ووتەی دەشتی جەمال لە کۆنفرانسی ڕێکخراوی ۆرکەر لیبەریتی لە لەندەن

هاورێیان لە رێکخراوی ۆرکەر لیبەرتی

٢٦/٤/٢٠٢٦

ئامادەبوانی کۆنفرانس

بەیانیتان باش

خۆشحاڵم کە وەکو تیمێك لە ریکخراوی بەریتانیای حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان لە کۆنفرانسەکەتاندا بەشدار دەبین.. هاوکاتیش بەناوی خۆم و هاورێیانمەوە سوپاستان دەکەم بۆ بانگێشتکردنمان بۆ کۆنفرانسی ساڵانەی رێکخراوەکەتان. هیوادارم کە پەیوەندی نێوان هەردوولا بتوانێت بە قازانجی چینی کرێکار و بزوتنەوەی کرێکاریی و کۆمۆنیستی لە کوردستان و بەریتانیا زیاتر بەرەو پێش بچێت..

هاورێیان ! بەشداربووانی کۆنفرانس

وەکو ئاگادارن جیهان بەدۆخێکی سەختی سیاسی و ئابوری و نائارامیدا تێپەڕدەبێت و فەزای جەنگ و میلیتاریزم لە هەموو گۆشەو کەنارێکی جیهانەوە سایەی بەسەر کۆمەڵگای مرۆڤایەتیدا کردوە. هێزو جەمسەرە ئیمپریالسیتیەکان بە ئامانجی دوبارە دابەشکردنەوەی ناوچەکانی نفوزو کۆنترۆڵکردنی سەرچاوەکانی کەرەستە خاوەکان و مۆنۆپۆڵکردنی بازاری کار و کاڵا، لە کێشمەکێشێکی توند و مەترسیداردان. هێشتا شەڕی ئۆکرانیا کۆتایی پێنەهاتوە، دیسانەوە شەڕێکی دیکەی وێرانکەر ناوچەی بەرۆکی بە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گرتوە و ئەمریکاو ئیسرائیل بەبێ حسابکردن بۆ هیچ یاساو پێوانەیەکی نێودەوڵەتی و بەشێوەی چەتەگەری شەڕێکیان دژی ئێران دەستپێکردوەو هەڕەشە کاولکاری لە تەواوی ناوچەکە دەکەن و تائێستا هەزاران کەسی مەدەنییان لە ئێران کوشتوە دەیان ناوەندی پیشەسازیان کاولکردوە کە سەدان کرێکار تێیدا گیانیان لەدەستداوە یان بریندراو پەککەوتە بوون.

رژێمی کۆماری ئیسلامی ئێرانیش، کە ئەم شەڕە بە هەڕەشە لەسەر مانەوەی خۆی دەزانێ، سڵ ناکاتەوە لە وێرانکاری و ڕاکیشانی ناوچە بۆ شەڕێکی سەراپاگیر. لەنیو ئەم فەزای جەنگەدا کۆماری ئیسلامی ئیران بەردەوامە لە دەستگیرکردن و زیندانیکردنی بەکۆمەڵی خەڵکی ناڕازی، سەرکوتکردن و تۆقاندن، لەسێدارەدان و کوشتنی نەیارانی سیاسی و خۆپیشاندەرانی زیندانی  لە سەرانسەری شارەکانی ئێراندا.

ئامانجی ئەم جەنگە وێرانکاریە، ئەگەرچی بەڕواڵەت بەرامبەر بە رژێمی ئیسلامیەو بیانوی ئەمریکاو ئیسرائیل بوونی موشەکی بالیستی و هەوڵی ئێرانە بۆ دەستراگەیشتن بە چەکی ئەتۆمی، گوایە بوونی چەکی لەوجۆرە لەدەستی رژێمێکی تیرۆریستی وەکو رژێمی ئیسلامی ئێراندا مەترسیە بۆسەر جیهان، بەڵام لەڕاستیدا هۆکاری سەرەکی و ڕاستەقینەی ئەم شەڕە، تەسلیمکردنی ئێرانە بە ئەجندای سیاسی ئەمریکاو لەرێگای ئەوەشەوە شکاندنی لوتی چین و ڕوسیایە لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەراستدا، دەنا ئەگەر رژێمی ئیسلامی خەتەرناکە، ئەوا ئیسرائیل سەدجار لەو رژێمە خەتەرنکترە کە بە دانپێدانانی نەتەوە یەکگرتوەکان و دادگای دای نێودەولەتی و زۆربەی هەرە زۆری رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و … دەیان هەزار هاوڵاتی مەدەنی فەلەستینی جینۆساید کردوە کە لەناویاندا هەزاران مناڵ و ژن هەن! ئەم رژێمە مناڵکوژە ئاپارتایدە کە هەرئێستا یاسایەکی پەسەندکردوە بۆ لەسێدارەدانی زیندانیە فەلەستینیەکان، خاوەنی چەکی ئەتۆمیەو ئەمریکاو دەوڵەتانی رۆژواییش پشتیوانی دەکەن!؟ ئەمە بێجگە لە دوورویی و دەبڵ سیتانداردی چ مانایەکی دیکەی هەیە!؟

ئایا ئەمریکا کە گوایە لەرێگای لەناوبردنی توانای ئەتۆمی و موشەکی ئێرانەوە خەڵکی جیهان لە شەڕی رژێمی تیرۆرسیتی وەکو ئێران دەپارێزێت، خۆی تەنها دەوڵەت نیە کە چەکی ئەتۆمی دژی خەڵکی مەدەنی لە یابان بەکارهێناوە؟ ئایا هەر ئەمریکا نیە کە دەیان شەڕی لە جیهاندا بەرپاکردوەو ملیۆنەها مرۆڤی لە ڤێتنام و کەمبۆدیا و کوریاو باقی ووڵاتانی جنوبی ئاسیا، لە ئەفغانستان، لە عێراق، لە سوریا، یەمەن، ئێران کۆمەڵکوژ نەکردوە!؟ هەرئێستا دۆناڵد ترامپ وەکو سەرۆکی شەقاوەکان باسی ئەوە دەکاتە کە دوای ئێران نۆرەی کوبایە!؟ ئایا کوبا خاوەنی چەکی ئەتۆم و موشەکی بالیستیە!؟ ئایا کوبا یەك شەڕ و یەك کردەوەی تیرۆریستی لە هێج جێگایەکی دنیا ئەنجامداوە!؟ ئایا تاوانی سەرۆکی فەنزەویلا کە وەکو چەتەی دەریا هەڵیانکوتایە سەری و لە ماڵەکەی خۆیدا بەرەو ئەمریکا رفاندنیان، چ تاوانێکی هەبوو بێجگە لەوەی کە لەگەڵ بەرژەوەندیەکانی ئەمریکادا هاوئاواز نەبوو؟

ئەم شەڕەی لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا بەرپاکراوە، تەنها وێرانکاری بۆ ناوچەکە نەهێناوە، بەڵکو بوەتە هۆی کارەسات بۆ سەرجەم چینی کرێکار و جەماوەری کەمدەرامەتی ئەوروپاو جیهان بەگشتی. گرانبوونی نرخی پێداویستیە زۆر سەرەتاییەکانی رۆژانەی هاوڵاتیان بەشێوەیەکی رۆکێتی و شکاندنەوەی ئەو قەیرانە. سەبارەی قەیرانە بەردەوامە ئابوریەکانی پێشووتر، بەسەر شانی چینی کرێکارو جەماوەری بێبەش و کەمدەرامەتدا لەلایەن دەوڵەتانی بۆرژوازیەوە لە ئەوروپاو ئەمریکا و سەراسەری دنیا، ژیان و گوزەرانی ئەو خەڵکەی بەرەو دۆخێکی زۆر خراپ پاڵپێوەناوە. ئەم دۆخە پێویستی بە دەوری چالاکی ئێمە کۆمۆنیستەکان هەیە، چینی کرێکار و جەماوەری هەژار و کەمدەرامەت پێویستی بە دەوری ڕابەری کۆمۆنیستەکان هەیە بۆئەوەی ئەم بەڵایەی لەکۆڵ بێتەوە. ئەم ئەرکەش ئەوە لەئێمە دەخوازێت کە تا ئەو ئاستەی بەرپرسیارێتیە گۆڕانکاری لە خۆماندا بکەین کە بتوانین وەکو لینین و بەلشەفیەکان وەڵامدەرەوەی سەردەمی خۆمان بین!

هیوادارم ئەم کۆنفرانسە و باس و بڕیارەکانی بتوانێ هەنگاوێك بێت بەرەو ئەو ئاراستەیە

سەرکەوتووبن

سوپاستان دەکەم

بژی هاوپشتی چینی کرێکاری جیهانی

بژی هاوپشتی کۆمۆنیستی

 

 

 

About wp_kurdistan

Check Also

شاكر ئەلناصري لە نێوماندا نەما!

دوای تێكۆشانێكی درێژ و دژوار لەگەڵ نەخۆشی شێرپەنجە، هاوڕێی خۆشەویست شاكر ئەلناصري، كە لە ناوماندا …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *