خزمەتگوزاری تەندروستی و مافی ژیان!

موسحن کەریم

دەسەڵاتی میلیشیایی کوردایەتی لە هەموو بارێکەوە بوە بە مەترسی بۆسەر ژیان و گوزەرانی خەڵك. ئەگەر تائێستا لەرێگای دەست بەسەراگرتنی قووتی خەڵكەوە گوزەرانی ئەوانی روبەرووی سەختی کردۆتەوە و بەرەو هەژاری ڕەها پاڵی پێوەناون، ئەوا بە نەهێشتنی خزمەتگوزاری تەندروستی و سپاردنی ئەم خزمەتگوزاریە بە کۆمپانیاکانی دەرمان ونۆرینگەو خەستەخانە تایبەتەکان ڕاستەوخۆ خەڵکی لەسەر لێواری مەرگ ڕاگرتوە!

هیچ کەس نیە ئەوە نەزانێت کە خەستەخانە حکومیەکان چۆن بوونەتە وێرانەو دەبێ بۆ دەنێك حەب و دەرزیەك بۆ نەخۆشەکانیان بچن بۆ خەستەخانە تایبەتەکان! تەنانەت وەزعەکە بەجۆرێکی لێهاتوە کە هەندێ پزیشك گلەیی و گازەندە لەو گەندەڵیە بکەن کە لەناو خەستەخانە حکومیەکاندا پەرەی سەندوەو چۆن نەخۆشەکان بەبێ چارەسەر دەمێننەوەو ناچاردەکرێن بۆ چارەسەر و نەشتەرگەری بچنە نەخۆشخانە تایبەتەکان! گوێ لەهەر کەسێك بگریت باسی ئەوە دەکات کە چەندین ملیۆن دیناریان لێوەرگیراوە بۆ پێشکەشکردنی بچوکترین چارەسەری پزیشکی لەو خەستەخانە تایبەتانەدا. ئەوە لەولاوە بوەستێ کە تەنها بۆ دەستنیشانکردنی نەخۆشی و پشکنین و ئەو جۆرە خزمەتگوزاریانە دەبێت چەند سەد هەزار دینار بدەی بە پزیشکەکانی نۆرینگەکان و تاقیگە تایبەتەکان و تاد…. ئەم دۆخە بوەتە بارێکی قورس و گران لەسەر گیرفانی خەڵکی کرێکارو زەحمەتکیش و ناچارن لەدەمیان بگرنەوە، یان کەلوپەلی ماڵیان بفرۆشن یاخود لەلایەن کەسوکارەوە هاوکاری دارایی بکرێن، بۆئەوەی پارەی دکتۆرو دەرمان دابین بکەن!

سەرباری ئەم کارەساتەی روبەرووی کەرتی تەندروستی کراوەتەوە لەسەر دەستی کاربەدەستانی دەسەڵاتداری کوردایەتی، کە سەلامەتی ژیانی خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێشی روبەرووی مەترسی کردۆتەوە، کارەساتێکی گەورەتر خەریکە هەڕەشە لەژیانی هەزاران کەس لە توشبوانی شێرپەنجە دەکات بەوەی کە نەخۆشخانەی هیوا لە سلێمانی کە نەخۆشخانەیەکی حکومیەو خزمەتگوزاریەکانی بەخۆڕایی پێشکەش بە تووشبوانی شێرپەنجە دەکات، خەریکە بەرەو داخران دەچێت!  لەکاتێکدا بەهۆی گرانی تێچوونی چارەسەرەکانەوە لە توانای هیچ خێزانێکی کرێکاری و کەمدەراکەتدا نیە دەستبەری بکات، ئەمەش مانای وایە ڕاستەوخۆ ژیانی سەدان کەس بەبێ دوودڵی لەبەردەم هەڕەشەدایە!

ئێستا کەمپینێك بۆ پاراستنی نەخۆشخانەی هیوا و دابیکردنی بودجەیەك بۆی لەلایەن حکومەتی عێراق و هەرێمەوە تا بتوانێ بەردەوامی بدات بە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بە تووشبوانی شێرپەنجە کە ساڵانە ژمارەیان بەرەو سەردەچێت لە عێراق و کوردستاندا، بەڕێکەوتوە. ئەم کەمپینە جێگای پشتیوانی هەر مرۆڤێکی مرۆڤدۆست و خاوەن ویژدانی ئینسانیە. بەڵام دەبێت خەڵکی کوردستان بۆ پاراستنی ژیان و سەلامەتی خۆی و نەوەکانی داهاتوو، نەك هەر دەسەڵاتدارانی کوردایەتی و حکومەتی ناوەند ناچار بکەن کە پێداویستیە دەرمانی و پزیشکیەکان بۆ خەستەخانەکەو بودجە بۆ مووچەی کارمەندان و پزیشکەکان و ..تاد. دابین بکەن، بەڵکو دەبێ مەسەلەی دابینکردنی خزمەتگوزاری تەندروستی و پزیشکی خۆڕایی لەلایەن حکومەتەوە بۆ هەموو هاوڵاتیانی کوردستان وەکو پرسێکی گرنگ و سەرەکی مامەڵە بکەن کە پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە پاراستنی ژیانی خۆیان و نەوەکانیانەوە هەیە. دابینکردنی خزمەتگوزاری تەندروستی خۆڕایی بۆ هاوڵاتیانی کوردستان مەرجی سەلامەتی و پاراستنی مافی ژیانە کە یەکێکە لە مافە سەرەتاییەکانی خەڵک و بگرە لە جاڕنامەی گەردونی مافەکانی مرۆڤ کە خودی دەوڵەتە بۆرژواییەکانی دنیا دانیان پێدا ناوە بەڕوونی هاتوەو دەبێ دەوڵەت ئەو مافە بۆ هاوڵاتیەکانی دەستبەر بکات.

ئێستا کاتی ئەوەیە فشار بۆ دەسەڵاتدارانی کوردایەتی بهێنرێ کە دەست هەڵگرن لە دزی و تاڵانکردنی داهاتی خەڵك و بودجەی پێویست بۆ نەخۆشخانەی هیوا بەتایبەتی و کەرتی تەندروستی بەگشتی تەرخان بکات، ئەگەر ئەو کارە ناکات، ئیترکاتی ئەوەیە خەڵك بۆ پاراستنی ژیانی و ئایندەی خۆیان دەستی ئەمانە یەخەی خۆیان بکەنەوەو خۆیان ببنە خاوەن دەسەڵات و داهاتی کوردستان و بودجەی پێویست بۆ ئەم کەرتە تەرخان بکەن!

 

Check Also

تیرۆری شیرین ئەبو عاقلە کردەوەیەکی تیرۆریستی دەوڵەتی ملهوڕی سەر کوتگەری ئیسرائیلە

دەشتی جەمال دوێنێ ١١ی مەی ٢٠٢٢ پەیامنێری کەناڵی ئەلجەزیرە، شیرین ئەبو عاقلە لە کاتی ڕوماڵی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە .