پڕوپاگەندی شەڕئەنگێزانەی حزبی دیموکراتی کوردستانی عێراق و “پ ک ک” …

لەم ڕۆژانەی دوایی دا شایەتی پڕوپاگەندا و بانگەشەی شەڕئەنگێزانەی هەمە لایەنە و هەروەها کۆکردنەوە و گواستنەوەی هێز لە نێوان حزبی دیموکرانی کوردستانی عێراق (ڕەوتی بارزانی) و “پ ک ک” هەین.  ئەم روداوە بووەتە هۆی ترس و دڵەڕاوکێی خەڵکی کوردستانی عێراق و نیگەرانی ئەوەی دروستکردوە کە شوێنی ژیان و گوزەرانی خەڵک ببێتە جێگای شەڕ و ململانەی ئەم هێزانە و ئاکامی دڵتەزێنی لێبخولقێت.

جەریانی بارزانی، مانەوەی “پ ک ک” لە ناوچە ژێر دەسەڵاتەکانی خۆی بە هۆکاری بشێوی لە ناوچەکە و ڕاکشانی شەڕی نێوان تورکیا و پ ک ک بۆ ناوخۆی کوردستانی عێراق دەزانێت. ئەوان خوازیاری سنوردارکردن و بوونی هێزەکانی پ ک ک لەم ناوچانە و گەڕانەوەیان بۆ مۆڵگەکانی خۆیان لە قەندیل و بە جێ هێشتنی خاکی کوردستانی عێراقن.

ئەم مەسەلەپاش رێککەوتنەکانی يئەم دواییانەی نێوان دەوڵەتی عێراق و حکومەتی هەرێم و بە تایبەت ڕەوتی بارزانی، هاتوەتە ئاراوە، لەوانە  ڕێککەوتن لەسەر گەڕاندنەوەی کونترۆڵی کاملی شەنگاڵ بۆ ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتی مەرکەزی و هەروەها بەڵێنی دانی بەشە پارەی حکومەتی هەرێم و چەند رێکەوتنی دیکە و ئەمەش لە هەلومەرجێکدایە کە بە بوونی پ ک ک و حەشدی شەعبی لە ناوچەکە، جیدی تر بوەتەوە. لەلایەکی دیکەوە پ ک ک مانەوەی خۆی لە باکوری کوردستانی عێراق وەک گارانتی بۆ پاراستنی هێزەکانی لە مۆڵگەکانی خۆی لە قەندیل دەزانێ و وەک هێزێ کە لە پاراستنی خەڵکی شەنگاڵ دەور و نەقشی هەبوە، مانەوەی خۆی لەم ناوچە بە ڕەوا دەزانێ.

ململانێی بارزانی و پ ک ک وەک دوو هێزی سەرەکی ناسیۆنالیزمی کوردی لە ناوچەکە، شتێکی تازە نیە. ئەم دوو ڕەوتە ماوەیەکی درێژە کە لە گۆڕانکاریەکان و قەیرانی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست، لە نێوان  جەمسەری دەوڵەتانی ناوچەکە و لەوانە ئێران و تورکیا ڕاوەستاون، بارزانی هاوپەیمانی تورکیا و پ ک ک هاوپەیمانی ئێرانە، هەر بۆیە لە بنەڕەتدا شەڕ و کێشەکانی ئەم دو حزبە سەرچاوە گرتوو لە ململانەی ناوچەیی لە نێوان دەوڵەتانی ئێران، تورکیا و عێراقە.

بەڵام جیاواز لە بانگەشەی ئەم دو هێزە و هاوپەیمانە ناوچەیی و خۆماڵیەکانی ئەوان، کێشە و ململانەی ئەم دوو هێزە، نوکە دەرزیەک پەیوەندی بە بەرژەوەندی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش لە کوردستانی عێراق، تورکیا و … نیە. هەروەها لە روانگەی قازانج و ئەمنیەتی خەڵکیشەوە لە کوردستانی عێراق، کێشە و ناکۆکی ئەم دوو هێزە لە دژی یەک، پەیوەندی بە دابینکردنی ئەمنیەت و ئاسایشی خەڵکی ئەم ناوچە نیە.

کێشە و دژایەتی نێوان ئەم  دوو هێزە ناسیۆنالیستەی کورد بۆ دابینکردنی بەرژەوەندی خۆیان، سەپاندنی دەسەڵاتی کۆنەپەرەستانەی خۆیان بەسەر ناوچەگەلی جیاواز و هەروەها بەشێکە لە نیازی دەوڵەت و زلهێزانی هاوپەیمانی ئەوان و شەڕی نیابەتی لەم ناوچەیەدایە.

نە “پ ک ک” نوێنەر و پارێزەری خەڵکی کورد زمانی ناوچەکەیە و نە جەریانی بارزانی، ئەم دوو حزبە و هەروەها سەرجەم حزبە  ناسیۆنالیستەکانی دیکە بە هەر رەنگێکەوە، بەڕادەی نوکە دەرزیەک بە شوێن دابینکردنی ئاسایش، ئەمنیەت و ئازادی خەڵکی زەحمەتکێش لە کوردستانی عێراق و ناوچەکەدا نین، تەنانەت خۆیان سەرچاوەی ڕۆژ ڕەشی، هەژاری و بەشمەینەتی ئەو خەڵکەن.

بانگەشەی پاراستنی ئەمنیەت و ژیانی خەڵکی کوردستان لەلایەن رەوتی بارزانی و حکومەتی هەرێم کە ماوەی زیاتر لە سی ساڵە خۆیان سەرچاوەی سەرەکی نائەمنی، هەژاری و ڕۆژ ڕەشی  خەڵکی کوردستانی عێراقن، پڕوپاگەندەیەکی فریوکارانەیە. خەڵکی کوردستان بۆ دابینکردنی مافە سەرەتاییەکانی خۆیان، ڕۆژانە لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ناسیۆنالیزمی کورد لەم ناوچە دەستەو یەخەن.

لە ڕوانگەی قازانج و بەرژەوەندی خەڵک لە سەرجەم ئەم ناوچانەدا، نه ململانەی تورکیا و ئێران و سوریە و عێراق و عەرەبستان لە خزمەت ئەمنیەت و ئاسایشی خەڵکە و نە مەئموریەتی حزبە ناسیۆنالیستەکانی هاوپەیمانی ئەم وڵاتانەی تێوەگلاو لە جەمسەربەندیەکانی ناوچەیی و جیهانی.

جەرەیانی بارزانی، پ ک ک، یەکیەتی نیشتمانی و سەرجەم حزب و ڕەوتە ناسیۆنالیستەکانی ناوچەکە، لە بازنەی دەوڵەتە کۆنەپەرەستەکانی وەک کۆماری ئیسلامی، تورکیا، عێراق و سوریەدان و جیاواز لە هەر کێشە و ناکۆکی کە لەگەڵ یەک هەیانە، خۆیان سەرچاوەی نائەمنی، شەڕ و ئاوارەیی، هەژاری، بێکاری و برسیەتی خەڵکی بەشمەینەتی ئەم ناوچەن.

ئەوڕۆ چیتر ئەم ڕاستیە بۆ هەموان ئاشکرایە کە پ ک ک هاوپەیمانی کۆماری ئیسلامیە و حزبی بارزانی هاوپەیمانی تورکیایە،  ئەمەش ڕاستیەکی حاشاهەڵنەگرە کە سەرجەم حزبە ناسیونالیستەکانی کورد، لە حزبە کوردیەکانی ئێرانەوە بگرە هەتا حزبی تاڵەبانی، هەمویان لەبەرەی دەوڵەتانی ناوچەکەدا سەنگەریان گرتوە و بوون و نە بوونیان پەیوەندی بە بەرژەوەندی ئەمنیەت، ئاسایش و خۆشبەختی خەڵکەوە نیە. قازانجی “کورد”  لەلای ئەم حزبانە بەواتای پڕکردنی گیرفانی خۆیان و دەسەڵاتی سەرکردەکا نیانە.

دەفتەری کوردستانی حزبی حیکمەتیست (خەتی ڕەسمی) هەرجۆرە نائەمنکردنی شوێنی کار و ژیانی خەڵک لە ژێر هەر بیانویەک مەحکوم دەکات و بانگەشەی سەرجەم خەڵکی کوردستان بۆ بە گژداچون و خەبات لە دژی زۆرەملێ، بشێوی و باجگیری ئەو حزب و تاقمانە دەکات.

دەفتەری کوردستانی حزبی حیکمەتیست (خەتی ڕەسمی)

نوامبری ۲۰۲۰

Check Also

پەیامەکانی سەردانەکەی ئۆردوگان!

موحسین کەریم رۆژی دووشەممە ٢٢ی نیسان رەجەب تەیب ئۆردوگان سەردانی بەغدای کردو لەگەڵ بەرپرسانی عێراق …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *