تاوانی کوژرانی ٣ هاوڵاتی لە هەولێر بەرهەمی دەسەڵاتی میلیشیاییە!

 شەوی چوارشەممە رێکەوتی ٦ی ئابی ٢٠٢٥ لە یەکێك لە بەنزینخانەکانی هەولێر لەسەر شەقامی کۆیە، لەکاتی تێکردنی بەنزین لەلایەن دوو هاوڵاتی عەرەبەوە، لەگەڵ یەکێك لە کرێکارەکانی بەنزینخانەکە دەبێتە دەمەقاڵەیان و یەکێك لە دوو هاوڵاتیە عەرەبەکە چەندجارێك پاڵ بە کرێکارەکەوە دەنێ. کرێکارەکەش کە ئەو کارەی ئەوان بە سوکایەت پێکردن دەزانێ، چەکێکی کڵاشینکۆف دەهێنێ و تەقە لە هەردوو هاوڵاتیە عەرەبەکە دەکات و هەردوکیان دەکوژێت. هاوکات کرێکارێکی دیکە کە لەوناوەدا تێدەپەڕێت، بەهۆی فیشەکەکانەوە دەپێکرێت و گیان لەدەست دەدات.

ئەم روداوە دڵتەزێنە، ڕاستەوخۆ بەرهەمی ئەو دۆخە سیاسی و ئەمنیەی کوردستانە کە بەهۆی دەسەڵاتی میلیشیایی حیزبە ناسیونالیستەکانەوە بەسەرخەڵکی کوردستاندا سەپاوە. دۆخەکە بەجۆرێکە کە هەر سەرمایەدار و خاوەن کۆمپانیا و سەرۆك عەشیرەتێک، بەدەر لە هێزە چەکدارە رەسمیەکانی حزبە دەسەڵاتدارەکان، دەیان چەکدار پارێزگاری لە سامان و کۆمپانیاکانی ئەوان دەکات و ئامادەن لەسەر بچوکترین کێشە میلی چەك لە خەڵك ڕابکێشن و کارەساتی لەوجۆرە بخوڵقێنن. کاتێك لەسەر فول لایت کوڕە بەرپرس یان پاسەوانی بەرپرسێك خوێنساردانە هاوڵاتیەك دەکوژێت و روبەرووی هیچ جۆرە لێپێچینەوەیەك نابێتەوە یان بە سوڵحی عەشایەری پینەو پەڕۆی دەکەن، یاخود لەسەر خۆپیشاندان بۆ خواستی کارەبا بەرپرسێکی ئاسایشی پارتی هاوڵاتیەك دەکوژێت و کەیسەکەی دیزەبەدەرخۆنە دەکەن، و دەیان روداوی دڵتەزێنی دیکە، ئەمجۆرە کارەساتانە دەبنە روداوی ئاسایی و کۆمەڵگا و هاوڵاتیان روبەرووی مەترسی و نائەمنی دەکاتەوە.

بەڵام ئەم ڕوداوە، ئەمجارە سەرباری گەورەیی تاوانەکە، فرسەتی داوە لایەنگرانی ناسیونالیزم و نەتەوە چێتیە فاشیستەکان، کەلەسایەی حیزبە دەسەلاتدارەکاندا، دەلەوەڕن، لە دولاوە هانی بڵاوکردنەوەی رقو کینەی نەتەوەیی بدەن وڕوخساری دزێو پڕتاوانکاری حکومەت وسیستەمی دەسەلاتدارێتی، پەردەپۆش بکەن.  ناسیۆنالیستە کوردەکان پاکانەی کوشتنەکە بەوە دەکەن کە ئەوانە عەرەبن و لەناو شارێکی کوردستاندا سوکایەتیان بە کرێکارێکی کورد کردوە! ناسیۆنالیستە عەرەبەکانیش دەیانەوێ ئەم رووداوە لەدژی خەڵکی کورد و هەرێمی کوردستان بەکاربهێنن! هەردوولا خەریکن تاوانێک کە رویداوە و بەلاڕیدا بەرن و هەوڵدەدەن تاوانەکە بخەنە چوارچێوەی بەرژەوەندی سیاسی و سیاسەتە دژی ئینسانی و فاشیستیەکانی خۆیانەوە.

ئێمە لە کۆمیتەی هەولێری حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان، لەکاتێکدا هەرجۆرە پاساوێك بۆ ڕەواییدان بەو تاوانە و هەمووجۆرە پڕوپاگەندەیەکی نەتەوەپەرستی و کینەتۆز و تەفرەقەئامێزی ناسیۆنالیستە کوردەکان و عەرەبەکان بە هەوڵیکی قێزەون دەزانین و سەرکۆنەی دەکەین، هاوکات بەشداری خەمی کەسوکاری هەرسێ قوربانیەکە دەکەین کە لەو روداوە دڵتەزێنەدا گیانیان لەدەستداوە.

ئەرکی دادگایە کە بەشێوەیەکی شەفاف لێکۆڵینەوە لەو روداوە بکەن و رێگانەدرێ کە وەبەرهێنانی سیاسی فاشیستانە بەم روداوە تراژیدیەوە بکرێت.  

کۆمیتەی هەولێری

حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان

٨ی ئابی ٢٠٢٥

About admin

Check Also

بەم کارەتان، تەوژمی ئازادی و یەکسانی ڕاناگیرێت!

بەیاننامە دەربارەی تیرۆرکردنی هەڵسوڕاوی ژنان و سۆسیالیست، یەنار محەمەد بەپێی ڕاگەیاندنێکی کۆمیتەی ناوەندیی ڕێکخراوی ئەڵتەرناتیڤی …