بەرواری ٤ ی ئەم مانگە، هاوڕێ جەلیل عەبدال شەهباز سیمای ناسراوی کۆمۆنیزم و ئازادیخوازی، بەهۆی جەڵدەی دڵەوە گیانی لەدەستدا.
هاوڕی جەلیل، سیمایەکی ناسراوی کۆمۆنیست و هەڵسوڕاوێکی بەرجەستەی کۆمۆنیزمی کرێکاریی و ڕوخسارێکی خۆشەویستی جەماوەری بوو. هاوڕی جەلیل لەگەڵ چرۆ کردنی تەمەنی لاویەوە، بەهۆی ستەم و بێمافی و هەڵاواردنی نیزامی سەرمایەدارییەوە، هەر زوو تیکەڵی کاری سیاسی دەبێت و ڕوو لە مارکسیزم دەکات، لە کۆمەڵەی مارکسی لینینیەوە دەستپێدەکات، بەڵام دوای ئەوەی بۆی دەردەکەوێت کەئەم ڕێکخراوە هیچ نزیکایەتی بە بزوتنەوەی رزگاری بەخشی چینی کرێکار و کۆمۆنیزمەوە نییە، واز دەهینێت و پەیوەندی بە یەکێتی تێکۆشانی کارگەرانەوە دەکات و دەبێتە یەکێک لە کادرە بەرجەستەو هەڵسوراوەکانی، دواتریش لەگەڵ رێکخراوی ڕەوتی کۆمۆنیست درێژە بە کار و هەڵسورانی کۆمۆنیستی خۆی دەدات.
لەدەستپێکی هەڵسوڕان بۆ پێكهاتنی حزبی کۆمۆنیستی کریکاریی عێراق، بەشۆڕ و شەوقەوە بەشداری دەکات و دەبێتە یەکێک لە ئیمزا کارانی پیکهێنانی ئەو حزبە و بەو پەرێ دڵسۆزییەوە درێژە بەکاری کۆمۆنیستی خۆی لەچوارچێوەی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراقدا دەدات.
هاوڕی جەلیل چ لە زانکۆی موسل و چ لە بادینان و بەتایبەتی شاری دهۆکدا، دەبێتە روخسارێکی دیاری کۆمۆنیست و دواتریش کە دەچێتە دەرەوەی وڵات درێژە بە خەباتی کۆمۆنیستی و حزبی دەدات.
هاوڕی جەلیل لەو کاتە بەدواوە تا ٤ ی ئەم مانگە کە بۆ هەمیشە چاوەکانی لێکنا، وەکو هەڵسوڕاوێکی نەسرەتووی کۆمۆنیزمی کرێکاریی دریژەی بە خەباتی نەپساوەی خۆیدا. لەو کاروانە دریژەی خەباتییدا، زۆر سەختی و ناخۆشی چەشت، هاوکات رۆڵی بەرجەستەی لە چەسپاندنی حزبیەت و ناساندنی کۆمۆنیزمی کریکاریی و رێگاچارەکانی بۆ دنیای سەرەوخواری سەرمایەداری هەبوو. نەسرەوتوویی و پشودرێژی هاوڕێ جەلیل ئەوی کردبووە سیمایەکی خۆشەویست و ناسراوی جەماوەری و ئەو لەهەر جێگایەک بوایە جێ پەنجەی کۆمۆنیستی خۆی جێ دەهێشت… جیا لەوانە هاوڕی جەلیل لە پەیوەندی کۆمەڵایەتیدا، کەسایەتی و روخسارێکی خۆشەویست و جێ متمانە بوو. لەسەر هەمان بڕوای قوڵی بە کۆمۆنیزم و حزبیەت و شۆرشی رزگاری بەخشی چینی کریکار لەم ساڵانەی دواییدا پەیوەندیەکی پتەوی لەگەڵ حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان دامەزراند و کەوتە هەڵسوڕان بۆ برەودان بەکاری حزب لە دهۆک و ناوچەی بادینان. بە تایبەت لەدواین گەشت و دیداری لەگەڵ ڕابەری حزبدا کە چەند سەعات بەر لە گیان لە دەستدان کۆتاییهاتبوو، بەشۆڕو شەوقەوە گفتوگۆی تێروتەسەل کرا بۆ چۆنیەتی کارکردن و رێکخستنی پەیوەندەیەکان و برەودان بە کاری کۆمۆنیستی حزبی لە بادینان و بەتایبەتی شاری دهۆکدا. بەداخەوە مەرگی ناوادە کەلێنێکی خستە بەجێگەیاندی ئەو ئەرکە و بۆ هەمیشە چاوەکانی لێکنا.
ماڵئاوایی یەکجاری هاوڕی جەلیل، بەو هەموو ڕۆڵ و نەخشەی لە بزوتنەوەی کۆمۆنیزمی کرێکاریی و لەو هەموو تیکۆشانەی لە پێناو دنیایەکی باشتردا، ئەنجامیدا و بەو ئامادەییەی کە بۆ داهاتوو هەیبوو، خەسارەتێکی یەکجار گەورەیە لە کۆمۆنیزمی کرێکاریی و حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری و ئازادیخوازی، کە پڕ کردنەوەی سەختە.
ئێمە لە حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان لەکاتێکدا سەرەخۆشی لە خێزان و کەس و کار و دۆست و لە سەرجەم هاوڕێانی حزبی و تیکۆشەرانی کۆمۆنیزمی کرێکاریی دەکەین، بەدرێژەدان بە خەباتی کۆمۆنیستی یادی خەباتکارانەی کۆمۆنیستی هاوڕی جەلیل بەرز رادەگرین…
بەرز و بەڕێز بێت یادی خەباتکارانەی کۆمۆنیستی هاوڕی جەلیل
حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان
٥/٥/٢٠٢٦
hkkurdistan.org