مەراسیمی رێزگرتن لەژیان و خەباتی هاوڕێ حەسەن مارف لەکەنەدا

کۆمیتەی رێکخستنی کەنەدای حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کرێکار و دۆست و ناسیاو و هاوڕێیانی ئازیزی هاوڕێ حەسەن لەکەنەدا و لەشاری تۆرنتۆ بۆ رێزگرتن لەژیان و تێکۆشانی هاوڕێ حەسەن مارف کە بەهۆی نەخۆشیەوە لەمانگی تەموزی ٢٠٢٥ ژیانیلەدەستدا، بەئامادەبوونی خۆشەویستانێکی زۆر  ئێوارە یادێکی شایستەیان بۆرێکخست.

هۆڵەکە بەوێنەی هاوڕێ حەسەن و کارە هونەریەکانی و پەیکەرێکی گەورەی مارکس کە لەلایەن هاوڕێ کاوان قادرەوە دروستکرابوو و بەگوڵی رەنگاورەنگ رازابوونەوە.

پێشکەشکاری بەرنامەکان ( مریەم عەبدولڕەحمان) دوای بەخێرهاتن و سوپاسگوزاری ئامادەبوان بۆ رێزگرتن لەیادی هاوڕێ حەسەن و ساتێک بێدەنگی وەستان و سروودی ئەنتەرناسیۆناڵ دەستی پێکرد. پاشان وتەی بەرپرسی کۆمیتەی رێکخستنی کەنەدای حککک لەلایەن هاوڕێ ( ئاراس رەشید ) پێشکەشکرا، کەتێیدا جگە نیشاندانی گۆشیەک لەکاروخەباتی هاوڕێ حەسەن و جێگەوڕێگەی ئەو لەحزب و لەناو کۆمەڵگەدا، پەیامی تەحەزوبی هاوڕێ حەسەنی راگەیاند.

پاشان نۆرەی وتەی خانەوادەی هاوڕێ حەسەن لەلایەن بەڕێز( گۆران باهیر) ەوە پێشگەشکرا. وێڕای دەستخۆشی لەبەڕێوەبەرانی ئەم یادکردنەوەیە و رێزلێنان لە هاوڕێ حەسەن، گۆشەی جیاجیای لەژیان و رەوشت و هەڵسوکەوتی هاوڕێ حەسەن بۆ ئامادەبوان خویندەوە، و پارچە شیعرێکیش کە بەوبۆنەوە ئامادەیکردبوو خوێندیەوە.

بەشەکانی دیکەی بەرنامە بریتیبوون لەخوێندنەوەی راگەیاندنی رێکخراوی دەرەوەی حککک کەلەلایەن هاوڕێ کاوان قادرەوە بەڤیدیۆ لەگەڵ هەندێک وێنەی جۆراوجۆر پێشکەشکران. هەروەها ریپۆرتاژێک لەژیانی هاوڕێ حەسەن کەلەلایەن هاوڕێ سوهامەوە خوێندرابووەوە پێشکەشکرا، لەگەڵ سلاید شۆیەک کە گوزەرێکی وێنەیی بوو بەناو تابلۆی ژیانی هاوڕێ حەسەن.

دوابڕگە تەرخانکرابوو بۆ ئەو دۆست وهاوڕێیانەی هاوڕێ حەسەن کە یادویادەوەری و قسەی خۆیان هەبوو لەسەر ژیانلەدەستدانی هاوڕێ حەسەن هات. لەم بڕگەیەدا هاوڕێ ( روناک قسەوباسێکی کورت و شێعرێکی خوێندەوە، مەمەخان پەخشانە شێعرێک و کاوە عومەر جگە لەراگەیاندنی دڵنەوایی خۆی بۆ هاوڕێ و خێزان و دۆستو ئازیازانی هاوڕێ حەسەن، هەندێک یادەوەری خۆشی لەقسەکانی گێڕایەوە، مستەفا یونسی دوا قسەکەر بوو کە لەسەر رۆڵی ئەو جۆرەکەسانەی وەك هاوڕێ حەسەن بوون لەسەر کۆمەڵگە قسەیکرد).

شایانی باسە لەنێوان قسەکەراندا پێشکەشکار شێعرێکی بەرێز سەرکەوت ئیبراهیم سلێمان کە هاوڕێی نزیکی هاوڕێ حەسەن بوو خوێندەوە. هەروەها یەکێک لەشیعرەکانی هاوڕێ حەسەنی خوێندەوە کە لەسەر وەرزی ئوستورالیای نووسیبوو.

ئێوارە یادەکەی هاوڕێ حەسەن بەناردنی پەیامی دووبارەی هاوخەمی ئامادەبوان لەگەڵ هاوسەری هاوڕێ حەسەن هاوڕێ چیمەن عارف وجگەرگۆشەکانی زاریا وپۆشکین وسەرجەم خانەوادە وئازیزانی هاوڕێ حەسەن و سروودی ئەنتەرناسیۆنال کۆتایی هات.

 

وتەیەك بۆ رێز لێنان لەژیان و خەباتی هاوڕێ حەسەن مارف لەکەنەدا

ئاراس ڕەشید:

هاوڕێیان؛ ئامادەبوانی بەڕێز ئێوارەتان باش

بەناوی کۆمیتەی رێکخستنی کەنەدای حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستانەوە بەخێرهاتنێکی گەرمتان دەکەم و پێزانینمان هەیە بۆ ئامادەبونتان لەیادی ڕێزلێنان لەژیان وخەباتی هاوڕێمان حەسەن مارف، وەک خەباتکارێکی چینی کرێکار و خەڵکی بەشمەینت، وەک ئینسانێکی ماندووی تێکۆشانی چینایەتی و چەهرەیەکی خۆشەویستی ئەم بزووتنەوە کۆمەڵایەتیە.

پێزانین و دەستخۆشی لەهەموو ئەو کەسایەتی و دۆست و هاوڕێیانی رێکخستنی کەنەدا و ئوستورالیا و تەواوی رێکخستنەکانی دەرەوە و کوردستان دەکەین کەتوانیان لەسەرەتای نەخۆشیەکەی هاوڕێ حەسەن و لە نەخۆشخانە و مەراسیمی بەخاکسپاردن و، مەراسیمی رێزلێنانیدا لە ئوستورالیا بێدەربەستانە ماندووبوون و لەوکۆستە گەورەیەدا لەرێگەی تەلەفۆن و پەیوەندیەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانەوە و بەئامادەبوونی خۆیان لەپاڵ هاوسەری ئازیزی ( چیمەن و جگەرگۆشەکانی زاریا و پۆشکین) دا بوەستن و ئەو خەمەیان لەگەڵ بەشبکەن، و ئەوکاتە هەستیارە ناخۆشەیان لەگەڵ تێپەڕکەن.

ئازیزان هاوڕێ و دۆستان و ئامادەبوانی خۆشەویست

یاد و یادەوەری و گێڕانەوەی ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسی و خەباتکارانەی کەسانی وەک هاوڕێ حەسەن بەزەحمەت لەوتەیەکی چەند دەقەییدا دەتوانرێت گوزەری تێدابکەیت. چونکە ئەو وەک ئەندامێکی چینی کرێکار وزەحمەتکێشی کوردستان زەحمەتی زۆری کێشاوە بە سەختیەکانی ژیان، و ئەو هەورازانە وانەی زۆری مقاوەمەت و تێکۆشانیان فێرکردووە و لێبڕاوانە وەستاوەتەوە بەرامبەر نابەرابەریەکانی ئەو چینە، و بەوپەڕی توانای هۆشیاری خۆیەوە بەشداری لەقۆناغەکانی خەباتی چینایەتیدا بردۆتە پێشەوە، هەرلە هۆشیارکردنەوەی خۆی لەرێگەی خوێندنەوە و گفتوگۆ و گوێگرتن لەباس و جەدەلی سیاسی تادەگات بەدەستبردن بۆ نووسینی ئەدەبی و سیاسی و کێشانی تابلۆی هونەری و بەشداری لەمەحافلی کرێکاری و دەستە و گروپی رۆشنبیری و سیاسی کۆمەڵایەتی، تادەگات بەبەشداری پایەیی لەدروستکردنی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق و پاشانیش حککک و تا دواساتەکانی ژیانی شانی دابووە بەر بەرپرسیاریەتی لەحککک و وەک بەرپرسی رێکخستنی ئوستورالیای حزب بەردەوام بوو. هاوڕێ حەسەن تا دواهەناسەی لێدانی دڵی لەگەڵ ئومێدی خەڵکی بەشمەینەتدا بۆ دروستکردنی دنیایەکی باشتر بەردەوام بوو.

ئەوەی ئاگاداری قسەوباسی مەراسیمەکانی بەخاکسپاردن و مەراسیمی رێزلێنانی لە ئوستورالیا کردبێت، لاپەڕەی نووسین و رەسم و گرتە ڤیدیۆییەکانی و یادەوەریەکانی ناو تۆڕەکۆمەڵایەتیەکانی ئەم ماوەیەی کردبێت هەستیکردوە کە هاوڕێ حەسەن تەنیا بۆخۆی نەژیاوە و وەک کەسێکی ئاسایی ژیانی رۆژانەی بەسەر نەبردوە، بەڵکو وەک کادرێکی چینی کرێکار و رەمزی ئەو چینە لێبڕاوانە و بە بەردەوامی لەمەیداندا بووە لە نارەزایەتیە جۆراوجۆرەکانی ئەم چینە، و لەهەندێک پێچی ئەو خەباتەدا لەریزی پێشەوە رابەرایەتیکردوە.

ئاشانایەتی من یەکەم جار بە هاوڕێ حەسەن دەگەڕێتەوە بۆ دوای گرتنەوەی شارەکانی کوردستان لەلایەن رژێمی بەعس لەبەهاری ١٩٩١ و مقاوەمەتمان لەشاری هەولێر و دەرچوونمان و ئاوارەبوونمان لەگەڵ خەڵکی کوردستان بەرەو شاخوکێوەکان. وەک هەڵسوڕاوانی شورایی شارەکانی هەولێر وسلێمانی و هەڵەبجە و رانیە و پشدەر بۆ درێژەدان  و وەستانەوە بەدژی رژێم لەیەکێک لە کەمپەکانی ئاموزەشی کۆمەڵە (حکا)دا، و سەرلەنوێ خۆسازدانەوەی تەشکیلاتی و دروستکردنی رێکخراوی سیاسی ( هەستەی کرێکارانی سۆشیالیست) لە ناوچەی دۆڵێ و گوندی بەردانگە. هەرلەوێدا بەقسەخۆشەکانی و باسە سیاسی  و ئەدەبیەکانی ئاشنا بووم.

مێژووی سیاسی هاوڕێ حەسەن بریتیە لەمێژووی خەباتی چیانیەتی بەرەهەند و رەوتە جیاجیاکانیەوە، و خۆجیاکردنەوەی خۆی لە هێڵە سیاسیە چەپەکانی پێشووی وەک حشع و کۆمەڵە و خۆی گرێدەداتەوە بەبزووتنەوەی کۆمۆنیزمی کرێکاری و مارکس، و بڕوای توندی بە بزووتنەوەکە و بەحزبەکەی هەبوو بۆگەیشتن بەنەجاتی چینی کرێکار لەدەست چەوسانەوەی چینایەتی و بنیاتنانی دنیایەکی بێچین.

تابلۆی ژیانی هاوڕێ حەسەن هەموو رەنگە تاڵەکانی ژیانی دەستفرۆشی و کرێکاری و بەشمەینەتی دیوە، و جەسورانە ژیان و گوزەرانێکی شەرافەتمەندانەی بۆخۆی و خێزانەکەی دابینکردووە، لەپاڵیشدا کارێکتەرێکی چالاکی رێکخستنەوەی چینەکەی بووە.

رووداوی لەدەستدانی براکەی لەناو ریزەکانی ی.ن.ک دەبێتە خاڵی وەرچەرخانی هۆشیاری چینایەتی و سیاسی ئەو، و بەئاگاهاتنەوەی لەتێگەیشتنی راستی خەباتی چینایەتی.

هاوڕێ حەسەن لەڕاپەریندا رۆڵی جەسورانە و بەرچاوی هەبووە لەئازادکردنی شاری سلێمانی و یەکێک بووە لە هەڵسوڕاوە ناسراوەکانی شورا و لەناو شورای سەرشەقام چالاکانە تێکۆشاوە.

هەروەک لەبەشێکی ئەم یادەدا ژیاننامەکەی ئامادەکراوە. پێش دامەزراندنی حزب بەرپرسیاریەتی نوسینگەی سەرنجی کرێکاریی کردووە، هەروەها لەرادیۆی مەرکەزی حککع دا لەپەخشی رادیۆ کاریکردوە.

لەسەردەمی پەتای کۆڤیدا لەرێگەی تۆڕی هاوکاری کۆمەڵایەتیدا چالاکانە توانی رۆڵی خۆی بگێڕێت لەدروستکردنی تۆڕی ئوستورالیا، و کۆمەکی ماددی کۆدەکاتەوە بۆ تۆڕەکانی کوردستان بۆ دابەشکردنی بەسەر خەڵکانێک کەپێویستیان پێی هەبوو.

هاوڕێ حەسەن تادوایین ساتەکانی ژیان لە نەخۆشخانەش زۆر بەئومێدەوە دەیڕوانیە ژیان و ئەو نەخۆشیەی چۆکی پێدانەدا. دوایین گفتوگۆمان لەگەڵ مریەم و چیمەن دوای نەشتەرگەریەکەی بوو. زۆر خۆشحاڵبوو کە نەشتەرگەریەکەی سەرکەوتووبووە. وەک هەمووجارێک بەقسەی خۆش و پێکەنینەوە، بەداخەوە نەمانزانی کە ماڵئاوایی یەکجاریمان لێدەکات و ئەو ساتەخۆشەمان لە بوخچەی یادەوەریەکان پێچایەوە.

هاوڕێ حەسەن جێیهێشتین؛ بەڵام لەوە دڵنیای کردینەوە کە کەسانی وەک ئەو لەهاوڕێ و هاوچینەکانی زۆرن بۆ درێژەدان بەو خەبات و تێکۆشانەی کەئەو باوەڕی پێبوو و ئومێدەواربوو کەدەبێ ئەم بەربەریەتەی سەرمایەداری کۆتایی پێبێت و دنیایەکی ئینسانی و کۆمۆنیستی بێتە دی. بۆهەمیشە هاوڕێ و دۆست و ئاشنایانی بانگەواز دەکرد بۆ پەیوەستبوون بەریزی خەباتی چینایەتی لەحزبی چینی کرێکار. ئەو ئومێدەی بەستبۆوە بە یەکێتی چینی کرێکار و کۆمۆنیستەکان و رەنجی زۆری بۆکێشا. هەربۆیە ئێمە هاوڕێ و دۆستانی لەکوردستان و ئوستورالیا و چەند وڵاتێکی تردا ئەو خەباتەی بەرز دەنرخێنین. ئەو دوای خۆی سونەتێکی ئینسانی جێهێشت، ئێمەش ئەو سونەتە بەردەوامی پێدەدەین .

رێزداربێت یادویادوەری و پەیامەکانی هاوڕێ حەسەن.

دووبارە لەپاڵ هاوڕێ چیمەن و زاریا وپۆشکین و کەسوکار و دۆست و هاوڕێ و ئازیزانی هاوڕێ حەسەن دەوەستین بۆ تێپەڕاندنی ئەو کۆستە گەورەیە.

سوپاسی زۆرتان دەکەم.

About admin

Check Also

بەم کارەتان، تەوژمی ئازادی و یەکسانی ڕاناگیرێت!

بەیاننامە دەربارەی تیرۆرکردنی هەڵسوڕاوی ژنان و سۆسیالیست، یەنار محەمەد بەپێی ڕاگەیاندنێکی کۆمیتەی ناوەندیی ڕێکخراوی ئەڵتەرناتیڤی …