تیرۆری شیرین ئەبو عاقلە کردەوەیەکی تیرۆریستی دەوڵەتی ملهوڕی سەر کوتگەری ئیسرائیلە

دەشتی جەمال

دوێنێ ١١ی مەی ٢٠٢٢ پەیامنێری کەناڵی ئەلجەزیرە، شیرین ئەبو عاقلە لە کاتی ڕوماڵی هێرشی سوپای  ئیسرائیلی بۆ سەر شاری جینین لەلایەن یەکینەکانی دۆفدۆفان سەر بە هێزی تایبەتی ئیسرائیلی تیرۆر کرا، ئەم ڕووداوە ناڕەزایەتی و نەفرەتێکی بەرینی لە ئاستی جیهاندا لێکەوتەوە و تەواوی میدیا جیهانییەکان و ڕێکخراوەکانی داکۆکیکار لە ئازادی ڕۆژنامەگەری و ئازادیخوازان کەوتنە ئیدانەکردنی ئەو تاوانە قێزەونە کە بەئاشکرا و عەمدی بەبەرچاوی زوومی کامێراکانەوە لەلایەن دەوڵەتی ملهوڕ و سەرکوتگەری ئیسرائیلەوە دەستی بۆبراوە.

کاردانەوەی بەرفراوانی خەڵك بەرامبەر بە تیرۆری میدیاکار شیرین ئەبو عەقلە بە جلوبەرگی پیشەکەیەوە نموونەیەکی تر لە تیرۆریزمی دەوڵەتی فاشیستی ئیسرائیلی نیشاندا، کە ڕۆژانە خەڵکی مەزڵومی فەلەستینی کردۆتە نیشانەی ماشێنە جەنگی و تاوانکارییەکەی خۆیەوە. شیرین ئەبو عاقلە تەنها ئەوە نیە میدیاکارێکی کەناڵی ئەلجەزیرەیە و خەریکە پیشەکەی خۆی بەڕێوە دەبات بەڵکو هەر خۆشی هاوڵاتییەکی فەلەستینی خەڵکی قودسە کە نکوولی ئاشکرا لە ناسنامەی هاوڵاتی بوونی لێدەکرێت و بنچینەکەی ئەو زوڵم ستەمەیە کە دەیان ساڵە لە خەڵکی بێتاوانی فەلەستین دەکرێ.

سیاسەتی دووڕووی سەرانی ئەمریکا و غەرب لە کاردانەوەیان بەرامبەر بە تیرۆری شیرین ئەبو عاقلە ڕەنگدانەوەی ستراتیژی دۆستایەتی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانێتی لەگەڵ ئیسرائیل کە بە درێژایی چەند ساڵ لەپاڵ سیاسەتی داگیرکاری و کوشتاری خوێناوی و ئاوارەیی و دەربەدەری خەڵکی فەلەستیندا، خۆیان لێ لاداوە. دەوڵەتێکی قەومی  دەیان ساڵە لەڕێگای کوشتار و خوێن ڕشتن و کاولکاری و ئاوارەکردنی خەڵکی فەلەستین و پایماڵکردنی سەرەتاییترین مافەکانی خەڵکی فەلەستینییەکان و سیاسەتی دروستکردنی مستەوتەنات، باڵادەستی خۆی بەپشتیوانی ئەمریکا و ئەوروپا ڕاگرتوە، هاوکات لە غیابی بزووتنەی سۆشیالیستی و ئازادیخوازانەدا و بەدوای شکستی پڕۆژەی ناسیونالیزمی عەرەبیدا، چەند حزب و دەستە و گروپی ئیسلامی و قەومی فرسەتی ئەوەیان بۆ هەڵکەوت تا خۆیان بەخاوەنی کێشەی فەلەستین ناوزەد بکەن و بیکەنە بابەتێك بۆ داسەپاندنی دەسەڵاتی خۆیان. بەڵام ئەوەی کە لە گشت ئەم مێژووەدا سەنتەرە، ئەوەیە کە بوونی دەوڵەتی ئیسرائیل سەرچاوە و هۆکاری بنەڕەتی و سەرەکییە کە خەڵکی فەلەستینی کردۆتە قوربانی خۆی و هەروەها چینی دەسەڵاتداری ئیسرائیل تەواوی هەوڵی بۆ ئەوە بووە کە ئەم مافە کوێرکاتەوە، هەروەها لە دۆخێکی جیهانیدا کە شەڕی ئۆکرانیا و کێشمەکێشی هێزە ئیمریالیستەکان لێکەوتەکانی ئاکامێکی زیانباری بەدوادا هاتووە. لە هەلومەرجێکی ئاوادایە کە پەلاماری جەنگی بۆ سەر جینین دەبێتە پێداویستییەکی ڕۆژ بۆ حکومەتی ئیسرائیل. هەربۆیە بەرگرتن و سنوور دانانێك بۆ ئەم بەربەریەت و کوشتارەی دەوڵەتی ئیسرائیل و پاشەکشە پێکردن بە سیاسەتی ڕاستڕەوی و فاشیستی حکومەتی ئیسرائیل تەنها و تەنها لە گرەوی پێکهێنانی دوو دەوڵەتی سەربەخۆی یەکسان لە مافدایە، ئەمە ئەو ڕێگاچارەی عەمەلی و کارسازەیە بۆ کۆتاییهێنان بە کێشەی فەلەستین هاوکات وەڵامی دانشکێنە بە باڵی ڕاستی چینی فەرمانڕەوای ئیسرائیل.

شیرین ئەبو عاقلە یەکەمین و دوایین میدیاکار و ڕۆژنامەنووس و قوربانی نیە کە بە دەستی دەوڵەتی ئیسرائیلی تیرۆر دەکرێت. پێویستە هەموو بەرەی ئازادیخوازان و مرۆڤدۆستی و هێز و لایەنی سیاسی و جەماوەری و هەموو دەنگێکی میدیای ئازاد، بە دژی ئەم کردەوە تیرۆریستییە ڕابوەستن و بێدەنگ نەبن، بۆئەوەی کە کۆمەڵگای فەلەستین دەستی بە سیستەمێکی دادپەروەرانە و دوور لە ستەم و چەوسانەوە بگات. دەبێت خەڵکی فەلەستین دەربارەی جیابوونەوە و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیان بەپێکهێنانی دوو دەوڵەت، سنوورێك بۆ ئەم ژێردەستەیی و خوێنڕێژییە بەردەوامە دابنێت، وە ئەمەش هەردوولا لە پەیوەندێکی دەوڵەتی و قانوونی بە ڕەسمییەت ناسراوی نێودەوڵەتیدا ڕادەگرێ لەگەڵ دەوڵەتی ئیسرائیل. ئەو دەورە لە ئەحزابی کۆنەپەرست و نامرۆڤانەیە دەگرێت وە دەکەونە لاوە کە ناسنامەی مەزهەبی و نەژادی بۆ خەڵك دادەتاشن وە پەیکەری نوێی خەبات بۆ ئازادی و یەکسانی و خۆشگوزەرانی کۆمەڵگایەکی دوور لە تیرۆر و چەوساندنەوە خۆش دەکات.

١٢/٥/٢٠٢٢

Check Also

خزمەتگوزاری تەندروستی و مافی ژیان!

موسحن کەریم دەسەڵاتی میلیشیایی کوردایەتی لە هەموو بارێکەوە بوە بە مەترسی بۆسەر ژیان و گوزەرانی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە .