کۆتایی میلیشیاکان!

موحسین کەریم

خەریکە دەوری میلیشیاکان لەچوارچێوەی سیاسەتی دەوڵەتە ئیمپریالیستی و بۆرژواییەکاندا لانی کەم لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەرەو کۆتایی دەچێت. ئەم سیاسەتەیان لەژێرناوی ” کۆکردنەوە و تەنگەبەرکردنەوەی چەك لە دەستی دەوڵەت”دا ڕاگەیاندووە. ئەم سیاسەتە تەنها ئەو میلیشیایانە ناگرێتەوە کە دەوڵەتەکان لەچوارچێوەی کێشمەکێشەکانیان لەسەر نفوزو بەرژەوەندیەکانیاندا بۆ وەرگرتنی ئیمتیازات لە یەکتری، دروستیان کردوون و هاوکاری سیاسی و چەکداری و داراییان دەکەن، بەڵکو ئەو بزوتنەوە چەکداریانەش دەگرێتەوە کە لە دۆخێکی سیاسی دیاریکراودا، وەکو بزوتنەوەی بەرهەڵستکاری سەریان هەڵداوەو خۆیان ناساندوە و رەنگە لەچوارچێوەی بەرژەوەندیە سیاسی و ئەمنیەکانی دەوڵەتە بۆرژواییەکانیشدا جێگایەکیان بۆ هاوکاریکردن پەیداکردبێت.

پرسی ” کۆکردنەوەو تەنگەبەرکردنەوەی چەك لەدەستی دەوڵەت”دا، لەدوای روداوی ٧ ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ ەوە خشتی یەکەمی دادەنرێت، کاتێك بزوتنەوەی حەماسی فەلەستینی هێرشێکی چەکداری دەکاتە سەر ئیسرائیل و ئیسرائیلیش بۆ تۆڵەکردنەوەو کڕینەوەی شکۆی شکاوی سوپا و دەزگا جاسوسی و هەواڵگریەکانی، بە هێرشێکی سەربازی توندو وەحشیانە وەڵام دەداتەوە، کەنەك تەنها چەکدارانی حەماس، بەڵکو ژن و مناڵ و لاو و پیری فەلەستینی وەکو ئامانجی هێرشە سەربازیەکەی ڕاگەیاندو غەززەی بەسەر دانیشتوانەکەیدا روخاند. دواتریش گۆڕانکاریەکانی لوبنان و روخانی رژێمی بەشار ئەسەد هاوکێشەی هێزی ناوچەیی بە قازانجی ئیسرائیل  و بە زیانی ئێران و میلیشیاکانی لەناوچەکەدا گۆڕی، کە ئیسرائیل وەکو دوژمنی پلە یەکی خۆی سەیریان دەکات!

ئەم پێشرەویانەی ئیسرائیل بەرامبەر بە بەرەی ئێران، بە پشتیوانی و هاوکاری بێدرێغی سەربازی و سیاسی ئەمریکاو دەوڵەتانی ئەوروپی مەیسەربووە. بۆیە سەرکەوتنی ئیسرائیل لەم کێشمەکێشەدا و ئەو گۆڕانکاریانەی روویاندا، هاوکات پێگەی ئەمریکای لەناوچەکەدا بەرەوسەرەوە بردەوە. ئێستا دەرفەتێکی گونجاوتر بۆ ئەمریکا و وەبەرهێنانی سەرمایەی ئەمریکی لەناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا رەخساوە تا بتوانی کێبركی لەگەڵ سەرمایەی چینیدا بکات کە ماوەیەکە خۆی خزاندۆتە ناوچەکەوە. ستراتیژی ئەمریکا ئێستا لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا سازکردنی زەمینەی بەردەوام و پایەدارە بۆ وەبەرهێنانی سەرمایەی ئەمریکی، ئەوەش ئەوە دەخوازێت کە لەرووی ئەمنی و سیاسیشەوە ناوچەکە دەستی بەجۆرێك لە جێگیری و ئارامی بگات.

ئەگەرچی دابینبوونی ئارامی و ئاسایش لە رۆژهەلاتی ناوەڕاستدا، وەکو ناوچەیەکی گرنگی سیاسی- جوگرافی و ئابوری زەمینێکی بەپیت و پڕ خێروبەرەکەت بۆ وەبەرهێنان و قازانج بۆ سەرمایەی ئیمپریالیستی و محەلی، دەمێکەیە بوەتە یەکێك لە پێداویستیە سەرەکیەکانی سەرمایە، بەڵام تائێستا ئەم دەرفەتە بەهۆی ململانێ سیاسی- سەربازیەکانەوە نەتوانراوە برەخسێنرێت! هەڵبەتە چین وەکو بلۆکێکی ئابوری ئیمپریالیستی لەحاڵەتی گەشەو پێشڕەویدا کە وەبەرهێنانێکی گەورەی لەناوچەکەدا بەڕێخستوە و بەرنامەی فراوانکردنەوە و پەرەپێدانی هەیە، هەمیشە بەرژەوەندی لەوەدابووە ئارامی و جێگیری سیاسی لەناوچەکەدا سەقامگیربێت. تەنانەت ئەو کێشمەکێشەی لەنێوان ئێران و سعودیەدا ساڵانێکی زۆر بوو بێچارەسەر مابووەوە، لەسەر دەستی چیندا کۆتایی پێهات! بەڵام بۆ ئەمریکا ئێستا کاتی ئەوەیە بەرگری لە ئارامی و جێگیری سیاسی ناوچەکە بکات، تەنانەت ئەگەر بەرێکەوتن لەئێرانیشدا بێت، بەتایبەتی کە هەموو ئەو هێزە میلیشییانەی لەچاوی ئەمریکاوە مایەی نائارامی ناوچەکەو مەترسی بۆسەر ئیسرائیل بوون و لەسەر بەرەی ئێران هەژماردەکران، تاڕادەیەکی بەرچاو بێکاریگەر کراون!

ئێستا و دوای گۆڕانکاری لە سیاسەتی ئەمریکا لە پرسی ئۆکرانیا و ناڕاستەوخۆ ملدانی ئەمریکا بەواقعیەتی دیفاکتۆی شکڵگیری دنیای فرەجەمسەری، پرسی دابەشکردنەوەی ناوچەکانی نفوز و کۆتاییهێنان بە بارگژی و نائارامیەکان بوەتە یەکێك لە سیاسەتە پەیرەوکراوەکانی بۆرژوازی بەگشتی و بۆرژواز- ئیمپریالیستی ئەمریکی بەتایبەتی، بۆیە کۆنترۆڵکردنی دەوڵەتەکان بەسەر دۆخی سیاسی و ئەمنی ووڵاتەکانیان و کۆتاییهاتنی بارگژیە سیاسی و ئەمنیە ناوخۆییەکان بەرەو ئەوەدەچیت ببێتە سیاسەتی داهاتووی دەوڵەتە ئیمپریالیستی و بۆرژواییە لۆکاڵیەکان. ئارامکردنەوەی رۆژهەڵاتی ناوەراست بۆ سەرمایە، پیویست بەوە دەکات هەرچی هێزی میلیشیاو هێزی چەکداری نادەوڵەتی و بزوتنەوەی چەکداری هەیە، کۆتاییان پێبهێنرێت و بچنەوە ناو پەیکەرەی دەوڵەتەوە. بەوجۆرە دەبێت دەوڵەتەکانیش خۆیان بۆ ئەو گۆڕانکاریانە ئامادە بکەن کە بتوانن ئەو هێزانە لەناو خۆیاندا هەرس بکەن و جێیان بکەنەوە! ئەوەی کە جێبەجێبوونی بەکردەوەی ئەم سیاسەتە چەندە دەخایەنێ، بەندە بە کێشمەکێش و دانوستانی نێوان هێز و جەمسەرە جیهانی و دەوڵەتە محەلیەکانەوە هەیە. بەوجۆرە پرسی چەکی حەشدی شەعبی، هێزە فەلەستینەکان لە لوبنان، هێزە چەکداریەکانی سوریا و لەناویاندا هەسەدە و ڕێکەوتنیان لەگەڵ حکومەتی شەرع، چەکدانانی پەکەکەو تێکەڵبوونەوە لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا و تەنانەت ئایندەی هێزەکانی یەکێتی و پارتی لەچوارچێوەی دەوڵەتی ئایندەی عێراقدا، هەموویان دەچنە ناو ئەم ستراتیژیە سیاسیەوە کە ناویان لێناوە ” کۆکردنەوە و تەنگەبەرکردنەوەی چەك لەدەستی دەوڵەت”دا.

About admin

Check Also

ئێمە دەمانەوێ مەیدانێکی دیکەی جەنگ لەگەل سەرمایەداری بکەینەوە، نەک ئاشتی!

گفتوگۆ لەگەڵ ڕێبوار ئەحمەد ئەندامی مەکتەبی سیاسی حزب سەبارە بە سیاسەتی حزب لەسەر هەڵبژاردن ئۆکتۆبەر: …