داستانی ئەو شەڕەی هاوڕێیان سەردار مەحمود عارف  و نامیق عەزیز عەلی ” تێیدا گیانیان بەختبوو…

 ٣١/٠٣/ ١٩٩١ڕۆژێکی زۆرناخۆش لە ژیانم…

نووسینی/ ئەنوەر نوری …

(ئەمەی کە من دەینوسمەوە ئەوەیە کە من  بە چاوی خۆم بینیومە. لەوانەیە هاوڕێکانی دیکەش ئەوەی بە چاوی خۆیان بیویانە بینوسنەوە، ڕەنگە ڕووداو و دیمەنی زۆرتریان بینی بێت).

لە یادی هاوڕێیانی گیانبەختکردو نامیق و سەردار و هەموو ئەو مرۆڤانەی لەو ڕۆژەدا ژیانی خۆیان پێشکەشکرد لە پێناو ڕزگارکردنی ژیانی هەزاران لە خەڵکی کوردستان.

لە پێش ڕاپەرین ئێمە هەندێک لە هاوڕێ و خزموکەسی خۆمان چووبوینەوە دەرەوەی شار و لە ناوچەی قەرداغ خۆمان دەپاراست تا نەکەوینە بەر دڕندایەتی حزبی بەعس. ئەگەر چی  ئایندەمان دیار نەبوو  کە چیمان بەسەر دێت، بەڵام چەکداربووین و زۆر بە باوەڕەوە خۆمان دەپاراست و وەک هێزێک جوڵەمان دەکرد.  ئەوکات هەموومان خۆمان بە چەپ و هەندێک بە کۆمۆنیست دەزانی قسەو باسی زۆر خۆشمان دەکرد. ڕێزو خۆشەویستی زۆرمان بۆ یەکتر هەبوو. ئەگەر چی خواردنمان بە پێی پێویست نەبوو، بەڵام هەر سەرحاڵ و بە ورە بووین.

لەو دەورەیەشدا لەگەڵ هاوڕێ نامیق و هاوڕێ سەردار پێکەوە بووین کە ڕاپەرین لە ڕانیە دەستیپێکرد  ئێمە هەموومان زۆر متابەعەی وەزعی ناو شارمان دەکرد لەڕێگەی ڕادیۆوە. ڕۆژی ٠٨/٠٣/١٩٩١ گەیشتینەوە ناو شاری سلیمانی. من پاش چەند ڕۆژێک پەیوەندیم کرد بە شورای سەیوانەوە. هاوڕێ نامیق زۆر عەوداڵی بینینەوەی هاوڕێ ڕێکخراوەییەکەی بوو لە ڕەوتی کۆمۆنیست. زۆر کات سەردانی شورای ناوەندی جمهوری دەکرد. منیش  ئەگەر چی هەڵسوڕاوی شورای سەیوان بووم کە ئەو چەند ڕۆژە لەو شورایە کاری زۆر باشمان کرد. پێشینەی سیاسی  من ئەندامی ئاڵای شۆڕش بووم بەڵام زیاتر لە ٢ ساڵ بوو کێشەی سیاسیم هەبوو لەگەڵ ئەو ڕێکخراوەدا و کەنارە گیریم کردبوو.

بەهەر حاڵ ڕۆژی ٢٢ی ئازار١٩٩١ لە فولکەی خەبات  نامیق و سەردار و من یەکترمان بینی، پاش هەندێک هەواڵ و قسەوباس نامیق وتی ئاگات لێیە شەڕێکی قورس هەیە لە معسکر خالید و ناگیرێت، و بەعسیەکان مقاوەمەیەکی قورس دەکەن. وتی پێم باشە بچین بەشدار ببین بۆ ڕزگارکردنی ئەو سەربازگەیە. هەردووکمان ڕامان وابوو مانەوەی ئەو سەربازگەیە زۆر خەتەرە بۆ ئایندە.

 ئەو کات  ئێمە وەک کەسانی چەپ و کۆمۆنیست زۆر بە ئاگا نەبووین و خاوەن تەجروبە نەبووین،   بەگشتی بزوتنەوەی شورایی و ڕێکخراوە کۆمۆنیستەکان بە تەجروبە بوون. نە حزبمان هەبوو نە ڕابەری خاوەن بە نفوز و خاوەن تەجرەبە، هەر بۆیە پەرشوبڵاو بووین. بە هەر حاڵ ئێمە  بڕیارماندا لەگەڵ ئەو هێزەی یەکێتیدا بچین بۆ ئەو شەڕە. ئێمە خۆمان چەکمان هەبوو  زۆر بڕوامان وابوو ئەگەرحزبی بەعس نەمێنێت لانی کەم  ڕزگارمان بووە لە دەست تەواری و هاربی.

ڕۆژی ٢٦/٣ لە قوتابخانەی ناوەندی خەباتەوە بە پێشوازیەکی زۆرگەرمی خەڵکەوە بەرێکەوتین بەرەو کەرکوک، کە گەیشتینە چەمچەماڵ. لەوێ وتیان کە لێرە دەبین و لەوێ ماینەوە تا ئێوارەی ٣٠/٣

سەعات چوار و نیوی ئێوارەی ٣٠/٣  ئاگاداریانکردینەوە کە دەڕۆین بۆ کەرکوک و خۆتان ئامادەبکەن. سەعات پێنجی ئێوارە دەرچوین، کە گەیشتینە چیمەن پێش کەرکوک سێ بەرزایی لەمبەر و ئەوبەری جادەکەیە ئەو هێزەی ئێمە کە ٥٤ کەس بوین لە پێشی پێشەوە بوین، بەڵام ئێمە ئەوەمان نەدەزانی کە کەرکوک گیراوەتەوە و ئەوێ پێشی جەبهەیە. کراین بە سێ بەشەوە ئێمە هەموومان خزموکەس بووین کاک ئیسماعل مەسئولی عەسکەریمان بوو. کاک حەمەعەلی بەر خانەقاش مەسئولی هەمووو هێزەکە بوو.  گردی سەرجادەکەمان بەرکەوت. پاش نانخواردنێکی سەرپێیی و سەنگەر خۆش کردن بۆ شەو. سەعات ١١ شەو کاک حەمە علی گووتی ” خزمەکانم ئەمە پێشی جەبهەیە و هیچ هێزک لە پێشمانەوە نییە، گووتی لە عیبارەتی ئێستاوە هەرکەسێکتان بینی لەودیوی سەنگەرەکان ڕووەو کەرکوک تێی مەخوڕن و یەکسەر تەقەی لێبکەن”. هەروەها  گووتی ٢٤ سەعات لێرە دەبین وەک دڵی خەبەری دابێت گووتی” بە هیوام هیچ روونەدات”. بڕواناکەم کەسمان خەوتبێت ئەو شەوە، بەڵام بە ڕەسمی من و هاوڕێ نامیق هەم حەرەس بووین هەم  کەمین لە سەعات ١٢ی شەوەوە تا ٦ی بەیانی ئیتر دنیا ڕوون بوەوە پێویستمان بە حەرەس نەبوو چونکە هەمووو بە خەبەر و لە سەنگەرەکاندا بوون. کاک حەمە علی گووتی “خزمەکانم دەتوانن هەندێک دار بهێنن و چایەک لێبنێن و نان بخۆین”،  من و هاورێ نامیق چوین بۆ دار‌هێنان هەندێک داری ئاوماڵک کە لافاو هێنابووی کۆمانکردەوە و بە باوەشمانەوە بوو بانگیانکردین و گووتیان وەرنەوە خێرا لەوە دەچێت هێزەکانی سەدام هجوم بکات. دارەکەمان فڕێدا، تفەنگەکانمان لە شانمان داگرت و گەڕاینەوە. بەدەم ڕێوە بووین هاوڕێ نامیق گووتی” زۆر گرنگە لەم شەڕەدا نەکوژرێین و سەلامەت بین بەڵام ناشترسین هەرچیەک ببێت”.

تەیارەی سیخۆ بەسەرماندا دەسوڕایەوە گووتیان هیچ نییە ئەوە تەیارەی تەحالفەو حیمایەمان دەکات، ئەوە زۆر ورەمانی زیادکرد، هەرچەندە واش نەبوو تەیارەی سەدام بوو. کاک حەمە علی  بانگی پێشمەرگەیەکی کرد ئەگەر هەڵە نەبم ناوی جمال بوو خەڵکی پێنجوین بوو. کاک حەمە علی گووتی ” بچۆ جیهاز بکە داوای هێز و چەکی قورس بکە و بڵێ وەزعەکە زۆر خەتەرناکە”. ناوی نهێنی  جیهازەک مامە قالە بوو زۆر هاواری کرد لە جیهازەکەوە مامە قالە، مامە قالە جواب نەبوو. کاک جمال چووە بەرزایەکی کە زۆر محاوەلەی مامە قالەی کرد هەر وەڵام نەبوو. گەڕایەوە لامان و نائومێد بووین لە هێزی یارمەتی. ئیتر تەیارە سیخۆکان نەمان و هەلیکۆپتەر پەیدا بوو، ٣ هەلیکۆپتەری شەڕکەر و ٢ هەلیکۆپتەری حەماڵ.   کاک حەمە علی لەو کاتەدا بە هەموومانی گووت ” خزمەکانم دەتوانین ڕابکەین و نە کوژرێین، بەڵام باوەڕتان هەبێت لەدوای خۆمانەوە ئەو هێزەی دوژمن بە هەزاران لە خەڵک دەکوژن کە ئاگایان لەم هێڕشە نییە. با بکوژرێین و ئەو خەڵکە دەربازببن”، ئێمەش سەری ڕازیبوونمان بۆ شەڕکردن لەقاندو گووتمان تۆ فەرماندەیت بڕیار لای تۆیە. هاوڕێیانی  شانی چەپمان بە دۆشکە  تەقەیان  لە هەلیکۆپتەرەکان کرد و هەلیکۆپتەرەکان دورکەوتنەوە لە چاومان ون بوون، ئیتر لە هەردوو لاوە بانگ کراین کە  ‌‌هێزەکانی دوژمن دەستیان کرد بە جوڵە بەرەو ڕوومان دەهاتن.

 فەرماندەی گشتی هاواریکرد لێیاندەن  لە هەر سێ گردەکەوە تەقەمان لە هێزەکە دەکرد، زۆر نزیک بوون  کەمتر لە ٢٠٠ مەتر بۆ ماوەی زیاتر لە نیو سەعات بۆ ٤٥ دەقیقە ئێمە زۆر مسەیتر بووین، چاومان لێبوو فەرماندە عەسکەریەکانی ئەوان بە دار لە جوندیەکانیان دەدا بۆ هێرشکردن بەرە و گردی لای دەستە ڕاستمانەوە، بەڵام مەجالمان پێ نەدەدان .

 جارجارە سەیرێکی یەکترمان دەرکرد بۆ زانینی ساغ و سەلامەتی. هەلیکۆپتەرەکان گەڕانەوە سەر ئاسمانی شەڕەکەو زۆر بە چڕی و دەقیق قەسفیان دەکردین. هەر لەسەرەتاوە عەدەد دۆشکەکەمان (شەهابە کۆڵ) بە قەناس پێکرا، بە سەیارەکە بردیان بەرەو سلێمانی بەڵام بە داخەوە لە ڕێگا گیانی بەختکردبوو، نە گەشیتبووە خەستەخانە. وردەوردە تەوازنی شەڕەکە دەگۆڕا، ئێمە بەس بە کڵاشینکۆف و ئاڕبیجی شەڕمان دەکرد، دوژمنیش بە پێشکەوتوترین چەکی قورس. وا دەزانم ئێستەیە نازانم تۆپ بوو یان ساروخ دای لە گردەکەمان  ئەوەندە بە هێزبوو قورێکی زۆری کرد بە سەرماندا و هاورێ ( نامیق) ی فرێدایە دەرەوە لە سەنگەرەکەی تفەنگەکەی لە دەست پەڕی و هەستایەوە گووتی” ئەرێ ئەوە چی بوو”، خۆشبەختانە سەلامەت بوو تەنانەت برینداریش نەبوو بەڵام سەنگەری گۆڕی. کوڕێک بە ناوی علی بە سوکی لێوی بریندار بوو. برینەکەی بوو بە خێر بۆیی و چووە دواوە و ڕۆیشت دەرباز بوو. ئەوەی من دەیگێڕمەوە لە فلیمی شەڕیشدا نەبینراوە بەس گڕو دوکەڵی چەکەکانی دوژمن ئاسمان و زەویەوە دنیای گرتبوو. واتدەزانی زەویەکە دەکوڵێت،  بەڵام هەم ئەو دەووبەرە مێرگ بوو هەم سەنگەرەکانی ئێمەش قایم و مەحکەم بوو، بۆیە هێشتا هەر سەلامەت بووین. هەر ورەمان بەرز بوو. دیار بوو هاوڕێیانی ئێمە لە دوو گردەکەی تر کە توانایی بەرگریان کەم بووبوو تەوازنی شەڕەکە لە ڕووی چەک و تەقەمەنی یەوە زۆر جیاوازبوو.

بڕیار درا پاشەکشە بکەین بەڵکو دەربچین، چونکە ئەوەی لەدەستمان هاتبێت کردمان شەڕێکی زۆر لێبڕاوانەمان کرد، کار گەیشتبووە ئەوەی تێکەڵ ببین لەگەڵ هێزەکانی دوژمن دا. ئێمە حەلێکمان نەبوو خۆشمان نەدەدا بە دەستەوە.  دەبابەیەک تەنگی بە گردەکەی  ئێمە هەڵچنی دەیویست بێتە سەرەوە! کاک حەمە علی گووتی محاوەلە دەکەم بەڵکو ئەم دەبابەیە تێکبشکێنین یان پەکیبخەین چونکە بهاتایەتە سەرەوە هەموومانی دەکوشت. من و کاک ئیسماعل و کاک حەمە علی مابوینەوە بەس ئەو سیانە. محاوەلەی کرد بە ئاربیجی لە دەبابەکە بدات، تەقەیان لێکردین نەیتوانی تەقە لە دەبابەکە بکات محاوەلەی دووەم کاک حەمە علی یان بە قەناس پێکا. بە جۆرێک پێکایان دیار بوو دڵی پێکرابوو لەگەڵ کەوتنی و  یەکسەر گیانیدەرچوو. شوێنی کەوتنەکەی لێژ بوو لاشەیم  سوڕان سەری بۆ سەرەوە و ئیتر بە نائومێدی بە بێئومیدی ڕزگار بوونم چەکەکەی ئەویشم هێنا و منیش دەستم کرد بە ڕاکردن، هاورێکانم بە سەدان مەتر دورکەوتبونەوە، بەڵام هەر دەم بینین هەر ڕایان دەکرد. بەشێک لە هێزەکەی دوژمن پێشڕەویان کرد بەرەو قەرەهەنجیر چەندین کیلۆمەتر ڕۆیشتبوون . کۆپتەرەکان وازیان لە ئێمە هێنا. ئەوەی شپرزەی کردبووین دۆشکە، تۆپ، قەناس و کلاشینکۆف بوو کە وەک باران بەرەو ڕومان دەهات لە پێش و دوامانەوە هەر تەقەیان لێدەکردین. حاڵەتەکە ئەوە بوو بۆ ئەوەی بەدیلی نەیانگرتینایە هەر کەسەو دەبوایە دیفاعی لە خۆی بکردایە بە تایبەت ئەوانە هێشتا دەرباز نەبوبون،  من یەکێکیان بووم . قەناس بە دەستەکانیان وێرانیان کردبووین لە کاتی ڕاکردنیشدا.

قەت ناتوانم ئەو  دیمەنە لە بەر چاوم دەربکەم کە  ئەوکاتەی کە دەستم کرد بە ڕاکردن بینیم هەندێک لە هاورێیانی گردەکەی چەپمانەوە نازانم  دەیان ویست ڕابکەن یان  بگەنە لای ئێمە بۆ ڕاکردن پێکەوە. ئەو شوێنە پردێکی لێبوو، بەڵام ئەو هاوڕێیانە  نە گەیشتبونە پردەکە،  هێزێکی زۆری دوژمن گەیشتە سەریان دەمبینی گولەبارانیان دەکەن دەخولانەوە و تلیان دەدا لە ناو ئەو قوڕ و لیتەیەدا. بەڵام  هەر بەردەوام  بێ وێژدانانە فیشەکیان پێوە دەنان و گوولەبارانیان دەکردن.  لەوانە کوڕی پیاوێکی تێدابوو بە کراسەکەی بەریدا ناسیمەوە کە شەوهات بۆ بەرەی شەڕ. ئەگەر هەڵە نەبم باوکی بوو ئێوارەی پێشو هینای بۆ ئەوێ، دەوری سەعات حەوتی ئێوارە بوو  پیاوەکە ناوی کاک یەحیا بوو کوڕەکەی ناوی سیامەند بوو زۆر بەداخەوە سیامەند لەگەڵ ئەو چەند کەسەدا  کوژرا و هاورێکانیم نەدەناسیەوە.

پاش راکردنێکی زۆر و خۆدان بە زەوی و تەقە و بەد بەختیەکی زۆر گەیشتمەوە بە هاوڕێیان سەردار و نامیق. من گووتم من  ئەخیر کەس  هاتووم کاک حەمە علی کوژرا. زۆر ناڕەحەت بووین. نامیق گووتی” شێت بووم بەدەست تفەنگەکەمەوە  چونکە وەقفە زۆر دەکات دەوەستێت”، سەرداریش گووتی” دیکتارۆفەکە زۆر قورس بوو بۆم نەدەهات فڕێمدا”، منیش گووتم “باشت کرد دەستت خۆش بێت”. ئالەوێدا نامیق تفەنگەکەی کاک حەمە علی لە من  وەرگرت و تفەنگەکەی خۆی دا بە سەردار. بڕیاری  دەربازبوونی زیاترماندا. ئەو شوێنە چەمۆڵک چەمۆڵکە و ئاو دڕە بوو، لەگەڵ دەرچوندا قەرار بوو ئەوان بەدوای مندا بێن پێکەوە بڕۆین، بەڵام  من کەوتمەوە ڕێگەیەکی هەڵە و جارێکی کە کەوتمەوە نزیک هێزەکانی دوژمن، چونکە بەرەو شوێنێکی خراپ جوڵابووم وەک بۆ دواوە گەڕابێتمەوە وابوو. ئیتر هاتە مێشکم و گووتم” ئەخیر فرسەتی خۆمم لەدەست دا”. بەڵام بڕیارمدابوو کە نابێت بە دیلی بگیرێم خەمی کوشتنمم نەبوو. تەقەیەکی زۆریان لێکردم و جارێکی کە دنیا بوەوە بە ئاگر و دوکەڵ، پشتم گردێکی بەرزی ناخۆش نزیکیشم هێزەکانی دوژمن؛ من کەوتم لەوان وایە پێکرام و کوژراوم لەو کاتەدا نازانم ئەو کەسە لەکام لە هێزەکانی خۆمان بوو نەم ناسی دەیگووت” چەکەکەت فڕێدە دەت کوژن”،  گووتم” تۆ بڕۆ هەقی منت نەبیت” گووتم “خۆ هەر کوژراوین ئیتر چەک بۆ فڕێدەم” ئەو بێچەک بوو. نازانم ئەو چی بەسەر هات. من زیاتر لە چارەکێک بێ جووڵە بووم. زیاتر لە دە چەکداری عێراقی دیاربوو کاریان پاراستنی ئەوێ بوو بەرەو من دەهاتن، نازانم بۆ چەکەکەم  بوو یان بۆ پارەی گیرفانم گەرچی بەس ٢٠ دیناریشم پێ بوو. ئومێدی دەرچونم نەمابوو بەڵام گووتم” خۆ من هەر کوژراوم بڕیاری تەقەمدا” هەر لەگەڵ تەقەکردنم و هەموویان هەڵهاتن بۆ  سەر جادەکە و ئەو بەری جادەکە،  جارێکی کە مەجالم بۆ کرایەوە و ڕامکرد. لە سەنگەرەکانی خۆمانەوە بە دەیان بە ئەنواع چەک تەقەیان لێدەکردم بە سوتفە دەرچوم خەریک بوو دەرباز دەبووم بینیم کەسێک لە پێشمەوە ڕادەکات بینیم کاک ( ئیسماعیل) ە بەڵام ئەو بە قەناس پێکرا و بریندا بوو کەوت. گەڕامەوە پاش محاوەلەی دەربازکردنی ئەو خوێن بەربونێکی زۆرو وڕوگێژ بوبوین. گوێمان کاس ببوو هیچمان نەدەبیست. هەر چۆنیک بوو تۆزێک دورکەوتینەوە. دوو کەسیکەمان بینی پاش تێخوڕین و پرسیار لێکردن ئەوانیش دوو کەس بوون لە هێزەکەی خۆمان کە ئێمە نەمان ناسیبوون. هەردوکیان بریندار بوون بە ناوەکانی  (مام ئەنوەری نانەواچی و کاک سدیق) خەڵکی ئێران بوون ئەندام و چەکداری کۆمەڵەی یەکسانی بوون. دەربازبوونی من بە سوتفە بوو نەک ئازاتر لە هاوڕێکانی کەم. هەموو ئەو هاوڕێیانە ئازاو لێهاتوبوون سەرەڕای ئەوەی زۆرێک لەو هاورێیانەی کە لەگەڵ کاک ئیسماعیل دا  هاتبون تەمەنیان خوار ١٨ ساڵ بوو.  سەڕای ئەو هەموو ناخۆشیە دڵم خۆش بوو گووتم هاوڕێیان سەلامت بووین و دەربازبووین، بەڵام سەد حەیف (سەردار و نامیق) گیانیان بەختدەکەن و  مێژوویەکی پڕ سەروەریان بۆ خۆیان نوسیەوە و ئازارێکی زۆریش بۆ هاوڕێیانیان.

ئا لەو کاتەوە ئەوە  ٣٠ ساڵی تەواوە هەمووو ساڵێک لەم مانگەدا،  زۆر لە خەوی شەوانمدا ئەو دیمەن و کارەساتە دێتەوە یادم بۆ سەردار و نامیق دەگەڕێم و دەڵێم ” نایەڵم ئەمجارەیان لێم ون ببن! کاتێک خەبەرم دەبیتەوە  پشتیەکەم تەڕ بووە لە فرمێسکی چاوانم . هەناسەیەکی قوڵ و خەو زڕانیکی درێژ. ئەگەر ژیان بسڕرایەتەوە ٣١ی سێم  لە ژیانمدا دەسڕیەوە

یادی هەمووو ئەو هاوڕێیانە بەرز و بەڕێزە کە لەو رؤژەدا زۆر نیاز پاکانە گیانی خۆیان بەختکرد لە پێنا و ڕزگار بوون و سەلامەتی خەڵکی کوردستاندا. بە گیان فیدایی نامیق و سەردار و کاک حەمە علی  و سیامەند و  دەیان هاوڕێی ترمان کە خەڵکی کوردستانیان لە ئەنفالیکی تر پاراست… لە کۆی ٥٤ کەس لەو شەڕەدا ٢٢ کەسمان گیانیبەخت کرد.

 یادیان هەمیشە بەرز و بەڕێزە لە یادەوەریەکانمدا. ڕێگایان بەردەوامە بۆ دنیایەکی باشتر

Check Also

پەیامەکانی سەردانەکەی ئۆردوگان!

موحسین کەریم رۆژی دووشەممە ٢٢ی نیسان رەجەب تەیب ئۆردوگان سەردانی بەغدای کردو لەگەڵ بەرپرسانی عێراق …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *