نوێنەری نەتەوە یەکگرتوەکان ‌هوشداری لەبارەی ئایندەی هەرێمەوە دەدات!

عەبدوڵا مەحمود وەڵامی پرسیاری ئۆکتۆبەر دەداتەوە

دەربارەی قسەکانی نوێنەری نەتەوە یەکگرتوەکان لە عێراق سەبارەت بە بارودۆخی سیاسی و ئایندەی هەرێم ئۆکتۆبەر پرسیارێك ئاراستەی عبدللە محمود  سەرنوسەری بڵاوکراوەی بۆپێشەوە دەکات؛

ئۆکتۆبەر: نوێنەری نەتەوە یەکگرتوەکان لە عێراق لە کۆنفرانسی یەکڕیزی و دەستوری هەرێمدا کە ئیدریس نێچیر بارزانی سازی کردبوو، سەبارەت بە هەرێمی کوردستان دەڵێت ناکرێ ئیتر هەرێمی کوردستان بەسەر دوو ناوچەی زەرد و سەوزدا دابەش بکرێ و دەبێ دوو زۆنی کۆتایی پێبێت. هەروەها ئاماژە بەوە دەکات کە ڕەنگە بارودۆخ و پێگەی سیاسی و یاسایی هەرێمی کوردستان بە ئاراستەی نەخوازراودا گۆڕانکاری بەسەردا بێت… ئێوە ئەم قسانەی نوێنەری نەتەوە یەکگرتوەکان چۆن لێك دەدەنەوە؟

 عەبدوڵا مەحمود: نەتەوە یەکگرتوەکان بەهەموو پێودانگ و بە کردەوەش، لە ژێر هەیمەنەی دەوڵەتی ئەمریکادایە، بۆیە ئەم پەیامە، یان راستر بڵێین ئەم ئاگادارکردنەوەیە، هاوکات پەیام و ئاگادارکردنەوەی دەسەڵاتی بۆرژوازی کوردە، لەلایەن ئەمریکا و هاوکات لەلایەن ریكخراوەیەکی نێونەتەوەیەوە. هەروەها راگەیاندنی پەیام و ئاگادارکردنەوەکە لە کۆبونەوەیەکدا کە کەسایەتی یەکەمی حزبەکان، و حکومەت تیایدا بەشداربوون، مەسەلەیەکی جدییە.

بۆرژوازی کورد، ٣٠ ساڵە دەسەڵاتی لەلایەن ئەمریکاو غەربەوە رادەستکراوە، لە ماوەی ئەم ٣٠ ساڵەدا، ئەم دەسەڵاتە نەک نەیتوانی دەسەڵاتێکی سەراسەری دروست بکات و کەشێکی ئارام و خامۆش بۆ سەرمایە فەراهەم بکات، بەڵکو لەلایەکەوە دوو زۆنی کردە واقعیەتێکی جێگیر و تا ئێستاش ئاسۆیەک بۆ کردنەوەی هەریم بە یەک زۆن و یەک دەسەڵات لەئارادانییە، کە ببێتە چەترێک بۆ کۆکردنەوەی بۆرژوازی کورد یان ئەوەی پیی دەوترێت” یەکرێزی ماڵی کورد”. ئەوەی دەسەڵاتی بۆرژوازی کوردی تا ئێستا هێشتۆتەوە بە جیا لە پشتیوانی ئەمریکا و غەرب و وابەستەبوونیان بە وڵاتانی ناوچەکە، لاوازبوونی دەسەڵاتی بۆژوازی ناسیونالیست و ئیسلامی عیراق و پەرتەوازەیی ریزەکانیان بووە.

نائارامی و تێکچوونی باری ئاسایشی کوردستان و لەوەش زیاتر دارمانی ئەم دۆخەی هەیە هەمیشە ئەگەرێکی واقعیی بووە. هەر ئاڵوگۆڕێکی ناوچەیی، یان هێرشی هەریەک لە وڵاتەکانی ئێران و تورکیا، تەنانەت هێزێکی وەکو حەشدی شەعبی، دەتوانێت دۆخی کوردستان تێک بدات… نەبوونی سەقامگیریەکی جێگا دڵنیایی درێژ خایەن، واقعیەتێکە، کە هەمیشە هەرەشەیە لەسەر کەڵەکەی سەرمایە… وە نەبوونی سەقامگیریەکی دریژخایەن و زامنکراو لە باری سیاسیەوە، بەردەوام بواری دەستێوەردانی دەرەکی و راستەوخۆ و ناراستەوخۆ زیاد دەکات…

لە ژێر سایەی دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی و دوو زۆنیدا، ریزی بۆرژوازیش شەق و نا هاوئاهەنگە. چۆن هەموو پرس و مەسەلەیەکی سیاسی و ئیداری و ئەمنی و کارگێری و سەربازی و هەواڵگری دابەش کراون، ئاواش جموجۆلی سەرمایە لەهەرکام لە زۆنەکاندا وابەستە بە قەڵەمرەوی ئەو دەسەڵاتەیە و زۆرتریش قۆرغی هەیمەنەی حزبییە. ئەم دۆخە جێگای نیگەرانی ئەمریکا و غەربە، هەروەها مایەی نیگەری بۆرژوازی ناوخۆشە، بۆیە ئاگادارکردنەوەی ئەم دەسەڵاتە لەم واقعیەتە کە دەگمەنە لە ئاستی دنیادا، بۆتە پێداویستی بۆرژوازی لە ئاستیكی فراواندا.

بەتایبەتی و لە کاتێکدا عێراق خەریکە دەبیتەوە بە مەیدان و چەقی سەرنجی بۆرژوازی دنیا، و هەوڵەکان بۆ دوبارە سازدانەوەی دەوڵەتی عێراق و جێخستنی دەسەڵاتێکی سەراسەری و قوتبی، دەستیان پێکردووە،  لەبەرامبەردا هەرێمی کوردستان و دەسەڵاتی هەرێم بەرەو پەراوێزخستن دەچێت بە بەراورد بە رابردوو، ئەمە نەک تەنها لەسەر ئاستی دنیا و ناوچەکە، بەڵکو لەسەر ئاستی عێراقیشدا پێگەی بۆرژوازی کورد و هەرێم و حزبەکانی بەرەوداکشان هاتووە… ئەگەر ئەگەری هیچ هێرش و ئاڵوگۆرێکی ناوچەیی، یان قوڵبونەوەی کیشەی ناوخۆی حزبەکابەکانیش هەرەشە نەبن لەسەر ئەم دۆخەی هەیە، ئەوا بەهەر ئەندازە دەسەڵاتی بۆرژوازی عەرەب بەرەو قوتبی بوونەوە و پێگرتن بچێت، بەهەمان ئەندازەش دەسەڵاتی سیاسی هەرێم و زۆنەکان، سنوردارتر دەکرێن و دەسەڵاتەکان کلک و گوێیان دەکرێت.

ئەم پەیامەی نوینەری نەتەوە یەکگرتوەکان بە پلەی یەکەم ریشەی لەو واقعیەتەدایە. تەنانەت گەڕانەوە بۆ دەستور و پابەند بوون بەو دەستورەی کەهەیە، دەتوانێت ئاڵوگۆری زۆر بەسەر ساحەی سیاسی عیراق و پەیوەندی هەرێم بە بەغداوە بهێنێت… گێرانەوەی داهات و سامانە سروشتیەکانی وەکو نەوت و غاز، سنورەکان، سوپا، بەرگری، ئەمنیەت، پەیوەندییە نیودەوڵەتیەکان… هەموو ئەمانە کە دەستور پاڵپشتیان لێدەکات، بەمانای لێ سەندنەوەی دەسەڵاتە لە پارتی و یەكیتی و تا رادەیەکی زۆریش دەرکێشانی سەرچاوەکانی دزی و تاڵانییە لە دەستیان… دیارە ئەم پرۆسەیە بەدوای ١٦ ئۆکتۆبەر و کۆتایی هاتنی شەری داعشەوە دەستی پیکردووە. چەند ساڵیکە بۆرژوازی کورد ئاستی داواکانی لە بەغدا و بۆرژوازی عێراقی داکشاوە بۆ ناردنی موچە و ڕیکەوتنی کاتی بۆ فرۆشتنی برێکی نەوت بە نرخی سۆمۆ. ئایندەی ئەو ڕیکەوتنامە بەرق ئاسایەش، کە شایی و لۆغانیان بۆکرد، بە کردەوە بەبن بەست گەیشتووە…هەروەها دەسەڵات هیچ متمانەیەکی لای جەماوەر نەماوەو خواستی راماڵینی دەسەڵات، بە پانیایی هەردوو زۆنەکە، شەپۆل دەدات.

ئاگادارکردنەوەی نوێنەری نەتەوەیەکگرتوەکان، بە ئاگاهێنانەوەی دەسەڵاتی بۆرژوازی سیاسی کوردە، لەم ئاڵوگۆڕانەی بەکردەوە دەستی پێکردووە، بەڵام پارتی و یەکێتی بەهۆی نقومبوونیان لە تاڵانی دزییدا، توانایی بینینی ئاکامەکانی ئەم ئاڵوگۆرانەیان نییە…

بەڵام کێشەکە تەنها پەیوەند نییە بە دەسەڵاتی حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتیەوە، بەڵکو هاوکات پەیوەندە بەچارەنووسی خەڵکی کوردستانیشەوە. لەوەش زیاتر چارەنووسی خەڵکی کوردستان و ئایندە سیاسیەکەی دۆسیەیەکە ئەمریکا و غەرب ناتوانن شانی خۆیان لەبەرامبەردا خاڵی بکەنەوە، چونکە هەموو ئەو دۆخەی لە هەرێمدا هەیە، بە دەسەڵاتی تاڵانچیتی پارتی و یەکێتیشەوە، ئەمریکاو غەرب لێ بەرپرسن.

بێگومان ئەم دۆخەی ئێستای سیاسی کوردستان، بەم شێوەیەی ئێستا نامێنێتەوە، بەڵام ئەوەی زەمانەتی ئەوە دەکات لەو ئاڵوگۆڕانەی دەستیان پێکردووە، کارەساتی بۆ خەڵکی کوردستان و ئایندە سیاسیەکەی بەدواوە نەبێت، لەگرەوی ئامادەیی و کۆبونەوەی خەڵکی کوردستاندایە لەدەوری بەدیلی شۆرشگێرانە و سۆشیالیستی… راماڵینی دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد، یەکێک لەو ئەرکانەیە، کە دەتوانێت ڕێگە بگریت لەوەی شکستی بۆرژوای کورد، ببیتە مایەی کارەسات، بۆ خەڵکی کوردستان.

 

 

Check Also

پەیامەکانی سەردانەکەی ئۆردوگان!

موحسین کەریم رۆژی دووشەممە ٢٢ی نیسان رەجەب تەیب ئۆردوگان سەردانی بەغدای کردو لەگەڵ بەرپرسانی عێراق …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *