پەیوەندی ئێران بە روسیا و چینەوە

عوسمانی حاجی مارف

بۆ تێگەیشتن لە هەڵوێستی روسیا و چین و سەبارەت بە شەڕی  ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران، پێش هەموشتێ پێویستە لەوە تێبگەین کە روسیا و چین، وەک بەشێک لە ململانێیەکی گەورەتر لەسەر داڕشتنی نەزمی جیهانی سەیری شەڕەکە دەکەن. لە ئێستادا جیهان لەڕێڕەوی ئاراستەی گواستنەوە و کۆتاییهێنانە بە سیستەمێکی یەک جەمسەری، کە ئەمریکا لەدوای کۆتاییهاتنی جەنگی ساردەوە بەرجەستەی کردووە، ئەو ئاراستەیە  بۆ سیستەمێکی نێودەوڵەتی فرە جەمسەری، کە لەلایەن ململانێی زلهێزە سەرهەڵداوەکانەوە خەریکە دەچەسپێنرێت.

لەئەنجامدا تێوەگلانی هەر قەیرانێک، کە ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەرەو ڕوی دەبێتەوە، دەرفەتی ستراتیژی بۆ روسیاو چین دەڕەخسێنێت. سەرەڕای ئەوەش، شەڕی بەردەوام نیگەرانی ڕوسیا و چین دەوروژێنێت، سەبارەت بەوەی کە ئەو قەیرانانە دەتوانێت، شەپۆلی ناسەقامگیری لە سنورەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەرچێت و بەجیهاندا بڵاو بێتەوە، وەک داخستنی گەرووی هورمز.لە لایەکی ترەوە پەیوەندی نێوان چین و روسیا لە گەڵ ئێران، لەسەر بەرژەوەندی بازرگانی و ئابووری و هاوسەنگکردنی نفوزی ئەمریکا، لە ناوچەکەدا بنیات نراوە.هەروەها هەرکام لە روسیا و چین، ئەولەویەتی تریان هەیە کە ئێران ناگرێتەوە. چین گرنگی بە پرسی تر لەبەرامبەر ئەمریکادا ئەدا، دیارترینیان دەریای باشووری چین و تایوانە، کە وەک هەڕەشە لەبەرامبەر ئەمریکادا مامەڵەی دەکات، لەلایەکی ترەوە ڕوسیا بە پلەی یەکەم، سەرنجی لەسەر ئۆکرانیایە کە دەروازەی ڕۆژهەڵاتی ئەوروپایە و زاڵبوونە بەسەر دەریای ڕەشدا.

بەشداریکردنی ئەمریکا لە ململانێیەکی درێژخایەندا بەرامبەر زلهێزەکان، لە ئەنجامدا نوێنەرایەتی پێگەیەکی بەرەو پاشەکشە دەکات، لە دابەزینی ڕۆڵی ئەمریکا لە ئاستی جیهاندا، کە لەو حاڵەتەدا پەکین دەتوانێت خۆی وەک هێزێکی هاوسەنگی ئابووری و پیشەسازی، کۆنترۆڵی بازاڕی جیهان پیشان بدات، لەژێر ڕۆشنایی ئەگەری شکستی ئابووری ئەمریکا لە شەڕەکە و لە قەیرانەکاندا. بەڵام ئەوەش نابێت لە بیر بکەین، لەهەمانکاتدا درێژەی شەڕەکەو داخستنی هورمز هەڕەشە لە ئاسایشی وزەی چین و پڕۆژە ئابووریە زەبەلاحەکانی دەکات لە ناوچەکەدا، کە پەیوەندیان بە دەستپێشخەری پرۆژەی گەشەپێدان و ڕێگاوبانەوە هەیە، بەوپێیەی ڕێڕەوی دەریایی لە کەنداو نوێنەرایەتی خوێنبەرە سەرەکییەکانی بازرگانی جیهانی دەکات، کە بە خێرایی ڕەنگدانەوەی لەسەر ئابووری چین دەبێت.

سەبارەت بە ڕوسیا، لە کاتێکدا سەرقاڵبونی ئەمریکا بە شەڕ، پێگەی مۆسکۆ لە قەیرانی ئۆکرانیا و ئەو دەستکەوتانەی کە بەدەستی هێناوە بەهێزتر دەکات. لە کاتێکدا ئەمریکا سەرقاڵی شەڕە لە بەرامبەر ئێراندا، پێگەی مۆسکۆ لە قەیرانی ئۆکرانیادا بە‌هێز دەبێت، بەجیا لەوەی پەیوەندی ناتۆ و ئەمریکا لاواز دەبێت، لە هەمانکاتدا شەڕی ئەمریکاو ئێران و کاردانەوەکانی سەبارەت بە پەکخستنی بازاڕەکانی وزەی جیهانی دەبێتە هۆی دەستکەوتی ئابووری بەرچاو بۆ ڕوسیا. ئاشکرایە کە شەڕەکە بەرژەوەندیەکان لە ناوچەکەدا تێکدەدات، لە هەمانکاتدا ڕەنگە پاڵ بە ئابووریە گەورەکانەوە بنێ بۆ خێراترکردنی گواستنەوەیان لە سەرچاوە تەقلیدیەکانی وزە، ئەمەش لە درێژخایەندا زیان بە بەرژەوەندیەکانی ڕوسیا دەگەیەنێت.

 قەیرانی درێژخایەنی ئەمریکا، ڕۆڵی چین و ڕوسیا گرنگتر دەکات، چونکە شەڕە درێژخایەنەکان فرسەت و پێویستیەکی زیاتر بۆ لایەنەکانی دەرەوەی شەڕەکە دەڕخسێنێت كە توانای دابینکردنی گەرەنتی سیاسی و ئابووریان هەبێت.

هەڵبەتە ڕژێمی ئێران بە باشی ئاگاداری سنووری دەستێوەردانی چین و ڕوسیایە، سەرەڕای ئەو هەڵسەنگاندنە باوەی کە هەردوو وڵات هاوپەیمانی ئێرانن، بەڵام ناکرێ تاران بە تەواوی پشت بە پشتیوانی چین و ڕوسیا ببەستێت. ئێران لەم شەڕەدا حساب بۆ ئەوە دەکات کە پشت بە درێژکردنەوەی شەڕەکە دەبەستێت بۆ پاڵنانی ڕای گشتی ئەمریکا و فشارخستنە سەر ئیدارەی ترەمپ تا بەو شێوەیە کۆتایی بە شەڕەکە بێت، بەتایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی زیانە گیانیەکانی سەربازانی ئەمریکی و بەرزبونەوەی خەرجیەکانی. بە هەمان شێوە لەناو خودی ئیسرائیلدا، خەڵکەکەی تووشی ترس و دڵەڕاوکێیەکی بەرفراوان و زیانێکی قورس بونەتەوە، کە بووە هۆی زیادبونی کۆچکردن، ئەمەش دەتوانێت فشارێکی بەرچاوی گشتی و ئۆپۆزسیۆن لەسەر نەتانیاهۆ دروست بکات بۆ وەستاندنی شەڕەکە.

هەروەها شەڕێکی درێژخایەن دەتوانێت هاوسۆزی گشتی بۆ ئێران لە ناوچەکەدا دروست بکات، ئەو حکومەتانەی کە لە ململانێکاندا بێلایەن ماونەتەوە، بخاتە دۆخێکی چاوەروانی و سەختەوە، ئەمەش پاڵیان پێوەدەنێت بۆ گرتنەبەری هەڵوێستی دیپلۆماسی بەرامبەر بە ئەمریکا و ئیسرائیل، وەک هەوڵەکانی ئیسلامئاباد بۆ دانوسەکان.

کاتێک شەڕی نێوان ئەمریکا و ئێران کەوتە بەر گرژیەکانی داخستنی گەروی هورمز، چیتر وەک ڕوبەڕوبونەوەیەکی دوولایەنە نەمایەوە، ئەوەی ئاشکرا کرد کە یاریزانی دیکەش لە نێو مەیدانکەدا هەن و پشتیوانی و پشتگیری پێشکەش دەکەن، بەڵام لە هەماکاتدا خۆیان لە ڕوبەڕوبونەوەی ڕاستەوخۆ بەدوور دەگرن، لەبەر ئەگەری ئەوەی نەک ببێتە هۆی جەنگی جیهانی سێیەم.

ڕاپۆرتە هەواڵگریەکانی ڕۆژئاوا بە ئاشکرا باس لە پشتیوانی ناڕاستەوخۆی چین و روسیا بۆ ئێران لە کاتی ململانێ و شەڕەکان لەگەڵ واشنتۆن دەکەن، کەلە ڕێگەی کەناڵی تەکنیکی و تەکنۆلۆژی و ئابووریەوە بە ئامانجی درێژخایەنی جەنگ و ماندوکردنی ئەمریکایە. هەڵبەتە پەکین و مۆسکۆ باش دەزانن کە بەرژەوەندیەکانیان لە زیندوو ڕاگرتنی ململانێکاندایە، بەڵام لە چوارچێوەی سنوورێکدا کە ڕێگری لە ڕوبەڕوبونەوەی ئاشکراو ڕاستەوخۆ لەگەڵ واشنتۆن دەکات. ھیچ هێزێکی چینی و روسی لە تەنیشت سوپای پاسدارانی ئێران شەڕیان نەکردووە، تا ئێستا هیچ هێرشێکی مووشەکی لە پەکین و مۆسکۆوە ئەنجام نەدراوە کە بنکەکانی ئەمریکا لە کەنداو بکاتە ئامانج.

بەڵام بۆچی چین و روسیا ئەم پشتیوانیە دەکەن؟ بۆ مۆسکۆ هاوکێشەکە سادەیە، تا واشنتۆن زیاتر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا گیر بخوات، فشارێکی کەمتر لەسەر روسیا لە ئۆکرانیاوە دەخرێتە سەری. ئێران لای پوتین هاوپەیمان نییە بە مانای ئایدیۆلۆژی، بەڵکو ئامرازێکی بەنرخە بۆ سەرقاڵکردنی بەرامبەرەکەی.

بەڵام چین حیساباتی جیاوازی هەیە، پەکین نەک هەر دەیەوێت ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بنبەست بکات، بەڵکو لە هەمانکاتدا دەیەوێت نیشانی بدات کە لە بەرامبەر ئەمریکادا هێزێکی گەورەیە و توانای تەحەدای نەزمی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتی واشنتۆنی هەیە، پشتیوانی چین بۆ ئێران بەشێکە لە ستراتیژییەکی فراوانتر بۆ تێکدانی هەژموونی ئەمریکا.

چین بۆ بەشێکی بەرچاو لە پێداویستیە نەوتیەکانی پشت بە کەنداو دەبەستێت، هەر شەڕێکی ناوچەیی بەرفراوان دەتوانێت دابینکردنی وزە تێکبدات و گەشەی ئابووری چین بخاتە مەترسیەوە. بۆیە پەکین بە وریاییەوە مامەڵەی دۆخەکە و ململانێی لە گەڵ ئەمریکا دەکات. پێشکەشکەری پشتیوانی تەکنیکی و ئابووریە، بەڵام بەدەر لە دەرکەوتن لە هەر هەنگاوێک کە دەتوانرێت وەک پەیوەستبوون بە شەڕەوە لێکبدرێتەوە. لە هەمان کاتدا، کەناڵە کراوەکانی پەیوەندی لەگەڵ واشنتۆن دەپارێزێت، ڕەنگدانەوەی جیهانبینی چینی کە هەوڵدەدات دەسەڵاتی نێودەوڵەتی دابەش بکاتەوە، بەبێ ئەوەی مەترسی ڕوبەڕوبونەوەی کارەساتبار بکات.

لە واشنتۆنیش دۆخەکە ئاڵۆزە، ترەمپ کە توڕەیی خۆی لە دەور و پاڵپشتی چین و رووسیا بۆ ئێران ناشارێتەوە، بەیاننامەیەکی پر هەڕەشەی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند چین و روسیا باجێکی قورس ئەدەن!،  بەڵام گومانی تیانیە کەجێبەجێکردنی ڕاستەقینەی ئەم هەڕەشانە، لەبەرامبەر روسیا و چیندا مانایەکی عەمەلی لێناکەوێتەوە.

هەڵبەتە واشنتۆنیش بەتوندی خۆپارێزی لە پەرەسەندنی شەڕی ڕاستەوخۆ لەگەڵ پەکین و مۆسکۆدا دەکات، چونکە دەتوانێت سیناریۆیەک بەدوای خۆیدا بهێنێت کە کەس نایەوێت، ئەویش جەنگی جیهانی سێیەمە، بۆیە زلهێزەکان لە ناچاریا بە وریاییەوە، سەما لەسەر لێواری چەقۆیەک دەکەن، کە هەر لایەک دەیەوێت بەهێز دەربکەوێت بەبێ ئەوەی ببێتە هۆی داڕمانی کۆی زەوی.

بە لەبەرچاوگرتنی ئەم واقیعانە لەئێستادا زۆرترین ئەگەر ئەوەیە پشتیوانی چینی و روسیا سنووردارە و ناڕاستەوخۆ دەمێنێتەوە، ململانێ و بارگرژی لە ناوچەکە بەردەوامە و لە سنوردارکردنی واشنتۆن و تاراندا دەمێنێتەوە، ناوچەکەش لە دۆخێکی خراپ بونی هەمیشەیدا دەبێت. لەلایەکی تریشەوە ئەگەری ئەوە هەیە پشتیوانیەکانی روسیا  و چین بۆ ئاستێکی بەرزتر هەنگاو بنێت، چین یان روسیا چەکی پێشکەوتوو، وەک سیستەمی بەرگری ئاسمانی ئاڵۆز، یان موشەکی دوور مەودا، بۆ ئێران دابین دەکەن، ئەمەش هاوسەنگی هێز دەگۆڕێت و وەڵامێکی یەکلاکەرەوەتر لە واشنتۆنی لێدەکەوێتەوە، کە ئەگەری هەیە لێدانی ناڕاستەوخۆ لەناو خاکی روسیا یان چیندا لەخۆبگرێت!.

پاڵپشتی چین و روسیا بۆ ئێران پیلانێک نیە بۆ گڕدانی شەڕێکی جیهانی، بەڵکو بەشێکە لە گەمەیەکی ستراتیژی گەورەتر کە ئامانجی سەرلێشێواندن و ماندووکردنی واشنتۆنە، نەک لەناوبردنی سیستەمی نێودەوڵەتی. هەڵبەتە ئاراستەکە بەرەو ئەوە دەڕوات کە سیستەمی نێودەوڵەتی گۆڕانکاری قووڵی بەسەردا دێت لە ئەنجامی ململانێ و گۆڕانی هاوسەنگی جەمسەرەکان و شەڕی بەردەوامی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بۆیە هەندێک لە ئەکتەرە نێودەوڵەتیەکان، لەوانەش روسیا و چین، هەوڵدەدەن ڕۆڵێکی سیاسی ئاڵۆز بگێڕن کە پاراستنی هاوسەنگی ستراتیژی خۆیان لە ناوچەکەدا، تێکەڵ بکەن لەگەڵ سوودوەرگرتن لەو دەرفەتانەی کە قەیرانەکان هیناویەتە پێشەوە، بۆ بەهێزکردنی پێگەی خۆیان لە سیستەمی نێودەوڵەتیدا.

چین و روسیا، دەیانەوێت ئەمریکا بە سەرقاڵی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستەوە بمێنێتەوە و سەرنجی خۆی لە سەر ئەوروپا و ئاسیا لاببات، بەم شێوەیە سەرچاوە و تواناکانی تەواو بکات. بەڵام شەڕێکی تەواویان ناوێت کە بتوانێت بیانکێشێتە ناو تاڵاوێکەوە،  هیچ ڕێگایەکی دەربازبونیان نەبێت. بۆیە پێدەچێت ئەو ململانێیە لە چوارچێوەی شەڕی بە وەکالەت و ڕوبەڕوبونەوەی ناڕاستەوخۆدا بمێنێتەوە، هەڵبەتە ململانێی وڵاتانی سەرمایەداری، لەوپەڕی قوڵبونەوەی قەیرانەکانیدا، هیچ گەرەنتیەک ناناسن، کە ژیانی مرۆڤایەتی تەواو دەشێوێنێت.

لەم چوارچێوەیەدا ئەتوانین بڵێین کە ئێران ئەوەندە ئامانج نییە، راستە ئێستا گەمەکە ئێرانی کردۆتە مەیدانی ململانێی زلهێزەکان، دواتر لەم گەمەیەدا ئەگەری ئەوە هەیە کوبا و کۆریا و گەرشوێنێک پێویستیان بێت ئەم گەمەیەی تیا گەرم دەکەن. کۆتایی ئەم گەمانەش تەنها لە پرۆسەی ئەو جەنگە جیهانیەدایە کە پەیوەندیەکانی کۆمەڵگەی سەرمایەداری لێکدادەبرێ و بەتاڵی دەکاتەوە.

 

About wp_kurdistan

Check Also

دەبێ دەستبەجێ شێروان شێروانی ئازاد بکرێت!

نزیکەی ٢٠ ڕۆژە ڕۆژنامەنوسی زیندانی شێروان شێروانی لە زیندانی هەولێر، مانی لە خواردن گرتووە. ناوبراو …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *