لەبەر ڕۆشنایی ئەو هەواڵانەی کە لە ڕای گشتی خەڵک و لە میدیاکان و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا بڵاوبۆتەوە، هێشتا ژمارەیەک کەس لە ڕوداوەکەی لالەزاردا چارەنوسیان دیار نییە. هاوکات هێزە ئەمنیەکانی سلێمانی هێشتا ڕێگەنادەن بە سەردانی کەسوکاری گیراوەکان و دەستڕاگەیشتنی گیراوەکان بە پارێزەرانێک بۆ داکۆکیکردن لە کەیسەکانیان، ئەمانە جگەلەوەی کە ژمارەیەکی تریش لە ئەندامانی “بەرەی گەل” کەوتوونەتە بەردەم گوشار و ناچارکردنیان بە هەڵهاتن و خۆشاردنەوە و جێهێشتنی شوێنی ئاسایی ژیانیان. هەموو ئەمانەش جگەلەوەی دیاردەیەکە جێگای نیگەرانی کەسوکار و ڕای گشتی خەڵكی کوردوستانە، هاوکات پێشێلکردنێکی ئاشکرای مافەکانی مرۆڤە لە هەرێمی کوردستان.
کۆمیتەی سلێمانی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان، وەک بەرپرسیارێتیەکی ئەخلاقی و کۆمەڵایەتی و وەک داکۆکیکاری مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان ڕادەگەیەنێت کە:
١/ ئەرکی هێزە ئەمنیەکانە چارەنوس و ئاماری کوژراو و دیلەکانی ڕوداوەکەی لالەزار بەڕۆشنی و شەفاف ڕابگەیەنن و هەر جۆرە دڵەڕاوکێ و نادیارییەک لەچارەنوسی ئەم کەسانەدا لە ڕای گشتی خەڵكی کوردستان نەهێڵێتەوە.
٢/ ڕێگابدات بە سەردانی کەسوکاری گیراوەکان و مافی دەستڕاگەیشتیان بە پارێزەر و ڕاوێژکاری یاسایی و هەر پێداویستیەکی تری بۆ بەرگریکردن لەخۆیان و کەیسەکانیان زامن و مسۆگەر بکات.
٣/ ئەرکی هێزە ئەمنیەکانە دەست لە گوشار و شوێنکەوتنی ئەندامانی بەرەی گەڵ هەڵگرێ و مافی ژیانێکی ئاسایی و مانەوەیان لە شوێنی خۆیاندا بەڕەسمی بۆ بناسێنێت.
حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان وەک لایەنێکی داکۆکیکار لە ئازادی و ئاسایشی کۆمەڵایەتی و مەدەنیەتی کۆمەڵگا، لەدژی هەرجۆرە گوشار و شاردنەوەی ڕاستیەکان و پێشێلکردنێکی مافەکانی مرۆڤە و داوا لە خەڵكی کوردستان و لایەنە سیاسیەکان و ڕێکخراو و کەسایەتیەکان دەکات کە بە هەستیارییەکی زۆرەوە لە ماف و ئازادیەکانی هاوڵاتیانی کوردستان بڕوانن و بەڕێگەی گونجاوی خۆیان لەدژی هەرجۆرە پێشێلکاریەکی مافەکانی مرۆڤ دەنگ هەڵبڕن.
کۆمیتەی سلێمانی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان
٧ ی ئەیلولی ٢٠٢٥
hkkurdistan.org