دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ بەڕێز سەردار عەبدوڵا حەمە هەڵسوڕاوی کۆمۆنیزمی کرێکاریی سەبارەت بە تێپەڕبوونی ٣٣ ساڵ بەسەر تاوانی کۆمەڵکوژی کیمیابارانی هەڵەبجەدا…

بۆپێشەوە: دوای تێپەڕبوونی٣٣ ساڵ بەسەر کۆمەڵکوژی هەڵەبجە، تەنها دەوترێت ٥ هەزار کەس بوونە قوربانی، بەڵام هێشتا ئامارێکی فەرمی نییە، کە نیشانی بدات بە دەقیقی قوربانییەکان چەند کەسن؟ چەندیان گیانیان لەدەستداوە؟ چەندیان بریندارن؟ چەندیان پیاو یان ژنن، چەندیان مناڵ و بەتەمەنن؟ هۆی ئەمە بۆچی دەگەڕێتەوە؟

سەردار عەبدوڵا حەمە: سەرەتا دەست خۆشی لە بۆپێشەوە دەکەم کە ئەم هەلەی ڕەخساند ڕای خۆم لە بارەی ئەم تراژدیایەوە بدەم.

 نەبوونی ئاماری دەقیق بۆ قوربانیانی کارەساتەکە دەگەڕێتەوە بۆ تەرخان نەکردنی بودجەیەک بۆ کۆکردنەوەی زانیاریەکان و بەشوێندا چوونی قوربانیەکانی ئەم کارەساتە لە لایەن دەسەڵاتدارانی عێراق و کودستانەوە. هەردوو حیزبی دەسەڵاتدار ئەوەندەی بەشوێن ئەوەوە بوون هەڵەبجە وەک کاڵایەکی بازرگانی لێ بکەن و لە ئاستی نێودەوڵەتیدا پارەی پێ پەیدا بکەن، ئەوەندە بەتەنگی ئەم جۆرە کارانەوە نەبوون .

بۆپێشەوە: دوای ٣٣ ساڵ بەسەر تاوانی کۆمەڵکوژی هەڵەبجەدا، دەسەڵاتی سیاسی لە کوردستان، ئەو کەیسە وەکو سەرمایەی سیاسی بەدەستەوە گرتووە، کەچی بۆ قەرەبووکردنەوەی هەڵەبجە کەمترین هەنگاو نانێت، چۆن دەڕواننە ئەو مامەڵەیەی دەسەڵاتی سیاسی ؟

سەردار عەبدوڵا حەمە: وەک پێشتر گووتم  ئەوە راستیە کە ٣٣ ساڵە دەبینرێ و هەستی پێ دەکرێ کە هەڵەبجە کاڵایەکی بازرگانی بووە بۆ هەردوو حزبی دەسەڵاتدار(پ.د.ك و ی.ن.ك) . تا ئێستایش هەڵەبجەو هەڵەبجەییەکان ئەوەندەی لەلایەن دەوڵەمەندەکانی شارەکەوە وەک ئاسۆی حاجی محمد و چەند کەسی تر هاوکاری دەکرێن، ئەوەندە لەلایەن دەسەڵاتەوە هاوکاری ناکرێن، قوتابخانەی مۆدێرن و نەخۆشخانە بۆ کورۆنا و قوربانیانی کیمیاوی لەسەردەستی ئەم پیاوەو چەندکەسی تر کراوەتەوە، نەک لەسەر دەستی بەناو حکومەتی هەرێم. ئەم دەسەڵاتە بەناو هەڵەبجەی کردوە بە پارێزگا، کەچی لە کارە فەرمیەکاندا حسابی پارێزگای بۆ ناکرێت چ لە ئاستی عێراق و چ لە ئاستی ناوخۆی کوردستان. من هەر ئەو کاتەی بڕیاری بە پارێزگاکردنی هەڵەبجە درا وتارێکم نووسی و گووتم” نابێ خۆش باوەر بین بەم بڕیارە، چونکە لاکردنەوە لە قوربانیەکانی ئەم شارە گرنگە” پێم وابوو لەم بارەوە کارێکی ئیجابی ناکرێت، چونکە ئەزموونی دەسەڵاتداریەتی ئەم دەسەڵاتەم ئەناسی لەئاستی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە بەگشتی شکستی هێناوە. ئەم دەسەڵاتە بێ باک بووە لە بەرانبەر ژیان و گوزەرانی قوربانیەکانی ئەم کارەساتەدا. بێ باک بووە لە بواری خزمەت گوزاریەکانەوە بۆ ئەم شارە، بێباک بووە لە بەرانبەر  چارەسەری بریندارەکانی ئەم کارەساتە هەر بەم هۆیەوە دەیان برینداری کیمیاوی گیانیان لەدەست داوە، بێباک بووە لە بەرانبەر دۆزینەوەی منداڵە ونبووەکاندا کە لە رۆژی کارەساتەکەدا ون بوون یا کەوتوونەتە دەست سوپای پاسداری ئێران.

بۆپێشەوە: لەئاستی فەرمی و نێو دەوڵەتیدا، چ هەنگاوێکی بەرجەستە نراوە، بۆ قەرەبووکردنەوەی قوربانیانی هەڵەبجە؟ بۆ بەسزا گەیاندنی ئەو تاوانە؟ بۆ بە جینۆساید ناساندنی؟

سەردار عەبدوڵا حەمە: دەسەڵات هیچ کارێکی دیار نییە ئەنجامی دابێ! بەشێوەی فەرمی لە ئاستی نێو دەوڵەتیدا بۆ هەڵەبجەو قوربانیەکانی بۆ ناساندنی کارەساتەکە وەک جینۆساید. دەسەڵات نەیتوانیوە ئەوەندەی ڕێکخراوێکی جەماوەری وەک (چاک) کە لە لایەن ژمارەیەک چالاکوانی سەربەخۆ لە هەندەران دروست بوو، کار بۆ بە فەرمی کردنی جینۆسایدی ئەم تراژدیایە بکات لە ئاستی دەرەوەی وڵات. هەر لەدوای ڕوودانی کارەساتەکەوە نوێنەرانی ئەم دووحیزبەی دەسەڵات لە دەرەوەی وڵات دەستیان دایە هەڵمەتی کۆکردنەوەی پارەو پیتاک بەناو بۆ قوربانیەکانی هەڵەبجە! بەڵام هیچی یا بەشێکی زۆر کەمی نەبێ نەئەگەیشتەوە دەست قوربانیەکان. ئەگەر رێکخراوە خێرخوازەکان خۆیان سەرپەرشتی هەندێ کۆمەک و هاوکاریان نەکردایە لەناو هەڵەبجەدا ئەوا هیچ بەدەست خەڵکی ئەم شارە نەدەگەیشت. ئەوەی کراوە لە هەڵەبجە مۆنێمێنتێکیان بۆ رووداوەکە دروستکردووە تا نوێنەرانی بیانی بێن و سەردانی بکەن. پێم وابێ ئەم دەسەڵاتە توانیبێتی داهاتێکی لەم بوارەوە دەست کەوتبێ بۆ خۆیان نەک بۆ خەڵکی هەڵەبجە، ئەمەش زۆر خەڵکی ئەم شارەی توڕەکردووە تەنانەت خەڵک ئەوەندە توڕە بوو لە خۆپێشاندانێکدا ئاگریان لە مۆنێمێنتەکە بەردا، هەرچەندە کارێکی هەڵە بوو، بەڵام هۆکارەکەی هەر ئەوە بوو کەدەسەڵات زۆر بێباک بووە بەرانبەر قوربانیەکانی کارەساتەکە.

بۆ بە سزا گەیاندنی بکەرانی هەڵەبجە و بڕیاڕدەرانی لە حکومەتی فاشی بەعس؟ بینیمان سەدام و عەلی حەسەن مەجید (عەلی کیمیاوی) لە سێدارە دران بە بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق، هەرچەند من لەگەڵ سزای لە سێدارەدا نیم، چونکە ئەگەر تاوانباران سزای زیندانی بوونایە باشتر بوو، چونکە سێدارە کوشتنی بە ئەنقەستە هەروەک کیمیا بارانەکە تاوانە بۆیە ئەوە بەسزایەکی عادیلانە نازانم ، سەرانی ناسیونالیزمی کورد هەروەک چۆن سەهمیان هەیە لەو کۆمەڵکوژیەدا هەرواش سەهمیشیان هەیە لە دەرباز کردنی هەندێ تاوانباری سەرەکی کردەوەکەدا، وەک ئازادکردنی ملازم تاریقی فڕۆکەوان بە پێی پیلانێ لە ئاسایشی سلێمانی ئازاد کراو دواتر گەیشتە ئەوروپا، ئەنجا گووتیان خۆی ڕای کردووە لە زیندان.

بۆپێشەوە: لاتان وایە دەبێ چ بکرێت، بۆ ئەوەی تاوانی کۆمەڵکوژی لەشێوەی هەڵەبجە، دووبارە نەبێتەوە؟ دەوڵەتی عێراق لەوبارەیەوە چی دەکەوێتە ئەستۆ؟

سەردار عەبدوڵا حەمە:  ئاشکرایە دەبێ چ بکرێت! سەرەتا ئەبێ ئەم کردەوەیە بەجینۆساید بناسێنرێ و قەرەبووی زیان لێکەوتوانی بکرێتەوە ، ئەنجا کێشەیەک نەمێنێ بەناوی کێشەی کورد کە هەتا ئێستاش ماوە، چونکە هەڵەبجەو ئەنفال هۆکارەکارەکەی بوونی ئەو کێشەیە بوو، واتە دەبێ هۆکارەکەی نەمێنێ. بۆ ئەوەی ئەم کێشەیە بە یەکجاری چارەسەر بکرێ کە پێم وایە تەنها لە کاتی بوونی دەسەڵاتێکی سۆشیالیستیدا یا لانی کەم دەوڵەتێکی غەیرە قەومی و غەیرە دینیدا چارەسەرە دەکرێ .

بۆپێشەوە: خەڵکی کوردستان، دەبێ چۆن مامەڵە لەگەڵ کەیسی هەڵەبجە و قوربانیەکانی بکەن؟  

سەردار عەبوڵا حەمە: کەیسی هەڵەبجە گرێ دراوە بە کێشەی هەموو خەڵکی کوردستانەوەو دابڕاو نییە لێی، خەڵکی کورستان دەبێ پشتگیری لە مافەکانی قوربانیانی کارەساتەکە و پرۆژەی ئاوەدانکردنەوەی هەڵەبجە بکەن. دەبێ خەڵک لە عەقلی تەسکی شارچیەتی دوور بکەوێتەوە، هەموو هاوکاری یەکتری بکەن هەمووش بەدوای چارەسەری ڕیشەیی ئەم کەیسەوە بن و خۆیان بە خاوەنی بزانن. بەڵام دەبێ خۆیان دوور بگرن لەو حیزبانەی دەسەڵات چونکە تاوانبارێکی کارەساتەکەن. خەڵکی کوردستان بەرێکخراو بوون و بە پێکهێنانی تۆڕی هاوکاری کۆمەڵایەتی دەتوانن هاوکاری یەکتر بکەن و هاوکاری قورربانیانی کارەساتی هەڵەبجەش بکەن .

  تێبینی: ئەم دیمانەیە لە ئۆکتۆبەری ژمارە ٧ بڵاوبۆتەوە…

Check Also

ئەزمونێکی شیرینی کۆمۆنیستی و کرێکاری!…

له یادی شاپور عبدالقادر و قابیل عادلدا … نووسینی: ئیبراهیم حسێن … ٢٣ ساڵ لەمەوبەر، …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *