ترس لە بەشداری نەکردن!

موحسن کەریم:

حزبە وورد و درشتەکانی بۆرژوازی کورد، هەڵمەتێکی پڕوپاگەندەی حەقیرانەیان دەست پێکردوە دژی خەڵکی ناڕازی و توڕەی کوردستان لە دەسەڵاتی میلیشیایی کوردایەتی، کە ٣٠ ساڵە بێجگە لە هێنانی کارەسات و تاڵانکردنی پارووی دەمی مناڵان و پایەماڵکردنی هەموو مافە سەرەتاییەکان و خزمەتگوزاریە گشتی و پێویستەکانی خەڵك، شتێکی دیکەیان بۆ خەڵكی کوردستان بەدیاری نەهێناوە، لەبەرامبەریشدا ژیانی شاهانەیان بۆ خۆیان و خێزان و نەوەکانیان دەستەبەرکردوە!

حزبە دەسەڵات بەدەستەکان ئەوە بە خەڵك دەڵێن کە پێویستە بەشداری لەم هەڵبژاردنەدا بکرێ، چونکە ئەگەر نوێنەرانی کورد لە بەغدا کەم بێتەوە، واتە لەڕاستیدا ئەگەر ژمارەی کورسیەکانی خۆیان کەم بێتەوە، ئەوا مەترسی لەسەر مافە نەتەوەییەکان و ئایندەی سیاسی کوردستان دروست دەبێت! ئەوان دەیانەوێ وا بە خەڵك نیشان بدەن کە کە ئەوانەی لە بەغدا دانیشتوون دوژمنی کوردن و ئەمان دەچن لەوێ شەڕ لەسەر مافەکانی خەڵکی کوردستان دەکەن لەگەڵیان، بەڵام ئەوەی ڕاستیە و هەموو مناڵێکی کوردستان دەیزانێت ئەوەیە کە ئەوان لەگەڵ ئەو دوژمنانەی خەڵکی کوردستاندا خەریکن داهات و سامان و پلەو پۆستی حکومەت و وەزارەتخانەکان بەش دەکەن! شەڕی ڕاستەقینەی ئەم حزبانە لەگەڵ خەڵکی کوردستاندایە نەك لەگەڵ دەسەڵاتی حکومەتی ناوەندی. لەگەڵ ئەوان سامانی تاڵانکراوی عێراق و قوتی مناڵان دابەش دەکەن و لەگەڵ خەڵکی کوردستانیش شەڕی لێسەندنەوەی دەسکەوتەکان و مافەکان و خزمەتگوزاریەکان دەکەن. شەڕی بڕینی مووچەو دانان و زیادکردنی باج و سەرانە دەکەن. شەڕی بێدەنگکردن و کپکردنی دەنگی ناڕازی و ئازادیخوازی کوردستان دەکەن. مێژووی ٣٠ ساڵی ڕابردویان و بگرە مێژووی نزیکیان بەرۆشنی ئەوەی سەلماندوە و هیچ گومانێکی لای خەڵك نەهێشتۆتەوە، هەربۆیە خەڵکی کوردستان نەك هەر توڕەیە لە خۆیان و سیاسەت و دەسەڵاتیان، بەڵکو بەشێوازی جۆراوجۆر هەوڵی گۆڕین و کۆتایی هێنانی ئەم دەسەڵاتەیان داوەو دەیدەن!. ئەمەش وایکردوە کە خەڵك هیچ بایەخێك بۆ پڕوپاگەندەو چەواشەکاریەکانیان دانانێن و بزواندنی هەستی نەتەوەیی و گەرمکردنی کوانوی رق و کینەو تەفرەقەی نەتەوەیی لەلایەن ئەو حزبانەوە فلسێکی قەڵب ناکات. ئەم ڕاستیە ترسی جدی لای حزبە دەسەڵاتدارەکانی کوردستان دروست کردوە.

بەڵام لەسەرێکی دیکەوە، گروپ و لایەنە بەناو ئۆپزیسیۆن یاخود نارازیەکان لە بەشی خۆیان لەدەسەڵاتی کوردستاندا، وەستاون کە ئەوانیش لەناو هەمان گۆڕەپانی حزبەکانی دەسەڵاتداری مافیایی و میلیشیایی کوردستاندا یاری دەکەن و دەیانەوێ گۆڵ لە خەڵکی کوردستان بکەن. بانگەشەی ئەوان دژی خەڵکی ناڕازی کە ئامادە نین بەشداری هەڵبژاردن بکەن، لەوەی یەکێتی و پارتی حەقیرانەترە! ئەوان نەك هەستی نەتەوەیی دەجوڵێنن، بەڵكو ئەو خەڵکە ناڕازیە لە دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی کە ئامادەنین بەشداری گاڵتەجاری هەڵبژاردن بکەن، بە خزمەتکاری دەسەڵات و یەکێتی و پارتی تاوانبار دەکەن! لەم رێگایەوە دەیانەوێ خەڵك ناچاربکەن کە لە بەرژەوەندی ئەوان بەشداری بکەن و دەنگیان پێبدەن، تا بەشی خۆیان لە کێکی دەسەڵات و سامانی دزراوی خەڵکی عێراق و کوردستان بەدەست بهێنن و زیادی بکەن. شەڕی ئەوانیش لەپاڵ دەسەڵاتدا دژی خەڵکە. ئەوان گەورەترین گورز لە خەبات و قوربانی و ئومێدەکانی خەڵكی ستەملێکراوو بێبەشی کوردستان دەوەشێنن، بەوەی کە دەیانەوێ ئەو پرۆسەی جیابونەوە سیاسیەی خەڵکی کوردستان بە قیمەتی دەیان ساڵ ئەزمونی قێزەونی دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد، بەدەستی هێناوە پێچەوانەوە بکەنەوە. هەوڵی ئەوان بۆئەوەیە ئەو کەلێنەی کەوتۆتە نێوان خەڵك و حزبە بۆرژواییە ناسیۆنالیست و ئیسلامیەکان و دەسەڵاتی بۆرژوازی کوردەوە کەم و پڕ بکەنەوە! ئەوەش گەورەتین خیانەتە لە خەبات و تێکۆشان و قوربانیەکانی خەڵكی کوردستان و هەوڵێکی رەزیلانەیە بۆ دەستەمۆکردنەوەیان بۆ دەسەڵاتی میلیشایی کوردایەتی!

هەڵبەتە لەبەرامبەر ئەم خزمەتەی بە ئەحزابی چەکبەدەست و دەسەڵاتداری کوردستانی دەکەن، دەشیانەوێ بەشێکیان لە دەسەڵات و سامان و داهاتی دزراوی خەڵکی کوردستان دەست بکەوێ! بانگەشە و گوتاری توندی چەوشەکارانەیان بەرامبەر بە دەسەلاتی یەکێتی و پارتی و حزبە هاوبەشەکانیان لە دەسەڵاتدا، بۆ خۆکردنە بە دەمڕاستی خەڵکی ناڕازی و هەڵمژینی توڕەیی و ناڕەزایەتیەکانیانە دژی دەسەڵاتی نایەکسان و بۆرژوایی حزبەکانی کوردایەتی بەو ئومێدەی کە ئاسۆی شۆڕش و کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی حزبەکانی بۆرژوازی کورد لە بیرکردنەوەو ئەجندای خەلكدا دەربکێشن و درێژەبدەن بە هەلومەرجی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی ئێستا، کە خەڵکی کوردستان بە دەیان شێوە لەدژی هاتۆتە مەیدان و دەنگی نای بەڕودا بەرزکردۆتەوە!

 

Check Also

پەیامەکانی سەردانەکەی ئۆردوگان!

موحسین کەریم رۆژی دووشەممە ٢٢ی نیسان رەجەب تەیب ئۆردوگان سەردانی بەغدای کردو لەگەڵ بەرپرسانی عێراق …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *