وتەی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان لە لایەن (عامر سابیر)ەوە لە یادی یازدە ساڵەی تیرۆری (سەردەشت عوسمان)دا لە سیدنی ئوسترالیا….

ئیوارەتان باش،

من عامر سابیرم، وتەی حزبی کۆمۆنیستی کرێکایی کوردستانتان پێشکەش ئەکەم.

سەرەتا لە یادی یازدە ساڵەی تیرۆری سەردەشتی ئازیردا، سەری ڕێز و نەوازش بۆ دایک و باوکی سەردەشت، بۆ خانەوادەکەی،  دائەنەوێنم کە ئەوە یازدە ساڵە لە شاری هەولێردا قارەمانانە خۆیان ڕاگرتووە و لە بەرانبەر ئەو هەموو فشارەی پارتی و دەزگا سەرکوتکەرەکانیدا، سەرکەشانە و بێباکانە ڕاوەستاون و لە زاری براکانی سەردەشتەوە هاوڕێیان (ئارام و بەشدار)ەوە بەردەوام ئەوە دووبارەئەکەنەوە کە کەیسی سەردەشت کەیسی هەموو خەڵکی ئازادیخوازی کوردستانە و ئەم کەیسە و تەواوی کەیسی تیرۆرەکانی تر بەکراوەیی ئەمێنێتەوە تا ئەو کاتەی ئەنجامدەران و داڕێژەرانی  ئەم  تیرۆرە دڕندانەیە و هەموو ئەوانی تر لە دادکایەکی جەماوەریدا سزای خۆیان وەرئەگرن.

من عاشقی کچەکەی بارزانیم، ئەو وتارە کورتە بە پێزەی سەردەشت بوو، کە تەنز ئامێزانە تیایدا باسی قڵشتی چینایەتی کۆمەڵگای کوردستان ئەکات. کە چۆن کۆمەڵێک مشەخۆر و گەندەڵ و تاوانبار لە هیچەوە بونەتە سەرمایەداری گەورە و پارێزەری ئەم سیستەمە لە کوردستاندا. لە بەرانبەریشدا کرێکاران و زەحمەتکێشانی کوردستان لە هەژاری و نەبوونیدا ڕاگیراوە و دەسەڵاتی میلیشیای و کۆنەپەرستانەی سەرمایەیان بەزۆر و لە ڕێگەی سەرکوت و تیرۆرەوە بەسەر خەڵکی کوردستاندا سەپاندووە.  

ئایا ئێمە کۆمۆنیستەکان وبەرەی ئازادیخوازی کوردستان، بۆ تیرۆری سەردەشتمان لا گرنگە و بەردەوام یادی بەرز ڕائەگرین و کۆڕ و مەراسیمی لەم جۆرەی بۆ ئەبەستین.

سەردەشت ئێستا چەندی نووسیوە، ئەگەر سەدهێندە زیاتریشی بنوسسیایە، بەڵام ئەگەر بە مردنی ئاسایی بمردایە، ئەوا نابووە سیمبووڵی ئازادی لە کوردستان. بەڵام کاتێک وتارێک ئەنووسێ بە ناوی “من عاشقی کچەکەی بارزانیم”  و لەسەر ئەم وتارە کورتە کە تەنها یەک لاپەڕەیە. پارتی و  بارزانی ئەیدزن و وەحشیانە ئەشکەنجەی ئەدەن و بە دڕندانەترین شێوە گولە ئەنێن بەناو دەمێوە و تیرۆری ئەکەن.  وە پاشان بە مردووی یان بە زیندووی بە سەر چەندین بازگەدا ئەیبەن لە موسڵ لاشەکەی فڕێ ئەدەن.

ئیتر ئەم دڕندایەتییەی پارتی دیموکراتی کوردستان و بنەماڵەی بارزانییە، کە سەردەشت ئەکات بە خۆشەویستی هەموو خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان و ئەیکات بەو قارەمانەی کە بەردەوام ئاوا ژیان و نووسینەکانی بەرز ڕائەگرین.

پارتی بە تیرۆرکردنی سەردەشت گەر چی ئەوی بە جەستە لەنیوماندا نەهێشت، بەڵام لە واقیعدا ژیانێکی سەروەری و نەمرییەکی گەورەیان بۆ ئەو تۆمارکرد. ئەوان بە تیرۆری سەردەشت، سەردەشتیان کرد بە سیمبوڵی خۆڕاگری و بەرەنگاربوونەوە لە کوردستاندا. سەردەشتیان کرد بە سیمبوڵی ئازادی لە کوردستاندا.

لەهەمان کاتدا، ئەوان بەم تیرۆرە، مێژووی ڕەشی خۆیان ڕەشتر کرد و بێزاری و تووڕەیی و نەفرەتی خەڵکی کوردستانیان لە خۆیان ئەستوورتر کرد.

وتارێک کە سەردەشتی لەسەر تیرۆرکرا، وتاری “من عاشقی کچەکەی بارزانیم”.  بۆیە زۆر پێویستە کە یەکەم بڕگەی هەموو ئەو سمینار و کۆڕ و یادەوەریانەی کە بۆ سەردەشتی ئازیز سازئەکرێت لە ناوخۆی کوردستان و لەدەرەوەی کوردستاندا، پێویستە بەردەوام بە “من عاشقی کچەکەی بارزانیم” دەست پێ بکات. بە داخەوە لە بەڕێوەبردنی ئەم کۆڕەشدا ئەوکارە نەکرا.

قڵشتی نێوان هەردوو چینی کرێکاران و سەرمایەداران لە کوردستاندا هەرگیز هێندەی ئێستا قوڵ و فراوان نەبووە.

ناسیۆنالیزمی داوکەوتووی کورد کە نوێنەرایەتی سەرمایەداران و سیستەمی سەرمایەداری ئەکات. وەحشیانەترین سیاسەیەکانی ئەم سیستەمە، کە نیولیبرالیزمە، لە چەند ساڵێکی کەمدا بە تەواوی سەپاندوویانە بەسەر خەڵکی کوردستاندا و هەژارییەکی بێ وێنەیان خوڵقاندووە  و نە بوونی خزمەتگوزاریی و بڕین و نەدانی موچە و سەرکوت و پێشێلکردنی ئازادی، بۆتە ڕۆتنی هەر ڕۆژەی خەڵکی کوردستان لە سایەی ئەم دڕندانەی پارێزەری سەرمایەدا.

ئەمانە چی دی ئومێدیان بەوە نەماوە کە بە درۆ و دەلەسەی کوردایەتی خەڵکی کوردستان لەدەوری خۆیان هەڵخرێنن. ئەمانە ئیتر هیوایان بە ئایندەی خۆیان نەماوە. بۆیە تەنها ڕێگایەک کە شکی ئەبەن و پشتی پێ ئەبەسین، تیرۆر و سەرکوت و زیندان و داپڵۆسینە. یان نانەوەی ئاژاوەیە لە ڕێگەی ئەو ئیسلامیانەی خۆیان قەڵەویان کردوون.

حیزبێک ئەگەر بەهێز بێت. دەسەڵاتێک ئەگەر شایستە بێت. لە بچووکترین دەنگی ناڕەزایەتی ژیر دەسەڵاتی خۆی زەندەقی ناچی. دەستگیرکردنی سەدان کەس لە چالاکوانانی بادینان و سەپاندنی شەش ساڵ زیندانی بە سەر ڕۆژنامەنووسان و هەڵسوڕاوانی بادیناندا، لەوانە ئازیزان ( شێروان شێروانی و گوهدار زێباری و هاریوان عیسا و ئەیاد کەریم و شڤان سەعید) دەرخەڕی ئەم ڕاستییەیە.

خەڵکی کوردستان ماهییەتی ئۆپۆزسیۆنی بۆرژوازی کوردیشی لە ڕابردوودا بۆ دەرکەتووت. کە چۆن تووڕەیی خەڵکی کوردستانیان قۆستەوە و بوونە پشتیوانی قاچاخچیانی نەوت و شەریکی دزینی داهاتی کۆمەڵگا و گووشینی زیاتری شیلەی گیانی کرێکاران و قوڵکردنەوەی زیاتری هەژاری.

خەڵکی کوردستان بە گشتی و ئێمە کرێکاران و زەحمەتکێشان بە تایبەتی، ئەوەمان لە هەرکات زیاتر لەلا ڕۆشنە کە لە ڕێگەی پەرلەمان و گاڵتەجاڕی هەڵبژاردنی پڕ تەزویرەوە ناتواندرێ کۆمەڵگا بگۆڕدرێ و بچووکترین گۆڕانکاریی لە ژیانی خۆماندا ئەنجام بدەین.  

بۆیە هەر گرووپ و تاقمێکی تری خانەوادەی کوردایەتی بە ناوی جیاوازەوە بیانەوێ جارێکی تر خەڵک ڕاکێشنە بەر سندوقەکانی دەنگدان و خۆشخەیاڵی بڵاوبکەنەوە. ئەم کارەیان مەحکوم بە شکستە و لە دژی خەڵکی کوردستان و لە بەرژەوەندی دەسەڵاتدارانی ئێستادایە.

خەڵکی کوردستان موشکیلەی لەگەڵ دەموچاوی دەسەڵاتدارانی کوردستاندا نییە. بە ڵکو لە گەڵ ئەو سیستەمە ئابوورییەدایە کە پەیڕەی ئەکەن و پارێزگاری لێ ئەکەن و سەپاندویانە بە سەر کۆمەڵگادا.

گۆڕانکاری واقێعی تەنها لە ڕێگەی وەلاخستنی دەسەڵات و سیستەمی ڕەشی ئەم قاچاخچیانەی نەوت و پارێزەرانی سەرمایەدارییەوە بەدی دێت. بەدیل تەنها هێنانە مەیدانی ئیرادەی خۆمان و دامەزراندنی دەسەڵاتی خۆمانە لە کوردستاندا.

لەم ڕاستایەدا ڕەووینەوەی خۆشباوەڕی بە کوردایەتی و بزووتنەوە کۆمۆڵایەتییە کۆنەپەرستەکانی تر هەنگاوی یەکەمە. کە خۆشبەختانە تاڕادەیەکی زۆر ئەمە هاتۆتە دی.

لە ئێستادا بڕوابوون بە توانا و ئیرادەی خۆمان، وە بەرجەستەکردنەوەی ئەم بڕوا بە خۆبوونە لە خۆ ڕێکخستن و کۆبوونەوەمان لە دەوری یەکترو دامەزراندنی شوراکان و دەسەڵاتی خەڵک لە شآر و لادێکاندا، لە گەڕەکەکان و ناوەندەکانی کار و ژیاندا، یەکەم هەنگای بنچینەییە لەم ڕاستایەدا. تا هەنگاو بە هەنگاو بەرەو پێش ئەچێت و کۆتایی بە دەسەڵاتی مشەخۆرانی ئیستا ئەهێندرێ.

بژی ئیرادەی لەبننەهاتووی خەڵکی کوردستان بۆ بنیاتنانی ژیانێکی باشتر.

بژی ئازادی.

یادی سەردەشت هەمیشە لە دڵماندا زیندووە.

نەمان بۆ تیرۆ ر و تیرۆریستان.

سوپاستان ئەکەم.

09/05/2021

Check Also

پەیامەکانی سەردانەکەی ئۆردوگان!

موحسین کەریم رۆژی دووشەممە ٢٢ی نیسان رەجەب تەیب ئۆردوگان سەردانی بەغدای کردو لەگەڵ بەرپرسانی عێراق …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *