ماوە، بەرگرتن لە تیروریزم بەتەنها بە خەبات و هاتنە مەیدانی بەشەریەتی موتەمەدین و بزووتنەوەی سوسیالستی و ئازادیخوازی دەبێت، تەنیا ئەمەش دەتوانێ بەربگرێت بەم کێشمەکێشە و تیرۆریستان دەست کۆتا بکات.

بۆپێشەوە: دوای ڕووداوی تیرۆریستی ١١ سێپتەمبەر، ئەمریکا چەندین وڵاتی وەکو میحوەری شەڕ ناساند و هێرشی کردە سەر ئەفغانستان و عێراق… ئەم هێرشانە و گۆڕێنی ڕژێمەکانیان، چ کاریگەیەکی لەسەر تیرۆریزم و ڕەوتە تیرۆریستەکان دانا؟

کاوە کەریم: ئەمریکا و بەرنامەی ئەمریکا و شەڕی ئەمریکا و زلهێزی ئەمریکا لە بنەڕەتدا لەبەرانبەر جەمسەرە ئابووری و سیاسی و سەربازیەکانی دیکە لە جیهانی سەرمایەداریدا پێناسە دەکرێت، نەک لەبەرانبەر دەوڵەتی ئیسلامی و ڕەوتە ئیسلامیەکان و ئەفغانستان و عێراق. بنلادن و سەدام و ئیسلامی سیاسی و شەرەکانی تەنیا بەهانە بوون بۆ ئەوەی ئەمریکا بە دنیا ڕابگەیەنێ کە جیهان بەبێ ئەمریکا و بەبێ هێزی سەربازی ئەمریکا و بێ سەرکردایەتی ئەو بەردەوام لەبەردەم مەترسیدایە. زلهێزی ئەمریکا بەمانای ئەوەیە هەرچی دڵخوازیەتی بیکات، هەرچی بیەوێت بیکات لە جیهاندا. دەبێت ئەوەش بزانرێت کە شەڕی ئەمریکا لە دژی عێراق و ئەفغانستان و پاشانیش داعش تۆزقاڵێک لە هەڕەشەی تیرۆریستانی ئیسلامی لەسەر دانیشتوانی جیهان بە تایبەتی ئەورپا و ئەمریکاش کەم نەکردووە، بەڵکو زۆرتری کردووە. داگیرکردنی عێراق و شەڕی ئەفغانستان و داعش و گۆڕینی ڕژێمەکان نەک کۆمەکی بە وەستاندنی بەربەریەتی ئیسلامی سیاسی نەکرد، بەڵکو هێزو گوڕی پێدان. لەلایەکی ترەوە شەڕی ئەمریکا چوارچێوە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی شێواند، پایەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی زۆرێک لەوڵاتانی ڕووخاند، کومەڵگەی بەرەودواوە برد، کۆنەپەرستی و بیروباوەڕی کۆنی مەزهەبی گەشاندەوە، کە ئەمەش زیاتر کۆمەکی بە گرووپە تیرۆریستەکان کرد، ئیدامەی بە زەخیرەی بوونیان بدەن.

بۆپێشەوە: لەکاتی ١١ سێپتەمبەردا دنیا شاهیدی بن لادن و تاڵیبان بوو.. کەچی ئێستا دەیان و سەدان ڕێكخراوەی لەچەشنی تالیبان و داعش… هەڕەشەن لەسەر دنیا، هۆکاری سەرهەڵدانی ئەو هەموو هێزە ڕەشە تیرۆریستیە چییە؟ وە چۆن دەکرێت بەریان پێ بگیرێت؟

کاوە کەریم: وەکو باسم کرد بنەما و ژێرخانی تیرۆریستان زیندوە، ملهوڕی ئەمریکا و عەسکەرتارێتی ئەمریکا و غەرب بەردەوامە، سەرمایەداری لە زوڵم وزۆر و چەوساندنەوەی بەردەوامە سیستەم نەگۆڕاوە، لە سەدا ٩٠ی مرۆڤایەتی لە سەرەوت وسامانی کۆمەڵگە بێبەش کراوە، کرێکاران بێکار و برسی دەکرێن، کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بێ چارەسەر ماوەتەوە، ماشێنی تەبلیغاتی کۆنەپەرستی ئیسلامی هەردەگێڕدرێت و پروپاگەندەی بۆ دەکرێت و ملیۆنەها لە ئینسانەکانی لە ئامانجە سەرەکیەکانی بۆ دنیایەکی باشتر دوورخستۆتەوە، ئەلتەرناتیڤی چەپ و کۆمۆنیستی پاشەکشێ پێکردووە، بۆیە دەڵێم تا ئەم هۆکارانە هەبن و بوونیان مابێت، تیرۆریزم  لەهەر دووبەرەی دەوڵەتی و نادەوڵەتی بوونیان دەبێت و دەمێننەوە. لێرە دەکرێت ئەو ئەنجامگیریە بکرێت، کە تیرۆریزمی ئیسلامی لە مەحرومیەتی خەڵکەوە سەرچاوە دەگرێت. دەبێت ئەوە چاک بکرێت.

بەرگرتن و کۆتاییهێنان بە تیرۆریزم لەهەردوو بەرەکەدا، کاری چینی کرێکار و بەشەریەتی ئازادیخواز و بزووتنەوەی سۆشیالیستی و کومۆنیستی و بەرەی ئازادیخوازی دنیایە، تەنها ئەمان دەتوانن بەو کارە هەڵبستن و بنبڕی بکەن و بەریان پێبگیرێت.

تیرۆریزمی دەوڵەتی دەبێت بەڕوخانی دەوڵەتانی تیرۆریست کۆتایی پێبهێنرێت. تیرۆرزمی نادەوڵەتی دەبێت لە ڕێگای کۆتایهێنان بە نەبوونی و هەژاری و هەڵاواردن و چەوسانەوە بێت کە هۆکارن بۆ بێ ئومێدی ئەو مرۆڤانەی پاڵ پێوە دەنرێن و دەکرێنە قوربانی رێکخراو و گرووپە تیروریستیەکان. دەبێت ڕۆڵی نامرۆڤانەی ئاینەکان بخرێتە ڕوو، وە ڕیسوا بکرێن کە بوونەتە هۆی جیاوازی و هەڵاواردنی مرۆڤەکان. تا ئەمە نەکرێت نەهامەتیەکە بەردەوام دەبێت.

تێبینی: ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٨٣ی ١٥ی ٩ی ٢٠٢٠ دا بڵاوکراوەتەوە

Check Also

پەیامەکانی سەردانەکەی ئۆردوگان!

موحسین کەریم رۆژی دووشەممە ٢٢ی نیسان رەجەب تەیب ئۆردوگان سەردانی بەغدای کردو لەگەڵ بەرپرسانی عێراق …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *