سەرەتای کۆتایی ملهوڕیی ئەمریکا!

موحسین کەریم

 لەدوای شەڕی دووەمی جیهانیەوە، ئەمریکا وەکو سەرکردەی دەوڵەتانی سەرمایەداری رۆژاوا و بلۆکی رۆژاوا کە ئوسترالیا و ژاپۆنیش دەگرێتەخۆی، پێگەیەکی بێ رکابەری بەدەستهێنا. باڵادەستی ئابوری ئەمریکا دوای شەڕ و پێویستی ئەوروپاو ژاپۆن بە سەرمایەی ئەمریکی بۆ بیناتنانەوەی ئەوەی شەڕ وێرانی کردبوو، ئەوانی بەتەواوی بەئەمریکاوە گرێدایەوە. ئەو پێگەیەی کە سەرمایەی ئەمریکی بەدەستیهێنا، دەوڵەتی ئەمریکای کردە براگەورەی ئەوروپاو بلۆکی رۆژاوا لەڕووی سیاسی و سەربازیەوە. ئەمریکا بۆ دەیان ساڵ وەکو سەرکردەی رۆژاوا و پەیماننامەی( ناتۆ) بەرامبەر بە نفوزی سۆڤیەت پێگەی خۆی قایم کرد. دوای روخانی سۆڤیەت و نەمانی بلۆکی رۆژهەڵات، ئەمریکا لەرێگای شەڕی کەنداوەوە هەوڵی ئەوەی دا کە وەکو پۆلیسی جیهان بمێنێتەوەو بڕیاری سیاسی- ئابوری و سەربازی دنیا لەدەستی ئەودا بمێنێتەوەو جیهان بەپێی بەرژەوەندیەکانی سەرمایەی ئیمپریالیستی ئەمریکا بەڕێوەببرێت!

ئەگەرچی لەماوەی ئەم سێ دەیەی دوای روخانی سۆڤیەت و شەڕی یەکەمی کەنداو، ئەمریکا بەشێوەی جۆراوجۆر هەوڵی ڕاگرتنی ئەو پێگەیەی خۆی داوە، لەوپێناوەشدا دەیان پیلانگێڕی سیاسی و دەستتێوەردان و کۆدێتای سیاسی و چەندین جەنگی بەرپاکردوە، بەڵام سەرەنجام نەیتوانی بەر بەو روداوانە بگرێ کە لەدنیای سەرمایەداری دوای روخانی بۆلکی رۆژهەڵات روویان دا، کە سەرەنجام پایەو هەژمونی بێرکابەری ئەمریکای لە ئاستی جیهانیدا بەرەوخوارەوە پاڵپێوەناوە. ئەو جیهانەی کە ئەمریکا دەیویست لەسەر لافاوی خوێن لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کاولکردنی چەندین ووڵاتی وەکو عێراق و ئەفغانستان و سوریاو لیبیا و یەمەن و سودان و…  جڵەوشلکردنی بۆ دەوڵەتێکی فاشیستی ئینسانکوژی وەکو ئیسرائیل بنیاتی بنێت و شەقاوەچێتی ترامپ و نەتەنیاهۆ بکاتە نۆرم و هەموو دەوڵەتانی دیکەی سەرمایەداری دنیا سەری تەسلیمی بۆ دابنەوێنن، وەکو بڵقی سەرئاو تەقی.

ئەگەرچی دواهەمین ملهوڕی و شەقاوەچێتی دەستەی فەرمانڕەوای ئەمریکا بەسەرۆکایەتی ترامپ، رفاندنی مۆدۆرۆ، سەرۆکی فەنزەویلا بوو کە بەپێی خودی پێودانگە بۆرژاییە نێودەولەتیەکان ووڵاتێکی خاوەن سەروەری خۆیەتی، بەڵام شەڕەکەی لەگەڵ ئێران بە پشتیوانی ئیسرائیل بەبەکارهێنانی تازەترین و پێشکەوتووترین ئامێرو کەرەستە و تەکنۆلۆجیای جەنگی و هەواڵگری، سەرەتای کۆتاییهاتنی ئەو ملهوڕی و شەقاوەچیتیەی نمایش کرد. ئەمریکاو ئیسرائیل دوای دوو دەورە لە جەنگ و کوشتنی سەرکردە پلە یەکەمەکانی رژێمی ئێران و کاولکردنی توانای سەربازی و ئابوری ئێران نەیانتوانی ئەو ئامانجەی دایاننابوو دژ بە رژێمی ئێران بەدەستی بهێنن، کە ئەویش تەسلیمبوونی ئێران بوو بە هەموو مەرجەکانی ئەوان. ئەم روداوەش ڕاستەوخۆ و بەتەنها ئاکامی توانای خۆڕاگری و توانای سەربازی رژێمی ئێران نەبوو، بەڵکو بەرهەمی ئەو دۆخەیە کە دوو هێزی دیکەی جیهانی کە نوێنەرایەتی دوو جەمسەر و بلۆکی ئیمپریالیستی دەکەن، دەیانەوێ جیهان بەپێی بنەما تازەکانی هاوسەنگی نێوان جەمسەرەکان دوبارە دابەش بکەنەوەو یاسا جیهانیەکانی سەرمایەداری لەژێر ناوی یاسا نێودەوڵەتیەکاندا دووبارە دابرێژنەوە. وەکو لە راگەیاندنی رۆژنامەوانی سەرۆکی چین و سەرۆکی روسیا، کە تەنها چەند رۆژێکی کەم دوای سەردانەکەی ترامپ بۆ چین و کۆبوونەوەی لەگەڵ شین جین فینگ بەڕێوەچوو، ڕایان گەیاند کە ناکرێ دنیای لەژێر سایەی هەژمونی ئەمریکادا بەڕێوەببرێت و دەبێ بەشێوەیەکی عادیلانە دوبارە دابڕێژرێتەوە! لەسەر ئەم بنەمایەوە، ئەوەی کە ئەو توانایەی بە رژێمی ئیسلامی ئێران بەخشی بەرانبەر بە ئەمریکاو ئیسرائیل بوەستێتەوە، پشتیوانی سەخاوەتمەندانەی ناڕاستەوخۆی چین و ڕوسیایە کە هەرجۆرە شکستێكی ئێران یاخود تەسلیمبوونی بە ئەمریکا بە دانی زەبری گەورەی ئابوری- سیاسی ستراتیژی لە هەریەکە لە ڕوسیاو چین تەواو دەبێت و پێگەیان لەئاستی جیهانیدا وەکو دوو جەمسەری ئیمپریالیستی رووبەرووی ناهاوسەنگی دەکاتەوە.

هەڵبەتە مەسەلەکە تەنها بە روبەروبونەوەی سەربازی قەتیس نەمایەوە، بەڵکو داخستنی گەرووی هورمز، کە هەندێ لێکۆڵەرەوەی سیاسی بۆرژایی کاریگەریەکەی هاوشانی چەکی ئەتۆمی بۆ ئێران هەژمار دەکەن، بەهۆی ئەو قەیرانە ئابوریەی لە ئاستی جیهاندا دروستی کردوە، ئاستی کێشەکەی بەرادەیەکی زۆر گەورەتر لەوەی کە سیاسەتمەدارانی کۆشکی سپی مەزەندەیان کردبوو، بەرینکردەوە، بەجۆریك کە ئابوری جیهانی تووشی گرفتی گەورەو کەمەرشکێن کردەوە و قەیرانی ووزەو گرانی بوە هەڕەشەیەکی جدی لەخودی کۆمەڵگا بۆرژواییەکان لە ئەوروپاو ناوخۆی ئەمریکاش، کە تەنانەت بوەهۆی ئەوەی ووڵاتانی ئەوروپی هاوپەیمانی قەدیمی و ستراتیژی ئەمریکا بیر لە دوورکەوتنەوە لە ئەمریکا بکەنەوە و نارەزایەتیەکانیش دژی جەنگ لەناو ئەمریکادا رۆژدوای رۆژ بەرینتربێتەوە. سەرەنجام ترامپ و حکومەتەکەی ناچاربوون دەرچەیەك بدۆزنەوە تا لەو زەلکاوەی تێیکەوتوون، دەربازیان ببێت، ئەویش بە درێژکردنەوەی ئاگربەست و قایلبوون بە دوو قۆناغی رێکەوتن بۆماوەی دوو مانگ، کە لە ٣٠ رۆژی یەکەمدا لەسەر چوارچێوەیەك رێك بکەون و لە ماوەی ٣٠ رۆژی دووەمدا بە رێکەوتنی کۆتایی بگات بەو مەرجەی ئێران دەستبەرداری بەرنامە ئەتۆمیەکەی بێت و گەرووی هورمز بکاتەوە، لەبەرامبەریشدا ئەمریکا گەمارۆ و سزاکانی سەر ئێران هەڵگرێ و چەند ملیار لەو پارەیەی کە لە بانکەکانی ئەوروپاو ئەمریکادا بلۆك کراون ، ئازاد بکات!   

About wp_kurdistan

Check Also

 مەراسیمی رێزنان لە ژیان و خەباتی هاورێ جەلیل شاباز

 رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ٢٤ی ئایار لە هۆڵی…. لە سلێمانی  کۆمیتەی سلێمانی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *