پەڕلەمانی پارتی و یەکێتی!

مستەفا باهیر

لە ڕۆژی ٢٨ حوزەیران بەناو پەڕلەمانی کوردستان لە کۆبونەوەی بەهاری ژمارە ١٦ی خۆی تیمێکی لە حکومەتی هەرێم بانگێشتی پەڕلەمان کرد تاوەکو لەسەر پرسی موچەو داهاتی کوردستان وەڵامی پرسیاری پەڕلەمانتاران بدەنەوە. هەریەک لە وەزیری دارایی و سامانە سروشتیەکان و وەزیری هەرێم بۆ کاروبار لەگەڵ حکومەتی ناوەند، ئامادەبوون.

کوبونەوەی پەڕلەمان ماوەی ١٨ کاتژمێڕی خایاند، ٩٦ پەڕلەمانتار پرسیاریان ئاراستەی وەزیرەکان کرد، ئەوەی جیگای سەرنج بوو لەم دانیشتنەدا ئەوە بوو کە ڕوون نەبوو کام پەڕلەمانتار سەر بە حزبەکانی دەسەڵاتەو کام پەڕلەمانتار سەر بە حزبە بەناو ئۆپۆزسیۆنەکانە، چونکە هەموویان کەوتنە ڕەخنەگرتن لە حکومەت بەتایبەتی لە وەزیری دارایی  کە سەر بە بزوتنەوەی گۆڕانە.

بەجیا لەوەی ئێمە وەک کۆمۆنیستەکان چۆن دەڕوانینە پەڕلەمان، بەڵام ئەوەی کە باوە بەگشتی لەناو پەڕلەمانەکانی جیهاندا فراکسیۆنی ئەو پارتانەی (حزبانەی) کە حکومەتیان پێکهێناوە بەرگری لە سیاسەتی حکومەتەکەیان دەکەن. حزبە  ئۆپۆزیسیۆنەکانیش بەدوای کەمو کورتیەکانی حکومەتەوە دەبن و دەیانخەنە بەرچاو و ڕەخنە لە سیاسەت وکارەکانی  حکومەت دەگرن. بەهۆی بوونی دەزگای چاودێری بەھێز و سەروەری یاساو ڕای گشتی و چاونەپۆشینی حیزب لە کادرەکانی خۆی ، زۆرێک لە وەزیرو کاربەدەستانی  حزبە دەسەڵاتدارەکانیان  ناچار کردوە کە داوای لێبوردن لە خەڵکی وڵاتەکەی خۆیان بکەن و ھەندێ  جاریش دەستیان پێ لەکار کیشاونەتەوە.

بەڵام لەکوردستاندا بەهۆی بوونی ئەحزابی ملیشیایی شتێک نیە بەناوی دامودەزگا یان بەناوی سەروەری یاساوە. ئەو هەڵبژاردنەشی کە دەیکەن جگە لەگاڵتەجارییەک بەولاوە شتێکی تر نیە. ئەندام پەڕلەمانەکان پێش خەلکی کوردستان باشتر دەزانن  ئەوەی کە لەکوردستاندا هەیە پەڕلەمان نیە، بەڵکو دیوەخانێکە یەکێتی و پارتی دروستیان کردوە  تاوەکو شەرعیەتێکی نێودەوڵەتی بەخۆیان بدەن.  ئەگەر پەڕلەمان گرنگ بوایەو شوێنی یاسادانان و چاودێریکردنی حکومەت بوایە ئەوا بەشی زۆری  ئەندامانی پەڕلەمان لە بنەماڵەی  بەرزانی و تاڵەبانی دەبوون!  یاخود بەرپرسانی حزبەکان لەناو پەڕلەماندا دەبوون. ئەو کۆمەڵە حزبەش کە  بەناو ئۆپۆزسیۆنەوە بەشداری هەڵبژاردن دەکەن و لەگەڵیان جارجار حکومەت پیکدەهێنن و لەناو پەڕلەماندا جارجار هاتوهاوار دەکەن و دەبە ئاو قۆنەرەش دەهاوێژن یاخود تەپڵ لێدەدەن، تەنها بۆ ئەوەیە لەدزینی سەروەتو سامانی کوردستان لەلایەن ئەو دووبنەماڵەیەوە ، بەشێکیان بەربکەوێت.

بەڵام لە دانیشتینی ئەمجارەی  ڕۆژی ٢٨ حوزەیراندا ئەندامانی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان بەجیا لە دەورانی پێشوو کە هەمیشە وا خۆی نیشان دەدا بەرپرسیارەتی حوکمڕانی دەگرێتە ئەستۆی و ئامادەیە لە پاڵ دەستکەوتەکاندا ئۆباڵی کێشەو قەیرانەکانیش لە ئەستۆ بگرێت، وە گلەیی لەوحزبانە هەبوو کە لەگەڵیاندا بەشداری حکومەتیان کردوە دەیانەوێت لە یەك کاتدا حوکمران و ئۆپۆزیسیۆنیشبن، ئەمجارە ئەوانیش ھێرشیان کردە سەر حکومەت و کۆمەڵێک پرسیاریان ئاراستەی وەزیری دارایی کردو توانیان بە تەواوەتی بەرپرسیارەتی دواکەوتنی موچەو کێشە داراییەکان بخەنە پای وەزیری دارایی کە سەر بەگۆڕانە! دەتوانین بڵێین فراکسیۆنی پارتی لەم دانیشتنەدا لە ئۆپۆزیسیۆن ئۆپۆزیسیۆن تر بوون!

ئەم دانیشتنە نەک نەیتوانی چارەسەری کێشەکان بکات و بڕیارێک لەوبارەیەوە بدات، بەلکو ناکۆکیەکانی قوڵتر کردوە. وەزیری دارایی و وەزیری هەرێم هەردووکیان  ناچاربوون بایکۆتی دانیشتنی ئەنجومەنی وەزیران بکەن. بەڵام ئەوەی جێگای سەرنجە وەزیرەکەی گۆڕان بوو کەهیچ ووشەیەکی ڕاستی نەدەدرکاند لەکاتێکدا دەشیزانی پارتی و یەکێتی بەئاشکرا هێڕش دەکەنەی سەری و شکستی حکومەتەکەی مەسرور بەرزانی لە ڕووی داراییەوە دەخەنە ئەستۆی ئەو! چونکە وەزیری دارایی زۆر بە ئاسانی دەیتوانی ڕاستیەکان ئاشکرابکات و ئەوحزبانە تاوانبار بکات کە دەستیان بەسەر داهاتی وڵاتدا گرتوە! بۆیە دەبێت بزوتنەوەی گۆڕان  پێش ئەوەی یەکێتی و پارتی  بە پاشقولگرتن تاوانبار بکەن، دەبێت سەرزەنشتی وەزیرەکەی خۆیان بکەن کە ڕاستیەکانی نەدرکاندوە.. یاخود نەدرکاندنی ڕاستیەکان ئەو دەنگۆیانە پشتڕاست دەکاتەوە کە ئەمانیش بەهۆی ئەو کۆمپانیایەی کەهەیانە لەگومرگی باشماخ و سەیرانبەگ بەناوی تەعقیمکردنی سەیارەکانەوە پارەیەکی باشیان دەستدەکەویت. بۆیە لەبری ئەوە چاوپۆشی لەو هێرشەی پەڕلەمانتاران دەکەن بۆ سەریان.

سی ساڵە ئەم حزبە ناسیۆنالیستە کوردیانە بەهاوکاری حزبە ئیسلامیەکان دەسەڵاتدارن. ساڵ لە دوای ساڵ ژیان و گوزەرانی خەڵکی بەرەو خراپتر دەڕوات. بۆیە خەلکی کوردستان دەبێت ئەو ڕاستیە باش بزانن  کە لەسایەی دەسەڵاتی  ئەم حزبە کوردیانەدا، نەک هیچ جۆرە تروسکاییەك بۆ گۆڕانکاری لە دۆخی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی، لە بەرژەوەندی  چینی کرێکار و زەحمەتکێش لە کوردستاندا  بەدی ناکرێ و روونادات،  بەڵکو لەژێر سایەی دەسەڵاتی ئەم حزبانەدا بە دەسەڵاتدارو ئۆپۆزسیۆنیەوە دۆخی سیاسی و ئابوری کوردستان بە ئاڕاستەی هەلومەرجێکی سەختتر و کارەساتبارتر بۆ کرێکاران و خەڵکی  زەحمەتکێشی کوردستان هەنگاودەنێ. ساڵ لە دوای ساڵ جیاوازی چینایەتی لە کوردستاندا فراوانتر دەبێت، ژمارەیەکی زیاتر  لە کرێکاران و زەحمەتکێشان راپێچی هەژاری و برسێتی  دەبن. سامانی بەرپرسانی حزبە دەسەڵاتدار و هاوئاوازەکانیان و دەستوپێوەندەکانیان زیاترو زیاتر دەبێت. بۆ پاراستنی ئەو سەروەتو سامانەی کەهەیانە هەرچی لەدەستیان بێت لە تاوان دەرهەق بەخەڵکی  هەژاری کوردستان ئەنجامی دەدەن، پەڕلەمانیش لەپاڵ دەزگا سەرکوتگەرکانیاندا بەکاردتنن بۆ چەواشەکردنی خەڵک.

بۆیە کریکاران و هەژارانی کوردستان نابیت بەقەدەر سەرە دەرزیەک باوەڕیان بەوە هەبێت کە لە ڕێگای پەڕلەمانەوە ژیان و گوزەرانیان باشتر دەبێت.لانی کەم  تەجروبەی٣٠ سی ساڵەی دەسەڵاتی ئەم حزبە کوردیانە  ئەو ڕاستیەیان سەلماندوە کە پەڕلەمان نەیتوانیوە هیج سودێکی بۆ خەڵکی کرێکارو هەژاری کوردستان هەبێت. نابێت باوەڕمان بە بەیتو بالۆرەی چاکسازی و گۆڕینی  دەموچاوەکان بێت کە لە لایەن حزبە ئۆپۆزسیۆنەکانەوە پێشنیار دەکرێت. تەنها لە ڕێگای ڕاماڵینی ئەم دەسەڵاتەوە خەڵکی کوردستان دەتوانن خۆشگوزەران بژین. بۆ کۆتاییهێنان بەم دەسەڵاتەش  دەبێت خۆمان ڕێکخراو بکەین و شوراو ڕێکخراوەکانی خۆمان  لە شوێنی کارو ژیانمان دروست بکەین.

 

 

 

 

 

Check Also

پەیامەکانی سەردانەکەی ئۆردوگان!

موحسین کەریم رۆژی دووشەممە ٢٢ی نیسان رەجەب تەیب ئۆردوگان سەردانی بەغدای کردو لەگەڵ بەرپرسانی عێراق …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *