جۆ بایدن دۆستی کوردە!؟ …

موحسن کەریم …

 بەدوای هەڵبژاردنی جۆ بایدن وەکو سەرۆکی ئەمریکا ئەم دەستەواژەیە بەردەوام لەلایەن سەرانی دەسەڵاتداری ناسیۆنالیزمی کوردەوە دووپات دەکرێتەوە. وێنەکانی بایدن لەگەڵ مەسعود بارزانیدا کە ئەوکات جێگری سەرۆکی ئەمریکا بوو، بڵاودەکرێتەوە. لەناو هەندێ ژینگەی ناسیۆنالیستی کوردیشدا مەسەلەکە لەوە واوەتر دەڕوات و پرسی کوردبوونی بایدن دێتەئاراوەو بەشێکی بەرچاوی تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیس بووک داگیردەکات!

میدیاکانی پارتی و خودی مەسرور بارزانی بانگەشەی ئەوە دەکات کە بایدن دۆستی مەسعود بارزانیەو هەر لەسەر ئەم بنەمایەشەوە وەکو دۆستی کورد و خەڵکی کوردستان ناوزەدەی دەکات.  داواشی لێدەکات کە لە کێشەی نێوان بەغداو هەرێمدا دەوری خۆی بگێڕێت و گرێکوێرەکەیان بۆ بکاتەوە.

ئەوەی وایکردوە کە تەیفێك لە خوێنەرانی کوردو ڕەنگە بەشێك لە نوسەران و بگرە حزبە سیاسیەکانی ناسیۆنالیزمی کوردیش ئومێد بە بایدنەوە گرێبدەن ئەوەیە کە ؛

یەکەم ؛ بایدن لەبەرامبەر تورکیا زیاتر هەڵوێستی لە هەڵوێستی ئەوروپاوە نزیکەو بەوەش فشارەکانی بۆسەر تورکیا زیاتر بێت بەبەراورد بە دەورانی ترامپ. بۆ ئەو مەبەستەش ڕەنگە پێویستی زیاتری بە کارتی کورد بێت.

دووەم؛ بایدن خۆی خاوەنی بیرۆکەی دابەشکردنی عێراقە بۆ سێ هەرێمی سونەو شێعەو کورد لە سەردەمی سەرهەڵدانی شەڕی تائیفی لە عێراقدا. ئێستاو لەسەردەمی سەرەولێژبونەوەی گڵۆڵەی دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد و بنبەستی حکومەتەکەی و ناچاربونەوەی بە تەسلیمبوون بە بەغدا، وەکو ئومێدیك  لەلایەن دەسەڵاتدارانی هەرێمەوە بۆ پێچەوانەکردنەوەی ئەم واقعیەتە تەماشا دەکرێت.

سەرەتا با ئەوە بڵێم کە سیاسەتی فشار لەسەر تورکیا لەلایەن ئەمریکاوە، هیچ پەیوەندی بە پرسی کوردەوە نیە، هەروەکو لە دەورانی پێشوویشدا و تەنانەت لە هاوکاری بێدرێغی ئەمریکا بۆ هێزە کوردیەکانی سوریا کە ئومێدێکی زۆری لەلایەن ناسیۆنالیزمی کوردەوە لەسەر هەڵچنرابوو، بێجگە لە کارتێکی فشار لەسەر رژێمەکەی ئەسەد و وەکو بەشێك لە ستراتیژی سیاسی ئەمریکا لە سوریا بەرامبەر بە دەخالەتی ڕوسیا و کۆنترۆڵكردنی نەخشی تورکیا لە سوریادا، شتێکی دیکە نەبوو. ئاکامەکەشیمان بینی!  ئێستاش ئەگەر پرسی کورد لە پەیوەند بە  تورکیاو ئەمریکاوە پێگەیەك پەیدا بکات تەنها وەکو کارتێکی فشار لەخزمەت سەپاندنی مەرجەکانی ئەمریکا بەسەر تورکیادا بەکاردەهێنرێت تا ئەوەندەی بکرێت لە ڕوسیا و کەمپی بەرامبەر بە ئەمریکا لە ململانێی جیهانی و ناوچەییدا دووری بخەنەوە.

لەسەرێکی دیکەوە ئومێد گرێدانەوە بەوەی کە جۆ بایدن  کە خاوەنی بیرۆکەی عێراقە بۆ (٣)هەرێمی سەربەخۆ و ئەگەری ئەوە هەیە لە دەورانی سەرك کۆماریەکەیدا جێبەجێی بکات و کوردستانی عێراق سەربەخۆ بێت، بەتایبەتی کاتێك پارتیەکان پڕوپاگەندەی ئەوە دەکەن کە بایدن بە بارزانی ووتوە لە ژیانی ئێمەدا دەوڵەتی سەربەخۆیی کوردستان دەبینین، بێجگە لە چەواشەکاری و پڕوپاگەندەیەکی بێبنەماو عەوامفریوانە شتێکی زیاتر نیە. ئەم جۆرە بانگەشە و پڕوپاگەندانە تەنها بۆ شاردنەوەی شکستەکانی خۆیان و جێگای لەرزۆکیان لە گۆڕەپانی سیاسی عێراقدا و هاوکات بۆ بەلاڕێدابردن و خۆڵکردنە چاوی خەڵکە.

ئەوەی کە ڕوونە و بەشێکە لە ستراتیژی سیاسی ئەمریکا لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، کورتکردنەوەی دەوری سیاسی و سەربازی ئێرانە لە ناوچەکەدا. ئەم سیاسەتە هەروەکو چۆن لە دەورانی ترامپ داو پێشتریش ئۆبامادا، ئێستاش لە سەردەمی سەرۆک کۆماریی بایدن دا درێژەی دەبێت. ترامپ بەشێوەیەکی ڕادیکاڵ و توندڕەوانەی تایبەت بە باڵی ڕاستی بۆرژوازی ئەمریکا دەویست ئەم کارە ئەنجام بدات و بایدن بەشێوازێکی دیکە. بایدن دەیەوێ هاوکات لەپاڵ ڕاگرتنی فشارەکاندا لەسەر دەوڵەتی ئێران پەنجەرەیەکی بۆ بهێڵێتەوە تا بەوجۆرە لە پرۆسەیەکی کۆنترۆڵکراودا و بەبێ تێکدانی کەشوهەوای سیاسی و سەربازی ناوچەکە، رژێمی ئێران جڵەو بکات.  لەسەر ئەم بنەمایەش سیاسەتی ئەمریکا زیاتر پشت بەستن بە دیپلۆماسیەتی سیاسی دەبێت بۆ کەمکردنەوەی دەوری ئێران لە عێراقدا. کارتی ناسیۆنالیزمی کوردیش لەچوارچێوەی ئەم فشارە دیپلۆماسیەدا جێگاورێگای دەبێ نەك زیاتر و هەرئەمەش چوارچێوەی چارەسەری کێشەی نێوان بەغدا و هەرێم دیاری دەکات، نەك شکاندنەوەی تای ناهاوسەنگیەکە بە قازانجی ناسیۆنالیزمی کوردو دەسەڵاتەکەی بەرامبەر بە دەسەڵاتی ناوەند! ڕەنگە ئەمە خێرێکی بۆ دەسەڵاتی کوردایەتی تێدابێت کە لەبنبەستێکی کوشندەدا گیری خواردوە. بەڵام چ خێرێکی تێدا دەبێت بۆ خەڵکی کوردستان؟ ئایا دۆستایەتی ئەمریکاو بایدن بۆ بارزانی و سەرانی کوردایەتی و هێزەکانی یەکسانە بە دۆستایەتی بۆ پرسی کورد و خەڵکی کوردستان؟

ئەزمونی دەیان ساڵەی پەیوەندی نێوان بزوتنەوەی کوردایەتی و دەسەڵاتەکەشی لەگەڵ ئیمپریالیزمی ئەمریکا، سەرباری خۆشخزمەتی کوردایەتی و هێزەکانی بۆ بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا و تاڕادەی بینینی دەوری کۆنترا بۆ هێزە سەربازیەکانی، چ لە دەورانی کۆماریەکان و چ لە دەورانی دیموکراتەکاندا ئەوەی نیشان داوەو سەلماندویەتی کە پێگەی ناسیۆنالیزمی کوردو هێزەکانی بۆ ئەمریکا تەنها کارتێکی هەرزان بەهای فشاربوەو هەیە بۆ جێبەجێکردنی بەرژەوەندیە سیاسی و سەربازیەکانی لە ناوچەکەدا. ئەمریکا بۆ ئەم سیاسەتەی بێگومان ئیمتیازاتی سیاسی و داراییشی داوە بە سەرانی کوردایەتی، بەڵام ئەمە هیچ کاتێك یەکسان نەبووە بە ڕەچاوکردنی بەرژەوەندیە سیاسیەکانی خەڵکی کوردستان و پرسی کورد لە عێراق و ناوچەکە لەلایەن ئەمریکاوە. بەهۆی ئیمتیازی سیاسی و دۆستایەتی ئەمریکاوە بۆ سەرانی کوردایەتی ژیان و گوزەرانی خەڵکی کوردستان باشتر نەبووە، ئازادیەکانی خەڵک و مافەکانیان فراوانتر نەبوونەتەوە. لەوەش واوەتر پرسی کورد وەکو پرسێکی ئاڵۆزو بێچارەسەر ماوەتەوەو هەمیشەش هەڕەشە لە ئایندەی سیاسی و ژیانی کۆمەڵایەتی خەڵکی کورد دەکات لە ئاستی ناوچەکەو بگرە لە عێراقیشدا. بەرژەوەندی ئیمپریالیزمی ئەمریکا ڕەنگە ناوبەناو لەگەڵ بزوتنەوەی کوردایەتیدا هاتبێتەوە، بەڵام هیچ کات لەگەڵ پرسە سەرەکیەکانی خەڵکی کوردستاندا نەهاتۆتەوە وجێگای بایەخی ئەمریکا نەبوە و نیە. رێگای خەڵکی کوردستان لەگەڵ بزوتنەوەی کوردایەتی و دۆستایەتی ئەمریکا بۆ ئەوان جیاوازەو هیچ کاتێك ناچنەوە سەریەك. بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان لە دەرەوەی سیاسەتی هێزە بۆرژوا ناسیۆنالیستەکان و لە دەرەەوەی ستراتیژی سیاسی ئەمریکا لە ناوچەکەدا فەراهەم و مەیسەر دەبێت. نە ئەمریکاو نە بایدن دۆستی کورد و پرسەکانی نین، ئەوەی دەتوانێ پشتوپەنای خەڵکی کوردستان بێت، خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێش و بزوتنەوەی کرێکاری و کۆمۆنیستی ئەو ووڵاتەیە. 

Check Also

پەیامەکانی سەردانەکەی ئۆردوگان!

موحسین کەریم رۆژی دووشەممە ٢٢ی نیسان رەجەب تەیب ئۆردوگان سەردانی بەغدای کردو لەگەڵ بەرپرسانی عێراق …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *