ئەمە حکومەتی حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتیە!

|   نەغەدە عوسمان

لەکاتێکدا حکومەت پەلاماری مووچەی کرێکارو کارمەندانی داوە،  هیچ دڵخۆشبونێکی بۆ کەس بەکارەکەی نەهێشتوەتەوە، چونکە مووچەی کرێکاران و کارمەندانی پلە نزمی هێناوەتە ئاستێک کە بژێوی ڕۆژانەی پێ بەڕێوە نەچێت ونەتوانن وەڵام بە بژێوی ڕۆژانەی خۆیان بدەنەوە. دەسەڵات هەر بەم کارو کردەوانەشی نەوەستاوە کە بەرامبەر مووچەخۆر بەکاری دەهێنێ، لەهەمانکاتدا بەرامبەر خەڵکی نەداراو بێکاریش دەوەستێتەوە، بۆ ئەمەش ئەگەر کەسانێک هەوڵبدەن بژێوی خۆیان بەدەست بهێنن، دەمودەست ڕێگریان لێدەکەن، وەیا  یاسایەکیان بۆ دادەڕێژێت تا ناچاریان بکەن دەستی لێهەڵبگرن، لەبری ئەوەی  کار ئاسانی بکەن و هەلی کار بڕەخسێنن بۆ هاوڵاتی.. نمونەی ئەمەش دوا بڕیاری شارەوانی هەولێرە سەبارەت بەسپاردنی کۆکردنەوەی کارتۆن وکاغەزی ناوخۆڵ وخاشاکی کۆڵان وبازاڕەکانە بە کۆمپانیایەک و قەدەغەکردنی لەو کەسو خێزانانەی ژیانیان لەسەر ئەم کارە بووە. لەمەش زیاتر کاتێک دەسەڵات شانی خۆی بەرامبەر بە دەرچوانی زانکۆو پەیمانگاو پێشەییەکان لە دامەزراندن بەتاڵ کردۆتەوە، کاتێک هیچ دامەزراوەیەک  نیە بۆ گەنجان کە کاریان بۆ دابین کات و بژێوی خۆیانی لێوە دابین کەن،  پەلاماری ئەو دەستگێڕو خاوەن عەرەبانانە دەدات کە چەندین ساڵە لە هەندێ شوێنی وەک سەهؤڵەکە و شوێنی تر بژێوی خۆیان بە مەمرەو بژی بەدست دێنن..

شارەوانی سلێمانی کە فەرمانگەیەکە داردەستی حیزبەکان و بەرپرسەکانە، ئێستا لە بیرو پلانی ئەوەدان ئەو ناوچانەی خەڵکی  هەژارو زەحمەتکێش  بژێوی خۆیانی لێوە بەدەست دەهێنن، بیکەنە موڵکی کۆمپانیاکان و سنور بۆ شوێنی کارەکانیان دابنێن، بەڵام بەرامبەر نرخێک کە کارەکەیان ئەو بڕە پارەیەیان بۆ دەرناهێنێت، ئەمەش بوە هۆی دروست بونی ناڕەزایەتی لەلایەن خەڵکە هەژارو زەحمەتکێشەکەوە وەتا ئێستاش ئەو بابەتە وەک خۆی باقیە نازانرێت کۆمپانیای چ بەرپرسێک چاوی خستۆتە سەر ئەو شوێن کارە.

دەسەڵاتی شاری سلێمانی هەر لەم مانگەدا جارێکی ترهەڵی کوتایەوە سەر ژنانی دەست فرۆش کە جگە لەو کارەیان هیچ کارێک نازانن  چونکە ژنانی پاشماوەی ئەنفال و کیمایابارانی کوردستانن کە، بووە بەخێرو بێر بۆ دەسەڵات، وە  هۆکاری ماڵوێرانی و سەرگەردانی بۆ ئەو خێزان وژنانەی کە هەریەک کۆمەڵێک لە منداڵ و کەس و کاری بەتەمەنیان بەسەردا کەوتوەو دەبێت بژێوی ڕۆژانەیان بۆ دابین بکەن، بەڵام نەخێر، دەسەڵاتداران جگەلەوەی هیچ ئاوڕێک لەم قوربانیانە ناداتەوە، بەهەمان شێوە ژیانی ئەوانیشی وەک باقی خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێش بۆ گرنگ نیە، بۆ ئەم کارە ناڕەوەیەشی چەند گروپێکی بەرداوەتە ڕزقی ئەو ژنانەو زۆر بێشەرمانە  دەچنە سەر کۆگاکانیان و فەرهودی دەکەن، وە ئیهانەش بەو کەسانە دەکەن کە لەسەریان دێنە دەنگ، لەوەش قێزەوەن تر ئەوەیە پاش ئەم هەموو  سوکایەتی پێکرنە، ئینجا بڕێك پارەیان وەک بەرتیل لێوەردەگرن و ئەو کەمە ڕزقەی ماوەتەوە ڕادەستیان دەکەنەوە.. خۆیان وتەنی سەرگوڵی ڕزقەکەیان دەبەن و باقیەکەی کە پارەیەکی واناکات دەدەنەوە.  ئەمەیە ژیانی خەڵک پاش سی ساڵ حکومی حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی، ئەمەیە باجی قوربانیدانی گەنج و پیری ئەم هەرێمە کە خوێنی خۆیان بۆ ڕشت تا بە ئازادی و سەرفرازی و بژێویەکی باشدا ژیانیان  گوزەر بکات، بەڵام بەداخەوە هەموی وەهمێک بوو.

 

 

Check Also

پەیامەکانی سەردانەکەی ئۆردوگان!

موحسین کەریم رۆژی دووشەممە ٢٢ی نیسان رەجەب تەیب ئۆردوگان سەردانی بەغدای کردو لەگەڵ بەرپرسانی عێراق …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *