ڕابەرانی کوردایەتی بە دەم و پێنووسی خۆیان وێناو پۆرتڕەیتی ڕاستەقینەی دوێنێی خۆیان دەکەن.!! …

شوان عەزیز

مێژووی کوردایەتی مێژوویەکی قێزەونەو دەمێکیشە لە دەمی خۆیانەوە هەڵدراوەتەوەو خەڵک و خوێنەریش… دەمێکە زانیویەتی. بۆیە پێویست ناکات لەم نووسینەدا باسی ئەو کارانە بکەین کە بزووتنەوەی کوردایەتی لە دژی ئینسانیەت، لە دژی دێموکراسی، لە دژی ئازادی و هەروەها لە دژی خەڵکی کوردوستان کردوونی، چونکە یەکەم:  هەر بۆخۆیان ئەو کارە قێزەونانەیان لەشێوەی بیرەوەری کردویانن بە کتێب و بڵاویانکردوونەتەوە. دووەم ئەم نووسینە کورتە بۆ نیشاندانی ئەو کارانە نییە. بەڵام هەرچۆنێک بێت ئاماژە بە دوو کاری کۆمەڵکوژی یاخود جینۆسایدکردن دەدەم کە بزووتنەوەی کوردایەتی هەوڵیداوە کە ئەنجامی بدا یاخوود ئاواتەخواز بووە ئەنجام بدرێت.

یەکەم: بە پێنووسی ڕابەرێکی دیاری بزووتنەوەی کوردایەتی کە نەوشیروان موستەفایە نووسراوە کە مام جەلال لە کاتی کیمیابارانی هەڵەبجەدا لەبەردەم خۆی و چەندین بەرپرسی تردا وتوویەتی “ئاخ بۆ هەڵەبجەیەکی تر” . واتە ئاواتی خواستووە یاخوود ئاخی هەڵکێشاوە بۆشارێکی تری وەک هەڵەبجە کە کیمیایی لێبدرایە. دیارە ئەگەر سیاسیانە لێکی بدەیەتەوە ئەو ئاخ و ئاواتە ئەوە دەگەێنێت تا بزووتنەوەی کوردایەتی لەبەرژەوەندی خۆیدا بەرهەمهێنانی تێدا بکات.

دووەم: مەلابەختیار هەم بەدەنگ و ڕەنگ لەکەناڵی ڕووداوداو هەمیش لە کتێبەکەیدا باس دەکا کە “پلان دانراوە بۆ ئەوەی بەنداوی دەربەندیخان بتەقێننەوە. بەڵام پلانەکە سەرکەوتوو نەبووە”.  ئای کە کارەساتێکی گەورەی مرۆیی و ژینگەیی بەدوای خۆیدا دەهێنا ئەگەر پلانی بزووتنەوەی کوردایەتی سەرکەوتووبووایە. بیهێننە پێش چاوی خۆتان ئەگەر ئەو پلانە سەرکەوتووبووایە بەدڵنیاییەوە هەرچی دەکەوتە بەر جغرافیاو مەدای بەنداوی دەربەندیخانەوە  تێدادەچوو بەدارو بەردیەوە، بە تەڕوو پووشیەوە، بەشارو ناحیەو لادێکانیەوە، بە زیندەوەرو نازیندوویەوە، بە ئینسانی چاک و خراپیەوە، بەبێ تاوان و تاوانبارەوە، بە ژن و منداڵەوە، بە پیرو پەککەوتەو ساغ و ناساغەوە، بە عەڕەب و کوردو نەتەوەی ترەوە، بە کافرو موسڵمان و تەواوی مەزهەبەکانیەوە، بە کورتی و کوردیەکەی هەموو شتێکی ئەو دەڤەرە لەناودەچوو.. ئای کە کارەساتێکی گەورەی مرۆیی دەبوو. ئەمە چ تۆڵەو چ ڕق و چ گرێیەکی دەروونی لە پشتەوە بووە. یاخوود چ بەرژەوەندیەکی بۆ خەڵکی کوردستان لەپشتەوە بووە؟  وەڵامەی لای بزووتنەوەی کوردایەتییە.

ئەو دوو نموونەیە بەسن. عاڕفان حەرفێکیان بەسە. ئەگینا بە سەدان نموونەی تر هەن. شەنگال و بەدەستەوەدانی  یەزیدیەکان و تەسلیمکردنی ژنەکان و کچەکانیان بە داعش لەو جۆرە نموونانەیە کە بزووتنەوەی کوردایەتی  بەرهەمهێنانی سیاسی تێداکردووە.

مەلا بەختیار ئەوە یەکەم جاری نییە کە ئەو وێناو پۆرتڕەیتە درووستەی بزووتنەوەی کوردایەتی و ڕابەرایەتیەکەی نیشانی ئێمەمانان دەدا، بەڵکو جاری ترو پێشتریش بە جۆرێک لە جۆرەکان ئەوکارەی هەرکردووە. هەروەها لەسەردەمی ئەوداو لە پێش ئەویشدا جۆری لەوکارە کراوە. هەر لەلایەن ڕابەران و نووسەرانی خودی بزووتنەوە کوردایەتیەکەی مەلابەختیارەوە چەندین جارو بەچەندین کتێب و بیرەوەری ئەو وێناو پۆرتڕەیتە کێشراوە.

بەبڕوای من مەلا بەختیار لە کردنی ئەوجۆرەکارانەدا نە یەکەم کەسەو نە یەکەم کاریشیەتی وە نە کۆتا کەسیش دەبێ. بۆیە تا بزووتنەوەی کوردایەتی هەبێ و لەمەیداندا بێت، وێناکەی لەو وێنایەی کە مەلابەختیارو ئەمسالی ئەو کێشاویانە باشتری لێ ڕەچاوناکرێت..

هەر بە بڵاوبوونەوەی کتێبەکەی مەلابەختیار، لەبری بیرەوەری، وە بە تایبەتی چاوپێکەوتنەکەی لە کەناڵی ڕووداو دەربارەی ناوەڕۆکی کتێبەکەی، جووڵەو مقۆمقۆیەکی زۆری لەناوخەڵکدا لێ پەیدابوو.

مەلابەختیار ئاراستەی بەشێکی زۆری کتێبەکەی بەڕاستەوخۆیی ڕووی پێ لە نەوشیروان موستەفا کردووە.  ئەوەی کە شارەزای دیوی ناوەوەی بزووتنەوەی کوردایەتی بێت کە یەکیەتیەکەی مەلا بەختیاریش بەشێکی سەرەکی ئەو بزوتنەوەیە پێک دەهێنێت و مەلابەختیاریش لە ١٦ ساڵیەوە تێیدا چالاکانە لە هەڵسوڕاندایە، تێدەگا کە پاڵنەری سەرەکی بۆ دەرخستنی ئەو مێژووە لە لایەن مەلابەختیارەوە چییە. ئەوە یەکەم جار نییە مەلا بەختیار ئەو مێژووە دەخاتەروو. جاری تریش لەسەردەمی شاخدا ئەو مێژووە کوردایەتیەی بەهەمان قێزەونی بەڵکو بە زیاتریشەوە نیشانداوە کە لە کتێبی لەبری بیرەوەریدا خستوویەتیە ڕوو. کەچی سەرباری ئەوەش بۆ یەک لەحزەش لەو مێژووە قێزەونە کوردایەتیە دانەبڕاوەو هەر لەخزمەتیدا بووە. بێجگە لەو ماوەیەی کە خراوەتە زیندانەوە بە بڕیاری دەستەجەمعی خودی هاوەڵەکانی خۆی. دیارە ماوەی زیندانیەکەشی هەرچالاکی و هەڵسوڕان بووە. نووسین و سەرپەرشتیکردنی ئاش بووە، بەڵام بەئاراستەی پێچەوانە لەگەڵ پارتە سیاسیەکەی دایک.

خەڵکی تریش وەک و مەلا بەختیار هەر لەناو ئەو یەکیەتیەی کە مەلا بەختیاری تێدا بووە کە لەسەردەمی شاخدا لەگەڵ مەلا بەختیار بوون و ئەوانیش نووسەربوون، کاربەدەستبوون و بەرپرسیاریەتیان هەبووە. وە ئەوانیش  بیرەوەری و کتێبیان لە وێنەی کتێبەکەی مەلابەختیاریان دەرکردووەو چاپکردووە. هەموو ئەوانە چیان بەباش زانیوەو لەگەڵ دیدو بوچوون و بڕواو بەرژەوەندیاندا گوونجاوە چاپیان کردووەو تا ئەوشوێنەی توانیویشیانە نووسینەکانیان بەبەڵگەی سەردەمی شاخ پشت ئەستوور کردووە. هەموو ئەوانەش زۆر باش لەگەڵ مێژووی پارتەکەی مەلا بەختیاردا ژیاون و لەناویابوون. هەروەک چۆن مەلابەختیار شارەزایەتی، لەناویابووە، وە  بەشداریش بووە لە پێکهێنانی ئەو مێژووەدا.. کەواتە ئەوانیش بەهەمان شێوەی مەلابەختیارو ڕەنگە هەندێکیان زیاتریش شارەزای دیوی خەفەکراوی ناوەوەی مێژووی ئەو بزووتنەوە کوردایەتیە بن.. ئەوانیش ئەوپارتەی مەلا بەختیاریان بەهی خۆیان زانیەوەو هەتا بۆشیان کراوە مێژوویەکی قێزەونیان خستۆتە سەرکاغەزو چاپیان کردووە. وەکو کتێبەکەی ئەو هی ئەوانیش کەوتۆتە بەردەست جیلی بێئاگا لەشاخ و هەروەها خەڵکی تریش کەشارەزای دیوی ناوەوەی شاخ و بزووتنەوەی کوردایەتی نەبووە. بۆیە بەهۆی ئەو بیرەوەریانەوە ئەوانیش  هەلی ئەوەیان بۆ ڕەخسا کە شارەزابن و بزانن مێژووی کوردایەتی سەردەمی شاخی مارکسی لینینیەکان و یەکیەتییە نیشتیمانییەکان چۆن بووە؟.

با ناوی چەند کەسێک بێنین کە ئەوانیش هەیان بووە لە شوێنی بڕیارداندابووەو هەشیانە بەرپرس و نووسەریش بووە. هەموویان بەشێوەی بیرەوەری دیوی ناوەوەی خەباتی شاخی یەکیەتی و کۆمەڵەیان نووسیوەتەوەو پیشانی خەڵکیان داوە.

یەکەم: نەوشیروان موستەفا. لە ڕێگەی چەندین کتێبیەوە مێژووی شاخ و بزووتنەوەی کوردایەتی بە زمانێکی زۆر ڕوون خستۆتە سەرکاغەز. لەو کتێبانەی بە نموونە: کارەساتی هەکاری، لە کەناری دانووبەوە بۆ خڕی ناوزەنگ، پەنجەکان یەکتری دەشکێنن و هەروەها خولانەوە لەدەوری بازنەدا.

دووەم: مەلا بەختیار، لە ڕێگەی  لم یعد الصمت ممکنا، یان: چۆن چەپکێک و کام مێژووی کۆمەڵە، هەروەها لەر ڕێگەی  نووسراوەکانی ئاش و بەیانەکانی.؟ سێهەم: فەرەیدوون عەبدولقادر. هەڵۆسوورەکانی قەندیل. چوارەم: عادل ڕفیق: هەندێک لە دۆکیومێنتەکانی ئاڵای شۆڕش. پێنجەم: پشکۆ نەجمەدین:  ئەزموون و یاد. شەشەم: مامۆستا جەعفەر: بە خەونی گەورەوە کەوتینە ڕێ. حەوتەم: هەڤاڵ کوێستانی: ئەو ڕۆژانەی نیشتیمان هی هەمووان بوو. هەشتەم: مام جەلال: دیداری تەمەن. نۆهەم: ئیبراهیم جەلال: چەپکێک لە مێژووی کۆمەڵە. دەهەم: موحسن عەلی ئەکبەر: کتێبی هەورێکی نەزۆک و مێژوویەکی ناکۆک یان چەپکێکی ژاکاو لە مێژوویەکی هەڵبەستراو.

ئەمانەی سەرەوە کە ناویان هات هەموو ئەو کەس و نووسەرانە نین کە یادەوەری و بیرەوەریان لەسەر کۆمەڵەو یەکیەتی و بزووتنەوەی کوردایەتی نووسیوە. ئەوانە تەنها ئەوانەن کە ڕاستەوخۆ لەوێنەی نووسینەکەی مەلابەختیار دیوی ناوەوەی ئەو بزووتنەوەیەی شاخیان دەرخستووە. ئەوانە ڕاستەوخۆ پەیوەندیداربوون بەیەکەوە. نووسینی ئەمانە وەڵام دانەوەو کێشانی پۆرترەیتی بزووتنەوەوەی کوردایەتی و بەرپرس و ڕابەرەکان بووە. بۆیە حەتمەن کەسی ترو نووسەری تریش هەیەو کتێبی تریش زۆر هەیەو زۆرتریش دەبێ.. با مەلا بەختیار وادانەنێ کە هەر خۆیەتی و بەس ئەو شارەزای کێشانی وێنەی دیوی ناوەوەی بزووتنەوەی شاخە.

هەر یەکێکیش  لەو نووسەرو بەرپرسانەی سەرەوەش بە جۆرێک بیرەوەریەکانی خۆیان نووسیوەتەوە کە حەتمەن چەندین کەس و تاقم و پێڕو خێزان و تاکیش دڵخۆش دەکەن. لەبەرامبەریشدا بەقەدەر ئەو لایە و ڕەنگە زیاتریش خەڵکی ناڕەحەت بکەن. جا ئەو لایەی کە دڵخۆش دەبن بەو نووسینانە پێیان وایە کە هەموی ڕاستەو درۆی تێدا نەکراوە. لایەکەی تریش پێی وایە هەموی درۆیەو مێژووی چەواشە کردوە. هەردووک لاش بە بەڵگەوە قسە دەکەن. چونکە بەڵگە هێندە زۆرن هەردولا دەتوانن لێیان ئیستیفادە بکەن… یا بە واتایەکی تر هەردووک بەرە بەڵگەیان داوە بەدەستەوە.

ئەم نووسەرانە هەر هەموویان تا ڕاددەیەک بەپێی جێگەو ڕێگەو بەرپرسیاریەتیان لە شاخدا هەوەڵیان داوە نووسینەکانیان بە بەڵگەوە بڵاوبکەنەوە. ئەوەش ڕاستە هەر هەمووویان وەک یەک نەیان توانیوە کە نووسینەکانیان بەڵگەدار بکەن، بەڵام خۆ ئەوە بە مانای ئەوە نییە کە ئەو کەسانە بێئاگا بوون. بەڵکو جێگاو ڕێگایان بەجۆرێک بووە کە نەتوانراوە بەڵگە بپارێزن. بۆ نموونە کەسێکی وەک نەوشیروان موستەفا جیاوازی هەبووە لە ڕووی بەرپرسیاریەتی و ئیمکاناتی بەردەستی بۆ پاراستنی بەڵگە لە کەسێکی وەک بۆ نموونە هەڤاڵ کوێستانی یان مامۆستا جەعفەر.

