لەدرێژەی سیاسەتە دژی پەنابەری و دژ بە بنەما سەرەتاییەکانی مافی مرۆڤ، حکومەتی ئەڵمانیا ڕۆژی ١٥ی حوزەیرانی ئەم ساڵ ژمارەیەکی دیکەی لە پەنابەرانی کورد و عێراقی بە زۆرەملێ بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق دیپۆرت کردەوە. ئەم کردارە لەکاتێکدا ئەنجام دەدرێت کە زۆربەی ئەو پەنابەرانە لە هەلومەرجێکی نائارامی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی هەڵهاتوون و بەدوای ژیانێکی ئارام و ئاسودەدا دەگەڕێن.
بەردەوام دامودەزگا پۆلیسیەکان و ناوەندەکانی کاروباری پەنابەران لە ئەڵمانیا بەشێوەی تاوانبار مامەڵە لەگەڵ ئەو پەنابەرانە دەکەن، لەکاتێکدا تەنها تاوانیان ئەوەیە داوای پاراستنی ماف و ژیانی خۆیان کردووە. هەروەها، لە پرۆسەی گرتن، گواستنەوە بۆ زیندانەکان و فڕۆکەخانەکان و ئەنجامدانی دیپۆرتکردن، زۆرجار پەنابەران دووچاری توندوتیژی جەستەیی و دەروونی، سووکایەتی و ئەزیەت و ئازار دەبنەوە.
پەنابەرانی کورد و عێراقی قوربانی جەنگ و نائارامی و ماڵوێرانی دەوڵەتانی سەرمایەداری وەک ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی لە ناتۆ و هەروەها دەرئەنجامی زاڵبونی دەسەڵاتێکی سەرکوتگەر و گەندەڵی سیاسی چ لە عێراق چ لە کوردستان، بۆیە پێویستە حکومەتەکانی ئەوروپا ژیان و مافەکانیان بپارێزن، نەک ئەوەی وەک تاوانبار مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت و بۆ ناو هەلومەرجێکی و ناوچەیەکی مەترسیدار بگەڕێندرێنەوە.
ئەم سیاسەتی دیپۆرتکردنەوەیە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە ڕێککەوتنی نێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی ئەڵمانیاوە هەیە کە لە ئازاری ساڵی ٢٠٢٣ واژۆ کراوە. ئەو ڕێککەوتنە ڕێگە بە ئەڵمانیا دەدات پەنابەرانی ڕەتکراوەی عێراقی بەشێوەی کۆمەڵ و بە بەکارهێنانی فڕۆکەی تایبەت بگەڕێنرینەوە، بەبێ ئەوەی پاراستنی تایبەت بۆ منداڵان و خێزانەکان دابین بکرێت. ئەم هەنگاوە بەپێچەوانەی یاسا و ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکانی پاراستنی پەنابەران دەزانین.
ئێمە لە کۆمیتەی ئەڵمانیای حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان، بەتوندی ئەم مامەڵە نامرۆڤانەیەی حکومەتی ئەڵمانیا دژی ئەو پەنابەرانە سەرکۆنە دەکەین و بە پێشێلکردنێکی ئاشکرای مافە بنەڕەتییەکانی پەنابەران و بنەماکانی مافی مرۆڤی دەزانین. هەروەها دژایەتی خۆمان بۆ ئەو ڕێککەوتنە نامرۆڤانەیە دەردەبڕین کە حکومەتی عێراق لەسەر ژیان و چارەنووسی هەزاران پەنابەری کورد و عێراقی واژۆی کردووە.
هەر لەم دەرفەتەدا بانگەوازی هەموو هێزە ئازادیخوازەکان، ڕێکخراوەکانی داکۆکیکاری مافی پەنابەران، یەکێتییە کرێکارییەکان، ڕێکخراوە کۆمۆنیستی و سۆشیالیستییەکان دەکەین بەهەرشێوە و ڕێگایەک کە دەتوانن دەنگی ناڕەزایەتی خۆیان بەرز بکەنەوە و بەدژی ئەم سیاسەتە نامرۆڤانە بوەستنەوە.
کۆمیتەی ئەڵمانیایی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان
١٧/٦/٢٠٢٦
hkkurdistan.org