لینین لە لاپەڕەیەک لە یادەوەریەکانی ترۆتسکی دا، یەکەمین دیداری نێوان لینین و ترۆتسکی …

نووسینی: لیۆن ترۆتسکی …

 وەرگێڕانی لە ئینگلیزیەوە: سالار حمەسەعید …

 لینین لە وتەیەکی دا لە ساڵی ١٩١٠ دا دەڵێ: ”جیابوونەوەی ساڵی ١٩٠٣ چاوەڕوانکراو بوو”. بێگومان ئەو رۆژگارەی ئیسکرای کۆن (ساڵی ١٩٠٠ تا ١٩٠٣) گرنگیەکی دەروونی بێهاوتای هەیە لە ژیاننامەی داهاتووی گەورەی لینین دا وە لەهەمانکاتدا لە خستنەڕووی کێشە سەخت و گەورەکاندا. تەنها لەم چەند ساڵە کورتەدا لینین بەدەقیقی (بەڕاستی) لینین بوو. ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کە لینین لەوە زیاتر گەشەی نەکردبێت و پێنەگەیبێت، بەپێچەوانەوە ئەو گەشە و نەشونمای کرد. بەچ ڕێژەیەک؟ هەر بەو ئەندازەیە گەشە و زیادیکرد کە لەپێش ئۆکتۆبەرەوە بۆ پاش ئۆکتۆبەر بوو. بەڵام زیاتر گەشەیەکی ئۆرگانیک بوو. ئەو بازدانە بەڕاستی گەورەبوو لە نایاسایی بوونەوە (قاچاغبوونەوە) بۆ گەیشتنە دەسەڵات لە ٢٥ی ئۆکتۆبەری ١٩١٧. بەڵام ئەو گەشەیەی کە تیای ڕوویدا پێش جیابوونەوە و لێکترازانەکە لە کۆنگرەی دووەمی حزبدا بازدانێکی ناوەکی (ناوخۆیی) لەخۆگرتبوو کە تێبینی نەدەکرا لەلایەن خەڵکانی دەرەوە. لە پاییزی ١٩٠٢ دا گەیشتمە لەندەن. ئەبێت مانگی ئۆکتۆبەر بووبێت بەیانیەکی زوو تەکسیەکم گرت، چونکە دەمبینی خەڵکی تریش وایاندەکرد، چوومە ئەدرەسێک کە شوێنی مەبەستم بوو لەسەر پارچە کاغەزێک بۆم نووسرابوو. ئەو ئەدرەسە ماڵی ڤلادیمیر ئیلیچ (لینین) بوو. پێش ئەمە دەبێت لە زوریخ بووبێت کە پێم وترابوو چۆن و بەچی شێوازێکی دیاریکراو لە دەرگا بدەم. تا ئەوجێگەیەی لەیادمە ” نەدیژدە کۆنستانتینۆڤا ” (کروپسکایای هاوسەری لینین) دەرگای لەمن کردەوە، من بە لە دەرگادانەکەم ئەوم لە جێگە هێنابوەدەر. بەیانیەکی زۆر زوو بوو، هەر پیاوێکی بە هەست و نەست و ئاشنا بە ئوسوڵی نۆرماڵی ژیان ماوەی سەعاتێک یا دوو سەعات چاوەڕێی دەکرد لە ئیستگاکە لە جیاتی لێدانی دەرگای ماڵێکی غەریب لەبەرەبەیاندا. من هێشتا لەژێر کاریگەری سەفەرەکەی ” ڤێرچۆلینیسک ”دا بووم، هەر بەهەمانشێوە هەموو کەسێکم خەبەرکردبۆوە لە نیوە شەودا لە ماڵی ” ئەکسلرۆد ” لە زوریخ . ڤلادیمیر ئیلیچ هێشتا لە جێگەدابوو و بەسەرسوڕمانێکی مەعقوولەوە بەخێرهاتنی کردم. لەوەها هەلومەرجێکدا بوو کە یەکەمین بینین و گفتووگۆکردنمان ڕوویدا. ڤلادیمێر ئیلیچ (لینین) و ”نەدیژدە کۆنستانتینۆڤ ا” (کروپسکایای هاوسەری لینین) پێش ئەوە منیان دەناسی لەڕێگەی نامەیەکی ” کلێر ”ەوە (کرچیچانۆڤسکی) کە بەشێوەیەکی ڕەسمی منی ناساند بە ڕێکخراوی ”ئیسکرا ” لەژێر ناوی ” پێن ” لە ”سامارە”. لەبەرئەوە بەم شێوەیە بەخێرهاتن کرام: مەرحەبا، ” پێن ” هاتووە… چایەکیان دامێ لە موبەق و لەو بەینەشدا لینین خۆی گۆڕی. باسی سەفەرەکەم بۆکردن و هەندێ گلەییم کرد لەباری خراپی ڕێکخراوی سنووری ”ئیسکرا”، وتم: ئەو رێکخراوە لەبەردەست مامۆستایەکی شۆڕشگێڕی کۆمەڵایەتیدایە کە هاودەردیەکی زۆری کەسانی لایەنگری ئیسکرا ناکات لەسەر حسابی ئارگیومێنت و پلیمێکی گەرمدا جگە لەمە لەلایەن قاچاخچیەکانەوە زۆر بێرەحمانە تاڵان کرام و هەموو باج وتاریفەکانیانشیان زیادکردبوو. لەبیرم نەماوە ئایا ئەو بەیانیە بوو یا رۆژێکی تربوو کە پیاسەیەکی دوورودرێژمان لەگەڵ ڤلادیمێر ئیلیچ (لینین)دا کرد پێکەوە بەناو لەندەندا. هەر لەدەرەوە ”وێستمنستەر ئابی” و هەندێ شوێنی بەناوبانگی تری پیشاندام. نازانم چۆن دەریبڕی، بەڵام ماناکەی ئەوەی دەگەیاند کە بڵێت: ”ئەمە وێستمنستەری بەناوبانگی ئەوانە”، لێرەدا ”ئەوان” ئەڵبەتە مەبەستی، هی ئینگلیزی نەبوو، بەڵکو هی دوژمن. تا ئەو جێگەیەی لەبیرمە من گرنگیەکی کەمم دا بە هونەری بیناسازی (ئارکتێچەر) ی لەندەن. بۆ یەکەمین جار بوو کە لە ”ڤێرچۆلێنسک”ەوە سەفەری دەرەوەی وڵات بکەم، ڤیەننا و پاریس و لەندەنم خێرا قبووڵ کردبوو، بەڵام گرنگیم نەدەدا بە وردەکاری وەک ”وێستمنستەر ”. ئەڵبەتە ڤلادیمیر ئیلیچ دەعوەتی نەکردبووم بۆ ئەو پیاسە دورودرێژە بۆ ئەو مەبەستە. مەبەستی ئەوە بوو کە بمناسێت و تاقیمبکاتەوە. لەڕاستیدا تاقیکردنەوەکە ” تەواوی خولەکە/ دەورەکە ”ی گرتەوە. لەوەڵام بە پرسیارەکانی ئەو، وردەکاری تاراوگە (مەنفا) م بۆ باسکرد لە ”لێنا” ( لێنا ئەو شوێنەبوو کە ترۆتسکی تیا نەفی کرابوو) لەگەڵ باسی گروپە ناوخۆییەکان. هەڵویست سەبارەت بە خەباتی سیاسی چالاکانە و ڕێکخستنی ناوەندی و تێرۆریزم، ئەمانە هێڵی سەرەکی دابەشبوونەکانی ئەو کاتانەبوون. ئینجا ڤلادیمێر ئیلیچ پرسی: ”باشە ئەی هیچ جیاوازی بیروبۆچوون نەبوو لەپەیوەند بە سیاسەتی برنشتاین؟”. منیش بۆم باسکرد کە چۆن کتێبی برنشتاین و کاوتسکیمان لە زیندانی مۆسکۆ ئینجا دواتر لە تاراوگە خوێندۆتەوە. پێم گووت هیچ کام لە مارکسیستەکانی ناو ئێمە نەهاتنەدەنگ لە پشتیوانیکردن لە برنشتاین. بەڵام ئێمە هیچ هێڵێکی پەیوەندیکردنمان نەکێشا لەنێوان خەباتی تیۆری کە لە گەشەکردندا بوو لەمەیدانی نێودەوڵەتیدا و لەنێو قسەو گفتوگۆ سیاسیەکانی ئێمەدا وە تەنانەت بیریشمان لێ نەدەکردەوە بەلانی کەمەوە تا یەکەمین ژمارەی ئیسکرا و نامیلکەی ”ما العمل/ چی دەبێ بکرێت؟” ی لینین لە ” لێنا ”. هەروەها پێم وت کە چۆن نامیلکە فەلسەفیەکانی ”بۆگدانۆف” مان بە تامەزرۆوە خوێندۆتەوە و زۆر بە ڕوونی دەلالەت و گرنگی تێبینی ” ڤلادیمیر ئیلیچ لینین “م لەبیرە، بۆ ئەویش ئەو نامیلکەیە سەبارەت بە رێوڕەوشی مێژوویی تێڕامان لە سروشت پێدەچوو پڕبایەخ بێت. بەڵام پلیخانۆف لەگەڵ ئەم بۆچوونەیدا نەبوو و ڕایگەیاند کە ماتریالیستی نییە. ڤلادیمیر لینین لەم بارەیەوە خۆی بۆچوونێکی تایبەت بە خۆی نەبوو سەبارەت بەم کێشەیە و تەنها بۆچوونەکانی پلیخانۆفی دەوتەوە. بۆچوون و تێڕوانینەکانی پلیخانۆف تووشی سەرسوڕمانێکی زۆری کردبووم. لینین سەبارەت بە زانستی ئابووریش خستمیە ژێر تاقیکردنەوەوە. منیش پێم وت کە بەکۆمەڵ و پێکەوە لەزیندانی مۆسکۆ کتێبەکەی ئەومان خوێندۆتەوە کە بەناوی ” گەشەی سەرمایەداری لەروسیادا ”یە، هەروەها کارمان لەسەر کتێبی ”سەرمایە” دەکرد کاتێ لە مەنفا ”تاراوگە” بووین و لە بەرگی دووەم دا وەستاین. باسی ئەو ژمارە زۆرە لە ئامار و داتایانەم کرد کە بەکارهاتوون لە ئامادەکردنی کتێبی ”گەشەی سەرمایەداری لە روسیا”. هەروەها وتم کاتێک لە زیندانی مۆسکۆ بووین زۆرکات بە سەرسوڕمانەوە باسی ئەو هەموو کارە زۆرەمان دەکرد کە بۆ تەواوکردنی ئەم کارە (ئەم کتێبە) سەرفکراوە. لە وەڵامدا لینین وتی: بەڵێ، بەڵام لەڕاستیدا هەمووی پێکەوە لەیەککاتدا ئەنجام نەدراون. بێگومان ئەوە خۆشحاڵی کرد کە هاوڕێ لاوەکان زۆر بەوردی گرنگترین کاری ئابووری ئەویان ئاوا بەگرنگیەوە خوێندۆتەوە. ئێمە باسی دەرکەوتنی ”میکایلسکی”مان کرد و کاریگەریەکەی کە لە تاراوگە داینابوو لەسەرمان کە زۆرێک لە ئێمە تەسلیمی بووبووین. پێموت کە یەکەمین ژمارەی نوسینەکانی میکایلسکی کە بەدەستمان گەیشت لەوێ لە ” لێنا ” ڕەخنەی توندی ئەو بوو لە ئۆپۆرتیۆنیزمی دیموکراسی کۆمەڵایەتی کە کاریگەری زۆر بەهێزی لەسەر زۆرێکمان دانابوو کە هاوئاهەنگ بوو لەگەڵ رەوتی بیر و بۆچوونێک کە لە ئارگیۆمێنت و پلیمیکی نێوان کاوتسکی و برنشتاین دروستببوو. نەدیژە کۆنستانینۆڤا کروپسکایا شوێنێکی حەوانەوەی بۆ پەیداکردم کەمێک لەولای ماڵی ساسۆلیچ و مارتۆف و بلومێنفێلد (ئەو کەسەی کە ئیسکرای بڵاودەکردەوە). ژوورێکی چۆڵ هەبوو بۆمن، خانووەکە خانوویەکی شێوازی بیناسازی ئینگلیزی بوو کە بەشێوەی ستوونی هەڵکشابوو، نەک ئاسۆیی. ئەلکسیف رێزی زۆری هەبوو بۆ لینین، ئەویش وتی ”من لەوباوەرەدام ئەو زۆر گرنگترە لە پلیخانۆف بۆ شۆڕش”، بێگومان من هیچم نەوت بە لینین، بەڵام ئەمەم بە مارتۆف وت ئەویش هیچ وەڵامێکی نەبوو. دەستەی نووسەرانی ئیسکرا: ٣ کەسی بەتەمەنیان بریتیبوون لە پلیخانۆف و ساسولیچ و ئەکسیلرۆد وە ٣ کەسی گەنجیان لینین و مارتۆف و پۆتریسۆف بوو. پلیخانۆف و ئەکسیلرۆد لە سویسرا دەژیان و ساسولیچ لە لەندەن لەگەڵ گەنجەکاندا دەژیا. پۆتریسۆف یش لە شوێنێک دەژیا لەم کیشوەرەدا (مەبەست کیشوەری ئەوروپایە). ئەم دووریە لەیەکتر کێشەی تەکنیکی نەگونجاوی دروستکردبوو ئەگەرچی هیچ کێشەی بۆ لینین دروست نەکردبوو بەڵکو بەپێچەوانەوە. لینین پێش گەڕانەوەم بۆ ئەوروپا باسی ئەوەی بۆکردم کە پلیخانۆف داوای ئەوەدەکات کە هەموو ستافی ئیسکرا بگوێزرێنەوە بۆ سویسرا، بەڵام لینین دژی ئەمە بوو چونکە پێی وابوو کارەکان سەختتر دەکات. جا بۆ یەکەمین جار تێگەیشتم کە ئەو ستافەی کە لە لەندەن ماونەتەوە تەنها پشتبەستوو بە ڕێنماییەکانی پۆلیسەوە نەبووە، بەڵکو پشتبەستوو بە ئەندامانی ڕێکخستنیشەوە بووە. ئینجا چووم بۆ ”وایت چاپڵ” ئەو شوێنەی کە لەگەڵ چایکۆفسکی بەتەمەن و “چێرکیسۆف” ی ئەنارشیست دا چووم کە ئەویش چیدی گەنج نەبوو. هاوڵاتی دێرینی لەندەنی ”ئەلکسیف” کە پەیوەندی هەبوو بە ئیسکراوە دەستیکرد بەباسکردنی ژیانی ئینگلیز و سەرچاوەی تەواوی زانیاریەکانم بوو. لەبیرمە پاش گفتووگۆیەکی تێروتەسەل لەگەڵیدا لەو رێگەیەماندا بۆ ”وایت چاپڵ” و گەڕانەوەمان دوو بیروبۆچوونی سەرەکی ئەلکسیفم بۆ لینین گێڕایەوە. یەکێکیان سەبارەت بەهەڵوەشاندنەوەی رژێمی سیاسی روسیا و ئەویتریان سەبارەت بە دوا نامیلکەی کاوتسکی. ئەلکسیف وتی ”ئەم هەڵوەشاندنەوە و داڕمانە بە شێوەیەکی وردە وردە ڕوونادات. بەڵکو بەشێوەیەکی کتوپڕو لەناکاو دەبێت لەسەر حسابی ناهەمواری ئۆتۆکراسی” بە شێوەیەکی تایبەت هەستم بە وشەی ناهەمواری و توندی و کەلەڕەقییەکە کرد. کاتێک ئەو باسەم بۆ لینین گێڕایەوە ئەویش لەوەڵامدا وتی: ”دەگونجێت ڕاست کات”. ڕاگەیاندنی دووەمی ئەلکسیف دەربارەی نامیلکەکەی کاوتسکی بوو کە بەناوی ”رۆژی دوای شۆڕشی کۆمەڵایەتی” دەمزانی لینین زیاتر کتێبە بچووکەکەی بەلاوە گرنگە هەر بە قسەی خۆی دووجار ئەو کتێبەی خوێندبووەوە و بۆ جاری سێیەم دەیخوێندەوە وابزانم سەرپەرشتی بڵاوکردنەوەی وەرگێڕانە رووسیەکەشی دەکرد. تەنها لەسەر پێشنیاری لینین بە وردی نامیلکەکەم خوێندبۆوە، ئەلیکسیف پێیوابوو کارەکە کارێکی ئۆپۆرتیونیستانەیە (هەڵپەرستانەیە). ”گەوجە” لینین وتی بەشێوەیەکی چاوەڕوان نەکراو لێوەکانی لەیەکقرتاند وەک نیشانەیەکی ناڕەزایەتی لەو.

لە نووسینەکانی ترۆتسکی: لینین و ئیسکرای کۆن. ساڵی ١٩٢٥

  ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٩٥ دا بڵاوبۆتەوە

Check Also

پەیامەکانی سەردانەکەی ئۆردوگان!

موحسین کەریم رۆژی دووشەممە ٢٢ی نیسان رەجەب تەیب ئۆردوگان سەردانی بەغدای کردو لەگەڵ بەرپرسانی عێراق …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *