ئامادەکردنی: نوری بەشیر
چالاکی سیاسی و مەیدانی:
لە ژێر دروشمی کار بۆ ھەموان خۆپیشاندانێک لە دژی بێکاری لەبەردەم پەرلەمانی سوید
رۆژی ٢٢/٥/٢٠٢٦ کۆمیتەی سویدی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان لە کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتی لە دژی بێکاری لە سوید، کە ڕێکخراوی هوسبی سۆشیال سەنتەر بانگەوازی کردبوو و ژمارەیەک رێکخراویش بەشداربوون،لە شاری ستۆکھۆڵم، بەشداری کرد، کە پێشتر لە ٢٠ مارس خۆپیشاندانی تر لەھەمان شوێن ئەنجامدرا و بەشداری کرا.
لە خۆپیشاندانەکەدا چەندین دروشم و وتار لە دژی بێکاری و لە دژی سیستەمی سەرمایەداری خوێندرایەوە، وە لەو درووشمانەی کە ئێمە بەرزمان کردبۆوە ( خەبات لە دژی بێکاری خەباتە لە دژی سەرمایەداری) وە (جەنگ و میلیتاریزم بێکاری زیاد دەکات).
شایەنی باسە کە کاریگەریەکانی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لە دژی ئێران و بەستنی تەنگەی ھورموز تەنھا لە ڕوژھەڵاتی ناوەڕاستدا نەماوەتە بەڵکوو کاریگەری لەسەر سەرجەم ووڵاتانی دنیا داناوە ھەڵاوسانی ئابووری و گرانی و بێکاری زیاتر و کەمبوونەوەی کرێی ڕاستی (فیعلی) کرێکاران لە دەرھاویشتە ڕاستەوخۆکانی ئەو شەڕەن. بەپێی ڕاپورتێکی ڕێکخراوی کاری نیۆدەوڵەتی کە لە ١٨ی ئایاردا بڵاو کرایەوە ئاماژە بەوە دەکات کە ئاکامەکانی شەڕی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست لەسەر باری ئابووری و لەسەر بازاڕی کار لە ئاکامەکانی سەردەمی پەتای کرۆنا زیاتر دەبێت و ھەموو ووڵاتانی دنیای گرتۆتەوە. بەرزبوونەوەی نرخی ووزەو سوتەمەنی و گواستنەوە وە فشار لەسەر ڕێوشوێنی ھاوردەکردن و پاشەکشەی کەرتی گەشتو گوزار وە بێکاری و کەمبوونەوەی کرێی کار لە ئاکامە ڕاستەوخۆکانی ئەو شەڕەن.
بەشداری لە ناڕەزایەتی دژی راسیزم و توندەڕەوەکان لە بەریتانیا!
رۆژی ١٦/٥/٢٠٢٦ لەسەر بانگەوازی تۆڕی سەندیکا کرێکاریەکان دژی راسیزم و ڕەوتە ڕاستڕەوەکان، بەبەشداری ڕێکخراوە کۆمۆنیستی و فێمینیستەکان و هەورەها بەشداری رێکخستنی بەریتانیای حزبی کۆمۆنیستی کرێكاریی کوردستان خۆپیشاندانێکی جەماوەری ئەنجامدرا.
ئەم خۆپیشاندانە بە دروشمەکانی دژی ڕاستڕەوی و ڕاسیزم پەیامی ئیساندۆستی خەڵکی بەریتانیای دووپات کردوە. لەکاتێکدا هێزو رەوتە بۆرژواییەکان بۆ گواستنەوەی سەرنجی خەڵكی بێبەشی بەریتانیا لەسەر قەیرانەکان و کەمبونەوەی خزمەتگوزاریەکان و فشارەکانی چینی بۆرژوازی و حکومەتی بۆرژوایی کرێکاران، هەوڵ دەدەن هۆکاری ئەو کیشانە بەسەر شانی پەنابەراندا بشکێننەوە کە لە برسێتی و هەژزاری و جەنگ و سەرکوت هەڵاتوون، خۆپیشاندەران بە دروشمی بەخێربێن پەنابەران، رایانگەیاند کە ئامادەن بەرگری لە بەها ئینسانیەکانی کۆمەڵگاکەیان بکەن.
سەبارەت بە کەیسی شێروان شیروانی، پەیامێک ئاراستەی پارتی و حکومەتی هەرێمی کوردستان کرا
رۆژی، ١٢ی ئایاری ٢٠٢٦، لە دانیشتێکدا بە بەشداری ” سەوسەن سەلیم، سەعید ئارمان و دەشتی جەمال” لەگەڵ نوێنەرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لەندەن، پارتی و حکومەتی هەرێمان ئاگادارکردەوە کە بەرپرسیارن لە ژیان و سەلامەتی ڕۆژنامەنوسی زیندانی شێروان شیروانی، کە نزیکەی ٢٠ ڕۆژە مانگرتن لە خواردن دەکات و ژیانی لە مەترسیدایە.
زیندانیکردنی شێروان شیروانی بە تۆمەتە سیاسی و بێبنەمای یاسایی ئەنجام دراوە و مافە بنچینەییەکانی، لەوانە مافی چارەسەری پزیشکی و پەیوەندی لەگەڵ دەرەوە، لێزەوت کراوە.
لەو دانیشتنەدا داوا کرا دەستبەجێ شێروان شیروانی ئازاد بکرێت، یان ئەگەر داوایەکی یاسایی لەسەری هەیە، کەیسەکەی بەشێوەیەکی شەفاف و لەژێر چاودێری لایەنە بێلایەنەکان و بە ئامادەبوونی ڕێکخراوە جیهانیەکانی مافی مرۆڤ بەڕێوەببرێت.
بەشداری لە خۆپیشاندانی ناڕەزایەتی دژی حکومەتی جولانی لە هێرش بۆسەر ژنان لە سوریا!
رۆژی ١٧/٥/٢٠٢٦کۆمەڵەی کەناراوەکانی سوریا لە بەریتانیا خۆپیشاندانی ناڕەزایەتی بۆ ئیدانەکردنی سیاسەتی دژی ژن و کۆنەپەرستی حکومەتی جوڵانی لە سوریاو کوشتن و ڕفاندن و پێشێلکاری بەدژی سەرجەم ژنانی سوریاو بەتایبەت ژنانی عەلەوی، لەبەردەم ماڵی سەرۆک وەزیران لە لەندەن رێکخست، کە پێشتر بانگەوازی بۆ کردبوو، وەبانگێشتی هاوڕێیانی رێکخستنی بەریتانیای حزبی کۆمۆنیستی کرێکارییان کردبوو.
ئەم خۆپیشاندانە کە ماوەی نزیکەی دوو کاتژمێری خایاند، بە بەرزکردنەوەی وێنەی دەیان ژنی رفێنراو و تیرۆکراو بێسەروشوێن لەسوریا و دروشمی بەرگری لەژنان و دژی حکومەتی سوریا، بەرزکرابۆوە.
هاوڕێیانی رێکخستنی بەریتانیای حزبی کۆمۆنیستی کرێكاریی کوردستان بەشداریان کردو هەروەها دەشتی جەمال لەگەڵ میدیاکان چاوپیکەوتنی بە ئینگیزی کرد، وە وتەیەکی بەزمانی عەرەبی خوێندەوە.
وتەی دەشتی جەمال بە زمانی عەرەبی لە خۆپیشاندانی ناڕەزایەتی دژی حکومەتی جولانی لە هێرش بۆسەر ژنان:
دەقی کوردی وتەی دەشتی جەمال
من ناوم دەشتی جەمال بەرپرسی ڕێکخراوی دەرەوەی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستانم.
ئێمە ئەمڕۆ لێرە لە لەندەن وەستاوین چونکە بێدەنگی ئیتر بژاردە نییە.
کاتێک نادادپەروەری بە ناوی دەوڵەتەوە دەکرێت، وە کاتێک دیپلۆماسی وەک پەردەیەک بۆ ستەم و ترس بەکاردەهێنرێت، دەبێتە ئەرکی ئێمە کە قسە بکەین.
لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا ڕاپۆرت و شایەتحاڵی زۆر لە سوریا سەبارەت بە پێشێلکاریی گەورە، بەرامبەر بە خەڵکی مەدەنی لە ناوچە جیاوازەکانی سوریادا پەرەی سەندووە، لەدژی: عەلەوی، دروز، کوردەوە تا دەگاتە مەسیحییەکان و چالاکانی سیاسی و ڕۆژنامەنووسان و ژنان.
بەڵام ئەمڕۆ دەمانەوێت بە تایبەتی تیشک بخەینە سەر ئازارەکانی ژنانی سوریا. ژنانی سوریا تووشی ڕفاندن و بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ و توندوتیژی ڕەگەزی و زەوتکردن و ترسی بەردەوام بوون.
ئەو ژنانەی کە سەلامەتی خۆیان و توانای قسەکردنیان لەدەستداوە، چونکە پاراستنی یاسایی نییە و بێ سزایی بەردەوامە. بەگوێرەی شایەتحاڵی و ڕاپۆرتە سەربەخۆکانی مافی مرۆڤ، ئەمڕۆ زۆرێک لە قوربانییەکان لەژێر فشاری دەروونی و کۆمەڵایەتی بێئەندازەدا دەژین، لەنێو بێدەنگییەکی پڕ لە ئازاری نێودەوڵەتی و بێتوانایی ڕاستەقینە بۆ دەستڕاگەیشتن بە دادپەروەری.
ئەمە مەسەلەی مەزهەب و نەتەوە و ئایین نییە، ئەمە بابەتی کەرامەتی مرۆڤە. کاتێک ژن دەکرێتە ئامانج، داهاتووی هەموو کۆمەڵگا دەکرێتە ئامانج.
کاتێک ئازادییە سیاسییەکان سەرکوت دەکرێن، هێرش دەکرێتە سەر مافە مەدەنییەکان و فۆرمەکانی توندڕەوی و دوورخستنەوە دەسەپێنرێن، سوریا زیاتر و زیاتر بەرەو ترس و دووبەرەکی و ستەمکاری پاڵدەنرێت.
ئێمە ئەمڕۆ لێرەین بۆ ئەوەی بە ڕوونی بڵێین: سوریا شایەنی ئایندەیەکی ئازاد و دیموکراسی و عەلمانییە کە بەبێ جیاوازی ڕێز لە هەموو پێکهاتەکانی بگیرێت. ئایندەیەک کە بە ئیرادەی خودی خەڵکی سوریا بنیات دەنرێت نەک بە ستەم و چەک و دەستێوەردانی دەرەکی.
لێرەوە دەنگمان بەرز دەکەینەوە وەک هاوسۆزی لەگەڵ هەموو ژنێکی سوری کە دەترسێت، لەگەڵ هەموو دەستبەسەرکراوێک، لەگەڵ هەموو خێزانێک کە منداڵەکانی لەدەستداوە، لەگەڵ هەموو ئەو کەسانەی کە هێشتا باوەڕیان وایە ئازادی مومکینە.
بۆ ژنانی سوریا دەڵێین: ئێمە دەتانبینین، دەنگی ئێوە دەبیستین، ئێوە بە تەنیا نامێننەوە.
وە بۆ دونیا دەڵێین: بێدەنگی بێلایەنی نییە، بێدەنگی هاوبەشییە لە بەردەوامکردنی نادادپەروەرید
پەیوەندی لەگەڵ لایەن و رێکخراوە سیاسی و کۆمۆنییستیەکان
نامەی رێکخستنی حزب بۆ کۆنگرەی حزبی کۆمۆنیستی شۆڕشگێڕی لە کەنەدا
رۆژی ٢٢ی ئایار، کۆمیتەی کەنەدای حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان، بەبۆنەی کۆنگرەی کۆنگرەی حزبی کۆمۆنیستی شۆڕشگێڕی کەنەدا، نامەیەکی پیرۆزباییان بۆ ناردون، کە لە نامەکەدا دەڵێن:هاوڕێیانی ئازیز، بەبۆنەی کۆتاییهاتنی سەرکەوتووانەی کۆنگرەی پارتەکەتەوە گەرمترین پیرۆزباییتان لێدەکەین. ئێمە دڵنیاین کە ئەم کۆنگرەیە هەنگاوێکی گرنگە لە خەباتتان لە دژی ئەو هەلومەرجە تاریک و سەختەی کە لەلایەن حکومەت و داڕێژەرانی سیاسەتەوە بەسەر چینی کرێکار لە کەنەدا سەپێنراوە. ئێمە هاوسۆزی هەوڵەکانتان و تێکۆشانتان بۆ ژیانێکی باشتر بۆ چینی کرێکار و خەڵکی فراوانتر وەستاوین.
لە درێژەی نامەکەدا ئیشارەیان داوە: وەک چۆن هاورێیانی ڕێکخراوەکانمان لە سوید و فینلاند بەشدارییان لە کۆنگرەکانی ئەم دواییەتاندا کردووە، ئێمەش پێمانخۆشە لێرەش هاوکاری هاوشێوە بەهێزتر بکەین. ئێمە پێمانوایە جیهان پێویستی بە کردەوەی کۆمۆنیستی هەیە کە ئاراستەی شۆڕش و هەڵوەشاندنەوەی کاری مووچەخۆری و هەموو ئەو نەهامەتیانەی لێیەوە سەرچاوە دەگرن.
بەشداری لە کۆنفرانسی ساڵانەی حیزبی کۆمۆنیستی شۆڕشگێڕی فینلەندا
ڕۆژی ١٧/٥/٢٠٢٦ وەفدێکی لە حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان کۆمیتەی فیلەند، بەشداریان کرد لە کۆنفرانسی ساڵانەی حیزبی کۆمۆنیستی شۆڕشگێڕی فینلەند، کە پێکهاتبوون لە هەر یەک لە ئیبراهیم حسێن و سروە فەریق.
هاوڕێ ئیبراهیم حسێن وێڕای ڕاگەیاندنی خۆشحاڵی و هیوا خواستن بۆ سەرکەوتنی کۆنفرانس، لە وتارەکەیدا ئاماژەی بە هەلومەرجی ئێستای سەرمایەداری و بانگەشەکانی پاشەکشەو کەوتنی کۆمۆنیزم و ئەو قەیران و بنبەستەی سەرمایەداری بەسەر ژیانی مرۆڤی ئەمڕۆی داهێناوە کرد و لەسەر پێویستی ئەو کۆمۆنیزمە کرێکاری و کۆمەڵایەتیە ڕاوەستا کە مرۆڤایەتی بۆ ڕزگاری لە کۆیلایەتی کاری کرێگرتە پێویستی پێیەتی؛ و لەسەر ئەوەی کە ڕێگای واقعی ئەم کارە دروستکردنی رێزێکی سیاسی و حیزبەکانی کۆمۆنیستی کرێکاریە کە بتوانن لە ئاستی گەورەیی کۆمەڵایەتی لەسەر چارەنوسی کۆمەڵگە و دەسەڵات بجەنگن و بژاردەیەکی واقیعی و ئاڵایەکی سیاسی بەردەست بن.
لە کۆتاییدا ڕایگەیاند کە کۆمۆنیزمی کرێکاری و حیزبەکانی لە هیچ هەوڵ و تەقەلایەک بۆ دروست کردنی ئەم ڕیزە سیاسیە کۆمۆنیستی و کرێکاری درێغی ناکەن.
دواتر بە خواستنی هیوای دووربارەی سەرکەوتن بۆ کۆمۆنیستە شۆڕشگێڕەکان و کۆنفرانسەکەیان لە ناو پێشوازی و چەپڵەی بەشداربوانی کۆنفرانسدا کۆتایی بە وتەکانی هێنا.
دەقی کوردی وتەی ئیبراهیم حسین:
پەیامی پیرۆزبایی بەبۆنەی کۆنفرانسی ساڵانەی حیزبی کۆمۆنیستی شۆڕشگێڕ
هاوڕێیان!
لەلایەن کۆمیتەی ڕابەریی ڕێکخراوی دەرەوە و ڕێکخستنی فینلاندی حیزب و هاوڕێیانمەوە، پیرۆزبایی کۆنفرانسی ساڵانەی حیزبی کۆمۆنیستی شۆڕشگێڕ دەکەم. زۆردڵخۆشین کە لە کۆبوونەوە و کۆنفرانسی ئەم کۆڕە کۆمۆنیستە پڕ جۆش و خرۆشەدا بەشدارین.
هاوڕێیان! جیھانی ئێمە لە ھەر کاتێکی تر زیاتر پێویستی بە کۆمۆنیزم و بە حیزبە کۆمۆنیستە کرێکارییەکان و بە دەخالەتگەریی کۆمۆنیستی لە ئاستێکی بەریندا ھەیە. کۆمۆنیزمێک کە ڕەخنە و ناڕەزایەتییەکەی لە کۆیلایەتیی کاری کرێگرتەیە و ئازادیخوازی و شۆڕشگێڕبوونی لە ڕەخنەگرتن لەم کۆیلایەتیی کاری کرێگرتەیەوە سەرچاوە دەگرێت؛ لەوەوە دێت کە بزووتنەوەی چینێکە دەیەوێت ھێرش بکاتە سەر ئەمە و لەناوی ببات. کۆمۆنیزمێک کە ئامانجەکەی ڕزگاریی مرۆڤە نەک شتێکی تر؛ نەک بونیادنانی ئابووری و وڵات و پیشەسازیی خۆی، نەک ڕزگاریی نەتەوەیی و دژە-ئیستیعمارگەری یان دیموکراسیخوازیی زیاتر، بەڵکوو کۆمۆنیزمێک کە خودی ڕزگاریی مرۆڤ و مرۆڤایەتیی ئەمڕۆ لە کۆیلایەتیی کاری کرێگرتە لە ئەجێندای کاریدایە.
هاوڕێیان! تا ماوەیەک پێش ئێستا دەیانگوت ژیان هەر ئەمەیە، ئارمانی مرۆڤ بۆ ڕزگاری کۆتایی پێھاتووە، بازاڕ و دیموکراسی سەرکەوتووە و چیتر توانای مرۆڤ هر ئەوەندەیە. نەک تەنیا ئەمە، بەڵکوو دەیانگوت ئەمە تاقە شێوازی گونجاو و ئایدیالی ژیانی مرۆڤە. دژی کۆمۆنیزم و ئازادیخوازیی کرێکاری کەلەڕەقییان دەکرد. ئەم سەرمایەدارییەی (کاپیتالیزمی) ئەمڕۆ، ژیانی مرۆڤی بەرەو بنبەستێکی گشتگیر بردووە و ژیانی گۆڕیوە بۆ چەواشە ڕێ و وێرانەیەکی گەورە. جیھانیان لە ڕۆژھەڵاتەوە تا ڕۆژئاوا کێشاوەتە ناو جەنگەوە، لەپێناو بەدەستھێنانی پشکی زیاتر لە قازانج و ئەو سەروو-قازانجەی کە بەرھەمی کار و داھێنانی مرۆڤایەتییە. دەیانەوێت هەمان ئەم کۆیلایەتییە کاری کرێگرتەیە لەسەر بنەمای کاری هەرزان لە ڕۆژھەڵاتەوە تا ڕۆژئاوا بنیات بنێنەوە. دەرکەوت کە نەک خۆشگوزەرانی لە ئارادا نییە، بەڵکوو مەدەنییەتی زیاتر و تەنانەت ئاشتی و ئاسایشی زیاتریش لە کارنامەیاندا نییە. قوربانییەکان تەنیا ئەوانە نین کە بۆمب یان موشەکێکیان بەردەکەوێت و لەم دنیایە دەڕۆن، سەیری ئامارە ترسناکەکانی ئەو مرۆڤانە بکەن کە بێکار و نەخۆش و خەمۆک دەبن. سەیری داڕمانی ژیانی مرۆڤ بۆ ژێر ھێڵی ھەژاری بکەن.
جەنگی ئەمڕۆی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست کە مرۆڤایەتیی خستووەتە بارودۆخێکی ترسناکەوە، جەنگێکی کۆنەپەرستانەیە. بەهۆی هەموو ئەو کۆنەپەرستییەی کە لە ئاستی جیھانیدا دەتوانێت بەرهەمی بهێنێت و بەهۆی ئەو گورزەی کە لە بزووتنەوەی خوازیاری ڕووخانی ڕژێمی ئیسلامی و خوازیارانی ئازادی و یەکسانی لە ئێران دەیدات، دەبێت شەرمەزار و مەحکووم بکرێت؛ ئەمەش ئەرکی چینی کرێکار و سۆسیالیزمی کرێکاری و مرۆڤایەتیی شارستانییە.
کۆمۆنیزم ئەگەر ئەم بزووتنەوە کرێکارییەیە بۆ ڕزگاریی مرۆڤ، نابێت شێوازی کارەکەی سێکتاریستی بێت، نابێت بزووتنەوەیەکی پەراوێزیی دوو سێ کەسی بێت کە تەنیا بۆ خۆیان جیھان ڕاڤە و تەفسیر بکەن. ئەگەر بزووتنەوەیەک بۆ ڕزگارییەکی ڕادیکاڵە، دەبێت پەیوەندی بە کۆمەڵگە و مرۆڤی سەردەمی خۆیەوە هەبێت و دەست بۆ ئەو میکانیزمانەی خەباتی سیاسی و گۆڕانکاری ببات کە مرۆڤایەتی تا ئێستا دەستەبەری کردوون. ناکرێت لە کاتێکدا بزووتنەوەی چینەکانی تر لە ئاستێکی مەزندا مێشک و ژیانی مرۆڤ و تەنانەت هەڵبژاردنی سیاسی مرۆڤەکان بەو میکانیزمانە دادەڕێژن، ئەو بزووتنەوەیەی کە بڕیارە بزووتنەوەی ڕزگاریی ڕاستەقینەی مرۆڤ بێت، بە کەمترین تواناوە بچێتە ناو دنیاوە.
هەنگاوی هەر سەرکەوتنێک، پێکھێنانی ڕیزێکی کۆمۆنیستی و کرێکارییە، پێکھێنانی کۆمۆنیزمێکی کۆمەڵایەتییە کە بتوانێت وەڵامی کرێکار بباتە ناو جەرگەی ململانێی سیاسی لەسەر چارەنووسی کۆمەڵگە و دەسەڵاتی سیاسی و بیگۆڕێت بۆ بژاردەیەکی سیاسی بەرجەستە و ڕاستەقینە لەو ململانێیەدا. بە مانایەک، گۆڕان بۆ حیزبێکی سیاسی و بۆ ئاڵایەکی سیاسی، کلیلی کێشەکەیە.
هیوادارم کۆنفرانسەکەتان هەنگاوێک بێت لەو ئاراستەیەدا. ئێمە لە حیزبی کۆمۆنیستی کرێکارییەوە بۆ بەدیھێنانی ئەم ئامانجە کۆمۆنیستییە لە هیچ یارمەتییەک درێغی ناکەین.
سەرکەوتو بێت کۆنفرانسی حیزبی کۆمۆنیستی شۆڕشگێڕ
بژی یەکێتی و هاوپشتیی جیهانیی کرێکاری و سۆسیالیستی!
hkkurdistan.org