کۆمەڵە بۆچی مێژووی کۆمۆنیستەکانی کوردستان دەشێوێنێ..!؟

عرفان کریم

خرۆشانە جەماوەریەکانی کوردستانی عێراق، لەسەرەتای مانگی دیسەمبەری ٢٠٢٠ و هاتنە مەیدانی خەڵکی زەحمەتکێش لەبەرامبەر دەسەڵاتی مافیایی بۆرجوازی کورد و ئەحزابەکانی. ئەم جارەیان وەک ڕەشەبا پەردەی لەسەر ماهیەتی ڕاستەقینەی هەندێک لە حزب و لایەنی سیاسی لادا.

کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان- ڕێکخراوی کوردستانی حزبی کۆمۆنیستی ئێران. بەدوای جیابوونەی باڵی (کۆمۆنیزمی کرێکاریی) لە نێو ئەم حزب و ڕێکخراوەدا، هەمیشە هەوڵدەدات بە دەمامکی چەپگەرایی و ئیدعاکردنی کۆمونیستانەوە خۆی بەخاوەنی بزوتنەوەی کۆمۆنیستی و کرێکاریی بناسێنێت، بەڵام ئەم جارەیان بە هەڵبژاردنی سیاسەتی (بێدەنگ) ی  و بێ (هەڵوێست) ی لە بەرامبەر ئەم خرۆشانە جەماوەریانەی کوردستانی عێراق، جارێکی دیکە، هاوسەنگەری خۆی لەگەڵ دەسەڵاتی مافیایی بۆرجوازی کورد، لەکوردستانی عێراقدا، بە ئاشکرا ڕاگەیاند بۆ تەئکیدکردنەوە و مۆرلێدان لەم ڕاستیە، ئەندامێکی کۆمیتە ناوەندی کۆمەڵە بەناوی (عادل ئەلیاسی ) لەبەرواری ٢١/١٢/٢٠٢ داو لەبەرنامەی دیالۆگ لە تەلەفزیۆنی کۆمەڵەوە، بە بەهانەی قسەوباسکردن سەبارەت بە ڕووداوەکانی بەهاری عەرەبی، زۆر بێئینسافانە کەوتۆتە شێواندنی مێژووی  خەباتی کۆمونیستەکان لە کوردستانی عێراق لەساڵی ١٩٩١ ەوە و گێڕانەوەیەکی ناڕاست و درۆئامێز دەخاتەڕوو، لەکۆتایی قسەکانیدا و سەبارەت بە ناڕەزایەتیەکان لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و گرنگی بەستنەوەی تاکتیک بە ئیستراتیجیەوە، ئاوها باس لە ڕۆڵی کۆمونیستەکان دەکات لە کاتی خرۆشانە جەماوەریەکەی ساڵی ١٩٩١ و دەڵێ { بەدوای ڕوخانی رژێمی سەدام حسین، گەورەترین هێزی شورایی لەکوردستانی عێراق بوو ، هێشتا ئەو ئەحزابانەی کە ئێستا دەسەڵاتدارن، لە شاخەکان نەهاتبونە خوارێ لەوێ شورا دروست بوو لەلایەن خودی مامۆستا و کرێکار و ژنەوە، باڵەخانەی شارەوانی و ئەوانەیان بەدەستەوە بوو، بەشێک لەمزگەوتەکانیان، هەتا کردبووە ناوەندی ئەوانە، بەڵام ئەو چەپە، لەڕووی ئەوەی بتوانێ کۆمەڵگا ڕەهبەری بکات، چۆڵی کرد.لەژێر دروشمی ئەوەی، ئەوە ئەمریکا هێرشی هێناوە و ئەوە شۆڕش نەبوو لەکوردستانی عێراقدا،….} لێرەدا زۆر بەڕوونی عادل ئەلیاسی نایەوێ باس لە ڕۆڵی سەرەکی کۆمونیستەکانی کوردستان بکات لە پێکهێنان و دامەزراندنی بزوتنەوەی شورایی و بەسەر زارەکی دەیەوێت ئەم ڕاستیە پەردەپۆش بکات و دەڵێ (شوراکان پێکهاتن). هاوکات درێژە بەم قسانەی دەدات ودەڵێ {  زۆربەی چالاکوانی ئەو مەیدانە، لەژێر ئەم لێکدانەوە زۆر هەڵەیە کە ئەوە شۆڕش نەبوو لەکوردستانی عێراقدا و دەرئەنجامی هێرشی ئیمپریالیستەکان و ئەوە ناسیونالیستی کورد دێتەوە، هەتا کوردستانی عیراقیان بەجێهێشت وهاتن لە ئەوروپا نیشتەجێ بوون و کە گوایە لەوێوە ئەتوانن شۆڕشی کرێکاری رابەری بکەن……} هەر کەسێک، لەو قۆغەدا ژیا بێت، دەزانێ ئەم جۆرە قسانە سەرتاپای درۆسازیە، چونکە ئەو ڕاستیە زۆر بەڕوونی  تۆمارکراوە، کە ئەوە ئەحزابی ناسیونالیستی کورد بوون، کەوتنە پەلاماردانی شوراکان و بنکەکانیان بەهێزی چەک و سەرکوت داخست و قەدەغەیانکردن هاوکات کۆمونیستەکان، بەهیچ شێوەیەک مەیدانی خەباتیان بەجێ نەهێشتوە، بەڵکو بەپێچەوانەی ئەم ئیدعا بێ بنەمایەی عادل ئەلیاسی، شێوازو قۆناغێکی دیکەی نوێ لەخەباتی کۆمونیستەکان دەستیپێکردەوە و کۆمونیستەکان بونە هێزێکی بەرجەستە لەبەرامبەر دەسەڵاتی ئەحزابی ناسیونالیستی کورد و مێژوویەکی پرشنگداریان لە دیفاع لە مافەکانی کرێکاران و بێکاران و بزوتنەوەی یەکسانخوازی ژنان و دیفاع لە ئازادیە سیاسەکان و خەبات لە دژی تیرۆریزمی ئیسلامی سیاسییدا تۆمارکردوە. لەم قۆناغەشدا و سەرەڕای هەر لاوازیەکی ڕێکخراوەیی و جەماوەریی، کۆمونیستەکان سەرسەختانە، لەمەیدانەکانی خەباتی جەماوەریدا ئامادەییان هەیە بەڵام دەستبردن بۆ ئەم شێوازە لە شێواندنی مێژووی خەباتی بزوتنەوەی کۆمونیستی، بێ ئامانج نیە، کۆمەڵە ئیدی پەردەی شەرمی شکاندوە و چیدی بۆی نەنگ نیە، هاوسەنگەری و هاوکاری خۆی لەگەڵ ئەحزابی ناسیونالیستی کورد لە حکومەتی هەرێـمی کوردستاندا، بشارێتەوە وەک ئەوەی عادل ئەلیاسی دەڵێ { سەرەڕای تێبینیەکانمان لەسەر ئەم حکومەتە، بەڵام ئەم حکومەتە لەژێر فشاردایە و دەوڵەتانی ناوچەکە خۆشیان پێدانایەت} هاوزەمان و هەر وەک چۆن لە ئێستادا قۆناغێکی نوێ و یەکلاکەرەوەی چارەنوسساز، لەجەنگی نێوان کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێشی کوردستان و دەسەڵاتی تاڵانچی بۆرجوازی کورد، دەستیپێکردوە، ئاوهاش کۆمەڵە بەم هەڵمەتی درۆسازیە لەبەرامبەر بزوتنەوەی کۆمونیستیدا، دەیەوێت، جێ پێی خۆی لەسەنگەری ناسیونالیزمی کورددا، مەحکەم تر بکات.

٢/١/٢٠٢١

Check Also

پەیامەکانی سەردانەکەی ئۆردوگان!

موحسین کەریم رۆژی دووشەممە ٢٢ی نیسان رەجەب تەیب ئۆردوگان سەردانی بەغدای کردو لەگەڵ بەرپرسانی عێراق …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *