لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا هەواڵی ئەشکەنجەدانی گیراوەکانی ڕوداوەکەی لالەزار بەوجۆرە دڕندانەیە، شێوازەکانی ئەشکەنجە و زیندانەکانی ڕژێمی بەعسی هێنایەوە یادی خەڵکی کوردستان. دەسەڵاتێك کە بانگەشەی مافی مرۆڤ و بوونی ئەوپەڕی ئازادی سیاسی و بیروڕا و ڕادەربڕین دەکات و شانازی بەوە دەکات کە لەگەڵ زۆنی ژێر دەسەڵاتی پارتیدا ئاسمان و ڕێسمانی جیاوازە، بەم کردەوەیە بەڕوونی ناوەڕۆکی سەرکوتگەری و دڕندەیی خۆی نیشاندا.
ئەو تاوانەی بەرامبەر بە ژمارەیەك لەو دەستگیرکراوانە کراوە، تەنانەت ڕووی دەزگا سەرکوتگەریەکانی رژێمی بەعس و رژێمە سەرکوتگەرەکانی ناوچەکەی سپی کردۆتەوە! تاوانی ئەو کەسانە تەنها ئەوە بووە کە چەکدار و پاسەوانی کەسانێك بوون کە تا چەند ساڵ لەمەوبەر لە ترۆپکی دەسەڵاتی سیاسی و حزبیدا بوون لەگەڵ سەرانی ئێستای یەکێتیدا. ئەم شێوازە لە مامەڵەی دەزگاکانی ئاسایشی یەکێتی نیشتمانی تەواوکەری هەمان ئەو پەروەردەیەیە کە لەکاتی ڕوداوەکەدا یەکێك لە چەکدارەکانی ئاسایش بە ئاشکرا دەڵێ با یەکێك لە دیلەکان بکوژم!
کردەوەی ئەشکەنجەدانی زیندانیکراوان و بەزۆر ناچارکردنیان بە دانی وتە بە قازانجی دەسەڵات، بەشێکە لە زنجیرە سیاسەتێکی سەرکوتگەر و دژە ئازادی کە یەکێتی ئەزمونی هەیە لەگەڵیدا. ئەمە هاوشانە لەگەڵ سیاسەتی تەقەکردن لە خۆپیشاندەران و ڕەشبگیری دوای ناڕەزایەتیە جەماوەریەکان و گەمارۆدانی شەقامەکان و ڕێگرتن لە ناڕەزایەتیەکانی خەڵک. دەسەڵاتێک کە ناو جەرگەی شاری سلێمانی میلیتاریزە بکات و درۆن و چەندین چەکی قورس بەکاربهێنێ، چەکدارەکانی بەبەرچاوی کامێراکانەوە بەعسئاسا لە دیلەکان بدەن، چاوەڕوانکراوە کە لە زینداندا و دوور لە چاوی کۆمەڵگە هەرجۆرە ئەشکەنجەدانێکی جەستەیی و دەرونی لە دژی دەستگیرکراوان بەکاربهێنێ.
بەڵام خەڵکی کوردستان و هەموو هێز و لایەنێکی ئازادیخواز و ئینساندۆست و بەرگریکار لە ماف و ئازادیەکانی خەڵك، دەبێ ئەم ڕوداوە بەهەند وەربگرن و لێی بێدەنگ نەبن. هەرجۆرە تەنگەبەرکردنەوەیەکی ئازادی و هەرجۆرە رێگریەك لە ئازادی سیاسی و هەرجۆرە ئەشکەنجەو زیندانێکردنێك لەسەر بیروباوەڕو هەڵسورانی سیاسی دەبێ پێشی پێبگیرێت. دەبێ دەستگیرکراوەکانی لالەزار هەموو مافێکی بەرگریکردن لە خۆیان پێبدرێ و هەموو جۆرە ئەشکەنجەدانێك وەکو تاوان هەژمار بکرێ. دەبێ بەرپرسانی ئەشکەنجەدان و شکاندنی کەسایەتی ئەو دەستگیرکراوانە ڕووبەڕووی لێپێچینەوەی یاسایی ببنەوە و بەرامبەر بەو تاوانەی دەرهەقیان کراوە قەرەبووی مەعنەوی و مادی بکرێنەوە.
سکرتاریەتی مەکتەبی سیاسی
حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان
٢٠ ی ئایاری ٢٠٢٦
hkkurdistan.org