گفتوگۆ لەگەڵ بەهادینی حاجی بەکری دارتاش ناسراو بە (رێبوار عارف) رێکخەری کوردستانی کۆنگرەی ئازادی و گۆڕانکاری سەبارەت بە دۆخی سیاسی کوردستان و کێشەو گرفتەکانی خەڵک و پەیوەندی لەگەڵ عێراق و بەرنامەی کاری داهاتووی کۆنگرەی ئازادی و گۆڕانکاری
ئۆکتۆبەر: وەکو ئاگادارن دۆخی سیاسی کوردستان تووشی چەقبەستوویەکی ترسناك بووە. نزیکەی ساڵێکە هەڵبژاردنی پەرلەمان کراوەو تائێستا حکومەت پێکنەهاتووە. دۆخی سیاسی ناجێگیر و نادیارە. دۆخی ژیانی خەڵك بەشێوەیەکی ترسناك بەرەو لێواری داڕمان چووە. کێشەی مووچەی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کە سەرچاوەی دابینکردنی ژیانی بە نزیکەی نیوەی دانیشتوانە، هیچ ئاسۆیەك بۆ چارەسەری دیارنیە. ئەوەش کاریگەری کردۆتە سەر ژیان و بەڕێوەچوونی گوزەرانی زۆربەی هەرەزۆری دانیشتوانی هەرێم لە چینە زەحمەتکێش و بێبەشکراوەکانی کوردستان. بەرای ئێوە وەکو کۆنگرەی ئازادی و گۆڕانکاری، هۆکاری ئەم دۆخەی ئێستا بۆچی دەگێڕنەوەو ئایندەی ژیانی مووچەخۆران و چین و توێژە بێبەش و زەحمەتکێشەکانی کوردستان چۆن دەبینن؟
رێبوار عارف: من دەزانم کە دواجار یەک بەیەکی هەموو ئەو حالەتانەی کە لە نێو پرسیارەکەتاندا ئاماژەتان پێکردوە بەدەوری خۆیان ژیان و گوزەرانی ئەو خەلکە نائەمن دەکات، بەلام ئالوگۆڕەکانی ئەم دواییانەی ناوچەکەو بەردەوامبوونی سایەو سێبەری شەرو کوشتار لەم ولاتەی ئێمەدا مەترسیەکانی چەند بەرامبەر جدیتر کردوەتەوە، بەتایبەت لەکاتێکدا کە کۆمەلگای ئێمە کۆمەلگایەکی مارانگەستەی شەڕو کوشتارو وێرانکاریە، کە ئەم حالەتە لەم قۆناخەدا لە هەموو رابردوو پر مەترسیدارترە.
ڕێگە بدەن کەمێك بەگەڕێینەوە بۆداوە. لە سەرەتای نەوەدەکانەوە تا روخانی بەعس و دوای روخانی بەعسیش کوردستان بە چەندین دۆخی مەترسیداردا تێپەریوە. سەرەتا گەمارۆی ئابوری ئەمریکاو رۆژاوا لەسەر عێراق و گەمارۆی عێراق لەسەر کوردستان، دۆخی ژیان و گوزەرانی خەڵکی کوردستانی لەسەر لێواری کارەسات دانابوو. لەپاڵ ئەمەدا دیارنەبوونی چارەنوسی سیاسی کوردستان و دەسەڵاتی دوو حزبی چەکدار، کە تەنها دوای دووساڵ لە دروستکردی پەرلەمان و حکومەتی هاوبەشیان، کوردستانیان راپێچی شەڕێکی واێرانکەر کرد و دەرگای کوردستانیان خستەسەر پشت بۆ دەستێوەردانی ئێڕان و تورکیا و گەرمکردنی شەڕی ناوخۆ کە هەزاران گەنجی تیادا قوربانی. کۆمەڵگای کوردستان لە بنبەستی سیاسی و ئەمنیدا بێئاسۆ هێشتەوە تا کاتی روخانی رژێمی بەعس.
دوای روخانی بەعس و ئارایشدانەوەی عێراق لەسەر بنەمای فیدراڵیزمی قەومی، بۆماوەیەك کوردستان کەمێك بوژانەوەی ئابوری و ئارامیەکی سیاسی نیسبی بەخۆیەوە بینی. بەڵام ئەمە زۆر بەردەوام نەبوو، دیسانەوە دۆخی سیاسی کوردستان روبەرووی بارگرانی ئابوری و بارگژی و ناجیگیری سیاسی و ئەمنی بوەوە. ناڕەزایەتی خەڵك دژی تاڵانی و گەندەڵی دەسەڵاتداران پەرەی سەند وخۆپیشاندانەکانی ساڵی ٢٠١٢ و ساڵانی دواتر هەموویان لەلایەن حزبەکانی دەسەڵاتەوە سەرکوت کران
دوای ئەوە کێشەکانی نێوان بەغداو هەرێم بەرەو توندبونەوە رۆیشت و حکومەتی هەرێم، سەربەخۆ لە بەغدا کۆمەڵیك گرێبەستی نەوتی ئەنجام دا کە ئاکامەکەی بووە قەرزاربوونی خەڵکی کوردستان. سەرەڕای ئەمەش بەناوی خەرجی شەڕی داعشەوە بۆماوەی زیاتر لە ٥ ساڵ مووچەی موچەخۆران یان نەدرا یان نیوموچەو چارەکە مووچە دابەشکرا! روداوەکانی ١٦ ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٧ یش بەتەواوی دۆخی کوردستان گۆڕی و ئایندەی کوردستان کەوتەوە ناو گێژاوی ململانێ و کێشەکانی هەرێم و بەغداوە! هەموو ئەمانە دەوری سەرەکیان هەبوە لە دروستکردنی ئەم دۆخە شڵەژاو و ناجێگیرو نائەمنەی کوردستان و نەمانی خزمەتگوزاریەکان و …تاد.
ئەم دۆخەی کوردستان ژیان چ وەک فاکتۆری داخلی و چ وەک فاکتۆری خاریجی کاریگەری گەورەیان هەبووە لە پرۆسەی نائەمنکردنی کۆمەلگا. لەمبارەشەوە پریشکی ڕووداوەکانی دوای حەوتی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ لە غەزەو ئەو گۆڕانکاریانەی لە ناوچەکەدا هێناویەتە پێشەوە، هەرساتە دەتوانێت مەترسیەکی گەورە بێت بەسەرمانەوە ، یان راستەوخۆ لەرێگەی ئەو هێزە سەرکوتگەرو میلیشیایەی ئەحزابەوە بێت، کە هیچ باکیان بە لەخوێن هەلکێشانی شەقامەوە نیە هەروەک ئەوەی لە ١٧ شوباتدا ڕوویداو بینیمان، یان دواین نموونەی مانۆڕ لێدان و کاولکاری و کوشتارگەی لالەزارەوە بێت کە چۆن ئەم کۆمەلگایەی بردە بەردەم قۆناخێکی تازەی دژە ئازادی و دۆخی سەرکوتگەریەوە.
جا بۆیە لەم بارودۆخەدا نەک تەنیا کێشەی پێکنەهێنانی پەرلەمان و حکومەت دوای تێپەربوونی نزیک بەسالێک دەبێتە شتێکی ئاسایی.. هەربەو دەلیلەشە نەک تەنیا دۆخی نائەمنی کوردستان لە قۆناخێکی پڕ مەترسیدارو نا جێگیردا بەسەر دەبات.
دواجار کاتێک لەشکرکێشی دەکرێتە سەر لالەزار ئیتر هەست بە مەترسیدارترین قۆناخی نائەمنکردنی ئەم کۆمەلگایە دەکرێ، کە بەبروای من ئەمە تەنیا قۆناخی یەکەمی نیشاندانی ئەو سیما دژی ئازادیەی یەکیەتیە، ئێمە لە ئایندەیەکی نزیکدا شاهیدی داتاشینی چەندین یاساو رێسا دەبین بۆ بەرتەسککردنەوەی پانتایی ئازادیەکان، لەم گۆشە نیگایەوە مەترسیەکانی سەر ڕێی ژیانی ئەو خەلکە یەکجار گەورەیە، بۆیە قسەکردن لەسەر مووچە رەنگە تەنیا یەکێک بێت لەو کێشەو ئاستتەنگیای کە ژیانی ئەو خەلکەی تالکردبێت. هەربۆیە سەرباری پشتگیریکردنی ئێمە بۆ هەر جولانەوەیەک ، بەلام بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مووچەو باشترکردنی ژیانی ئەو خەلکە لە گرەوی چاوگێرانەوەیەکی جدیدایە بەسەر هەموو بەرنامەو تاکتتک و نەخشەو پلانێکدا ، بەسەر چۆنیەتی سەراسەری کردنەوەی نەخشەکانماندا و بەسەر چۆنیەتی رێکخستنی نارەزایەتی چین و تویژەکانی ترو هەموو نارەزایەتیەکانی تری دەرەوەی مووچە خۆران!
ئۆکتۆبەر: ئێوە وەکو کۆنگرەی ئازادی و گۆڕانکاری، رێکخراوێکی سیاسی- جەماوەری دیموکراتین کە دامێنەی هەڵسورانی سیاسیتان تەنها کوردستان نیەو سەراسەری عێراق مەیدانی کارو چالاکیەکانی ئێوەیە، چۆن دەتوانن دەورتان هەبێ لەسەر ئاڵوگۆڕ لەو دۆخەی ئێستا روبەرووی خەڵکی کوردستان بووەتەوە؟ ئایا ئێوەش پێتانوایە کە سەرجەم کێشەکانی هەرێم لەگەڵ بەغدا دەتوانرێ چارەسەر بکرێ یان رێگای دیکە هەیە؟ ئەگەر وەڵامەکەتان ئەرێنیە بۆ ئەم پرسیارە، چۆن دەتوانن خەباتی خەڵکی کوردستان بۆ گۆڕانکاری لە دۆخی سیاسی و هەلومەرجی ژیان و گوزەرانیان لەگەڵ خەباتی خەڵکی باقی ناوچەکانی دیکەی عێرا ق هەڵپێکن؟
ڕێبوار عارف / بەلێ دروست وایە ئێمە رێکخراوێکی سەرتاسەری لە ئاستی هەموو عێراقدا کارو هەلسوران ئەنجام دەدەین ، لەراستیدا هەر لەبنەڕەتەوە پەیوەندیەکانی نێوان حکومەتی هەرێم و ناوەند لەسەر بنەمایەکی دادپەروەرانەو یەکسان و ئازادیخوازانە نیە، بۆیە چارەسەرکردنی کێشەکانی نیوان ئەم دوو دەسەلاتە لەبنەرەتدا پوچ و بێمانایە، حکومداری ئەم دوو دەسەلاتە لەسەر بنەمای مافی یەکسانی هاولاتیبوون نیە ، بەلکو لەسەر بنەمای کورد بوون و عەرەب بوونە ، لەسەر بنەمای شیعە و سوونی، کوردو عەرەب و یەزیدی و مەسیحی و عەشیرەت و هۆزو بنەمالەیە، تەنانەت زۆربەی هەرەزۆری کاری ئیداری و یاسایشیان بە فلتەری یاساکانی بەعسدا دەگوزەرێت، ئیتر دەبێت چ چاوەروانیەک هەبێت لە رۆلی ئەم دوو دەسەلاتە بۆ چارەسەرکردنی کێشەو گیروگرفتەکانی ئەو خەلکەو ژیانێکی شایستەو ئینسانی بۆیان !
بەلام ئەوەی کە ئایا ئێمە دەتوانین چ رۆلێکمان هەبێت بۆ لێکهەلکێشانی خەلکی ستەمدیدەی ئەم دوو ناوچەیە، لە هەنگاوی یەکەمدا خودی ئەوەی کە ئێمە وەک یەکەمین رێکخراوی جەماوەری سەراسەری دێینە مەیدان ئەمە هەنگاوێکی پڕ بایەخ و گرنگە . بەتایبەت بۆ ئێمە کە خالی هاوبەشی دنیابینیمان کارکردنە لەسەر بنەمای ئینسانبوونمان لە دەرەوەی هەر پێوانەیەکی ئاینی و ئایدۆلۆژی و رەگەزپەرستی و قەومگەرایی . بەپێچەوانەوە کارکردن بەو پێوانە ئینسانیە دەرفەتی کەمرەنگکردنەوەی بەربەستەکان و سرینەوەی ئەو جیاوازیانەو کارکردن بۆ بنیادنانی رێکخراوێکی سەرتاسەری بە زمانێکی هاوبەشی خەباتکارانەی شۆرشگێرانە، بە بەرنامەو نەخشەو پلانی هاوبەشەوە… ئەمانەو گەليک شتی تر لە دەورانێکی شۆرشگێرانە دەتوانن هەوێنی ئالوگۆڕێکی گەورەبن لە کۆمەلگای عێراق دا. بەتایبەتی ئەوەی کە ئەرکێکی زۆر گرنگ و بنەرەتیە بۆ ئێمە رێکخراوکردنی ئەو خەلکەو یەکخستنی تواناو کارایی هەلسوراوان و رابەرانی نارەزایەتیەکان و دەخالەتگەریەکی سیاسی لێبراوانە کەبتوانێت وەک بەدیلێک لە ئاستی کۆمەلگادا دەرکەوێت!
ئۆکتۆبەر: بەرنامەی کارتان لە کوردستان چیە؟ ئێوە بەپرسی بەشی کوردستانی کۆنگرەی ئازادی و گۆڕانکارین، ئەم جیاکردنەوەیە بۆچی؟ ئایا ئەرک و ئامانجێکی جیاواز لە باقی عێراق هەیە کە ئێوە دەتانەوێ کاری بۆبکەن و بۆی تێبکۆشن!؟
ڕێبوار عارف / بارودۆخی تایبەتی کوردستان و بوونی دەسەڵاتێکی لۆکالی (وەک هەریمی کوردستان و بوونی بزوتنەوەو ئەحزابی سیاسی جۆراوجۆری تایبەت بە کوردستان و تایبەتمەندیە سیاسی و ئابوری و کۆماڵەیەتیەکانی کۆمەڵگای کوردستان) پێویستی ئەوە دەهیننە ئاراوە کە بەشی کوردستانی کۆنگرە لە چوارچێوەی ڕێکخراوەیەکی ناوچەییدا خۆی رێکبخات بۆئەوەی بتوانێ بەپێی ئەو تایبەتمەندیانە کاروکاردانەوەی پێویستی خۆی رێکبخات و وەلام بەتایبەتمەندیەکانی ئەم جوغرافیا سیاسیە بداتەوە.
هاوکات گرنگە سەرنجی ئەوە بدەین کە کێشەگەلێکی وەک مووچە، دامەزراندن، کێشەی ناوچە سنووریەکان، کێشەی داگیرکاری و ئەمنی ناوچەکە ، کێشەی دەخالەتی ولاتان لەم ناوچەیەدا ، بێگومان هەموو ئەمانە لەکاتێکدایە کە ئامانجی رێکخراوی کوردستانی کۆنگرە هەمان ئامانجی گشتی کۆنگرەیە، واتە کۆتایهێنان بە دەسەڵاتە ستەمگەرەکان لەڕێگای رێکخستن و رابەریکردن و برەودان بە بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری تا ئاستی بزوتنەوەیەکی شۆڕشگێرانەی هەمەگیر، کە بچێتە جەنگی هەلپێچانی ئەم دەسەلاتە. لەڕێگەی ئیرادەی راستەوخۆی خەڵکەوە. هەروەها پێویستە ئەوەش لەبەرچاو بگرین کە رێکخراوی کوردستانی کۆنگرە ماف و دەسەڵاتی ئەوەی هەیە کە لەپەیوەند بە پێشهات و روداو و کێشمەکێشە محەلیەکانی کوردستانەوە هەلویست بگرێت و سیاسەت و تاکتیکی پێویست هەلبژیری و بە شێوەی بەیان و بریارنامە و لێدوان بەیانی بکات.
کەواتە نەفسی ئەم کارە بۆخۆی بەشێک لە بنەرەتیترین هەنگاوێکە بۆ بنیادنانی ڕێکخراوێکی سەرتاسەری بۆیە بەرنامەو رۆلی سەرەکی ئێمە بەپلەی یەکەم و لەپال هەر کارێکی سەرتاسەریدا ریشەداکوتانی کاری لۆکالی وەک بەشێک لە کۆی گشتی لە ئامانج و بەرنامەی سەرتاسەری.
hkkurdistan.org