بۆچی یەکێتی و پارتی ڕێکناکەون؟

لە پشت پەردەی “شەراکەت” و ژمارەکانەوە چی دەگوزەرێت!؟

توانا محەمەد نوری

لەدوای هەڵبژاردنەکانی ٢٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ی پەرلەمانی کوردستانەوە، پرۆسەی پێکهێنانی حکومەتی هەرێم لەنێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا چەقی بەستووە. لەڕواڵەتدا، ئەم چەقبەستووییە وەک ململانێیەکی ئاسایی سیاسی لەسەر دابەشکردنی پۆستەکان دەردەکەوێت، بەڵام لەناوەرۆکدا، گوزارشتە لە ململانێی دوو هێزی میلیشیایی کە ساڵانێکە شەڕی سەرکردایەتی بزووتنەوەی کوردایەتی و دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد لە کوردستانی عێراق دەکەن. پارتی بە بەدەستهێنانی ٣٩ کورسی خۆی بە براوەی یەکەم دەزانێت، لەبەرامبەردا یەکێتی کە لەگەڵ جووڵانەوەی نەوەی نوێ ڕێككەوتووە و کورسییەکانیان پێکەوە دەگاتە ٣٨ کورسی (٢٣ی یەکێتی و ١٥ی نەوەی نوێ)، داوای ئەوە دەکات کە پێی دەڵێت “شەراکەتی ڕاستەقینە”. ئەم دوو هێزە نەک تەنها لەسەر پۆستەکانی سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەت ناکۆکن، بەڵکو کێشەکانیان تەشەنەی سەندووە بۆ دابەشکردنی وەزارەتەکان و تەنانەت پۆستەکانی بەغداش.
کێشەی سەرەکی ئەوەیە کە یەکێتی و پارتی وەکو دوو هێزی چەکدار کە دوو ناوچەیان بەدەستەوەیە، دەیانەوێت لەسەر ئاستی سەرجەم بزووتنەوەی کوردایەتی و بۆرژوازی کورد لە کوردستانی عێراقدا بە هێزی یەکەم و دووەم بەشدار بن. لەکاتی تاڵەبانیدا ئەمە بەجۆرێک قبوڵکرا کە یەکێتی وەک هێزی دووەم لە دەسەڵاتدا بەشدار بێت، و بەوپێیەش دەسەڵات و داهات و بەرژەوەندییەکانیان دەستنیشان بکرێت. ئەمەش بەو مانایە دێت کە پۆستەکانی حکومەت لە کوردستان و هەروەها لە عێراق بەپێی ئەو هاوسەنگییە دابەش بکرێت، و هەریەکەیان کۆنترۆڵی سەربازی، ئەمنی، سیاسی و ئیداریی زۆنی خۆی بکات.

کاتێک یەکێتی باس لە “شەراکەتی ڕاستەقینە” دەکات، مەبەستەکەی زۆر ڕوونە؛ ئەو دەیەوێت وەک شەریکێکی یەکسان لە هەموو بڕیارە دارایی و ئەمنییەکاندا بمێنێتەوە. شەراکەت لای ئەوان واتە گەڕانەوە بۆ سیستەمێک کە تێیدا داهاتەکان و دەسەڵاتی بڕیاردان لە نێوان هەردوو زۆنەکەدا بە یەکسانی دابەش بکرێت. لە ڕووی داراییەوە، ئەمە بەو مانایە دێت کە پارتی نابێت بە تەنیا بڕیار لەسەر هەموو پەیماننامە و گرێبەستە گەورە ئابوریەکان بدات یان خۆی نوێنەرایەتی ئەو کارانە بکات. هەروەها لە پەیوەندی بە دەوڵەتانی دەرەوە و عێراقەوە، پارتی نابێت تاکە بڕیاردەر یان بڕیاردەری سەرەکی بێت، چونکە ئەوان بە ناچاری دەبێت لەگەڵ یەک حکومەتدا مامەڵە بکەن.

پارتی دیموکراتی کوردستان دەیەوێت لە ڕێگەی ئەم “زۆرینە” پەرلەمانییەوە شەرعییەت بدات بەو شێوازە لە حوکمڕانی کە خۆی دەیەوێت. هەولێر کە پایتەخت و ڕەمز و ناوەندی دەسەڵاتی هەرێمە، لەژێر دەستی پارتیدایە، و ئەمەش دەرفەتی داوە بە پارتی کە سوود لەو دۆخە وەربگرێت و یەکێتی وەلا بخات. ئێستا پارتی دەیەوێت یەکێتی لەڕووی پۆستەکانی حکومەتی هەرێم و بەغداوە وەلا بنێت و بیکاتە “برای بچووک” و پاشکۆ، شتێک کە یەکێتی بە هیچ شێوەیەک قبوڵی نییە. هەروەها پارتی هەموو گرێبەستەکان خۆی دەیکات، کە ئەمەش یەکێتی زیاتر ناڕەحەت کردووە. یەکێتی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆی هەر بەدەستەوەیە و کۆنترۆڵی ئابووری لە ناوچەکانی خۆیدا بەدەستی خۆیەتی، بەڵام لەسەر ئاستی سەرجەم هەرێم، عێراق، دنیای دەرەوە، دیپلۆماسیەت و گرێبەستەکان، یەکێتی لاوەکی کراوە. یەکێتی دەیەوێت ئەوە ڕاست بکاتەوە و پارتی دەسەڵاتەکانی لە هەموو ڕوویەکەوە لەگەڵ بەش بکات.

لەڕاستیدا ئەم دوو هێزە کۆمەڵگەیان کردووە بە دوو کەرتی جیاوازەوە بۆئەوەی بتوانن بە ئاسانی کۆنترۆڵی بازاڕ و سەرچاوەکان بکەن. ئەوان حکومەت وەک چەترێک دەبینن بۆ شاردنەوەی ئەو بەرژەوەندییە تایبەتانەی کە لە ڕێگەی گروپە داراییەکانیانەوە بەڕێوەی دەبەن. چەقبەستوویی ئێستا لەسەر پۆستە باڵاکان، بەتایبەتی سەرۆکایەتی پەرلەمان و سەرۆکایەتی حکومەت، نیشانەی ئەوەیە کە هیچ کام لەم دوو هێزە متمانەی بەوی تر نییە. ئەگەر ڕێکناکەون، هۆکارەکەی ئەوەیە کە هیچ کامیان ئامادە نییە سازش لەسەر ئەو هێزە بکات کە لە ناوچەکەیدا هەیەتی، چونکە لای ئەوان هێز و پارە دوو ڕووی یەک دراون و لەدەستدانی یەکێکیان واتە نەمانی ئەوی تریان.

دروشمی “خزمەتکردنی خەڵک” یان “مافە گشتییەکان” زۆرجار وەک پەردەیەک بەکاردێن بۆ شاردنەوەی ئەو ململانێ توندەی لە پشت پەردەوە لەسەر دابەشکردنی پۆست و بودجە هەیە. ئەم ململانێیە هیچ پەیوەندییەکی بە بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشی کوردستانەوە نییە، و ئەو خەڵکەی کە بەدەست قەیرانی ئابووری و بێکاریەوە دەناڵێنێت هیچ قازانجێک لەوە ناکات کە کێ دەبێتە سەرۆکی پەرلەمان یان کێ کام وەزارەت دەبات.

لە کۆتاییدا، پێکهێنانی حکومەتێکی نوێ بەبێ گۆڕانکاری لەم سیستمەدا، تەنها دووبارەکردنەوەی هەمان دۆخی پێشووە. تا ئەوکاتەی پێوەری سەرەکی بۆ بەڕێوەبردن بریتی بێت لە پاراستنی بەرژەوەندیی گروپە باڵادەستەکان، کێشەی خەڵک و کۆمەڵگە چارەسەر نابێت. لەڕاستیدا، چ یەکێتی و چ پارتی، هەردووکیان لەبنەڕەتدا دوو باڵی جیاوازی خێزانی کوردایەتین کە ماڵ و دەسەڵات و خاك و سامانی هەرێمی کوردستانیان لەنێوان خۆیاندا دابەشکردووە، نەک بۆ خزمەتکردنی خەڵک، بەڵکو بۆ بەردەوامبوونی دەسەڵاتی بنەماڵەیی خۆیان. شەڕی نێوانیان شەڕە لەسەر چۆنیەتی تاڵانکردنی زیاتری کۆمەڵگا، نەک ململانێیەک لەپێناو خەڵکدا. ڕێگەی ڕاستەقینە بۆ دەربازبوون لەم قەیرانە، گۆڕینی ئاراستەی دەسەڵاتە بەرەو دابینکردنی پێداویستییەکانی هەموو تاکێکی کۆمەڵگە، نەک هێشتنەوەی سامانی وڵات لە دەستی چەند خێزانێکی دیاریکراودا کە تەنها لە کاتی دابەشکردنی پشکەکاندا یەکتر دەبینن.

About wp_kurdistan

Check Also

پرۆژەی سنوردارکردنی چەکداری!

عوسمانی حاجی مارف عەلی زەیدی جەخت لەسەر پابەندبونی خۆی بە پڕۆژەی بەرتەسکردنەوەی چەک لە دەرەوی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *