نابۆهەڵبژادن بەڵێ بۆکۆتایی هێنان بەدەسەڵاتی ئەم حزبانە ئیتر نۆرەی خۆمانە!!

وەستا مەهدی

ئەم رۆژانە کە لە هەڵبژاردن نزیك دەبینەوە تەواوی میدیاکان رۆژانە بەشێك لە بەرنامەکانیان تەرخانکردووە بۆکاندیدو کەسایەتیە سیاسیەکانی ئەوحزب و لایەنانەی کە دەیانەوێت بەشداری لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران بکەن و وەك جاران هەرکەسولایەنێك بەجۆرێك دەستیان کردووە بە هەڵرشتنی قسەی باقوبریق و دانی وەعدوبەڵێن بەخەڵك کە ئەگەر دەنگیان پێبدەن ئەوا جواب بەداواکانیان دەدەنەوە. سەرەرای ئەوەی کە زۆرباش ئەوە دەزانن کە بەشی هەرەزۆری خەڵك تەنانەت ئەوانەش کە هەواداری خۆیانن ،بۆیان مەعلومە کە چوون بۆ سەر سندوقەکان دەردی ئەوان چارەسەرناکات .

بانگەشەی ئەمجارە و ئیدعاکانی کاندیدو حزبەکانی بەشدار لە پرۆسەی هەڵبژاردن جیاوازیەکی زۆری هەیە لەگەڵ ئەوانەی پێشوتر. ئەم دەسەڵاتدارانەی هەرێم ئەم جارە خەڵك بەوە دەترسێنن کە ئەگەر بەشداری نەکەن ئەوە تاوانێکی گەورەیەو گوناه باردەبن! دەشلێن ئەگەر لەم هەڵبژاردنە تەبانەبین وماڵی کورد رێک نەخەینەوە ئەوە ناتوانین مافەکانمان لە بەغدا وەرگرین! هەندێکیش لەو لایەنانەی وەك ئۆپۆزسیون خۆیان نیشاندەدەن، سەرەرای ئەوەی کە بۆخۆشیان بەشدارن لەدەسەڵاتدا، کەچی باسی گەندەڵی وجەردەیی و راوروتی ئەوانی تردەکەن وەك ئەوەی کە خۆیان زۆر دەست پاک بن و بەشێك نەبن لەم دۆخەی کە خەڵکیان تێدا راگرتووە.

هەندێك لە پروپاگەندەکانی بانگەشەی ئەمجارە هەڵدانەوەی لاپەرەکانی خەباتی شاخە و پەنابردنە بۆکەسوکاری شەهیدان و سەردانی ماڵەوماڵی کاندیدو کادری ئەم حزبانەیە بۆئاشتکردنەوەی خەڵك! ئەمانە بەهەروەسیلەیەك کە بۆیان بکرێت دەیانەوێ لانی کەم ئەندام وهەوادارەکانی سەبە خۆیان بەرنە سەرسندوقەکان. ئەگەر لێیان رۆشن بوایە کە هەوادارانی خۆیان دەنگیان پێدەدەن ئەوە هیچ خۆیان بەم بانگەشەیەوە ماندوو نەدەکرد،بەڵام دەزانن کە چەندە خەڵك لێیان پرەو تەنها بۆفرسەتێك دەگەرێن کە بەتەواوی لایان بەرن، بۆیە ئەم بانگەشەیە دەکەن. ئەمە پەلەقاژەی ئەمانەیە بۆیە لەخەڵک و هەوادارانی خۆشیان دەپارێنەوە!

ئەم هەڵبژاردنە و بانگەشەش بۆهەڵبژاردن جیاوازە و لەکاتێکدا کە خرۆشانی خەڵکی نارازی لەشارەکانی ناوەڕاست و خواروی عێراق لە راپەرینی ئوکتۆبەر زۆری نەمابو بەتەواوەتی دەسەڵات لەم چینە سیاسیە وەرگرێ هەرلەژێر فشاری ئەو جەماوەرە نارازیە خروشاوەدا بو کە حوکمەتەکەی عادل عەبدلمەهدی هەڵوەشایەوە و بەدەستێوەردانی راستەوخۆی هێزە هەرێمی ونێودەوڵەتیەکان توانیان دروشمی هەڵبژاردنی پێشوەخت بهێنە ناو مەیدانەکانی خۆپیشاندانەکان و لەژێرفشاری تیرۆرو تۆقاندنا پاشەکشەیان بەخەڵکی نارازی کرد . لەکوردستانیش بەهەمان شێوە خەڵك نارازی و پرە لەم دەسەڵاتە. ئەمجارە چینی سیاسی پشتیان بەوەبەستووە گوایە چاودێرانێك لە نەتەوە یەکگرتوەکان بەشداردەبن و خەریکن وانیشان دەدەن کە دوای هەڵبژاردن جۆرێك لە جێگیری سیاسی لەعێراق دابین دەبێت. بەم جۆرە دەیانەوێت خەڵك راکێشن بۆسەرسندوق و بەهەرنرخێك بێت پرۆسەی هەڵبژاردن بەسەرکەوتن بگەێین. ئەمەسەرای ئەوەی کە هیچ مەعلوم نییە دوای هەڵبژاردن چی دەقەومێ و چۆن دەتوانن حوکمەت پێك بهێنن.

خەڵك  و بەتایبەت کرێکاران باش دەزانن کە ماوەی سی ساڵ لەکوردستان و لەعێراقی دوای سەدامیش پەرلەمان هەیەو هێشتا نەیانتوانیوە یەك یاسا بەقازانجی خەڵکی کرێکارو موچەخۆردەربکەن. ئەوەی کە کابینەکانی پەرلەمان کردویانە هەرهەموی بەقازانجی سەرمایەداران بووەو هۆکارێك بووە بۆکەڵەکەی سەرمایەکانیان، بۆیە هەڵبژاردن زۆر بێبایەخ سەیر دەکەن. لە پرسیارێکدا کە من وەك سەرنوسەری دەنگی کرێکار ئاراستەی بەشێك لەکرێکارانم کرد سەبارەت بە هەڵبژاردن، وەڵامەکان یەك شت بوون؛ ئەویش بێبایەخ سەیرکردنی پەرلەمان و نەچون بۆهەڵبژادن بوو. هەندێك لەکرێکاران ئەوەندە رۆشنن کە پێیانوایە تەنها بەخەباتی خۆیان دەتوانن ژیانیان باش بکەن، کۆبۆنەوە لەدەوری یەکتر وکۆتای هێنان بەم مەهزەلەی هەڵبژاردن و پەرلەمانە بەتاکە رێگە دەزانن و کار بۆئەوە دەکەن.

هەندێك دەڵێن نابۆهەڵبژادن بەڵێ بۆکۆتایی هێنان بەدەسەڵاتی ئەم حزبانە، ئیتر نۆرەی خۆمانە!

٢٢/٩/٢٠٢١

Check Also

پەیامەکانی سەردانەکەی ئۆردوگان!

موحسین کەریم رۆژی دووشەممە ٢٢ی نیسان رەجەب تەیب ئۆردوگان سەردانی بەغدای کردو لەگەڵ بەرپرسانی عێراق …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *