مەنسوری حیکمەت
باسێکی دیکەمان باسی دەوڵەتە. باسی دیکتاتۆریای پرۆلێتاریا، کە بابەتێکی جیاکەرەوەی ڕەوتە جیاوازەکانی سۆسیالیزم بووە. کەسانێك کە پێداچوونەوە بەم چەمکەدا دەکەن و کەسانێک کە لێکدانەوەی جیاوازی بۆ دەکەن. ئایا ئێمە باوەڕمان بە دیکتاتۆریای پرۆلێتاریا هەیە یان نا؟ بەگشتی ئەم فۆرمۆڵبەندیە چی بەسەر دێت؟ چونکە زۆرێک لە چەپەکان پشتگوێیان خستووە. کاتێک ئەم دروشمەی دیکتاتۆریای پرۆلێتاریا دەخرێتە ڕوو، کاتێک لە ئەدەبیاتی مارکسیستیدا دێت، وشەی “دیکتاتۆری” ئەو مانایەی نییە کە ئەمڕۆ لێی تێدەگەین (واتە حوکمەتێکی سەربازی). دیکتاتۆری تەنانەت بە مانای “حوکمەت”یش بەکارهاتووە، بەو مانایەی کە دەسەڵاتێک هەیە و ئیرادەیەك هەیە کە دەسەپێنیرێت. باسی مارکس و مارکسیستەکان سەبارەت بە دیکتاتۆری پرۆلێتاریا ئەوە بوو کە کۆمەڵگا هەرچۆنێك بێت دیکتاتۆریەکی چینایەتیە. تەنانەت لە لیبڕاڵترین دەوڵەتەکانی ڕۆژئاوادا، بەرنامەیەکی کۆمەلایەتی و ئابووری و ئاسۆیەکی سیاسی چینایەتی دیارکراو بەڕێوەدەبرێت. هەموو کاتێک سەبارەت بە چارەنووسی کۆمەڵگا ڕاپرسی ناکرێت. کاتێک هەڵبژاردن لە نێوان سۆسیال دیموکراسی و موحافەزەکاراندا دەکرێت، تۆ لە چوارچێوەی دیکتاتۆریەتێکی دیاریکراودا ، دەستەی بەڕێوەبردن و دەزگاکانی دیاری دەکەیت. بەڵام لە بنچینەدا، ئەم دەسەڵاتە کە پشت بە بازاڕ، بە خاوەندارییەتی تایبەتی، بە بەبنەما وەرگرتنی پێشبڕکێ و تاکگەرایی دەبەستێت، ناگۆڕێت. هەرگیز لە کۆمەڵگای ئینگلتەرا، ئەڵمانیا، کەنەدا یان ئەمریکادا سۆسیالیزم بەشێك نیە لەو بابەتانەی گفتوگۆیان لەسەر دەکرێ. هەرگیز خاوەندارییەتی هاوبەش یەکێك لە بابەتەکانی هەڵبژاردن نییە. هەڵبژاردن لەچوارچێوەی خاوەندارییەتی تایبەتیدا بەڕێوەدەچێت
بۆیە، ئەگەر تۆ ئەوە قبوڵ بکەیت کە کۆمەڵگا لەسەر بنەمای خاوەندارییەتی فەردی، خاوەندارێتی تایبەتی بۆ هۆیەکانی بەرهەمهێنان دامەزراوە، ئەگەر ئەوە قبوڵ بکەیت کە کۆمەڵگا بۆنمونە دەوڵەتێکە کە سوپای هەیە، دادگای هەیە، زیندانی هەیە، ئەگەر وادابنێیت کە یاساکانی ئەو وڵاتە بۆنمونە ئەو پیرۆزیە دەدات بە خاوەندارییەتی و یان ئەو جێگاو رێگایە بۆ یەکیتیەکان قبوڵدەکات. یان کرێ و هەقدەست بە رەسمی دەناسێت وتەنانەت کۆمەڵگا لەسەر بنەمای کرێ و هەقدەست دامەزراوە، ئەوا دیکتاتۆریەتێکی دیاریکراو جێبەجێ دەکرێت، بەدەر لەوەی چەندجار هەڵبژاردن ئەنجام دەدرێ یان نادرێ. ئەمە دیکتاتۆریەتی بورژوازییە کە جێبەجێ دەکرێت، بەڵام بە شێوەی پەرلەمانی جێبەجێ دەکرێت.
دیکتاتۆری پرۆلێتاریاش بەهەمان مانا دیکتاتۆری پرۆلێتاریایە کە بەرنامەی ئابووری چینێکی دیکە دەبێتە بنەمای کۆمەڵگا. خەریکن هەوڵ دەدەن خاوەندارییەتی تایبەتی هەڵوەشێنرێتەوە، بەرهەمهێنانی کۆمەڵایتی بخرێتە ژێر کۆنترۆلی هەموو تاکێکی کۆمەڵگا، هەوڵ دەدن کرێ لەناوبەرن ، چەمکی پارە نەمێنێ، خەریکن بە هەموو کەسێک بە پێی پێویستییەکانی بدەن. بەڵام لەوانەیە ئەمە بە ڕێگەی هەڵبژاردنی شورایی ئەنجام بدرێت و هەموو کەسێک مافی دەنگدانی تێدا هەبێت. هەرکەسێک ئەندامی شورای شار و ناوچەکەی خۆیەتی و لە هەزار و یەک جێگادا دەتوانێ کاندید بێت و لە هەزارو یەك هەڵبژاردندا بەشداری بکات، بەڵام ئەو ڕاستییەی کە لە حوکمەتی کرێکاری یان دیکتاتۆری پرۆلێتاریادا هەمووان مافی دەنگدانیان هەیەو لەشورا جۆراوجۆرەکاندا دەتوانن ئەندام بن و ببنە نوێنەر، هیچ شتێک لەوە کەم ناکاتەوە کە ئەمە هەر دیکتاتۆریەتی یەك چینە. دیکتاتۆریەتی چینێکە بەو مانایەی کە بەرنامەی کارو ئەڵتەرناتیڤی کۆمەڵایەتی یەك چینی دیاریکراوەو ئەو ئەڵتەرناتیڤەیە کەخەریکە جێبەجێ دەکرێت.
لەبەر ئەوەشە کە گۆڕینی دیکتاتۆری پرۆلێتاریا بە دیکتاتۆری بورژوازی تەنیا لە ڕێگەی ڕاپەڕینێکی دژە شۆڕشەوەیە کە دەتوانرێ بەکردەوە دەربهێنیرێت، نەک لە ڕێگەی هەڵبژاردنەوە. بەشێوەیەکی کرداری ، تەنیا ڕێگەیەك بۆئەوەی ئێوە بۆنمونە لە وڵاتی ئینگلتەرەدا هەڵوەشادنەوەی خاوەندارییەتی تایبەتی بکەیت بە بابەتێک کە خەڵک لەبارەیەوە رای خۆیان بڵێن، ئەوەیە کە پرۆسەی پەرلەمانی تێپەڕێنیت. مەسەلەکە توندوتیژبوون یان نا توندوتیژبوونی پرۆسەی سیاسی نیە، بەڵکو مەسەلەکە ئەوەیە کە ئایا پەرلەمانییە یان نا؟ هیچ کاتێك لەچوارچێوەی سیستمێکی پەرلەمانیدا ئێوە ڕووبەڕووی پرسیاری “سۆسیالیزم بەڵێ یان نەخێر” نابنەوە تا بچیت و دەنگی پێبدەی. بەڵام لە کۆمەڵگای ئینگلتەراش، بۆ ئەوەی خەڵک سۆسیالیزم پیادە بکەن، دەبێت زیاتر لە پەرلەمان بڕۆن و کارێک بکەن لە دەرەوەی پێکهاتە سیاسییەکانی ئێستا.
لە کۆمەڵگای سۆسیالیستیشدا هەر بەم شێوەیەیە. هەتا کەسێک نەیەت و هەڵیوەشێنێتەوە، ئەو هەر یکتاتۆری پرۆلیتاریایە، (هەڵبەتە دواتر دەچمە سەر بابەتی لەناوچوونی دەوڵەت)، بەڵام دیکتاتۆریەتی پرۆلێتاریا بەمانای ” دیکتاتۆری بەمانای ئێستای ووشەکە” کە لەرۆژنامەکاندا دەربارەی دەسەڵاتە پۆلیسی و سەربازییەکان بەکار دەهێنرێت، نیە. دیکتاتۆری بەو مانایە نییە کە مافی مەدەنی خەڵک هەڵوەشێنرێتەوە یان سنووردار بکرێت! بەپێچەوانەوە! دیکتاتۆری پرۆلێتاریا کۆمەڵگایەکە کە تیایدا مافی مەدەنی خەڵک بەشێوەیەکی فراوانتر پارێزرگاری لێدەکرێ و خەڵک دەرفەتی زیاتریان هەیە بۆ بەشداریکردن. ئێوە خۆتان بزوتنەوەی شوراییلەبەرچاو بگرن و بەراوردی بکەن لەگەڵ سیستەمی پەرلەمانیدا. لە سیستەمی پەرلەمانیدا، هەر چوار یان پێنج ساڵ جارێک، نزیکەی ٤٠٪ بۆ ٦٠٪ی خەڵک لە هەڵبژاردنێکی یەکڕۆژەدا دەنگدەدەن. لەم وڵاتەدا، هەر کەسێک بەشێوەیەکی رێژەیی دەنگی زیاتر بێنێت، نوێنەر دیاری دەکات. واتە، ئەگەر یەک کەس ٣٠٪، یەکێکی تر ٢٠٪، و یەکێکی تر ٤٠٪ی دەنگەکان بباتەوە، ئەو ا ئەو کەسەی کە٤٠٪ ی ئەو ٤٠٪ی بەشداربووانی بەدەستهێناوە، دیاریدەکات کە نوێنەری ئەو شارە کێ دەبێت. ٤٠٪ ی خەڵك لە هەڵبژاردندا بەشداری دەکەن، ٤٠٪یان دەنگیان دەدەن بە «نیو لێبەر»، و بەوجۆرە ئەم کەسە بە ٢٤٪ی دەنگی شارەکە دەتوانێت بە تەنیا نوێنەری شارەکە بێت.
ئەمە ئەو سیستەمەیە کە ئێستا هەیە. سیستەمی شورایی پشت بەوە دەبەستێت کە تۆ هەموو ڕۆژێك لە شورای ناوچە و گەڕەکەکەت بەشداریت، خۆت بۆ هەر پۆستێک کاندید دەکەیت، لەوانەیە ژمارەی هەڵبژاردنەکان کە کەسێک لە ماوەی چوار ساڵدا تیایدا بەشداری دەکات، ٥٠ هێندەی ئەوە زیاتربێت کە کەسێك دەبێت لە سیستەمی پەرلەمانیدا بەشداری بکات. سەرەڕای ئەوەی کە هەر لە سەرەتاوە خۆی لە پێکهاتەی سیاسیدا بەشدارە. ئەو شورایە هەم یاسادانەرەو هەم جێبەجێکاریشە. بۆیە، باسی دیکتاتۆری پرۆلێتاریا باسی مافی دەنگدان یان مافە مەدەنیەکان نییە، باسی ئەوەیە کە ئاسۆ و بەرنامەی کۆمەڵایەتی کام چین بە بنەما وەرگیراوە، بڕیارەکان لەسەر بنەمای کام بەرنامەی کۆمەڵایەتی خەریکە جێبەجێ دەکرێن. لەسەر ئەم بنەمایە ئێمە ئەم دروشمە بەرزدەکەینەوە. سەرەنجام رێك لەبەرئەوەی کە تێگەیشتنی خەڵک لە دیکتاتۆری بە بەراورد بە ١٥٠ ساڵ لەمەو پێش گۆڕاوە و کاتێک بە خەڵک دەڵێیت “دیکتاتۆری”، بیریان بۆلای پینۆشە یاخود شاهنشا یان مارکۆس یان حوکمەتی ئێران دەچێت، ئێمە لە بەرنامەی خۆماندا بەوجۆرە باسمانکردوە کە ؛ ” حکومەتی کرێکاری کە لە ئەدەبیاتی کۆمۆنیستیدا بە دیکتاتۆری پرۆلیتاریا ناودەبرێت، ئەمەیە… و ئێمە هەربەوجۆرەش بەرگری لێدەکەین.“
دەمەوێ بڵێم کە مەسەلەکە چەسپ بوون نیە بە فۆرمۆلەکەوە، بەڵکو سەبارەت بە ناوەڕۆکی گفتوگۆکەیە. ئەوەی کە هەر دەوڵەتێک چینایەتیە، هەر دەوڵەتێک جۆرێک لە دیکتاتۆریەتە، و نەبوونی دیکتاتۆری بە مانای لەناوچوونی دەوڵەتە، نەک بە مانای دەوڵەتی پەرلەمانی. بەتایبەتی ئەم وڵاتە کە زۆر دیکتاتۆرییە. لەم وڵاتەی ئینگلتەرەدا دیکتاتۆریەت زۆر بەهێزە. ئەگەر تۆ بەرامبەر سەرۆکی حیزبێک بوەستیتەوە، لەوانەیە نەتوانیت خۆت کاندید بکەیت بۆ پەرلەمان. ئەگەر پارەی پێویستت نەبێت، ناتوانیت خۆت کاندید بکەیت. ئەگەر نوێنەرێکی “شین فین” سوێندی وەفاداری بۆ شاژن نەخوات، ڕێگای چوونە پەرلەمانیشی پێنادرێت. چ جای ئەوەی لە خودی پەرلەماندا چەندە بڕیار دەدرێت، ئەوە با لەولاوە بوەستێت!
هەر دوێنێ لەم وڵاتە، کۆمپانیای BMW دوای ساڵێک دانوستانێکی نهێنی لەگەڵ کۆمپانیایەکی تر کە دەیەوێت کۆمپانیای ROVER بکڕێتەوە و ئامێرەکانی لیست بکات تا بیفرۆشێت، لەناکاو کرێکاران و حوکمەتیش ئاگاداردەکەنەوە کە کارگەکە سبەینێ دادەخرێت. کێ دیکتاتۆرە؟ خودی حوکمەتی بە ڕواڵەت هەڵبژێردراوی خەڵکی ئینگلتەرا کەمترین ئاگاداری لە ئەنجومەنەکەی کە ئاسانە نیە، حکومەتەکەی کە دەبێ بەپێی ئوسوڵ ئاگادار بێت، هیچ ئاگاداری نیە کە BMW خەریکە ROVER دەفرۆشێت و ٥٠ هەزار کەسیش بێکار دەبن. ئەمە بۆ هەموو خەڵکی ئەم وڵاتە مانایەکی کرداری هەیە. ٥٠ هەزار کرێکار لە ناوچەیەک بێکار ببن، واتە ئەو ناوچەیەش دەمرێت. لە پزیشکیەوە تا کەمکردنەوەی تاوان، تا کێشەی خانووبەرە، هەمووی لەناو دەچێت.
لەسەر ئەم بڕیارە کە دەربارەی چارەنووسی ناوچەیەکی فراوانی وڵاتە، تەنانەت پەرلەمانیش نەخشێکی نەبووە. بۆچی؟ چونکە بابەتەکە ئابوریە. چوارچیوەی ئەو ئابووریەش خاوەندارییەتییە، خاوەندارییەتی ئەو سەرمایەیە لە دەستی BMWدایە، ئەگەر بیەوێت دەیفرۆشێت، ئەگەر نەیەوێ نایفرۆشێت. ئەگەر ئەمە دیکتاتۆری نییە، ئەی چییە؟ من و تۆ و ٥٠ هەزار کرێکاری ROVER هیچ ڕۆڵێکمان نییە لە بڕیاردان لەسەر ئەم هێزی بەرهەمهێنانە لە ناوچەکەدا. دادەخرێت و دەڕوات بەلای کاری خۆیەوە بەهەرحاڵ جێگاورێگای دیکتاتۆری پرۆلێتاریا بۆ ئێمە ئەمەیە.
ئایا دیکتاتۆری پرۆلێتاریا واتە تەنیا کرێکاران حوکمەت دەکەن؟ بەڕای من هەرگیز وانییە. وەک وتم، بۆچی پرۆلێتاریا دیکتاتۆری بەڕێوەدەبات؟ بۆئەوەی ئەو چینەی کە دژی ئەم دیاردانەیە، سەرکوتی بکات. هەر وەکو چۆن بێبەشکردنی چینی کرێکار لە بەشداری سیاسی، مانای ئەوە نییە کە کرێکاران لە مافی دەنگدان بێبەش دەکرێن. بەهەمان شێوە لەو کۆمەڵگایەشدا هەموو کەسێک دەچێت و دەنگی خۆی دەدات و لە شورادا بەشداری دەکات. پرسیار ئەوەیە کە دیکتاتۆری دژی چی پیادەدەکرێت؟ دژی ئەو بەرگریەیە کە رەنگە پارێزەرانی خاوەندارییەتی تایبەت پێێ هەستن و ئەرکی ئەو دەوڵەتە ئەوەیە کە چینێك لە ژێر کۆنترۆڵدا بهێڵێتەوە. ئەگەر لەگەڵ بورژوازیدا بەرەورووە ، ئەوا بورژوازیش دیاردەیەکی جیهانییە.
بنەماکانی کۆمۆنیزمی کرێکاری (سیمیناری دووەم) – وتاری مەنسوور حکمەت لە ئەنجومەنی مارکس/ لەندەن
وەرگێڕانی بۆ کوردی: موحسین کەریم
hkkurdistan.org