دابین کردنی ڤاکسینی کوڕۆنا بۆ هەمووان و بەخۆڕایی ئەرکی حکومەتە …

لە دەنگی کرێکار وەرگیراوە

پەتای کۆرۆنا ڕۆژانە قوربانی خۆی لەکۆمەڵگا وەردەگرێت.  ئەم پەتا نەگریسە مەرگێکی ئەکیدی لەبەردەم ماڵی هەموو تاکێکدا ڕاگرتووە وژیانی ملیاردەها ئینسانی بردۆتە نێو تونێلێکی تاریکەوە. لەهەرێمی کوردستان سەرەڕای گیانفیدایی و لەخۆبوردەیی و ماندووبونی لەڕادەبەدەری پزیشک وپەرستاران، تا ئەم کاتە زیاتر لە١٠٠ هەزار کەس توشبووون بەڤایرۆسەکە و نزیکەی ٥ هەزار کەسیسش گیانیان لەدەستداوە. ئەمە بەجیا لەژمارەی ئەو کەسانەی کەلەدەرەوەی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی بەڤایرۆسەکە توشبوون، وەیا گیانیان لەدەستداوە. کەچی ئەوە بەرپرسیارانی حکومەت وسەرانی حزبەکانی دەسەڵاتە، لەنێو ئەم مەرگەساتەی کورۆنادا، خەڵکیان گیرۆدەی ئەوپەڕی هەژاری و بێکاریو بێموچەیی وکەمی خزمەتگوزاری کردووە و تا بۆشیان کرا بێت لەژێرناوی چاکسازیدا، پەلاماری داهاتی کەم وسفرەی بێڕەونەقی خەڵکی کرێکارو فەرمانبەرو زەحمەتکێشانی کوردستانیانداوە، تا لەم ڕێگایەوە بەسەر ئاستنەگە داراییەکانی حکومەتدا زاڵببن. ئەمە لەکاتێکدایە کە کۆمپانیا وپڕۆژە ئابوریەکان وبازاڕی بازرگانی وقاچاخچێتی ئەم عالی جەنابانە، بۆیەک ساتیش لە کۆکردنەوەی قازانج وزیادکردنی سەرمایەکانیان ڕانەوەستاون. ئەزمونی سێ دەیەی فەرمانڕەوایی ئەم حکومەت ودەسەڵاتەی کەلەکوردستاندا خۆی زاڵکردووە بەسەر کۆمەڵگەدا، ئەزمونی  چینی سەرمایەداران و دەوڵەمەندانی کۆمەلگەی نمایش کردوە وهیچکاتێک سیاسەت و کارنامەکەی لەبەرژەوەندی ژیان وگوزەران و سەلامەتی تەندروستی هاوڵاتیاندا نەبووە نیە.

ئێستاش کەبەرهەمهێنانی ڤاکسینی کۆڕۆنا بۆتە ڕاستیەک وڕۆژانە هەواڵەکانی دەستخستن وکارپێکردنی لەوڵاتان بڵاودەبێتەوە، ئومێدێکی بەخەڵک بەخشیوە وتروسکاییەکی هەڵکردووە. بەڵام لە دونیای سەرمایەداری و بازاڕی قازانجپەرستی ئەمڕۆ و مونافەسە وجەنگی نێوان دەوڵەتاندا، بەدەستهێنانی ڤاکسینی کۆڕۆنا کارێکی سادە نیەو تواناو بڕیاری کۆمپانیاکانی فرۆش و بەرهەمهێنەری ڤاکسینی کۆڕۆنا لەسەرو ویستی ئینسانەکانەوەیە. ئەوەتا باس لەچەندین جۆری ڤاکسینەکە دەکرێ وبۆ هەرجۆرەش مەرجی بەدەستهێنان وچۆنیەتی کڕین و فرۆشتنی دەخرێتەڕوو.  بەگشتی باس لەوەدەکرێ کەنرخی هەرڤاکسینێک لەسەرو ٢٥ دۆلارەوەیە.. لەوەها دۆخکێدا پرسیارەکە ئەوەیە کەئایا خەڵکی کوردستان چۆن دەستیان بەم ڤاکسینەبگات وخۆیان لەبەڵاو مەرگی ئەم پەتا نەگریسە بپارێزن؟ لەکاتێکدا ئەوان لەگەڵ حکومەت و دەسەڵاتێک بەرەو ڕوون کەسەرچاوەو هۆکاری سەرەکی ئەو هەلومەرجە سەخت و دژوارو نابەرابەرییە کەتێی کەوتون.. تا ئێستا نەحکومەت و نەوەزارەتی تەندروستی هەرێم هیچ بەرنامەو پلانێکی چ لە بەدەستهێنانی جۆر وچەندایەتی ڤاکسینەکە وچ لەچۆنیەتی گەیاندنی بەهاوڵاتیان، بەڕۆشنی ڕانەگەیاندووە وئەوەی لەزاری بەرپرسانەوە داکەوتووە، هەرئەوەیە کەچاوەڕوانی حکومەتی عێراق دەکەن تا ڤاکسینەکە بکڕێ و ئەوانیش داوای بەشی هەرێم بکەن!!. ئەمەش بەواتای ئەوەدێت کە بەدەستهێنانی ڤاکسینی کۆڕۆنا بەهەمان شێوەی موچەی کارمەندانی هەرێم دەچێتە نێو گێژاوی دانوسان وڕێکەوتنی نێوان هەرێم و بەغداوە ودەبێت خەڵکی کوردستان چارەنوسی سەلامەتی تەندروستی وگیانی خۆیان لەچاوەڕوانی پرۆسەیەکی مایەپوچدا ڕابگرن تا سەرانی حکومەت لەگەڵ بەغدا ڕێک دەکەون. بەدڵنیایەوە چاوەڕوانیەکی ئاواش، جگەلەوەی مەرگی زیاتر وتوشبونی زۆرتر بەپەتاکە هیچ ئەنجامێکیتری بەدواوە نابێت، هاوکات دەرگاش بەڕوی نەخۆشخانەو کلینیکە ئەهلیەکان وکۆمپانیاکانی بازرگانی دەرمان دەکاتەوە، تا بازاڕی قاچاخچێتیان گەرم بکەن وبەنرخێکی گران فاکسینی کۆڕۆنا بەهاوڵاتیان بفرۆشن وبارگرانیەکی تر بەسەر ژیانی خەڵکی هەژار وکەم دەرامەتدا داسەپێنن. ئایا لەوەها حاڵەتێکدا ڕێگایەکیتر لەبەردەم کرێکاران و جەماوەری بەشمەینەتدا دەمێنیتەوە، جەگەلەوەی هێزی یەکگرتووی خۆیان هوشیارانە بهێننەمەیدانەوە وداوابکەن کە ”دابین کردنی ڤاکسینی کۆڕۆنا بۆ هەموان وبەخۆڕایی ئەرکی حکومەتە“. بەدڵنیایەوە خەباتی فراوانی جەماەوەری ڕێکخراو ویەکگرتوانە لەدەوری خواستێکی ئاوا ڕۆشن، لەکارگەو ناوەندەکانی کار، لە گەڕەک وبەڕیوەبەرایەتیەکان ولەئاست هەمووشار وشارۆچکەکانی کوردستان دەتوانێ هاوکێشەی هێز بەقازانجی دەستەبەربونی ڤاکسینی خۆڕایی بۆ هەموان بگۆڕێت ودەسەلات ناچاربکات مل بەخواستی جەماوەر بدات.. 

Check Also

پەیامەکانی سەردانەکەی ئۆردوگان!

موحسین کەریم رۆژی دووشەممە ٢٢ی نیسان رەجەب تەیب ئۆردوگان سەردانی بەغدای کردو لەگەڵ بەرپرسانی عێراق …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *