عوسمانی حاجی مارف
لێدانی ڕاستەوخۆی سەربازی بۆ سەر خاکی عێراق ئاماژەیە بۆئەوەی کە دەوڵەتانی کەنداو چیتر چاوەڕوانی، وەک بژاردەیەک نابینن، فڕۆکە جەنگیەکانی سعودیە لەم دواییانەدا ئەو ئامانجانەیان بۆردومان کردووە کە پەیوەندیان بەو کوتلە عێراقیانەوەیە کە پاشکۆی تارانن، هەروەها دوو مووشەک لە خاکی کوێتەوە بەرەو باشووری عێراق هەڵدراوە.
ڕاستە دەوڵەتی عێراق خاوەنی سوپا و دەزگای هەواڵگری و هێزی ئاسایشی ناوخۆ و هێزی مەشقپێکراوی دژە تیرۆرە، بەڵام دەوڵەتی عێراق یەکدەست نیە لە بڕیاردان، چونکە هاوکاتی پێکهاتنی هێزە سەربازیەکانی دەوڵەت، بەجیا لە میلیشیاکان، چەک لەناو سیستەمی فەرمی “حەشدی شەعبیشدا “دا هەیە و کاری خۆیان دەکەن، هەر ئەم چوارچێوەیە بە میرات بۆ عەلی زەیدی بەجێماوە، جا تا چەند دەتوانێ پرسی “داماڵینی چەک” تێپەڕێنێت؟ پرسیارێکی جددیە! کە پێناچێت وەک دەوری هەمان سەرەک وەزیرەکانی پێش خۆی بتوانێ بەو کارە هەستێت.
ئەوەی لێدانەکانی مانگی نیسان ئاشکرای دەکات، لاوازی تواناکانی عێراق نییە، بەڵکو کەموکوڕیە لە پێکهاتەی شاندی سەروەری دەوڵەت و دەسەڵاتی تایبەتە بۆ بڕیاردان لەسەر بەکارهێنانی هێزی چەکدار لە عێراقەوە، کەلێنی نێوان ئەو دووانە بۆشایی ڕێگەپێدانە، کە ڕێگە دەدات لە خاکی عێراقەوە کردەوەی سەربازی ئەنجام بدرێت، بەبێ ئەوەی بڕیارێکی فەرمی حکومەتی عێراق هەبێت، ئەمەش ئەو بۆشاییەیە کە بەغدا هیچکات نەیتوانی لە ناوەوە بەری پێ بگرێت، بۆیە ڕیاز و کوەیت هەوڵیانداوە لە دەرەوە سنور و پردێکیان بۆ دروست بکەن.
عەلی زەیدی، بنکەیەکی سیاسی تۆکمەی نییە، بۆیە ڕووبەڕووی قەیرانێکی سیاسی و دارایی توند دەبێتەوە، لە ژینگەیەکدا کاری سەرەک وەزیران دەکات، کە ئەکتەرە بەهێزترەکان خەریکن پاڵ بە ئاراستەی جیاوازەوە دەنێن، بۆیە ئەو دۆخە و کێشەکانی نێوان لایەنەکان لە بەرژەوەندی زەیدی نین. سەروەری لەڕێگەی بانگەشە و ڕاگەیاندنەوە بەرجەستە نابێت، تا بە کاریگەری دەرەوەش، بەتایبەتی بەدوای جەنگی ئەمریکا و ئێران و عێراقێک کە بە فشار و بە وەکالەت بەڕێوەدەچێت بەدەست نایەت، ئەوە دەردەکەوێت کە دەرفەتەکان و سنووردارکردنەکان زۆرئاڵۆزن، بۆیە ناتوانرێت پێشبینی بۆ دەرئەنجامەکان بکرێت، کە ئایا زەیدی تیا سەرکەوتو دەبێت؟ هیچ حکومەتێکی نوێ لە چواچێوەی پێکهاتەی ئێستای عێراقدا و بەبێ ڕێباز و هێزێکی جیاوازی ئاوێزان بە خەڵکەوە هیچ گرنگیەکی نابێت بۆ دانیشتوانی عێراق.
یەکەم تاقیکردنەوە کە لە بەردەم عەلی زەیدیدایە و ڕوبەڕوی بۆتەوە، کێ بەڕاستی دەسەڵاتی وڵاتەکەی بەدەستەوەیە؟، ئایا عێراق خاوەنی ئازادی بڕیاری خۆیەتی، یان ئێران و ئەمریکا قسەی کۆتایی دەکەن؟! حکومەتی عەلی زەیدی لە یەکەم تاقیکردنەوەیدا ناجێگیر خۆی نیشاندا، کاتێک فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە خاکی عێراقەوە بەرەو سعودیە هەڵدرا، ئەمەش جەخت لەوە دەکاتەوە کە تا چەند سوپای پاسدارانی ئێران لە ڕێگەی هێزەکانی حەشدی شەعبیەوە بڕیارەکانی عێراق کۆنترۆڵ دەکات. بە کردەوە دەرکەوت کە هیچ گۆڕانکاریەکی ڕاستەقینە لە پێکهاتەی حکومەتی عێراق بۆ سەقامگیری نەک ڕووی نەداوە، بەڵکو دۆخەکە بەرەو نەرێنی تر دەبات، هەر بەو مانایە عەلی زەیدی ناتوانێت جیاوازی لەگەڵ حکومەتەکانی پێش خۆی دروست بکات.
عێراق لە ٢٠٠٣وە، بەدەست قەیرانێکی سیستماتیکیەوە دەناڵێنێت، کە مەترسی لەسەر پرۆسەی داڕشتنەوەی وڵات هەمیشە هەیە، بەهۆی پێکهاتە جۆراوجۆرەکانی کە لەسەر بنەمای هێزی میلیشیای تائیفی و ئیسلامی و نەتەوەپەرستی دامەزراوە، کە لە بیست و سێ ساڵی ڕابردوودا، بوونەتە بەشێکی دانەبڕاو لەو سیستەمەی کە لە شوێنی خۆیدا ماوەتەوە و جەختی لەسەر دەکرێتەوە، بەردەوام عێراق بەرەو دۆخێکی نالەبارتر دەبات.
ئاشکرایە کە لە عێراق هیچ جۆرە لێپرسینەوەیەک نیە، بۆ نمونە محەممەد سودانی، باسی لەو دەستکەوتانەی کردووە کە حکومەتەکەی لە ماوەی چوار ساڵی سەرۆکایەتیدا بەدەستی هێناوە، کێ دەتوانێت لێپرسینەوە بکات و ئەو ڕاستیە ئاشکرا بکات کە ئەم دەستکەوتانە بونیان نییە، ئەو جۆرە لێپرسینەوەیە لە فەرهەنگی سیاسی عێراقدا مانادار نیە، هەروەک چۆن ئازادی و مافی مرۆڤ لە ڕژێمی سەدامدا لە خەو خەیاڵیشدا نەدەبو بیری لێبکرێتەوە. بۆیە قسەکانی زەیدی هیچ مانایەکی نابێت کە باسی بارگرانی دارایی قورس و گەندەڵی بەربڵاو و دابەزینی بەرچاوی خزمەتگوزاریەکان و فراوانبوونی نایەکسانی کۆمەڵایەتی دەکرد.
چوارچێوەی هەماهەنگی کە گەورەترین بلۆکی پەرلەمانی عێراق پێکدەهێنێت، ئەگەر دەستێوەردانی ڕاستەوخۆی ئێران لەڕێگەی فەرماندەی سوپای قودس نەبوایە، هێندە کێشەی نێوان خۆیان سایەی کردووە، توانایان نەدەبو لە نێوان سەرکردەکانیدا بگەنە ڕێکەوتن و عەلی زەیدی بۆ سەرۆک وەزیران کاندید بکەن. جگە لەوەش چوارچێوەی هەماهەنگی نەیانتوانی ئەو ڤیتۆیە تێپەڕێنێت کە لەلایەن ترەمپەوە بەسەر نوری مالیکیدا سەپێندرا.
عێراق بەکردەوە لە هەموو ئاستەکاندا بەدەست گەندەڵی فراوان و بنبەستی سیاسیەوە دەناڵێنێت، کاریگەری ئەم بنبەستە لەسەر لایەنەکانی ناسۆنالیزمی کورد و سوننە و شیعە لە پێکهێنانی حکومەتەکاندا بەڕۆشنی دەردەکەوێت.
دواجار زۆر شت بەندە بەوەوە کە ململانێی ئێستای ئێران لە لایەک و ئەمریکا و ئیسرائیل لە لایەکی دیکە چۆن کۆتایی دێت. ئەمەش لەبەرئەوەی ئایندەی سیستمی ئێستای عێراق پەیوەستە بە ئایندەی ڕژێمی ئێران و توانای خستنەگەڕی نفوزی لە بەغداوە، ئەوە تارانە کە دەتوانێت تەمەنی ئەم ڕژێمەی ئێستای عێراق درێژ کاتەوە، بەڵام ئەمە ناتوانێت تا کاتێکی نادیار بەردەوام بێت، تەنها لەبەر ئەوەی هەر ناوچەیەک و هەموو پێکهاتەیەکی کۆمەڵگای عێراق بەدەست کێشە تایبەتەکانی خۆیەوە دەناڵێنێت. ئەم کێشانە ڕۆژانە لەناو کۆمەڵگادا خراپتر دەبن، بەتایبەتی لەبەر ڕۆشنایی نەبوونی پرۆژەیەکی سیاسی ڕوون کە باڵادەست بێت لە پێکهینانی حکومەتێک لەسەر بنەمای هاوڵاتیبون و کۆتایی بە دەسەڵاتی میلیشیای تائیفی و ئیسلامی و نەتەوەپەرستی بهێنێت.
ئێستا لای حکومەتەکەی عەلی زەیدی، چەکداماڵینی گروپە چەکدارەکان بژاردەیەکی ڕوبەڕوبونەوەیە، بەوپێیەی ئەم کوتلانە نوێنەرایەتی قوڵاییەکی سیاسی و ئایدیۆلۆژی دەکەن بۆ بەشێک لەو هێزانەی لە چوارچێوەی هەماهەنگیدان کە عەلی زەیدیان قەبوڵ کردووە. بەڵام بڕیاری داماڵینی چەک بە مانای پێکدادانی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەم هێزانە دێت، پێموایە کە زەیدی ناتوانێت ئەو ڕوبەڕوبونەوەیە بکات.
سەبارەت بە ئیدارەی ترەمپیش، ئەوەی لە زەیدی دەوێت داماڵینی چەکە لە گروپە چەکدارەکان و دورخستنەوەی حکومەت لە میحوەری ئێران لەڕووی سیاسی و ئابوریەوە بۆئەوەی نەخشەی نفوز لە عێراق بکێشێتەوە، چەکداماڵینی گروپە چەکدارەکان مەرجێکی قورسە بۆ جێبەجێکردنی ئەمریکا، بەوپێیەی نوێنەرایەتی پرسێکی سیاسی ئاڵۆز دەکات.
پێدەچێت ڕۆژانی داهاتووی حکومەتەکەی زەیدی گۆڕانکاری سیاسی بەخۆیەوە ببینێت، بەتایبەتی لەگەڵ پەرەسەندنی ناکۆکیەکانی نێوان بلۆکە سیاسیەکان و ئەگەری ڕژانی ئەو ناکۆکییانە بۆ سەر شەقامەکان و ناڕەزایەتی جەماوەری، هەروەها هێز و لایەن هەن نایانەوێت حکومەتێک لە ژێر چاودێری ئەمریکادا سەرکەوتوو بێت، ململانێکان توندتر دەبنەوە.
ئەوە ئاشکرایە کە حکومەتەکەی زەیدی بە بڕیارێکی ئەمریکی پێکهێنرا، بەڵام لە دنیای واقعدا هێشتا ئێران کۆنترۆڵکردنی عێراقی لەدەست نەداوە، هەرچەندە تۆم باراک واڕادەگەیەنێت کە مەلەفی عێراقی باش بەڕێوە بردووە و لە میحوەرەکەی ئێران دووری خستۆەتەوە، بەڵام ئەوە ئاشکرایە دەوری ئێران لەسەر عێراق تا ئێستا وەک خۆی ماوە.
حکومەتی زەیدی لەکاتێکدایە کە عێراق ڕوبەڕوی ئاستەنگیەکان بۆتەوە، لەوانە بێکاری، تێکچوونی ژێرخانی ئابووری، هەژاری و قەیرانی کارەبا و ئاو، تەندروستی و پەروەردە، ئەمە جگە لە گرژیە سیاسی و ئەمنیە بەردەوامەکان کە بەردەوامن لە سایەکردن بەسەر دیمەنی ناوخۆدا.
هەروەها لەباری سیاسیەوە زەیدی بەرەوڕوی تەحەدای پاراستنی هاوسەنگیە لە نێوان هێزە سیاسیە جیاوازەکانی ناو پەرلەماندا، بەتایبەتی کە حکومەتەکەی لە ئەنجامی ڕێکەوتنی ئاڵۆزی نێوان چەند بلۆکی ڕکابەردا پێکهێنراوە کە هێشتا پیكهێنانی حکومەتەکەی ماویەتی. سەرکەوتنی حکومەت نەک هەر بەندە بە ئەدای جێبەجێکردنی، بەڵکو بەندە بە توانای بەڕێوەبردنی ناکۆکیە سیاسیەکان و ڕێگریکردن لە پەرەسەندنیان بۆ قەیرانەکان کە دامەزراوەکانی ئیفلیج دەکات. جگە لەوەش پەیوەندی لەگەڵ هەرێمی کوردستان و پرسی نەوت و بودجە وەک بابەتێکی هەستیار ماوەتەوە کە لە ماوەی داهاتوودا کاریگەری لەسەر سەقامگیری حکومەت دەبێت.
گرنگترین دەنگێک کە لەسەر شەقامی عێراقە: ئایا حکومەتەکەی عەلی زەیدی دەتوانێت ئەو خواستانە بەدەستبهێنێت کە حکومەتەکانی پێشوو نەیانتوانیوە بیکەن، یان جارێکی دیکە لەبەرامبەر خواستەکانی خەڵکدا دەوەستنەوە؟، کە گومانی تیا نیە خواستەکانی خەڵک لە چنگی زەیدیش نایەتە دەرەوە.
hkkurdistan.org