ڕێبوار ئەحمەد
{ ئەم ووتارەی رێبوار ئەحمەد ئەندامی مەکتەبی سیاسی حزب لە چوار بەش پێکهاتوە. بەشی یەکەم و دووەم لەسەر سۆشیال میدیا بڵاوکراوەتەوە. بەڵام بەپێی رێکەوتن لەگەڵ نوسەردا بەشی سێهەم و چوارەم سەرەتا لە ئۆکتۆبەردا بڵاودەکرێتەوە. تایتڵی هەر چواربەشی وتارەکە هەر ناوی یەکەم بەشی وتارەکەی هەڵگرتوە. بەشی دووەم بەناوی ( حیکمەت و ناوەندگەرایی) بڵاوکراوەتەوە. بەشەکانی سێهەم و چوارەم تایتڵی خۆیان بۆدانراوە. ئۆکتۆبەر}
–بەشێ سێهەم–
فیدراڵیزم پڕۆژەیەکی کۆنەپەرستانە و دژی کرێکارییە
بەڵام با بزانین هونەری ئەم دابەشکاری و دەستەبەندیی کردنەی دانیستوان و خاک و خۆڵ و دەشت و دۆڵ لە چیدایە و چ ئاسەوارێکی دەبێت لەسەر ژیان و چارەنووسی خەڵک، بە دیاریکراوی لەسەر خەڵکی کوردستان و “کرێکاری کورد”. لە پێشدا دەبێ ئەوە ڕوون بێت کە ئەمە هەڵاواردن و جیاکارییەکی قووڵ لەسەر بنەمای ناسنامەیەکی ساختە دەخاتە نێو دانیشتووانەوە. ئیتر کەس ناوی هاووڵاتی نییە، هەموو هاووڵاتییەک مۆرێکی قەومی دراوە لە نێوچەوانی؛ هەرکەس یان کوردە، یا فارس، یان عەرەب، تورک، بەلووچ و… هتد. بەشەکەشی بەپێی ئەو دابەشکاری و پێوانەیە دیاری دەکرێت کە کراوە بە بنەما. بەم پێیەش ئەوەی بە کەمایەتی دانراوە، مافی کەمتری هەیە لەوەی بە زۆرایەتی دانراوە. بەم جۆرە هەر لەسەرەتاوە بەشێک لە هاووڵاتیان لەسەر ئەو بناغە ڕاسیستییەی بە کەمایەتی دانراون، مافیان کەمترە لەوانەی بە زۆربە یان زۆرایەتی هەژمارکراون. لە سیستەمێکی وادا، هیچ کات هاووڵاتییەکی سەر بە نەتەوەی کەمینە، مافی یەکسانی نابێت لەگەڵ هاووڵاتییەکی سەر بە نەتەوەی زۆرینە. بۆ نموونە سەرۆکی دەوڵەت دەبێ هەمیشە لە زۆرینە بێت، جێگرەکەی لەو نەتەوەیە بێت کە بە پلەی دووەم دێت و بەم جۆرە بەرەوخوارەوە هەموو پۆست و دەسەڵاتەکان لەسەر ئەم بنەما قەومیە دابەش دەکرێن؛ دروست وەکو ئەوەی ئێستا لە عێراقدا بەکردەوە دەیبینین. لەسەر بنەمای ئەو ناسنامە پوچ و داتاشراوە قەومی و دینیانە گوایە: رەئیسی دەسەڵات بەدەست نوێنەری شیعەیە و رەئیسی پەرلەمان سونەیە و سەرۆکۆماری تەشریفات کە مایەی گاڵتەجاڕی خەڵکی کوردستانە بەڵام خاوەن قاسەیەک لە پارەیە، کوردە و “کەمایەتی”یەکانی تریش لەبەرماوەی ئەمانەیان پیدەدرێت. هیچیشیان بای سەلکەتورێک بایەخیان نیە لە دەستەبەرکردنی مافەکانی ئەو خەڵکەی بەسەر ئەم پێکهاتانەدا دابەشکراون. ئەم نموونەیە تەنها وێنەیەکە بۆ نیشاندانی دابەشکارییەکی دەسەڵات کە لە بنەڕەتدا بۆرژوازیی کورد خەونی پێوە دەبینێ، بەڵام لەم ئاستەدا بەرتەسک نامێنێتەوە و باڵ دەکێشێ بەسەر هەموو بوارێی ژیانی خەڵکدا.
بنەمای ئەم تەرحە هیچ پەیوەندییەکی بە بەختەوەری، ماف و خۆشگوزەرانیی “تاکی کورد” و بەتایبەتیش کرێکاری کوردەوە نییە. فیدرالیزم ڕێگاچارەیەک نیە بۆ چارەسەری کێشەی کورد و ستەمی میللی، بەڵکو پرۆژەیەکە بۆ ئەوەی بورژوازی کورد لە قاڵبی ئەحزابی ناسیۆنالیستی کورددا بە ناو و نوێنەرایەتی ئەو خەڵکەی ناسنامەی قەومی کوردیان بەسەردا دابڕاوە، لەسەرەوەی ئیرادە و دەخاڵەتی خودی ئەو خەڵکەوە، لە دەسەڵات و قازانجی سەرمایە بەشیان هەبێت. لە ڕاستیدا فۆرشتنی مافی خەڵکی کوردستانە بۆ بڕیاردان لەسەر چارەنوس، بە بەشی بورژوازی کورد لە دەسەڵات. بۆ ئەوەی هەم لە خێروبێری ناوەنددا شەریك بێت، هەم وەکو چینی سەرمایەداری کورد مافی چەوسانەوە و مژینی خوێنی کرێکار و زەحمەتکێشی کوردستان بۆ خۆی بێت؛ دروست وەکو وتراوە “ئەوەی خۆم بۆ خۆم و لەوەی تۆش دەخۆم”! لێرەدا بەش و بەرژەوەندیی بۆرژوازیی کورد ڕوون و ئاشکرایە، بەڵام دەستکەوتی “کرێکاری کورد” لەم دابەشکارییەدا چییە؟! سەرۆک کۆماری تەشریفاتی و جێگری سەرۆک پەرلەمان و جێگری سەرۆک وەزیران و ئەو پۆستانەی تر کە بەناوی بەشی خەڵکی کوردستانەوە دراون بە تالەبانی و بارزانیەکان، چ خێر وبێرێکیان بۆ خەڵکی کوردستان هەبوە؟ بە دیاریکراوی و لەسەر ئەرزی واقع کریکار و فەرمانبەری “کورد” لەم دابەشکاریەدا چیان پی بڕاوە؟ نەک هەر هیچ! بەڵکو دووجار چەوسانەوە، چەوسانەوەی دوقات. “کرێکاری کورد” دەبێ لەسەر بنەمای ناسنامەی ساختەی قەومی، لە پشتی بورژوازی خۆییو بەرامبەر هاوچینە “فارس، بەلووچ، عەرەب و تورک”ەکانیان ڕابوەستێت و ڕیزی خەباتی چینایەتیی خۆی لە پێناو ژیاندا تێکبدات، بۆ ئەوەی بۆرژوازیی کورد بە ناوی خەڵکی کوردەوە لە دەسەڵات و داهاتی سەرمایە شەریك بێت.
ئەگەر مەسەلەکە باسی ئەوەیە کە کرێکار و خەڵکی کوردستان مافی خۆیەتی بە زمانی کوردی بخوێنێ، بنووسێ، قسە بکات و بتوانێ بۆ هەموو پۆستێک خۆی کاندید بکات و گۆرانی و “ئەی ڕەقیب” بڵێت ــ وەکو ئەم کەمپینەی لە دژی حیکمەت بەرپای کردووە،دەماری ملی خۆیان دەرپەڕاندوە و بە حەماسەوەهاوار دەکەن “کورد خاک، سنوور، نەوت، مەعادن، مێژوو، کلتوور، شاخ، ژن، کۆڵبەر و قەبرسانی خۆی هەیە” ــ ئەوە یەکەم، ئەمانە هیچ پارووە نانێکیاننەخستوەتە سەر سفرەی کرێکار و خەڵکی بێدەرەتانی کوردستان، لە سیایەی فیدرالیزمدا نە خاک و نە نەوتو مەعادن و نە ئەوانی تر هیچ خێر و بیرێکیان بۆ خەڵک نەبوە و تاقە دانەیەک لەو هەموو دەردەیان دەرمان نەکردوە کە جەماوەری بێدەرەتانی کورستان بەدەستیەوە دەناڵن. لەوەش زیاتر خەڵکی کوردستانی عێراق لە سایەی حکومەتی فیدرالی کوردیدا نەوتی خۆیان بە دوقاتی ئەو نرخە دەکڕن کە بە خەڵکی تر دەفرۆشرێت، بە تایبەت “نەوتی خۆمانە” ڕێک بۆیان بوەتە مایەی نەگبەتی و بێدەرەتانی، باشترە دەرگای ئەم باسانە هەر نەکەنەوە. دووەم، ئەم خەڵکە چ لە حاڵەتی جیابوونەوە و چ لە حاڵەتی مانەوە لەگەڵ دەوڵەتی مەرکەزیدا ــ بەو مەرجەی وەکو هاووڵاتیی پلە یەک و یەکسان لەگەڵ باقی دانیشتووان هەژمار بکرێن ــ هەموو مافەکانی مسۆگەر و دەستەبەر دەبێت. ئەوەی کە جیاوازی هەیە، تەنها فەراهەم نەبوونی “ئەوەی خۆم بۆ خۆم و لەوەی تۆش دەخۆم”ە بۆ بۆرژوازیی کورد. دروست هەر ئەمەشە کە ناسیۆنالیستە کوردەکان وەکو نوێنەری چینی بۆرژوازیی کورد سنگی بۆ دادەدڕن. ئەم بۆرژوازییە کوردییە کە لە هیچ کات و هەلومەرجێکدا ڕازی نییە بۆ ساتێکیش دەست لە مژینی خوێنی “کرێکاری کورد”شل بکات، بەڵام داوا لە “کرێکاری کورد” دەکات بەرژەوەندیی چینایەتیی خۆی وەلابنێ و بیر لە ستەم و چەوسانەوەی چینایەتی نەکاتەوە، گوێ بەوە نەدات کە بورژوازی کورد خوێنی دەمژێت، بەناوی بەرژەوەندیی درۆزنانەی هەموو کوردەوە، دژی هاوچینەکانی تری خۆی و لە پشتی بۆرژوازیی چەوسێنەری کوردەوە ڕابوەستێت.
لە ڕاستیدا فیدراڵیزم و خودموختاری، جگە لەوەی تەرح و پڕۆژەیەکی تا سەرمۆخ کۆنەپەرستانەیە، جگە لەوەی پلانی بەرپاکردنی ئاشووب، شەڕ و بێنەوبەرەی نەبڕاوەی قەومییە کە ژیان و چارەنووسی هەموو خەڵک دەهاڕێت، جگە لەوەی پڕۆژەیەکە بۆ هەڵاواردن و دووبەرەکی لە نێوان دانیشتوواندا، لە هەمان کاتدا پڕۆژەیەکە بۆ چەوسانەوەی دووقاتی “کرێکاری کورد”؛ جارێک بەدەست بۆرژوازیی ناوەندی و جارێکی تر بەدەست بۆرژوازیی خۆماڵیی کوردەوە. بۆ “کرێکاری کورد” تەنها دەستکەوتی ئەوەیە ئەمسالی مەسروور و بافڵەکان بەشێک لەو داهاتە بە تاڵان بەرن کە دوای چەوسانەوە لە دەستی بۆرژوازیی مەرکەزی بە “کرێکاری کورد” بڕاوە. دروست وەکو ئەوەی ئیستا لە کوردستانی عێراق دەیبینیین.
دۆخی ئێستای کوردستانی عێراق باشترین، ئاشکراترین و ڕوونترین ئەلگۆی فیدراڵیزمی قەومییە کە دەبێ هەموو خەڵکی پارچەکانی تری کوردستان بەم پڕۆژە و سیستەمە ئاشنا بکات. نابێ ڕەخنەی چەواشەکارانەی ناسیۆنالیستە کوردەکانی پارچەکانی تری کوردستان لەم دەسەڵاتە کوردییە ــ بەناوی ئەوەی ئەمانە “دووکانن نەک حکومەتی کوردی” یان ئەمانە کەمکارن، بەپێی پیویستیان کردوە، تەنانەت دز و تاڵانگەرن… هتد ــ خۆڵ بکاتە چاوی خەڵک؛ گوایە بۆرژوازییەکی خۆماڵی، نیشتمانی و خەمخۆری هەموو میللەت بونی هەیە و ئەزموونێکی جیاواز و باشتر لەمانە بەدیاری بۆ خەڵک دەهێنێت. ئەمە درۆیەکی شاخدارە؛ بۆرژوازیی باش و خەمخۆری هەموو میلەت تەنها ئەفسانەیە و بوونی نییە. هەر بۆیە هەموو ئەوانەی پەیمانی ئەوە دەدەن کە لە سبەینێدا بۆرژوازییەکی باشتر لەمە دەبن، هەموو ئەوانەی کە بۆ چاوبەستی خەڵک وای نیشاندەدەن کە ئەوانیش لەم دەسەڵاتە کوردیەی کوردستانی عێراق ڕەخنەیان هەیە و ناڕازین، بەڵام بە کردەوە هەر ئێستا لە پشتی ئەم حکومەتە فیدراڵە قەومییە کۆنەپەرست، چەوسێنەر، پیاوسالار و ستەمکارەی کوردستانی عێراقەوە ڕاوەستاون و هێزی لێ وەردەگرن، پاساو بۆ چەپەڵکاری و چاوچنۆکی و خوێنمژیان دەهێننەوە، وە بەتایبەت بە هەر ڕەخنەیەکی چینایەتی، سۆسیالیستی، کرێکاری و ئازادیخوازانە لەم حکومەتە، ناڕەحەت، هەراسان و توڕە دەبن.
بەشی چوارەم
_ناسیۆنالیزم مایەی شەرمەزارییە بۆ بەشەر_
کوردایەتی نەریتێکی زۆر شەرمهێنەری لە کوردستاندا بەرهەم هێناوە؛ نەریتی شانازی بە کوردبوونەوە. تا ڕادەی ئەوەی خەڵکانێک بۆ ساتێک لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنی یان ڕاپۆرتێکدا دەردەکەون، بە سڵاوناردن “بۆ هەر چوار پارچەی کوردستان، یان بۆ هەموو تاکێکی کورد لە هەر جێگایەکی دنیا بێت” دەست پێدەکەن. بەم شێوەیە ئیمەیجێکی زۆر دواکەوتووانە و کۆنەپەرستانە لە خۆیان و لە “کورد”یش دەدەنە بینەر و بیستەر. لە هەموو دنیادا ئەوەی باوە و دروست و ستانداردە، سڵاوکردنە لەو بینەر و بیستەرانەی بەدیار تەلەفزیۆنەکەوە دانیشتوون. تەنانەت حیساب بۆ ئەوە ناکەن کە ئێستا لە کوردستاندا وەکو هەر کۆمەڵگایەکی هاوچەرخی تر، خەڵکانی بیانی کار و ژیان دەکەن، ئەوان تەنانەت فێری کوردی بوون و دەبنە بینەر و بیستەری ئەم بەرنامانە. ئەوە چ شانازییەکی تێدایە کە نیشانی بدەی “کوردەکان” ئەوەندە نەتەوەپەرستن کە تەنانەت سڵاوێک لە غەیری خۆیان ناکەن! بێگومان (بیانییەکان) لەبەرخۆیانەوە دەڵێن ئەمانە چ جۆرە مرۆڤێکن؟!ناسیۆنالیستە کوردەکان، چ ئەوانەی کە لە کوردستانی عێراقدا دەسەڵاتدار و خاوەنی سەڵتەنەتن و ڕێک لەسەر بناغەی ئەوەش ملیۆنان هاووڵاتی لە مەینەتیدا دەژین، و چ ئەوانەش کە بەتایبەت لە جەرگەی جەنگی ئەمریکا/ئیسرائیل ــ ئێراندا، خەون بەوەوە دەبینن لەمڕۆ یان سبەی ئێراندا ببنە خاوەن هەمان سەڵتەنەت، حەقیانە لە حیکمەت توڕە و بەقین بن و نەفرەتی لێ بکەن. چونکە حیکمەت کە چارەکە سەدەیەکە لە ژیاندا نەماوە، بەڵام جیهانبینی، تێز و تێکستەکانی، بەربەستێکی گەورەی داناوە لەبەردەم بەدیهاتنی خەونەکانی ئەوان و ئەمسالی موهتەدی و لایەنە کوردییەکانی تر، کە ڕۆڵی گەورەیان هەیە لەم بازاڕی جنێوەدا. موهتەدی دوای دەیان ساڵ شکست و بە قەولی خۆی فریوخواردن، خەون بەوەوە دەبینێ کە بە خۆهەڵواسین بە پشتێنەکەی حەمەڕەزا شاوە، ببێتە بافڵ و مەسرووری سبەینێی کوردستانی ئێران. خۆی مەڵاس داوە بە ناوی نوێنەری خەڵکی کوردستانەوە، خۆی و ئەمسالی لە دەسەڵات و داهاتدا شەریك بن و هەمان مەحرومییەتی خەڵکی کوردستانی عێراق بەسەر خەڵکی کوردستانی ئێراندا بهێنن. بەڵام بزوتنەوە، دید، جیهانبینی و ڕەخنەی حیکمەت لە ناسیۆنالیزم، بەربەستی بۆ دروست کردوون.
ئەگەر لەو ڕۆژگارەی کە خەڵکی کوردستان، بەتایبەت لە عێراقدا، لەژێر باری دڕندانەترین ستەم و چەوسانەوەی نەتەوایەتیدا دەیانناڵاند و بە ناحەق کوردایەتییان وەکو بزووتنەوەی ڕزگاری لە ستەمی نەتەوەیی دەناسی، تێگەیشتن لەو تێزەی حیکمەت کە دەڵێ “ناسیۆنالیزم مایەی شەرمەزارییە بۆ بەشەر” سەخت و دژوار بووبێت، بۆ ئەمڕۆ ئیتر هیچ دژوارییەکی نەماوە. بزووتنەوەی کوردایەتی و حیزبەکانی بە دەسەڵات گەیشتن و تا ئەمڕۆ ٣٥ ساڵە حوکمرانی دەکەن. لەم ٣٥ ساڵەدا لە ژێرباری چەوسانەوەدا کەمەری خەڵکی کوردستانیان چەماندەوە. هیچ چەپەڵکارییەک نەما نەیکەن و هیچ نەهامەتییەک نەما بەسەر هاونەتەوەکانی خۆیاندا نەهێنن؛ لە تاڵانی و ڕاوڕووت، لە سەرکوت و جەنگ و کوشتار و تیرۆر و زیندانی کردنی خەڵکی ناڕازی، لە خوڵقاندنی دۆزەخ و کۆنەپەرستی بۆ ژنان، لە پێشلەشکری و گوێ لەمشت بوون بۆ دەوڵەتانی چەوسێنەری خەڵکی “کورد”، لە برسیکردنی خەڵک… تا ئەو ڕادەیەی لەبری هەناسەدان و هەنگاوهەڵگرتن باج لە خەڵک وەردەگرن. باجیش بە جێگای خۆی، بەڵام لە دنیادا باج داهاتێکە دەڕژێتە قاسەی دەوڵەتەوە بۆ خزمەتگوزاریی گشتی وەکو تەندروستی، خوێندن، ڕێگاوبان و بیمەکان خەرج دەکرێت، کەچی لێرە باج دەخرێتە سەر سکەیەک ڕاست بۆ قاسە هەرگیز پڕنەبووەکانی تاڵەبانی و بارزانی و دەست و پێوەندەکانیان. ئەمانە ساڵانێک خەڵکیان لە تاریکیدا ڕاگرت و وتیان دابینکردنی کارەبا لە توانادا نییە، خەڵکیان لەبەردەم نەخۆشی و مەرگدا بەجێهێشت و وتیان لەوە زیاترمان لەدەست نایەت، خەڵکیان تینوو کرد و وتیان لە دەسەڵاتی ئێمەدا نییە… بەڵام هەر ئەوەندەی ڕێگایەکیان دۆزییەوە کە ئەم پێداویستییە هەرە سەرەتاییانەی ژیانی ڕۆژانە بکەن بە ئامرازی بەرزکردنەوەی قەڵای سەروەتی خۆیان، لە “کون فەیەکون”ێکدا کارەبای ٢٤ کاتژمێری و سەدان نەخۆشخانەی ئەهلی و… فەراهەم بوو، بەڵام بە پارەیەک کە گیرفانی کرێکار و زەحمەتکێش بەرگەی ناگرێت. کەواتە هەموو پاساوەکانتان دەربارەی “ناتوانین و ناکرێت” سەرتاپا درۆ بوو.
کارکردی ئەم ٣٥ ساڵەی ناسیۆنالیزمی کورد لە عێراقدا، بەسە بۆ حەقانییەتی ئەوەی ناسیۆنالیزم مایەی شەرمەزارییە بۆ بەشەر. حیکمەت لە جەرگەی ڕاپەڕینی ئاداری ١٩٩١دا ئەم دۆخەی پێشبینی کرد و زۆر بە ڕوونی خستیە بەرچاو. هەڵبەت نەک کوتومت بەم جۆرەی ئێستا هەیە، بەڵام ڕوون و ڕاشکاو لە وەڵامی جەنابی موهتەدیدا وتی: ئەو ئاسۆیەی بەسەر ڕاپەڕیندا باڵادەستە، کۆمەڵگای کوردستان بەرەو ئایندەیەک دەبات کە بەهەشت بۆ چینی بۆرژوازی و دۆزەخ بۆ خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش بەرپا دەکات. یەکێک لەو بەڵگانەی کە شاگردەکانی موهتەدی بە دەستیانەوە گرتووە بۆ جنێودان بە حیکمەت، هەر خودی هەڵوێستی حیکمەتە لەسەر ڕاپەڕینی ١٩٩١. بە هەزار و یەک فریوکاری دەیانەوێ تەپوتۆز بەرپا بکەن و جڵەوی تێگەیشتن لە بۆچوونەکانی حیکمەت بگرن. دەڵێن حیکمەت دژی ڕاپەڕین بوو. ئەمە درۆیەکی گەورەیە؛ ئەو ڕەخنەی لە ئاسۆی ناسیۆنالیستیی زاڵ بەسەر ئەو ڕاپەڕینەدا گرت، بەتایبەتی خۆشەتەکدانی ئەو ئاسۆیە لەگەڵ سیاسەتی ملهوڕانەی ئەمریکا. زۆر بە کورتی و بە سادەیی، حیکمەت ڕاپەڕین دژی ڕژێمی بەعسی بە مافی ڕەوای خەڵکی کوردستان دەزانی، بەڵام وتی تەنها ڕاپەڕین بەس نییە؛ بۆ ئەوەی ڕاپەڕین بە ئاراستەی بەدیهێنانی ئاوات و ئامانجەکانی خەڵکی ستەمدیدەی کوردستان بڕواتە پێش، پێویستە ئاسۆیەکی سیاسیی شۆڕشگێڕانە ڕابەرایەتی بکات. وتی ئەو ئایندەیەی بۆ ئەم کۆمەڵگایە دەنووسرێت، بەندە بەوەی کام ئاسۆ بەسەر ئەو ڕاپەڕینەدا حوکمڕانی دەکات؟ ئەگەر ئاسۆی ناسیۆنالیستی بێت، ئەوە هیچ گومانی تێدا نییە کە ئاکامەکەی دەکاتە دەسەڵات، سەروەت، خۆشبەختی و ژیانی شاهانە بۆ چینی بۆرژوازیی کورد و نەهامەتیش بۆ جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش. ئەگەر ئاسۆی سۆسیالیستیش باڵادەست بێت، دەتوانێ ئازادی، یەکسانی و بەختەوەری بۆ هەموو خەڵکی کوردستان دەستەبەر بکات. لەم پێناوەدا حیکمەت بەرگریی لە ئاسۆی سۆسیالیستی کرد و ڕەخنەیەکی قووڵیشی لەو نەریت و ئاسۆ ناسیۆنالیستییە گرت کە ئەمڕۆ خەڵکی کوردستانی تووشی ئەم هەموو نەهامەتییە کردووە. هەموو رۆژ و سەعاتێکی ئەم ٣٥ ساڵەی دوای ڕاپەڕینی ١٩٩١ زۆر بە ڕۆشنی شایەتی لەسەر دروستی و لەسەرحەقبونی ڕوانگەی حیکمەت دەدات. ئەمە هۆکاری هەموو توڕەیی، نەفرەت و کینەی ناسیۆنالیستەکانە لەو.
کۆبەندی
بە کورتی و بە ڕوونی، حیکمەت و کۆمۆنیزمەکەی، لە بەرامبەر فیدراڵیزم و خودموختاریی قەومیدا، ڕاشکاوانە بەرگری لەوە دەکەن کە ڕێگاچارەی دروست ئەوەیە خەڵکی کوردستان هەڵبژاردنی خۆیان بکەن؛ یان بە جیابوونەوە و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆ، یان مانەوە لەگەڵ مەرکەزدا لە سایەی یەک دەوڵەت و یەک وڵات و یەک ستانداردی یەکپارچە و یەکساندا. خەڵکی کوردستان ئەگەر ئازادانە و هۆشیارانە ڕۆژگارێک پەی بەوە بەرن کە جیابوونەوە و دامەزرانی دەوڵەتی سەربەخۆ بە قازانجیان نییە و بیانەوێ لەگەڵ دەوڵەتی مەرکەزیدا بمێننەوە، ئیتر نابێ فریوی ئەو فیدراڵیزم و خودموختارییە بخۆن کە مانایەکی نییە جگە لە دەسەڵاتدارێتیی بۆرژوازیی کورد و شەریکبوونی لە دەسەڵات و قازانجی سەرمایە.
حیکمەت و کۆمۆنیزمەکەی بە دوو مەرج لایەنگری یەکپارچەیی وڵات و یەک ستانداردی و یەک دەوڵەتی مەرکەزین:
١. دەوڵەتی مەرکەزی لانی کەم غەیرەقەومی و غەیرەدینی بێت(بەدیلی حیکمەت جمهوری سۆسیالیستیە)، هاوڵاتیان لەسەر بنەمای قەومی و دینی دەستەبەندی نەکات و هەمووان بە یەک چاو تەماشا بکات و مافی بە تەواوی یەکسان بۆ هەموو دانیشتووان فەراهەم بکات.
٢. خەڵکی کوردستان ئازادانە و دڵخوازانە، دوور لە هەر جۆرە زەخت و فشارێک، مانەوە لەگەڵ دەوڵەتی مەرکەزیدا هەڵبژێرن و لە ڕیفراندۆمێکی گشتی و ئازادی خۆیاندا دەنگ بەم مانەوەیە بدەن.
ئەگەر بەو مەرجانەوە دەرفەت بۆ مانەوەی ئازادانەی خەڵکی کوردستان لەگەڵ دەوڵەتی مەرکەزی بڕەخسێت، زەمینە خۆش دەکات بۆ هێنانەمەیدانی ڕیزێکی چینایەتیی یەکگرتووی کرێکاریی بەهێزتر لە ئاستی سەراسەریدا. ئەمەش ڕێگای خەبات بۆ ڕزگاری لە ستەمی سەرمایە و شۆڕشی کرێکاری و دامەزرانی دەوڵەتێکی کرێکاریی بەهێز هەموار دەکات. ئەگەر نا، ئەوە مافی خەڵکی کوردستانە کە جیاببنەوە و دەوڵەتی سەربەخۆ دابمەزرێنن. ئەمە بەڵێنی سەر کاغەز نییە، بەڵکو بەندێکی تایبەتی و گرنگی بەرنامەی حیکمەت و سیاسەتێکی ڕاشکاوی کۆمۆنیستییە و لە کوردستاندا بە کردەوە کار و شەڕی بۆ کراوە و کاری بۆ دەکرێت.
حوزەیرانی ٢٠٢٦
hkkurdistan.org