موحسین کەریم
هەلومەرجێك کە کرێکارانی کوردستان تێیدا کاردەکەن، تەنها دەتوانرێ وەکو فەزای جەنگێکی ئارامی بەردەوام کە رۆژانە قوربانیەکانی لە کرێکاران وەردەگرێ، پێناسەبکرێت. لەم جەنگەدا هیچ فیشەکێك ناتەقێنرێت، هیچ سوپایەك بەرامبەر یەکتر نەوەستاون، دەنگی گرمەو هاڕەی بۆردومانی فڕۆکەی جەنگی و دەنگی مووشەك نابیسترێت، بەڵام قوربانیەکان بەردەوام دەکەونە سەر زەوی. ئەم جەنگە وەکو هەر جەنگێکی گەرم بریندارو کوژراوی هەیە، بەڵام هیچ کەسێکیش وەکو جەنگ مامەڵەی ناکات و نایبینێت! تەنانەت لە میدیاکانی کوردستاندا بە وانەی دەسەڵات و ئۆپۆزیسۆنی بۆرژوایی و ئەوانەشی خۆیان بە سەربەخۆ ناوزەد دەکەن، بەهیچ جۆرێك ئاماژەی پێناکرێ!
کوردستان لەسایەی دەسەڵاتی کوردایەتیەوە بووەتە مەڵبەندێکی بەهەشت ئاسا بۆ کۆکردنەوەو کەڵەکەی سامان بۆ بۆرژوازی و سەرمایەدارانی کورد. پرۆسەی دەوڵەمەند بوون و هەڵکشانی سەرمایەی دەوڵەمەندان و خاوەن کۆمپانیاکان بەشێوەیەکی ئەوەندە خێراو سەرسوڕهێنەر دەچێتەپێشەوە کە ئەگەر بەراورد بکرێ لەگەڵ ووڵاتانێکی سەرمایەداری پێشکەوتوو و سەدان ساڵەی دنیادا، زێدەگۆیی نیە ئەگەر بڵێین سەرمایەداری لە کوردستان لە ریزی پێشەوەی ماراسۆنەکەیدایە!
ئەوەی وایکردوە ئەم دۆخە لەڕادەبەدەر گونجاوە بۆ پرۆسەی کەڵەکەی سەرمایەو جوڵەی سەرمایە لە کوردستان بێتەدی، ئەوەیە کە چینی کرێکاری کوردستان لە هیچ جۆرە مافێکی سیاسی و ئابوری بەهرەمەند نیە. هیچ جۆرە یاسایەكی کار نیە کە لانی کەمی مافەکانی کرێکاران ڕەچاوبکات و بەرگری لێبکات. یاسای کاری ژمارە ٣٥ ی ساڵی ٢٠١٥ی عێراق کە گوایە لە کوردستانیش دەبێ کاری پێبکرێ، بەتەواوی بە پێی باڵای بەرژەوەندیەکانی چینی سەرمایەدارو خاوەن کۆمپانیاکان دووراوە! چینی کرێکار لە هەرجۆرە مافێكی ئازادی رێکخراوبوون و مانگرتن و خۆپیشاندان بێبەشکراوەو تەنها ماف دراوە بە سەندیکا زەردەکان کە گوایە نوێنەرایەتی کرێکاران بکەن لە پەیوەند بە کێشە و گرفتەکانی کرێکاران و خاوەنکارەکانەوە. لەم یاسایەدا نوێنەرانی ڕاستەقینەی کرێکاران هیچ جێگایەکیان نیە لە دیاریکردنی کرێ و لانی کەمی کرێدا، لە دیاریکردنی مەرجەکانی سەلامەتی و هەلومەرجی کارکردن و گریبەستی بەکۆمەڵدا، هیچ جێگایەکیان نیە لە نوێنەرایەتیکردنی کرێکاران لە کێشەو گرفتەکانی نێوان خاوەنکارو کرێکاردا. لەم یاسایەدا کرێکار تەنها بونەوەرێکە کە دەبێ کاربکات بۆئەوەی بەشێوەیەکی کولەمەرگی بژی و هەرکاتێك بەهۆکاری کارکردنەوە زیانی جەستەیی بەرکەوت یان گیانی لە دەستدا، لە باشترین حاڵەتدا مووچەیەکی زۆر کەمی چاودێری کۆمەڵایەتی بۆ خێزانەکەی دەبڕێتەوە، لەکاتی نەخۆشی و پەککەوتندا زۆر بە ئاسانی لەسەر کار دەردەکرێن و تەنانەت وەکو ئامێرێکی بەرهەمهێنانیش مامەڵە ناکرێن کە پیوستی بە سیانەو چاودێری و مەسرەفکردن هەیە! بێگومان کرێکارانی بیناسازی و چێشتخانەو ناوەندە بچووکەکانی کارکردن لەوەش بێبەشن و دەبێ دوای پەكکەوتنیان دەست بۆ خێرو سەدەقەی خزم و خەڵك درێژبکەن!
دەستی خاوەنکار بەتەواوی ئاوەڵایە بۆ چەوساندنەوەو بێمافکردن و بێکارکردن و دەرکردن و خۆدزینەوە لەهەر جۆرە بەرپرسیارێتیەك بەرامبەر بە سەلامەتی و ماف و شایستەکانی کرێکاران. لەوەش واوەتر هەر خودی ئەم یاسا بێگیان و دژە کرێکاریە، لە کوردستاندا لەسەر رەفەی وەزارەتی کارو بەڕیێوەبەرایەتیەکانی کارو کاورباری کۆمەڵایەتی دانراوەو کاری پێناکرێ! دەتوانین بی هیچ دوودڵیەك بڵێین لە کوردستاندا هیچ جۆرە یاسایەکی کاری کارپێکراو لە گۆڕێدا نیە و خاوەنکار بەپێی ویست و میزاجی خۆی دەتوانێ هەڵسوکەوت لەگەڵ کرێکارو مافەکانی بکات و هەرکاتێك ویستی بێکار و نانبڕاوی بکات! دەتوانێ سەختترین هەلومەرجی کاریان بەسەردا بسەپێنێ و کەمترین کرێیان پێبدات کە تەنانەت ژیانێکی کولەمەرگیش بۆ کرێکار دابین نەکات! دەتوانێ هەرجۆرە ناڕەزایەتیەکی کرێکاری وەکو دروستکردنی ئاشوب و ڕاگرتنی کارو بەرهەمهێنان و زیان گەیاندن بە کارگە و پرۆسەی بەرهەمهێنان لەقەڵەم بدات و کرێکاری لەسەر سزا بدات یاخود لەسەر کار دەری بکات!…و تاد.
ئەم هەلومەرجە لەسایەتی دەسەلاتی حزبەکانی کوردایەتیدا بەڕێوە دەچێت. بەوجۆرە کوردایەتی و ناسیۆنالیزمی کورد، کە هەمیشە وەکو ئایدیۆلۆژیا و سیاسەت و بزوتنەوەیەکی سیاسی خۆی وەکو نوێنەر و بەرگریکار و پارێزەری بەرژەوەندیەکانی سەرجەم خەلکی کوردستان ناوزدە دەکات، لە دنیای واقیعدا، نوێنەری و پارێزەری بەرژەوەندی چینی سەرمایەداری کوردە دژ بە چینی کرێکاری کوردستان و دژ بە بەرژەوەندی و مافەکانی. ناسیۆنالیزمێك کە بەناوی نەتەوەی کوردەوە دەیەوێ بەرگی هەموو خەڵك لەبەربکات، تا ناوەرۆکی ڕاستەقینەی چینایەتی خۆی بشارێتەوە، لەسەر خوێن و قوربانی جەماوەری کرێکارو زەحمەتكیشی کورد دەسەڵاتێکی ڕەهای بۆ بۆرژوازی کورد بینات ناوە. هەروەکو چۆن لە شەڕی لەگەڵ بۆرژوازی عەرەبیدا بەناوی مەسەلەی کوردەوە هەزاران رۆڵەی چینی کرێکارو جەماوەری زەحمەتكێشی کوردستانی چەواشەکردو کردیە سوتەمەنی، ئێستاش لەکاتی دەسەڵاتەکەیدا چینی کرێکاری کردوە بە سوتەمەنی بۆ زیادکردنی سەرمایەی چینی بۆرژوازی کورد.
بایەخی ژیانی ئێستای کرێکاری کوردستان لای دەسەڵاتی کوردایەتی هەرئەوەندەیە کە تاچ ڕادەیەك دەتوانی سامانی دەوڵەمەندانی نەتەوە زیاد دەکات، دەنا ئیتر بایەخێکی نیە! بۆیە نەك مافەکانی کرێکاران، نەك خواستەکانیان، نەك کرێیەکی گونجاو و شایستە، نە یاسایەکی کاری پێشکەوتوو کە ڕەچاوی مافەکانی کرێکاران بکات لە پرۆسەی بەرهەمهێناندا، بۆی مەسەلە نیە، بەڵکو سەپاندنی یاساو رێسایەکی ئەوتۆ کە سەلامەتی کرێکاران لەکاتی کارکردندا لەبەرچاوبگرێ و روداوەکانی کار تا کەمترین ڕادە کەم بکاتەوە، هیچ جێگایەکی نیە لە یاساو لە بەرنامەی کاری دەسەڵاتی کوردایەتی و حکومەتی بۆرژوازی کورددا. دەتوانین بڵێین لەسایەی دەسەڵاتی حکومەتی کوردایەتیەوە نەك هەلومەرجێکی کاری هەرزان و کرێکاری بێماف و بێدەنگ بەسەر ژیان و کاری کرێکاراندا سەپێنراوە، بەڵکو سەرمایەداریەکی بێهەوسار لە کوردستان بەرقەرارە! ئەم راستیە چینی کرێکاری کوردستان بە خوێن وفرمێسك ئەزمونی کردوە و دەیکات. کاتی ئەوەیە کە ریزی خۆی لە ریزی کوردایەتی و فکرو سیاسەتەکانی جیابکاتەوەو بیر لە بەرژەوەندیە چینایەتیەکانی خۆی بکاتەوەو بۆ بەدیهێنانیان تێبکۆشێت!
hkkurdistan.org