بەڵام بە بڕوای من بۆچوونی درووست ئەوەیە کە هەموو ئەو کەسانە و ئەو نووسەرانە لە بزووتنەوەیەکدا کاریان کردووە کە پێی گوتراوە بزووتنەوەی کوردایەتی و بەهەمووشیان ئەو مێژووەیان دروست کردوە. بە هەمووشیان بەیەکەوە دیوی قێزەونی ناوەوەی ئەو بزووتنەوە کوردایەتیەیان دەرخستووە. بۆیە بەڕاستی ئەوانە هەر هەمویان جێگەی پێزانینن. ئەگەر کەسانی وەک و ئەوان نەبوایە ئەوا جیلی لەدایکبووی دوای ڕاپەڕین یاخوود جیلێک کە بەشدارنەبووە لەو بزووتنەوە کوردایەتیەدا بە بێئاگایی و بێخەبەر لە دوێنێی شاخ دەمایەوە. واتە دیوە قێزەونەکەی کوردایەتی هەر بە نادیاری دەمایەوە.

کەواتە مەلا بەختیار نەیەکەم کەسەو نە دواهەمین کەسیش دەبێ لەوبوارەدا. هەر یەکەیان بەجۆرێک و لە ئاستێکدا ئەو مێژووەی پیشانی خەڵکداوە.

ئەگەر ئێستا مەلابەختیار وا خۆ نیشاندەدا کە ئەو هەمیشە موخالف بووەو هەمیشە لەگەڵیان موافق نەبووە، ئەی ئەوە چ خێر بووە هەر نەیتوانیوە لێیان داببڕێت. چونکە بە بڕوای من بە دابڕانی تەواوەتی مەلا بەختیار لەوان دەیتوانی بۆ هەتا هەتایێ ئەو قسانەی ئێستای خۆی پشتڕاست بکاتەوە.

بە بڕوای من مەلا بەختیار ڕێک ئەو کتێبەی بە هەمان نەفەس نووسیوە کە ناوەڕۆک و بەشێکی زۆری کتێبەکەی لەسەر نووسراوە. ڕق، گرێ، تۆڵە، فۆبیا، شکست و ڕێگریەکانی ڕابردووی مۆتیڤ و پاڵنەری نووسینەکانی ئەوون.

بەڵام پاڵنەر هەر شتێک بێ دەبێ ئەو ڕاستیە بزانین کە مێژووی کوردایەتی و خەباتی چەکداری نێوشاخ هەر ئەوەی لێ چاوەڕێ کراوە کە ئەو برادەرانە لە بیرەوەریەکانیاندا بۆ ئێمەو نەوەکانی داهاتویان خستۆتە سەرکاغەز. ئەوانە زۆر ڕاستگۆ بوون کە تا ڕادەیەک ڕاستگۆیی دیوی ناوەوەی دوێنێی شاخیان بۆ ئێمە وێنا کردوە. ئەوانە زۆر چاکەیان کردووە کە هاتوون تا رادەیەک ڕاستگۆیانە پۆرترەیتی ڕاستەقینەی کاربەدەست و بەرپرس و ڕابەرەکانی کوردایەتیان بۆ ئێمە وێنا کردووەو ئیتر ئەو کەسایەتیانە ناتوانن بە پۆرترەیتی شاراوەی جارانیان جیلی دوای ڕاپەڕین هەڵخەڵەتێنن.

٢٣ی ئەیلولی ٢٠٢٠

ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ٨٤ی ١ ئۆکتۆبەری ٢٠٢٠ دا بڵاوبۆتەوە

Check Also

پەیامەکانی سەردانەکەی ئۆردوگان!

موحسین کەریم رۆژی دووشەممە ٢٢ی نیسان رەجەب تەیب ئۆردوگان سەردانی بەغدای کردو لەگەڵ بەرپرسانی عێراق …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *