مناوەراتی نێوان ئەمریکاو ئێران و هێرشە درۆنیەکان بۆسەر هەولێر!

موحسین کەریم

ماوەیەکە ناوبەناو هێرشی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دەکرێتە سەر شاری هەولێر و فڕۆکەخانەی هەولێر. سەرچاوەی هێرشەکانیش میلیشیا شێعە جۆراوجۆرەکانی سەر بە ئێرانن کە ئامانجی  هێرشەکانیان ئیزعاجکردنی هێزەکانی ئەمریکایە لە عێراق و ناچارکردنی ئەمریکایە بە نواندنی نەرمی بەرامبەر ئێران و دەستبەرداربوونە لە فشارو دژایەتی کردنی ئێران.

ساڵانێکە سیاسەتی ئەمریکا لە نێوان تاکتیکی خاڵیکردنەوەی دوولایەنەدا دەچێتەپێشەوە. جارێك دانوسان و جارێك هێرش و تەمێکردن. ئامانجی ئەمریکا ئەوەیە کە پەلوپۆی ئێران لەناوچەکەدا بکات و دەستبەرداری هاوکاریکردنی هێزو گروپە ئیسلامیە شێعەکانی ناوچەکە بێت و بیخاتەوە ناو ئێران و وەکو رژێمی سیاسی بێ کێشە و سەریەشە بۆ ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی و بەتایبەتیش ئیسرائیل. فشارەکانی ئەمریکا لە پەیوەند بە دۆسیەی بەرنامەی ئەتۆمی ئێرانەوە، گەمارۆی ئابوری لەسەر ئێران و رێگاگرتن لە فرۆشی نەوت بازرگانی کردن لەگەڵ ئێران و دەستبەسەرراگرتنی پارەکانی ئێران لەلایەن بانکە ئەمریکیەکانەوە بەبریاری دەوڵەتی ئەمریکا، ناوبەناویش هێرشی سەربازی بۆ سەر بنکەو ناوەندە سەربازیەکانی ئێران لە سوریاو عێراق و هەروەها بەرزکردنەوەی ئاستی هەڕەشەکانی تا ڕادەی کوشتنی سەرکردەباڵاکانی رژێمی ئێران و قاسمی سلێمانی سەرکردەی سوپای قودسی جمهوری ئیسلامی ئێران… هەموو ئەمانە بۆ بەجێگەیاندنی ئەو ئامانجە بوون.  بەڵام لە بەرامبەریشدا ئێران، بە پاڵپشتی روسیاو چین، وە لەڕێگای گروپە چەکداریە ئیسلامیە شێعەکانیەوە لە ناوچەکەدا کە درێژکراوەی نفوزو دەسەڵاتی سیاسی و سەربازی ئێرانن، هەوڵی داوە فشارەکانی بۆسەر بوونی ئەمریکا و بەرژەوەندیە ئابوری و سەربازیەکانی توندبکاتەوە تا ئەمریکا ناچار بە پاشەکشە بکات و ئێران وەکو هێزێکی ناوچەیی قبوڵ بکات و مامەڵەی لەگەڵدا بکات و ئەو پارانەی ئێران کە لەئەمریکا دەستی بەسەردا گیراوەو بە چەند سەد ملیار دۆلار دەخەمەڵینێرێ و دەتوانێ ئابوری ئێران لەم قەیرانە کوشندەیەی رزگاربکات و کۆمەك بە سەقامگیری دەسەڵاتی رژێمی ئیسلامی ئێران بکات کە بەردەوام لەبەردەم توڕەیی و ناڕەزایەتی خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێشدایە، بگەڕێنێتەوە.

ئەمریکا لە عێراق لەژێر فشاری هێزو گروپەکانی سەر بە ئێراندا ناچاربوو هێزە شەرکەرەکانی بکێشێتەوەو چەند هەزار سەربازێك بۆ پارێزگاری لە هەندێ بنکەو سەفارەتخانەی لە عێراق و کوردستان بهێڵێتەوە. دوای سەرهەڵدانی داعش و گرتنی بەشێکی زۆر لە خاکی عیراق و دروستکردنی مەترسی بۆسەر حکومەتی عێراق، ئەمریکا فرسەتێکی دەست کەوتەوە کە جارێکی دیکە هێزی سەربازی بنێرێتەوە بۆ عێراق. ئێران و هێزە میلیشیاکانی هاوپەیمانی لەو ماوەیەدا کاردانەوەیەکی ئەوتۆیان دژ بەگەڕانەوەی هیزی سەربازی ئەمریکا بۆ عێراق نیشان نەدا و جۆرێك لە رێکەوتنی نافەرمی لەنێوان ئەمریکا و ئێراندا بەڕێوەچوو، بەڵام دوای کۆتایی هێنان بە دەوڵەتەکەی داعش، دوبارە هەم ئێران و هەم ئەمریکا فشارەکانیان بۆسەر یەکتری توند کردەوە. گروپەکانی سەر بە ئێران لە عێراق هێرشە مووشەکیەکانیان بۆسەر سەفارەتخانەی ئەمریکا لە بەغدا و چەند ناوچەی دیکە لە کەرکوک و ناوچەکانی دیکەی عێراق دەست پێکرد.. ئەمریکا  لە گروپی ٥)+١)ی تایبەت بە بەرنامەی ئەتۆمی ئێران کشایەوەو لە تۆڵەی هێرشەکانی میلیشیا شێعەکاندا قاسم سلێمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس و چەند سەرکردەیەکی دیکەی رژێمی ئێرانی تیرۆرکرد.

جارێکی دیکە عێراق بووەوە بە مەیدانی کێشمەکێش و گوریس پچڕێنەی نێوان ئەمریکا و ئێران. بەڵام ئەمجارە میلیشیاکانی سەر بە ئێران، دامێنی هێرشەکانیان فراوانتر کردەوە بەرەو هەرێمی کوردستان کە تا پێش ئەو هێرشانە تەنها ناوچەی ئارام بوون لە عێراقدا بۆ هێزەکانی ئەمریکا و بنکەو بەرژەوەندیە سیاسی و ئابوریەکانی ئەمریکاو کۆمپانیاکانی.. هێرشەکانی ئەو گروپانە بۆ سەر هەولێر، گەیاندنی ئەو پەیامەیە بە ئەمریکا کە لەویش ناتوانێ سەلامەت و خەیاڵی ڕاحەت بێت. بەڵام بێگومان بەکارهێنانی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان بۆ ئەنجامدانی ئەو کارانە پەیامێکیشە بە پارتی و مەسعود بارزانی کە زیاتر خۆی لەبەرەی  ئەمریکاو تورکیاو سعودیەو ئەردەن و بەکورتی لە بەرەی نەیاری ئێراندا دەبینێ، لەوە زیاتر خۆیان بەو دەوڵەت و بلۆکبەندیەوە گرێ نەدەنەوە، دەنا بارودۆخی ناوچەی ژێر دەسەڵاتی ئەوانیش دەشوێنن و ڕوبەرووی کێشە و گرفتی جدییان دەکەنەوە.

بەمجۆرە، مەترسی ڕاکێشانی هەرێمی کوردستانیش بۆناو کێشيمەکێش و مناوەراتی نێوان ئەمریکاو ئێران هەرچی زیاتر لەجاران زیاتر و واقعی تر بۆتەوەو ئەگەری ئەوەی کە ژیان و ئەمنیەتی خەڵکی کوردستان بەرەو ئایندەیەکی تاریك و شڵەژاو بچیت، ئەگەرێکی دوور نیە، لەپاڵ فشارەکانی دیکەی حکومەتی ناوەندی بۆسەر حکومەتی هەرێم کە هێشتا هێزەکانی سە ر بە ئێران دەستی باڵایان تێدا هەیە و ئەمەش بێگومان کاردانەوەکەی لەسەر ژیان و گوزەرانی خەڵکی کوردستان تەواو دەبێت.

 

Check Also

پەیامەکانی سەردانەکەی ئۆردوگان!

موحسین کەریم رۆژی دووشەممە ٢٢ی نیسان رەجەب تەیب ئۆردوگان سەردانی بەغدای کردو لەگەڵ بەرپرسانی عێراق …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *