سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێراق،
ئۆکتۆبەر: دەمانەوێ سەرەتا لەو پرسیارەوە دەست پێبکەین کە بۆچی دوای ساڵانێکی زۆر لە بایکۆت و بەشدارینەکردن لە هەڵبژاردنەکاندا، بڕیاری بەشداریکردنتان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دا؟ چی گۆڕاوە؟ سیاسەتی حزب بەرامبەر بە هەڵبژاردن و پەرلەمان یاخود کارکردی پەرلەمان؟
سەمیر عادل: سەرەتا دەمەوێت جەخت لەوە بکەمەوە کە هەڵوێستی مەبدەئیمان پشتیوانیکردنە لە هەر پرۆسەیەکی دیموکراسی کە ڕێگا بۆ جەماوەر بکاتەوە بۆئەوەی هەڵبژاردنی سیاسیی هۆشیارانە و ئازادانە بکات. لەم ڕوانگەیەوە ئەڵتەرناتیڤی سیاسی ئێمە سیستەمێکی شورایە کە فراوانترین فەزای دیموکراسی ڕاستەوخۆ لە بنەڕەتەوە تا ئاستە باڵاکانی کۆمەڵگا دابین دەکات.
دووەم: مێژووی بزووتنەوەی کۆمۆنیستی لە سەرەتای دامەزراندنی سیستەمی پەرلەمانی بۆرژوازییەوە، ڕێگری لە بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانیدا نەکردوە. وە سێیەم: بۆ ئێمە هەم بەشداریکردن و هەم بایکۆت تاکتیکی سیاسین. ئێمە لەبارەی سروشتی بۆرژوازی پەرلەمانەوە هیچ خۆشباوەڕیەکمان نیە، بەڵام هەڵبژاردنی هەریەک لە بژاردەکان پەیوەستە بە هەلومەرجی سیاسییەوە.
گەڕانەوە بۆ پرسیارەکەت: بەڵێ گۆڕانکاری لە سیاسەتی حزبدا بەرامبەر بە هەڵبژاردن ڕوویداوە، بەڵام دەرئەنجامی گۆڕانی واقیعی سیاسی یان خودی ژیانی پەرلەمانی نییە. پێشتر هەوڵمان دا بەشداری هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٠٥ بکەین، بەڵام لەگەڵ هێزەکانی دیکە لەسەر بەرنامەی هەڵبژاردنی هاوبەش نەگەیشتینە ڕێککەوتن. ئێمە لە ساڵی ٢٠١٠ لەژێر ناوی لیستی “ئازادی و یەکسانی” هەوڵماندا، بەڵام نەمانتوانی بچینە ناو هەڵبژاردنەوە. بەواتایەکی تر بەشداریکردن بۆ ئێمە قەدەغە نەبووە، بەڵام بەربەست هەبوون کە پێشتر ڕێگریان دروست دەکرد.
ئۆکتۆبەر: ئەگەر پێتانوایە هیچ شتێك لە پەیوەست بە ڕوانگەی ئێوە بۆ پەرلەمان و هەڵبژاردن نەگۆڕاوە، ئایا چۆن ئەم گۆڕانکاریانە لەپەیوەند بە سیاسەتی حزبەوە بەرامبەر بە هەڵبژاردن و پەرلەمان لێك دەدەیتەوە؟ ئایا هەڵوێستتان لە رابروودا هەڵەیەکی تێدا بووە، یاخود چی وایکردەوە کە ئەو هەڵوێستە وەربگرن؟ پێداچوونەوەیەك بە سیاسەتی تاکتیکی حزبدا روویداوە؟
سەمیر عادل: مەسەلەکە هەڵسەنگاندنی ئەوە نیە کە ئێمە راست بووین یان هەڵە، بەڵکو خوێندنەوەیەکی سیاسییە بۆ کاریگەریی هەریەکە لە بایکۆتکردن یان بەشداریکردن. هەندێک ئەمڕۆ بایکۆتکردن بە هەڵە دەزانن، هەندێکی تریش بەشداریکردن بە هەڵە دەزانن. ئەمە مشتومڕێکی بێسوودە. جەوهەری مەسەلەکە بریتیە لە : کام سیاسەت خزمەت بە بەرژەوەندی چینی کرێکار و جەماوەر دەکات؟ بۆمان دەرکەوت کە سیاسەتی بایکۆت بزووتنەوەکەمانی بەرەو پێشەوە نەبرد و گۆڕەپانێکی گرنگی خەباتی سیاسی بەتەنیا بۆ بۆرژوازیدا بەجێهێشت و جەماوەری لە هەر جۆرە هیوایەک بۆ گۆڕانکاری بێبەشکرد. لەبەرئەوە تاکتیکمان بەرەو بەشداریکردن گۆڕی، چونکە بایکۆت نەیتوانی تەنانەت وەڵام بە کەمترین پێداویستییەکانی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشیش بداتەوە. ئێستا ئەگەر بۆمان دەرکەوتبا بایکۆت قەیرانی شۆڕشگێڕی و قەیرانی سیستەمی سیاسی دەسەڵاتدار قووڵتر دەکاتەوە، یان هاوسەنگی هێز بە قازانجی بزووتنەوەکەمان و جەماوەر دەگۆڕێت، پەنامان بۆ بایکۆت دەبرد. کۆمۆنیزم دەبێت داهێنان بکات لەبواری میکانیزمی کارکردن و دزۆینەوەی رێگای نوێ بۆئەوەی ببێتە بەشێک لە هاوکێشەی سیاسی و هێزنواندنی سیاسی.
ئۆکتۆبەر: سەرەڕای ئەوەی کە حزبە بۆرژواییەکانی دەسەڵاتدار و ئۆپۆزیسیۆن تەنها بژاردەی هەڵبژاردن و پەرلەمان دەخەنەبەردەم کۆمەڵگا بۆ ئەنجامدانی هەر گۆڕانکاریەکی سیاسی و ئابوری….تاد. بەڵام لە کردەوەدا، پەرلەمان و هەڵبژاردن هیچ جێگایەکی نەبووە لە دەستراگەیشتنی خەڵك بەگشتی بە هیچ کام لە مافەکانیان، بەڵکو هەمیشە فشاری دەرەوەی پەرلەمان بەوڕادەیەی کە کاریگەری هەبووە توانیویەتی شتێك لە بەرژەوەندی خەڵك بگۆڕێت، بۆیە بەشێوەیەکی گشتی خەڵک بێئومێد بوون لە هەڵبژاردن و بەردەوام رێژەی بایکۆت بەرەو سەردەچێت. ئێوە چۆنە لە دۆخێکی وادا تازە باسی بەشداریکردن لە هەڵبژاردندا دەکەن؟
سەمیر عادل: دەمەوێت جەخت لەسەر خاڵێکی گرنگ بکەمەوە: ئێمە پۆپۆلیست نین و سەر بە هیچ بزووتنەوەیەکی پۆپۆلیستیش نین. بەواتایەکی تر هەڵوێستی ئێمە سەبارەت بە بەشداریکردن یان بایکۆت لەسەر بنەمای مەزاجی جەماوەری دیاری ناکرێ. بڕیاری بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکاندا وەک هەر تاکتیکێکی تر پێویستی بە ئامادەکاری هەیە. ئەمەش بەو مانایەیە کە هەموو شتێک لەناو خۆماندا دەبێت بگۆڕێت و لە سەرووی هەمووشیانەوە دەبێت لەخۆمان بڕوانین: چۆن خۆمان وەکو بژاردەیەك دەخەینە بەردەم چینی کرێکار و جەماوەری تامەزرۆیی ئازادی و یەکسانی؟ پێویستە کۆمۆنیزم لە پراکتیکدا بەرجەستە بکەین و بیگۆڕین بۆ یەکێک لە بژاردەکانی کۆمەڵگا. پێویستە وەک هەر بژاردەیەکی تر کۆمۆنیزم بخەینە بەردەم جەماوەر. ئەگەر ئەمە میتۆدۆلۆژیای ئێمە بێت، ئەوا دەبێت میکانیزم و کەناڵەکان بدۆزینەوە بۆ گۆڕینی کۆمۆنیزم بۆ واقیعێکی بەرجەستە کە جەماوەر بتوانێت بەدەستیەوە بگرێت بۆئەوەی بگاتە کەناری ئارام.
ئۆکتۆبەر: ئەم هەڵوێستەی حزب سەبارەت بە هەڵبژاردن لەلایەن کەسانێکەوە جێگای پێشوازی و بەڕادەیەك پێگەیشتووی سیاسی ناوبراو و لەلایەن کەسانیکیشەوە وەکو پشتکردن لە سیاسەتە ڕادیکاڵە کۆمۆنیستیەکان و خزان بەرەو سازش و خۆ گونجاند لەگەڵ سیاسەتەی بۆرژواییەکاندا لێکدرایەوە؟ ئێوە لەمبارەوە چی دەڵێن؟ ئایا حزب وازی لە شۆڕش و شۆشگێڕێتی کۆمۆنیستی هێناوەو بەرەو پەرلەمانتاریزم ئاراستەی سیاسی خۆی گۆڕیوە؟ ئەگەر بەو قورسیەش ناوی نەبەن لانی کەم بە سیاسەتێکی هەڵەی دەزانن کە حزب تێی کەوتوە؟
سەمیر عادل: بە لۆژیکی ئەو کەسانەی کە ڕەخنە لە هەڵوێستی ئێمە دەگرن سەبارەت بە بەشداریکردن و گوایە هەڵگری ئاڵای “مارکسیزمی ئۆرتۆدۆکس”ن، ئەوا پشتیوانی مارکس و ئەنگڵس بۆ بەشداریکردنی سۆسیال دیموکراتەکان لە پەرلەمانی ئەڵمانیا لە کۆتایی سەدەی نۆزدەهەمدا، ” سازشێکی تاکتیکی” بووە، هەروەها بەشداریکردنی بەلشەفیکەکان لە دوما دوای شۆڕشی ١٩٠٥.
مەنسوور حیکمەت لە سیمیناری یەکەم و دووەمی کۆمۆنیزمی کرێکاریدا دەڵێ: کاتێک چینی کرێکار بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی دەکات لە وڵاتانی دیموکراسی بۆرژوازیدا، بۆئەوەیە چونکە دەیەوێت گۆڕانکاری لە ژیانی خۆیدا بکات و داهاتووی خێزانەکەی دابین بکات. ناتوانرێت لۆمەی چینی کرێکار بکرێت لەبەرئەوەی دەچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان، چونکە زۆر بەسادەیی کۆمۆنیزم بژاردەیەك نەبوو لەبەردەمیاندا تا هەڵیبژێرن. چینی کرێکار چاوەڕوانی “سەرهەڵدانی کۆمۆنیزم” ناکات، هەروەها تەنها وەکو چاودێرێك و گوێگرێکی ئامۆژگارییە فیکری و سیاسییەکانی دەرەوە نامێنێتەوە، کە داوایان لێدەکەن “پوختەیی ئایدیۆلۆژی” و ” بێخەوشی فیکری” بپارێزن. کرێکاران بیمەی تەندروستی، بیمەی کۆمەڵایەتی و کەمکردنەوەی باجیان دەوێت.
لەواقیعدا ئەم جۆرە ڕەخنەیە هەوڵێکە بۆ خۆدزینەوە لە بەرپرسیارێتی بەرامبەر کۆمەڵگا و رازیبوون بە بڵاوکردنەوەی ئامۆژگاری و وتاردان. ئێمە هیچ پێوانەیەکمان بۆی نیە و ئەمەش دەتوانرێت ئەم کۆمۆنیزمە هەموو شتێک بێت بەڵام بە دڵنیاییەوە کۆمۆنیزمی مارکس نەبێت!
ئۆکتۆبەر: کەسانێك هەن دەڵێن کە ئەگەر حزب نفوزی لەناو جەماوەردا هەبوایە، ئەوکاتە بەشداری هەڵبژاردنی بکردایە، دەیتوانی دەنگێکی باش بهێنێت و چەند نوێنەرێك بنێرێتە پەرلەمان، لە بوونی ئیمکاناتی وادا دەتوانرا لە پەرلەمان کارێك بکەن لە بەرژەوەندی خەڵك و چینی کرێکار، بەڵام لەم دۆخەی ئێستای هەڵبژارندا ئەمە ئیمکانی نیە، ئەگەر خەیاڵی نەبێ؟ ئەحزابی میلیشیایی کۆنترۆڵی هەموو شتێکیان کردوە، دەتوانن خەڵک بترسێنن، تەزویر بکەن، دەنگ بکڕن، میدیای بەهێزیان هەیە، تەنانەت پشتیوانی ووڵاتانیان هەیە، چۆن دەکرێ حزبێکی کۆمۆنیستی رادیکاڵ لەناو ئەم فەزایەدا دەنگ بهێنێت و بچیتە ناو پەرلەمان؟
سەمیر عادل: سوپاس بۆ ئەم پرسیارە. لەچەندین بۆنەی پێشوودا وەڵامم داوەتەوە. با دوو پرس جیا بکەینەوە: یەکەمیان پەیوەندی بە بارودۆخی ئێستاوە هەیە، دووەمیان پەیوەندی بە پشتیوانی جەماوەرەوە هەیە.
سەبارەت بە پرسی یەکەم، چاوەڕوانی هەلومەرجی “ئایدیاڵ” بۆ بەشداریکردن- بەبێ بوونی میلیشیاکان و لە بوونی کەشێکی تەواو دیموکراسیدا، لانیکەم هاوشێوەی بەریتانیا- خۆشخەیاڵیەو ڕەنگدانەوەی تێنەگەیشتنە لە میکانیزمەکانی ئابووری سیاسی بۆرژوازی. هاوکات هەوڵێکە بۆ بەستنەوەی کۆمۆنیزم وەک ئەوەی لەناو دەفرێک بکرێ بۆ مۆمیاکردن، بۆ داپۆشینی بێتواناییە لە تێگەیشتن لە کۆمۆنیزم وەک ئامرازێک بۆ گۆڕانکاری ڕاستەقینە.
دۆخی سیاسی عێراق لەخۆیەوە ناگۆڕێت؛ ناتوانین چاوەڕوانی نەمانی میلیشیاکان یان سەرهەڵدانی ئازادییە سیاسییە ڕاستەقینەکان بکەین تەنها بە یەک مەرج نەبێت، کە دواتر باسی دەکەم. سیستەمی سیاسی بۆرژوازی دەسەڵاتدار لە عێراقدا لەلایەن سەرمایەداری جیهانی و زلهێزە ئیمپریالیستەکانەوە پاڵپشتی دەکرێت و ئەمریکاش پێگەی پێشەنگی تێیدا هەیە. پێگەی عێراق لە بەشی سەرمایەداری جیهانیدا بەپلەی یەکەم لەسەر بەرهەمهێنانی نەوت و دابینکردنی بازاڕێکی کاری هەرزان بۆ کەڵەکەکردنی سەرمایە دامەزراوە. ئەمەش پێویستی بە دەسەڵاتێکی پاوانخواز و سەرکوتگەر هەیە کە گەرەنتی هێزی کاری هەرزان و بەردەوامی ڕۆیشتنی نەوت بکات. ئەو سەرکوتکردنەی دژی خۆپیشاندانە ئاشتیانەکان بەڕێوەدەبرێت، بەشێکە لە دەستەبەرکردنی مەرجەکانی پاراستنی سەرمایە و پێگەی عێراق لە بازاڕی جیهانیدا.
سەرمایەداری جیهانی ناڕەزایی نییە لە بوونی میلیشیاکان تائەوکاتەی خزمەت بە بەرژەوەندی سەرمایە بکەن. بەڵام کاتێک میلیشیاکان سەقامگیری بازاڕی سەرمایەداری تێکدەدەن و هەڕەشە لە نفوزی سیاسی و ئابووریی ئیمپریالیزم دەکەن، ئەوکات نیشانەی پرسیار لەسەریان دروست دەبێت. هێزە سەرمایەدارییە جیهانی و ناوخۆییەکان هەوڵی قۆرخکردنی توندوتیژی دەدەن بۆ بەرژەوەندی دەوڵەت؛ بەمشێوەیە دەوڵەت دەبێتە ئەو قەوارەیەی کە توندوتیژیی پێ سپێردراوە، نەک میلیشیاکان، لەکاتێکدا بەرژەوەندییەکان ئەوە دەخوازێ. بۆیە هیچ دژایەتییەکی ڕاستەقینەمان نەبیست بەرامبەر بەو سەرکوتکردنەی کە حکومەتی سودانی لەدژی خۆپیشاندانی کارمەندانی تەندروستی و بێکاران و مامۆستایانی وانەبێژ ئەنجامیدا. هەروەکو چۆن هیچ بڕیارنامەیەکی نێودەوڵەتیمان نەبینی بۆ سەپاندنی سزا کاتێک یاسای باری کەسی هەموارکرایەوە، چونکە ئەم جۆرە ڕێوشوێنانە کاریگەرییان لەسەر پێگەی ئابووری عێراق ناکەن و قازانجی کۆمپانیا سەرمایەدارییە جیهانییەکان کەم ناکەنەوە. بەڵێ یاداشتی ناڕەزایەتی لە نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکێتی ئەوروپاوە دەرچوو، بەڵام ئەمانە تەنها بۆ لابردنی گلەیی و جوانکردنی وێنەی ئەو دووڕووییە سیاسیە بوون بەوەی کە وەکو “بەرگریکردن لە دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ”. نمایشی بکەن!
پێویستە لەم ڕاستیە تێبگەین: عێراق بەرەو دەوڵەتێکی سەرکوتگەری تائیفی دەڕوات، ناتوانین جەماوەر لە چاوەڕوانیدا جێبهێڵین تا بۆرژوازی ” لوتف بکات” بکات و ڕەفتارەکانی بگۆڕێت. ئەمە خۆشباوەڕکردن و سیاسەتێکە بۆ خنکاندنی جەماوەر لەکاتێکدا قامچیان لێدەدرێت، بەڵام دەوری ڕەخنەگرانی “ئۆرتۆدۆکس”مان تەنها بریتی دەبێت لە ژماردنی قامچیەکان!
گۆڕینی ئەم هاوکێشەیە پەیوەستە بە ڕێکخستنی جەماوەرەوە لە هەموو شوێنێکدا- لە گەڕەک و شوێنی کار و کارگە و زانکۆکاندا- و پڕچەککردنی بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکان بە دیدێکی خەباتگێڕانەی سەربەخۆ و ڕێکخستنی سەرکردایەتیەکانیان. بەبێ ئەمە هاوکێشە سیاسییەکە ناگۆڕێت و توندوتیژی بەردەوام دەبێت، جا بە ناوی “چەکی کۆنترۆڵنەکراو” بێت یان لەڕێگەی ئەو ئامێرانەی دەوڵەتەوە کە حکومەتی سودان دژی جەماوەر بەکاریدەهێنێت.
بەبێ ئەم ڕێکخستنە نفوزی ڕاستەقینەی کۆمۆنیزم بەرجەستە نابێت. لێرەدا پرسی دووەم دێتەپێشەوە. لەسەدا هەشتا و دووی خەڵکی عێراق بایکۆتی سێ هەڵبژاردنیان کرد: هەڵبژاردنی پەرلەمانی ساڵی ٢٠١٨ و ٢٠٢١ و هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە ساڵی ٢٠٢٣، پێویستە بچین بۆ لایان ولە دەرگاکانیان بدەین و کۆمۆنیزم وەک بژاردەیەک بخەینەبەردەمیان. ئەم ڕێژە بەرزەی بایکۆتی جەماوەری بۆ ئێمە دوو مانای دژ بەیەک لەخۆدەگرێت: لە لایەک هۆشیارییەک لە نێو جەماوەردا نیشان دەدات کە هێزە سیاسییە بۆرژوازییەکان نوێنەرایەتی بەرژەوەندییەکانی ئەوان ناکەن و لەلایەکی دیکەشەوە نەبوونی بەدیلێکی کۆمۆنیستی لەناویاندا ئاشکرا دەکات. ئەوەی کارەساتە، هەندێک لە گروپە چەپەکان ئەم بایکۆتە دەکەنە بیانوو بۆ پاساوهێنانەوە بۆ گۆشەگیری خۆیان.
بۆیە دەبێت ئەم هەڵبژاردنە وەک دەرفەتێک بقۆزینەوە بۆئەوەی بەرنامەی هەڵبژاردنی خۆمان بە خەڵک بناسێنین- واتە بەرنامەی عەمەلیی کۆمۆنیزم ئەگەر بچێتە سەر دەسەڵات. بەشداری ئێمە بێمەرج نییە؛ بەڵکو بەشداریەکی مەرجدارە. ئێمە چەکێکی سپی واژۆ ناکەین. بەشداری ئێمە لەسەر بنەمای ڕێکەوتنێکە لەگەڵ هەر لایەنێک یان قەوارەیەک کە ئەم بەرنامەیە بکاتە بەرنامەی خۆی بۆ هەڵبژاردن و کارکردن لە پەرلەمان، کە بریتییە لە داکۆکیکردن لە مافی کرێکاران و ژنان و گەنجان و زامنکردنی ئازادی سیاسی و فیکری و یەکسانی. ئەگەر ئەو لایەنانە بەرنامەکە پەسەندبکەن، ئێمە پشتیوانیان دەکەین لە گەیشتن بە پەرلەمان. بەڵام ئەگەر لایەنە سیاسییەکان ئەم بەرنامەیە ڕەت بکەنەوە، ئەوا ئێمە بەڕوونی بە ڕای گشتی دەڵێین: ئەم هێزانە بەرگری لە بەرژەوەندی ئێوە ناکەن. ئەوکات بڕیارەکە هی ئێوە دەبێت، هەروەک چۆن ئێمە بڕیارمان دا دەنگی خۆمان نەدەین بەو کەسانەی کە نوێنەرایەتی بەرژەوەندی ئێوە ناکەن.
hkkurdistan.org