نووسینی: عەبدوڵا مەحمود
جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە ساڵی ٢٠١٧ دامەزرا. دروستبوونی ئەو جوڵانەوەیە لەسەر هەردوو پایەی جوڵانەوەی” نەخێر لە ئێستادا” بەدژی بەرپاکردنی ریفراندۆم و شکستی گەورەی بزوتنەوەی گۆڕان لە گۆرەپانی سیاسی کوردستاندا پێکهات.
ئەم بزوتنەوەیە بەشداری چەند خولێکی هەڵبژاردنەکانی!! هەرێم و عێراقی کرد و توانی بەشێک لە جەماوەری تۆراوی بزوتنەوەی گۆران و جەماوەرێکی ناڕازی لەدەسەڵات لەدەوری خۆی کۆ بکاتەوە و چەند کورسی پەرلەمانی بەدەست بهێنێت.
لە سەرەتاوە نەوەی نوێ بە نەعرەتەی بوێرییەوە خۆی ناساند وبانگەشەی ئەوەی دەکرد کە سەرانی بزوتنەوەی کوردایەتی و بەتایبەتی کوڕانی تاڵەبانی لە “سێدارە” دەدات. بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە بەشداری دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی ناکات، بەڵکو لوتکەی دەسەڵات دەگرێت و ژێر خانێکی ئابوری بەهێز و کۆمەڵگەیەکی خۆشگوزەران دادەمەزرێنێت!!.
ئیستا دوای نۆ ساڵ نەوەی نوێ نە نەعرەتەی بوێری و بانگەشەی لە سێدارەدانی کوڕانی تاڵەبانی و نە بانگەوازی گرتنی لوتکەی دەسەڵاتی ماوە، بەڵکو لە جێگای ئەوە دەستی لەناو دەستی یەکێتی نیشتیمانی و کوڕانی تاڵەبانیدایە.
یەکێتی نیشتیمانی لە پرۆسەیەکی دیاریکراودا توانی جوڵانەوەی نەوەی نوێ کە لەسەر خاشاک پایەکانی خۆی داکوتا بوو، نابوت بکات. نەوەی نوێ بەجیا لە بانگەشەکانی سەبارەت بە پیکهاتن و خستنەرووی ئامانجە بریقەدارەکانی، لە بنەرەتدا لەناو دۆخی گەندەڵستانی دەسەڵات و بەدیاریکراوی زۆنی سەوزدا پیکهات. سەرۆکی ئەو جوڵانەوەیە بەوێنەی سەرمایەدار و کۆمپانیایەکی بازرگانی ویستی کەڵک لە دۆخی نالەباری سیاسی، ململانێی نیوان پارتی و یەکێتی، شکستی بزوتنەوەی گۆران و نارەزایەتی جەماوەری وەربگرێت، تا لەو رێگایەوە لە کۆمپانیا و براندێکی بازرگانییەوە خۆی بکاتە رەوتێکی سیاسی.
سەرۆکی بێرکەبەری جوڵانەوەی نەوەی نوێ لەناو رەوتەکەیدا، ویستی لەرێگای ئەم دوکانە سیاسییەوە کە پشتی بە میدیایەکی ئاوس بەدزی و تاڵانییەوە بەستووە، لە رێگای سیاسی و بەشداری لە ململانێی سیاسییدا ئەو براند و بازرگانییە گەورەتر بکات و سەرمایەکەشی قەبەتر.
لەماوەی ٩ ساڵدا، نەوەی نوێ و سەرۆکی جوڵانەوەکە بە لێدوانی زۆر توند دژی دەسەڵات و بەتایبەتیش لە دژی یەکێتی پرسیار گەلێکی زۆری لەسەر خۆی دروست کردبوو. لەچەشنی ئەوەی کێ لەپشت نەوەی نوێی یە؟ چۆن نەوەی نوێ ئاوا هیرش دەکاتە سەر یەکێتی؟ نەوەی نوێ پشتی بەچ هیزێک بەستووە؟ یەکێتی چۆن ڕیگەدەدات نەوەی نوێ ئاوا هیرش بکاتە سەری و؟…تاد.
یەکێتی نیشتیمانی لەکاتێکدا ناوخۆی تەلاری رێکخراوەیی لەڕێگای زۆر و ترساندن و دۆسیە بۆ دروستکردن و تەسفیەی سیاسییەوە تا رادەیەکی زۆر یەک دەستکرد و هەژموونی کوڕانی تاڵەبانی یەکێتیان جڵەو کرد، هاوکات دەستی دایە هیرش بۆسەر کەشی نیمچەکراوەی زۆنی سەوز و ئەو پەراوێزانەی ئازادی کە دەرهاویشتەی جوڵانەوە نارەزایەتییە جەماوەریەکان بوون. لەوەش زیاتر لە رێگای چەک و بەزۆری چەک دۆسیەی “بەرەی گەل” و لاهور شیخ جەنگی، کەنار خست.
کوڕانی تاڵەبانی دوای جڵەوکردنی تەواوەتی یەکێتی نیشتیمانی و کۆتاییهێنان بە دۆسیەی لاهور شیخ جەنگی، بۆ ململانێێ خۆیان لەگەڵ پارتی بەوێنەی نەیاری سەرەکیان لە هەرێمدا، پێویستیان بە باڵادەستی زۆتر لە زۆنی سەوزدا هەبوو تا دەسەڵاتی خۆیان بەتەواوەتی قوتبی بکەنەوە. لەوچوارچیوەیەدا دۆسیەی نەوەی نوێ و سەرۆکی جوڵانەوەکە پەروەندەیەک بوو، پەروەندەیەک کە لەهەموو هەڵبژاردنێکدا مایەی هەراسانی بۆ یەکێتی و بەپلەی یەکەمیش لە جەماوەری زۆنی سەوزی بۆخۆی کێش دەکرد. یەکێتی سەرەتا لە رێگای دادگاوە بەشێکی زۆر لە سامان و موڵکی سەرۆکی جوڵانەوەکەی دەست بەسەردا گرت، و پاشان بەهۆی ئەو هەموو دۆسییە یاسایانەی لەسەر شاسوار عەبدولواحید هەبوون و یەکێتیش بۆی پاشەکەوت کردبوو، توانی شاسوار عەبدولواحید بخاتە زیندان، بەو هەنگاوەش یەکێتی لەلایەکەوە توانی گورزێکی گەورە لە گەرمەی هەڵبژاردنەکاندا لە نەوەی نوێ بدات و لەلایەکی تریشەوە دۆسیەکەی لە ململانێیەکی سیاسییەوە گۆڕی بە دۆسیەکی یاسایی. نەوەی نوێ کە سەرۆکەکەی دەیان دۆسیەی یاسایی لە دادگاکاندا لەسەر هەبوو، بۆ یەکێتی دۆسیەو پارویەکی ئاسان و سادە بوو تا هەر کاتێک بیەوێت کاری خۆی لەگەڵ یەکلابکاتەوە و نەوەی نوێ سفر بکاتەوە یان بیخاتە بازنەی سیاسەت و نەخشەکانی خۆیەوە.
دوای دەستگیر کردن و ئازاد کردنی شاسوار عەبدولواحید، نەوەی نوێ لاپەرەیەکی نوێی لەگەڵ یەکێتی نیشتیمانی کردەوە و بووە ماستی مەیوو، نەک هەر هەرەشەکان و بانگەشەکان بۆسەر یەکێتی و کوڕانی تاڵەبانی کۆتایی هات، بەڵکو دەرگای لێک نزیکبوونەوە و گفتوگۆ و سازان جێگای گرتەوە و ئەمجارە بڕیارە نەوەی نوێ لەگەڵ یەکێتی، وەکو بلۆکێک لەدژی پارتی خۆیان نیشان بدەن، لەوەش زیاتر باسی گۆرێنی باڵانسی هیز و شیوازی حکومڕانی لە هەرێمدا دەکەن.
کۆنترۆڵکردنی نەوەی نوێ لەلایەن یەکێتی و سفرکردنەوەی بانگەشەکانی، لەلایەکەوە کۆتایی بە رۆڵی پێشووی نەوەی نوێ و هێنا و رەوتی داکوژانی ئەم باڵە و ئەم جۆرە لە ئۆپۆزیسیۆنەی دەستپێکرد، لەلایەکی تریشەوە نەوەی نوێی کردە زەخیرەی و کارتی ململانێکانی خۆی لەگەڵ پارتی.
ئیستا نەوەی نوێ نەک بەشداری دەسەڵات لە هەرێم، بەڵکو بەدەستی دوو لە بەغدا بەوەزارەتێک بەشداری حکومەتی عێراق! دەکات و سوپاسگوزاری یەکێتیشە بۆ ئەو بەخشندەیەی لە بەرامبەریدا نیشانیدا و وەزارەتێکی پێبەخشی.
یەکێتی دەیەوێت لە ململانێی خۆی لەگەڵ پارتی و بەدیاریکراوی لە ئیستادا کە پرسی لەکارکەوتنی حکومەتی دیکۆر و پەرلەمانێکی مردوو لە ئارادایە کەڵک لە پیگەی نەوەی نوێ و کورسیەکانی وەربگرێت، نەوەی نوێش ناچارە مل بدات و سەری رەزامەندی بۆ یەکێتی دابنەوێنێت تا لانی کەم بواری هەڵسورانی هێمنانەی لەچوارچیوەی دۆستایەتی لەگەڵ یەکێتییدا، بۆ بمێنێتەوە و سەرۆکی جوڵانەوەکەش دۆسیەکانی سەری بەداخراوی بمێنێتەوە. دیارە هەرکاتێک نەوەی نوێ بکەوێتەوە ململانێ و دژایەتی هەراسانکەری یەکێتی، دۆسیە پاشەکەوتکراوەکانی سەرۆکی جوڵانەوەکە ئامادەن و دادوەر و دادگا!! و دەرگای زیندانیش لە خزمەتدان.
hkkurdistan.org