بەڵگەنامەکانی پاندۆرا پێمان دەڵێت:

بۆرژوازی و سەرمایەداران هەموویان گەندەڵکارن!

نوری بەشیر:

بەدوای بەڵگەنامەکانی ویکیلیکس و بەڵگەنامەکانی پەنەمادا، کە ویکیلیکس بەسەدان هەزار مەلەفی سەربازیی و دبلۆماسی نهێنی ئەمریكا و  وڵاتانی دیكەی سەرمایەداری ئاشكرا کرد، بەدوایدا ئاشکرا کردنی بەڵگەنامەکانی پەنەما کە نزیکەی ١١ ملیۆن و نیو بەڵگە لەسەر دزی و بەتاڵانبردن و پێشێلکردنی یاسا لەلایەن سەرانی حزبە بۆرژوازیەکان و سەرانی دەوڵەتە سەرمایەداریەکانەوە ئاشکرابوو، ئەوا ئەمڕۆش جارێکی تر میدیای جیهانی بۆرژوازی بێشەرمانە لای سەرەوەی لاپەڕەو یەکەمی هەواڵەکانیان وەک هەمیشە ڕووی گەندەڵکاری دەسەڵاتدارانی بۆرژوازی و سەرمایەداری لە ئاستی دنیادا لە بەڵگەنامەیەکی نویدا بەناوی بەڵگەنامەکانی پاندۆرا ” Pandora Papers ” کە ماهیەتی دژی ئینسانی نیزامی سەرمایەداری لە قێزەونترین و گەورەترین گەندەڵی و دزی لەئاستی دنیادا خستەڕوو.

بەڵگەنامەکانی پاندۆرا لەسەر گەندەڵی و کاری مافیایی و دزینی سەروەت و سامانی کۆمەڵگە و وەرگرتنی پارە لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لەلایەن حزب و دەوڵەتەکانەوە بەناوی کۆمەک بۆ خەڵکی وڵاتەکانیان، بەڵام بردن و سەرفکرنی بۆخۆیان و کڕینی کۆمپانیا و خانووبەرەو کێڵگەی جۆراوجۆر بۆ شەخسی خۆیان و خێزانەکانیان، لەولایشەوە زۆربەی کۆمەڵگا کە لەسەدا نەودونۆ پێکدەهێنن ژیانی مەمرەومەژی بەسەردەبەن.

ئەم بەڵگەنامانە ” Pandora Papers ” لەلایەن؛ یەکێتی نێودەوڵەتی ڕۆژنامەنوسانی لێکۆڵەرەوە International Consortium of Investigative Journalists – ICIJ  کە ١٢ ملیۆن فایلە دەستکەوتووەو بەردەوام لەبڵاوکردنەوەدایە لەسەر سامانی هەزاران لە ملیۆنێرو ملیاردێر لەسەرانی حزبە بۆرژوازیەکان و سەرانی دەوڵەتانی سەرمایەدار و بازرگان و کەسانی جۆراوجۆری تری دەوریان کەبەشێکیان هێشتا لەدەسەڵاتدان و بەشێکیان پێشتر هەبوون، کە چۆن سەروەت و سامانی کۆمەڵگا بەتاڵان دەبەن و دەیبەنە دەرەوەی وڵاتەکانیان.

بەڵگەنامەکانی پاندۆرا بەگەورەترین بەڵگەنامە دادەنرێت لەسەدەی بیست و یەکدا کە بۆرژوازی و دەسەڵاتەکانیان هەربەوەشەوە ناوەستن بەڵکو لەگەڵ تاڵیبان و حوسیەکان دادەنیشن و وڵاتیان تەسلیم دەکەن و دەستی بەشار ئەسەدو دەیان سەرانی خوێنڕێژو ئینسانکوژی وەکو “ئیبراهیم رەئیسی” سەرۆک کۆماری تازەی ئێران دەگرن و بەڕەسمی دەیانناسێنن و هەروەها سەروەت و سامانی کۆمەڵگا بەشێوەی جۆراوجۆر کە موڵك و ماڵی خەڵکی کرێکارو زەحمەتكێشی کۆمەڵگایە تەسلیمیان دەکەن و ئەوانیش دەیدزن و رەوانەی وڵاتانی دیکەی دەکەن بەشێوەی جۆراوجۆر.

لەناو ئەم بەڵگەنامانەدا گەندەڵی و کاری مافیایی دەیان سەرۆک وەزیران و سەرۆکی وڵاتانی تێدایە، سەدان بەرپرسی  گەورەی دەسەڵاتی  پلە باڵای سەربازی، وەزیر، دادوەر، ملياردێری جیهانی و سەرۆکی بەشەجیا جیاکانی وڵات و دادوەری تێدایە کە نزیکەی سەد وڵاتی جیهانی لەخۆگرتوە.

لەو گەندەڵکارانە سەرانی ئوردون، سەران و حزبەکانی ئێستا و رابردووی بەریتانیا و روسیا و چەندین وڵاتی دیکەشی تێدایە، کە بە تریلیۆن دۆلار لەلایەن کەسایەتییە سەرمایەدارە جیهانییەکانەوە بەنهێنی و لەرێگەی کڕینی موڵکەوە شاردراوەتەوە. بۆ ئەم بەڵگەنامانە بە هەزارن لە میدیا و رۆژنامەنوس و دامەزراوەی لەئاستی نزیکەی ١٢٠ وڵاتدا بەشداریان لە لێکۆڵینەوەکەدا کردووە.

لە ناو سەرکردەی دەوڵەتانەدا کە ‘ مەلیک حسێن ‘ ی ئۆردنی تێدایە وەک باقی سەرانی حزبەکانی کوردایەتی و سەرانی میلیشیایی عێراق و مەلاکانی جمهوری ئیسلامی ئێران نزیکەی سەد ملیۆن دۆلاری رەوانەی بازاڕەکانی ئەوروپا و ئەمریکا کردووەو خانووی پێکڕیووە.

کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کۆمەکی کوردستان دەکات و سەرانی حزبەکانی کوردایەتی چۆن دەیخۆن و کۆمپانیای جۆراوجۆری پێدەکڕن و دەینێرنە دەرەوە، پادشای ئۆردۆنیش هەمانکاری ئەمانی کردووە. سەرانی دەسەڵاتی بۆرژوازی لەهەر شوێنێک بن یەک ماهیەتی دزی و گەندەڵکاریان هەیە و لەکاتی دەنگدانیشدا بەردەمی کۆچەو شەقامەکانی ماڵە هەژاران دەگرن بۆ دەنگدان و دوای دەنگدانیش لەسەر حسابی خەڵک سەروەت و سامانی کۆمەڵگاو ئەوەی کۆمەڵگای نێودەوڵەتیش وەک کۆمەک ئەینێرێت بۆ خەڵک، ئەوا دەیدزن و رەوانەی دەرەوەی وڵاتەکانیانی دەکەن، بۆئەوەی ئەگەر وەک حوسنی موبارک و زین العابدین و قەزافی و عومەر حەسەن بەشیر کەوتنەبەر شاڵاوی توڕەیی خەڵک ئەو پارە دزراوانە سەلامەت بن.

ئێمە خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێشی لەهەر شوێنێکی ئەم جیهانەدا کەهەین، تەنیا رێگایەک لەبەردەمماندا بۆ رزگاربوون لەو دەستەوتاقمە گەندەڵکارو مافیاو دزی و گەندەڵ و شەڕو کوشتاریان، خۆجیاکردنەوەیە لە سیاسەت و کارنامەی حزبەکانیان و بەریزی چیانەیەتی سەربەخۆوە ناڕەزایەتی دەربڕین و خۆمان رێکخراو بکەین لە شوراو رێکخراوەو حزبی کرێکاری و کۆمۆنیستی و خۆماندا.

٤/١٠/٢٠٢١

بۆ ئاشنابوون بە به‌ڵگه‌نامه‌کانی په‌نه‌ما لینکی خوارەوە کیلک بکە:

به‌ڵگه‌نامه‌کانی په‌نه‌ما و چه‌ند راستیه‌ک!

Check Also

پەیامەکانی سەردانەکەی ئۆردوگان!

موحسین کەریم رۆژی دووشەممە ٢٢ی نیسان رەجەب تەیب ئۆردوگان سەردانی بەغدای کردو لەگەڵ بەرپرسانی عێراق …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *