بارزانییە بچوکەکە و شانۆگەری دیداری تاون هۆڵ!

عامر سابیر

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتە میلیشیایی و عەشیرەتێکەی کوردایەتی لە 30/9/2021 دا بە ئامادەبوونی کەناڵەکەی خۆی (کەی 24)، لە هۆڵێکدا جەمعێک لە ئەندامانی حیزبەکەی خۆی کۆکردۆتەوە و بە کۆمەڵێک پرسیاری پوچ و پێشتر داڕێژراو و سانسۆرکراوەوە، لەم وەرزی گاڵتەجاڕی هەڵبژاردنەدا (هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق-10/10/2021) خەرکی پروپاگەندە و ستایشکردنی خۆی و حیزبە سەرکوتکەر و تاڵانچێکەیەتی.  

مەسرور بارزانی بەم شانۆگەرییە پوچ و ساویلکانەیە ئەیەوێ پێمان بڵێ کە گوایە کەسێکی مۆدرێنە و وەک سەرۆک وەزیرانی وڵاتانی تر ڕەفتار ئەکات و ئامادەیە گوێ لە خەڵکی ئاسایی بگرێ و وەڵامی پرسیارەکانیان بداتەوە. ئەم تیرۆریستە ڕۆژنامەنووس کوژە کە گولە ئەنێت بەناو دەمی سەردەشت عوسمانەوە. ئەم دکتاتۆرە کە ئەڵقەلەگوێی وڵاتانی کۆنەپەرستی ناوچەکەیە و لە بەرژەوەندی ئەوان سیاسەت ئەکات. ئەم کابرا بێزراوە کە تەنانەت ڕێز بۆ دادگا کارتۆنییەکەی خۆشیان دانانێ و پێش بڕیاری دادگا، حوکمی زیندانی سەدان ڕۆژنامەنووس و چالاکوانی سیاسی دەڤەری بادینان دەردەکات و دڕندانەتر لە بەعس ئەشکەنجەی نەیارانی ئەدات و خەریکی ئازادی خنکاندنە لە بادینان و کوردستاندا. لە ڕێگەی ئەم دیداری (تاون هۆڵ)ەوە ئەیەوێ بڵێ کە ئەو خۆی لە پرسیار و نیگەرانی دانیشتوان نادزێتەوە و گوێیان لێ ئەگرێ!

بارزانی بچوک ئەڵێ من لە بەرپرسیارێتی ڕاناکەم و مەسئولییەت لە ئەستۆ ئەگرم، بەڵام پێمان ناڵێ کە تا ئێستا نەک هەر خۆی بەڵکو باو و باپیریشی چی مەسئولییەتێکیان لە بەرانبەر بە خەڵکی کوردستاندا لە ئەستۆ گرتووە؟ لە کاتێکدا کە خەڵکی کوردستان بەهۆی کۆرۆناوە وەك گەڵای دار ئەوەرێ ، بەڵام ئەم کابرایە یەکێک لەو پرسیارانەی لەم دیداری تاون هۆڵەدا کە بۆخۆی داناوە تا لێی بکرێ، لەسەر زاری شەوبۆ ناوێکەوە کە گوایە لە سلێمانییەوە چووە بۆ دیداری، ئەوەیە کە “سەرۆک تا چەند گرنگی ئەدات بە تەندرووستی خۆی”. مەسروریش لە وەڵامدا باسی وەرزش و مەلە و ئەسپ سواری و نیگارکێشانی خۆی ئەکات. ئەمە لە کاتێکدا کە خۆی و حیزبەکەی و بەناو حکومەتەکەی هیچ مەسئولییەتێکیان لە خۆیان نیشان نەداوە بەرانبەر بەم لێشاوی مردنە کە بە هۆی کۆرۆناوە خەڵکی کوردستان لەناو ئەبات؟!

مەسرور بارزانی بەم کەسانەی کە کۆیکردۆتەوە و وەک نووێنەری خەڵکی کوردستان ئەیانناسێنێ، ئەڵی ئێمە دژی گەندەڵین و ئەگەر گەندەڵیتان بینی، پێمان بڵێن تا ئێمە چارەسەری بکەین. جەناب، تۆ کە خۆت و خانەوادەکەت گەورەترین دز و گەندەڵکار و تاوانبارن و لە هیچەوە تەنانەت منداڵانی خانەوادەکەشتان بوونەتە ملیاردێر و هەرچی داهات و سەروەتی کۆمەڵگایە دەستان بەسەردا گرتووە و وەک موڵکی خۆتان تەسەروفی پێوە ئەکەن. ئەوە تۆ و هاوشێوەکانتن کە پێویستە لە دادگای جەماوەری خەڵکدا دادگایی بکرێن لەسەر تاڵانچێنتی و هەڵلوشین و بەهەدەردانی سەروەتی کۆمەڵگا. ئەوە ئێوەن کە ئەبێت وەڵامی خەڵک بدەنەوە.

ئیوە لەوە قێزەونتر و بودەڵەترن کە خەڵکی کوردستان تەوەقوعی لێتان هەبێت کە ژیانی لە سایەی دەسەڵاتی ڕەشتاندا باش ببێت. لای خەڵکی کوردستان چاکسازی ڕاستەقینە بەندە بە نەمانی ئێوە و دەسەڵاتی ڕەشتان. ئێوە بە کەمکردنەوەی مووچەی چەند سەد کەسێک لە ئەندامەکانی خۆتان کە بۆ چەندین دەیە بە پلەی وەزیر خانەنشینتان کردووە، ناتوانن بەمە خۆڵ بکەنە چاوی خەڵک و خۆتمان بە دژی دزێتی و گەندەڵی پێ نباسێنی. ئەگەر شەهامەتتان هەبوایە ئەبوایە ئیستیقالەتان بکردایە کە ئەم گەندەڵییە لە سایەی حیزبەکەتاندا چەندین دەیەیە پیادە ئەکرێت. ئەمەی باسی ئەکەن تەنها دڵۆپێکە لە دەریای تاڵانچێتی و جەردەییتان.

ئێوە سەرەڕای ئەم هەموو باجەی سەپاندووتانە بەسەر خەڵکی کوردستاندا. ئێوە سەرەڕای قاچاخچێتی و فرۆشتنی سەروەت و موقەدەراتی ئەم کۆمەڵگایە. ئێوە سەرەڕای تەفروتووناکردنی کەرتی گشتی و قوتکردنەوەی کەرتی تایبەت بەناوی کۆمپانیاکانی سەربەخۆتان و مژینی زیاتری ژیلەی گیانی دانیشتوانی کوردستان و بازرگانیکردن بە ژیان و تەندرووستی و خواردن و  پیداویستییە سەرەتاییەکانی خەڵکەوە. ئێوە تاکە کارێک کە بۆ خۆیان داناوە و لەم کۆبوونەوەیەدا دووبارەتان کردەوە، کاری حەواڵەیە. گوایە ئەگەر حکومەتی عێراق پارەبنێرێ ئەوا ئێوەش ئامادەن موچەی خەڵک بدەن! خەڵکی کوردستان پێویستی بە حەواڵەچی نییە. ئێوە بارن بەسەر خەڵکی کوردستانەوە. ئێوە کەمینەن و لەسەر بورکانی ناڕەزایەتی خەڵک ڕاوەستاون کە زوو یا درەنگ ئەتەقیتەوە و خۆتان و دەسەڵاتی گەندەڵ و سەرکوتکەرتان کۆتایی پێ دێنێ.

نا بۆ ساختەچێتی و گاڵتەجاڕی بەناو هەڵبژاردنی پڕ تەزوترتان.

نا بۆ دەسەڵاتی سەرکوتکەر و پڕ تاوانتان.

ئازادی بۆ سەرجەم زیندانیانی بادینان.

بەڵی بۆ دەسەڵاتدارێتی جەماوەری

ئەمە لینکی دیداری تاون هۆڵەکەی مەسرور بارزانییە:

https://www.youtube.com/watch?v=MMbHgrkQ-tA&t=19s

 

04/10/2021

 

Check Also

پەیامەکانی سەردانەکەی ئۆردوگان!

موحسین کەریم رۆژی دووشەممە ٢٢ی نیسان رەجەب تەیب ئۆردوگان سەردانی بەغدای کردو لەگەڵ بەرپرسانی عێراق …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *