گفتوگۆ لەگەڵ خەسرەو سایە سەرۆکی مەکتەبی سیاسی حزب
ئۆکتۆبەر: وەکو خۆتان ئاگادارن رۆژی سێشەممە رێکەوتی ١٨ ی تشرینی دووەم/ نۆڤەمبەر، شەشەمین کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایش لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە زانکۆی ئەمریکی لە دهۆك دەستی بەکارەکانی کرد و بەپێی ڕاگەیاندنەکانی سەر بە سەرۆکی حکومەتی هەرێم، کە کۆڕبەندەکەی بەڕێوەدەبرد، نزیکەی ١٥٠ سەرکردەی ناخۆیی و هەرێمی و نێوەدەوڵەتی لە ٢٥ ووڵاتەوە، بە ئامادەبوونی نوێنەری سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان، تێدا بەشدار بوون. ئەگەرچی ئەم کۆڕبەندە ساڵانە ئەنجام دەدرێ، بەڵام ئەمساڵ لەکاتێکدا بەڕێوەدەبرێت کە تەنها چەند رۆژیكە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق تەواوبووە. کەوایە تاچەند سازدانی ئەم کۆڕبەندە پەیوەندی بەدۆخی دوای هەڵبژاردنەوە هەیە؟
خەسرەو سایە: بەدڵنیایەوە بەستنی ئەمساڵی کۆڕبەندی “مێپس”، پەیوەندی ڕاستەوخۆی بەدۆخی دوای هەڵبژاردنەوە هەیە، تەنانەت بەجیالەوەی کەڕیخەرانی کۆڕبەندەکە چ نیازو بەرنامەیەکیان هەبووە، بەلام ڕاشکاوانە بڵێم کەسازدانی ئەمساڵی کۆڕبەندەکە بەوجۆرەی کەلەماوەیەکی کەمی چەندڕۆژەی دوای تەواوبوونی هەڵبژاردندا هاتەکایەوە، پڕۆژەیەک بوو بەدەستپێشخەری وپلانی پارتی سازدراوە و بۆ نمایشی توانا و دەسەڵاتی پارتی بەرامبەر بەکۆمەڵگاو لایەنەکانی تر چ لەعیراق وچ لەکوردستان ودانی پەیامێک پێیان، وەک هێزێکی براوەی یەکەم لەئاست کوردستان وهێزی دووەم لەئاست عیراقدا، هوشیارانە بەدەستەوەگیراوە. ئەوەی لەپرسیارەکەی ئێوەشدا هاتووە کە گۆڕبەندەکە لەلایەن دەزگایەکی سەربە حکومەتی هەرێمەوە بەڕێوەبراوە وکراوەتە جێگای دەرکەوتنی سەرانی وردو درشتی پارتی، ڕاستی ئەم قسانە دەسەلمێنێ. بەگشتی کۆڕبەندەکە بوو بەجێگایەک بۆ مانۆرڵێدان وهێزنواندنی پارتی بەرامبەر بەحەریفەکانی. واتە دوای تەواوبوونی هەلبژاردن وڕاگەیاندنی ئەنجامەکانی، ئیتر پارتی خۆی دۆخیکی تازەدا دەبینێتەوە بۆ مامەلەکردن هەم لەگەڵ لایەنە عێراقی و کوردستانیەکاندا وهەم لەگەڵ دۆخی دوای هەڵبژاردنەکاندا، تا لەهاوکێشەیەکی تازەدا جێگەبگرێ ومەرج وداواکانی خۆی بەسەریاندا داسەپێنێ. لەم ڕوانگەیەوە کۆڕبەندەکە نەک هەر چالاکیەکی ڕۆتین و ئاسیایی نەبووە بگرە ڕاستەوخۆ پەیوەندی بەدۆخی دوای هەڵبژرادنەکان وئەم ئەنجامەوە هەیە کەپارتی پێی گەیشتووە.
ئۆکتۆبەر: وەک بینیمان دەرکەوتنی پارتی لەکۆڕبەندەکەدا، ڕۆڵیکی بەرجەستە وسەرەکی هەبوو، بەرادەیەک کەکۆڕبەندەکە بەگوتەی مەسعود بەرزانی دەستی پیکردو پاش ئەویش سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەت و ئینجا چەند ئەندامانیکی مەکتەبی سیاسی و وەزیرەکانی پارتی وتاریان داو هەریەکەشیان بەجۆرێک پەیامێکی دا.. ئێوە چ خویندنەوەیەکتان هەیە بۆ ئەم ئاستە لەدەرکەوتنی پارتی وپەیامی کەسایەتیەکانی لەم کۆڕبەندەدا؟
خەسرەو سایە: پێشوتر وتم کە ئەم کۆڕبەندە جێگەیەک بوو بۆ مانۆرلێدانی پارتی و خۆنیشاندانی وەک هیزی یەکەم، تا یەکلایەنە هەق بەخوی بدات بەناوی “کوردو خەڵکی کوردستانەوە” بەرەو بەغدا بڕواو لەکوردستانیش بەم نەفەسەوە مامەڵە لەگەڵ یەکیەتیدا، بەتایبەتی و لایەنەکانیتر بەگشتی، بکا و لەسەر مەسەلەی پێکهێنانی حکومەت چ لەبەغداو چ لەهەرێمی کوردستان و دابەشکردنەوەی پۆستەکان، پاشەکشەی گەورەیان بەسەردا داسەپێنێ و ناچاریان بکات بەقەبوڵکردنی سیاسەت و بەرنامەی پارتی. بەواتایەکی تر پەیامێکی سەرەکی کە لەم کۆڕبەندەدا لەزمانی مەسعود بەرزانی وسەرانی تری پارتیەوە ڕاگەیەندرا ئەوەیە کە”دۆخەکە گۆڕاوە و بەهەمانشێوەی پێش هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق مامەڵە ناکەین” لەپەیامێکی ئاواشدا دوو ئاڕاستە ئامادەگی هەیە: ئاڕاستەی یەکەم ڕووی لە لایەنەکانی عێراقە بەگشتی و ئەو لایەنە شیعییانەیە کە لە “چوارچێوەی هەماهەنگیدا” کۆبونەتە بەتایبەتی، وە دەیەوێت پێیان بڵێت کەپارتی هێزی یەکەمەو دەبێ وەک تەرەفی سەرەکی “لایەنی کورد” مامەلەی لەگەڵدا بکەن و بکەونە دانوسانەوە. ئاڕاستەی دوومیش ڕووی لە یەکیەتی نیشتمانی کوردستانە و فشاری بۆدێنێ بەوەی کە دۆخەکە گۆڕدراوە و ئیتر بەپێی “ئیستحقاقاتی ئینتخابی” مامەڵەتان لەگەڵ دەکەین و ئەگەر مل نەدەن بەمەرجەکانی پارتی بۆ پێکهێنانی حکومەتی هەرێم، ئەوا دوبارەکردنەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، ئەگەرێکی بەهێزە.. پێموایە بەکورتی ئەمە پەیامی پارتی و سەرکردەکانی بوو لەم کۆڕبەندەدا کەدایان بەگوێی خەڵکدا.
ئۆکتۆبەر: بەلام مەسعود بەرزانی لەوتەکەیدا هەم ڕەخنەی لەیاسای هەلبژاردن گرت و هەم چەند داوایەکی دابەگوێی لایەنە عیراقیەکاندا، لەوانە: پێکهێنانی “ئەنجومەنی باڵای ئیتحادی”، سازدانەوەی “دادگای فیدراڵی عیراق”،” پەسەندکردنی یاسای نەوت و غاز”،”جیبەجی کردنی دەستورو مادەی ١٤٠” وهیتر.. لەم قسانەی مەسعود بەرزانی چی دەخوێنیتەوە؟ ئایا ئەمانە خواست وداکاری پارتین، یان مەرجەکانی دانوساندن و ڕیکەوتنە لەگەڵ لایەنە عێراقیەکاندا؟
خەسرەو سایە: ئەگەر ئەوە قەبوڵ بکەین کەئامانج ومەبەستی پارتی لەسازدانی کۆڕبەندەکەدا، خۆنواندنیەتی وەک هێز وتەرەفی سەرەکی لەدۆخی دوای هەڵبژاردندا، ئەوا قسەکانی مەسعود بەرزانی وئەوانی تریش، بەگشتی بۆ ئەوەیە کەبڵێت مامەڵەکردن لەگەڵ”کورد”دا تەنها لەڕیگای ئێمەوە دەبێت. واتە ئێمە نوینەرایەتی کورد دەکەین لەو دابەشبونە قەومی و مەزهەبی وتایفەگەریەی کە”پەرلەمان و دیموکراسی عێراق”ی لەسەر دامەزراوە وئەوانیتر لاوەکین. ئەوەشی کە ڕەخنە لەیاسای هەڵبژاردن دەگرێ ودەڵیت نادادپەروەرانەیە! بۆ ئەوەیە کە پارتی لەپێگەیەکی باڵاتردا دابنێتەوە، واتە داوای یاسایەکی تازەی هەڵبژاردنەکان دەکات کەبەقازانجی مسۆگەرکردنی کورسیەکانی پارتی بێت نەک کرانەوەیەکی وا کە ئەو قەیدوبەندانە هەڵگرێت کە ڕێبکاتەوە هاوولاتی سادە لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا بەشدارببێت.
تائەو جێگەیەشی کە بەخاڵەکانی “مەجلسی ئیتحادی” و”دادگای فیدراڵ”و “یاسای نەوتو گاز” ومادەی ١٤٠ دەگەرێتەوە، من پێموایە ئەمانە سەرخەتی لانی زۆری پلاتفۆڕمێکە بۆ پارتی تا لەدانوساندنەکانداو بۆ وەرگرتنی ئیمتیازتی دارایی و پلەپۆستی زیاتر لەحکومەتی داهاتوی عێراقدا، بەدەستیەوەبگرێ. لەکاتێکدا ئەم بابەتانە لەفەزای سیاسی ئیستای عیراقدا و لەهاوکێشەی سیاسی وهێزەکاندا و لەدۆخێکدا کە ئێران و ئەمریکا راستەوخۆ دەخاڵەتیان هەیە، نە بەکردەوە دەردێن و نە پەیوەندیان بە ژیان و گوزەرانی خەڵکەوە هەیە چ لەکوردستان و چ لەعیراق. بگرە تەواوی ئەو بابەتانەن کە لەرابردوودا مشتومر وناکۆکی قوڵی بەدوای خۆیدا هێناوە، لەدۆخی ئێستاشدا، مەترەحکردنیان بێئاکام دەمێنیتەوەو لەزەلکاوی ئەو ناکۆکیانەدا کەهەیە دەخنکێت. لایەنێكیتر ئەوەیە کەباسکردن لەم مەسەلانە ئەو راستیە دەسەلـمێنێ کەپارتی بەشوین پێگەو بەدەستهێنانی ئیمتیازات وپلەو پۆستەوەیە نەک مەسەلەکانی ئازادی وخزمەتگوزاری وباشکردنی ژیانی خەڵکی بەشمەینەت بێت. تەنانەت بۆ گەیشتن بەبەرژەوەندیەکانی خۆی ئامادەیە دەست بخاتە نیودەستی کۆنەپەرسترین لایەنو دەستەو تاقمی میلیشیاییەوە.
ئۆکتۆبەر: ئەوەی جێگای سەرنج بوو، هیچ بەرپرسێکی یەکێتی ئامادەنەبوون یان بانگهێشت نەکرابوون بۆ کۆڕبەندەکە، لەکاتێکدا لە دیداری میێری مانگی ڕابردوو لە هەولێر، قوباد تاڵەبانی و بافڵ تاڵەبانی لە قسەکەران و پانێڵیستەکانی ئەو دیدارە بوون. ئێوە چ لێکدانەوەیەکتان هەیە بۆ ئەم بەشداری پێنەکردنەی بەرپرسانی یەکێتی؟
خەسرەو سایە: هەرچەندە قسەکەری یەکیەتی وایبڵاوکردەوە کە دەعوەت کراون، بەلام خۆیان نەیانویستووە ئامادەی کۆڕبەندەکەببن، بەلام من پێموایە پارتی جدی نەبوە لەبانگهێشتنەکەیداو سەرانی یەکیەتیش ئەوەیان زانیوە کەدۆخەکە گۆردراوەو لەگەڵ فشاری پارتی بەرەوڕوودەبنەوە، هەربەوهۆیەوە پارتی مەبەستی لاخستنی یەکیەتی بووە. هەروەک لەپرسیارەکەدا ئاماژە بەبەشداری گەرموگوڕی پاڤڵ، سەرۆکی یەکیەتی و قوباد تاڵەبانی دەکات لەکۆڕبەندی میردا کە لەهەوڵیر سازدرا. بەلام ئەوکاتە هێشتا پارتی بەمەبەستی پێكهێنانی کابینەی تازەی حکومەت پێویستی بەیەکیەتی بوو وە هەوڵی دەدا بەموجامەلەکردن رازی بکات، بەڵام کاتێک دۆخەکە کەوتە دوای هەڵبژاردنەوە پارتی ئیتر لەپێگەیەکی ترەوە مامەڵە لەگەڵ یەکیەتیدا دەکات، کەئاراستەیە بۆ لاخستن وبچوککردنەوەی چ لەسەر ئاستی عێراق وچ لەسەرئاستی ناوخۆی هەریمدا.
با ئەوەش بڵێم پارتی وەک ئەوەی کە پاڵیداوە بەتورکیاوە و چ لەرابردووداو چ بەم دواییانەش چ لەپەیوەند بەمەسەلەی کورد لەتورکیاو چەکدانانی پەکەکەوە و چ لەئاستی سوریادا و لەکێشەکانی نیوان هەسەدەو حکومەتی شەرعدا، لەمحوەری تورکیادا جێگای گرتوە، ئەمەش بەوەی ڕۆڵێکی تایبەتی بگێڕێت، بەپیویست پێگەی پارتی لەچاو یەکیەتیدا روی لەهەڵکشانە، ئەمە وێرای ئەو سەرکەوتنەی کە لەهەڵبژاردنی ئەمجارەدا بەدەستی هێناوە.. هەموو ئەمانە وایکردووە کە مامەڵەیەکی تر لەگەڵ یەکیەتیدا بکات. بەدیوێکی تریشدا، پارتی ئەوە دەزانێت کەیەکیەتی لەدرێژەی ستراتیژی ئیران لەعیراقدا جێگای گرتووە وبەدوای ئەو پاشەکشەیەی کەبەسەر ئیران ونفوزی لەناوچەکەدا هاتووە، بەکردەوە دەگات بەوەی کە پیگەی یەکیەتیش لەهاوکێشە سیاسیەکاندا بەرەوخوارەوە بێت. واتە مانای عەمەلی ئەم دۆخە ئەوەیە کە پێگەو ڕۆڵی یەکیەتی لاوازو بچوک بکاتەوە و لەم ڕوانگەیەوەیە کەئیتر دەورانی موجامەلە وسازشکردن بۆ یەکیەتی تەواوبوە وهەوڵدەدات لەکەنارەوە ڕای بگرێت تا تەسلیم بەسیاسەتەکانی خۆی بکات. پێموایە ئەمە بنەمای ئەو مامەڵەیەیە کەپارتی لەپەیوەند بەکۆڕبەندی “مێپس” وکردی.
ئۆکتۆبەر: مەسەلەیەکی دیکە کە دەهێنێ قسەی لەسەر بکەین بانگهێشتکردن و بەشداری بەرپرسانی هەسەدە(مەزڵوم عەبدی و ئیلهام ئەحمەد) بوون لە کۆڕبەندەکەدا. هەر لەوێدا ئەحمەد داود ئۆغڵۆ سەرۆکی حزبی ئایندەی تورکیاو سەرۆک وەزیرانی پێشووتری حزبی دادو گەشەپێدان( ئاكەپە)ش یەکێك بوو لە بەشداربوان؟ ئێوە چ لێکدانەوەیەکتان هەیە بۆ بەشداربوونی سەرکردەکانی هەسەدە و کەسایەتیەکی وەکو داود ئۆغڵو؟ ئایا ئەمە ئەو مانایەی لێ ناخوێنرێتەوە کە بەجۆرێك ئەم کۆربەندە دەیەوێ بەرجەستەی رۆلی تورکیا بکات لە عێراق و کوردستان دوای هەڵبژاردنی ١١ی ١١ی ئەمساڵ و جۆرێك لاخستنی نەخشی ئێران، بەتایبەتی کە باسی پرسی ئاشتی و ئاسایشی ناوچەکە دەکرێ!؟
خەسرەو سایە: بەدڵنیایەوە لەم کۆڕبەندەدا، پارتی هەوڵیداوە ڕۆڵی تورکیا لەسەرحسابی لاخستنی لایەنگرانی ئێران بەرجەستەبکاتەوە، هەروەک وتم کەپارتی هەوڵ دەدات بەپشتیوانی تورکیاو دەخالەتی سیاسی و سەربازیەکەی لەناوچەکەدا، پێگەی خۆی تا ئاستی خاوەندارێتی بۆ مەسەلەی کورد لە پارچەکانی تری کوردستاندا نمایش بکات و وا خۆی دەرخات کە ڕابەری بزوتنەوەی کوردایەتیە و دەبێ هەموان پاشکۆی سیاسەتەکانی بن!. بێگومان ئەمەش لەدۆخێکدایە کە هاوکێشە سیاسیەکان بەزەرەری ئیران ورۆڵی لەسوریاو ناوچەکەدا، تەواوبووە.
تائەو جێگەیەی کە بەبەشداری هەسەدەو مەزڵوم عەبدی وئیلهام ئەحەمد وعوسمان بایدەمیر وقسەکانیان دەگەڕێتەوە، زیاتر بۆ دڵنەواییکردنی تورکیایە ونیشاندانی لێکنزیکبوونەوەیانە لەگەڵ پارتیدا وەک یەکێک لەدۆستەکانی تورکیا. خودی ئەوەی کە مەزڵوم عەبدی کەوتە مەدحو سەنای بنەماڵەی بەرزانی وئەوەشی کە هەم خۆیی وهەم ئیلهام ئەحمەد وەک بەرپرسی پەیوەندیەکانی دەرەوەی هەسەدا تەئکیدیان لێکرد ئەوەبوو کە”هەسەدە هیج مەترسیەکیان بۆ سەر تورکیا نییە” ودەیانەوێت ڕیبکەون، بەڵگەی ڕاستی ئەم قسانەیە. تەنانەت ئەوەی کە ناوی یەکیەتی وسەرکردایەتیەکەی بەدەمیاندا نەهات، ئاماژەیەکە بۆئەوەی کەدەیانەوێت فاسیلە لەگەڵ”نەیارانی تورکیا” بگرن وبەمەش دڵنیایی بەتورکیا بدەن.
لەسەرێکی تریشەوە هەسەدەو مەزڵوم عەبدی پێویستیان بەپارتی هەیە، چ لە پڕۆسەی چەکداماڵینی پەکەکا و دەخاڵەتکردنی لە”پرۆسەی ئاشتی”دا و چ لە نزیککردنەوەی هەسەدەو ئەحمەد شەرعدا بەوجۆرەی کەتورکیا دەخوازێ، جارێکیتر ڕۆڵی پارتی دێنێتەپێشەوە کەهەسەدە چاوی تێبڕیوە. تەنانەت وەک هەنگاوێکی دڵنیاکەرەوە بۆ تورکیا، پێدەچیت لەسەر داوای پارتی و بەرزانی بووە، کە لەچەند شوێن هیزەکانی هەسەدە بکشێنەوە. با ئەوەشمان لەبیر نەچیت، کە مەسەلەی ناردنەدەرەوەی نەوتی سوریا لەو ناوچانەدا کەلەژێر دەستی هەسەدەدایە، لەڕیگای تورکیاوە بەشێوەیەکی نەهێنی فاکتۆرێکی ترە، کە هەسەدە لەپارتی نزیکتر بێتەوە، تابتوانێت لەڕێگای حکومەت و دەسەلاتی پارتیەوە، دەست بۆ ئەم هەنگاوەبەرێت. ئێمە نازانین کە لەم بارەوە چ ڕێکەوتنێک لەنیوان هەسەدەو ئەمریکاو کۆمپانیاکان و پارتیدا کراوە، وەیا کەوتۆتە بەرنامایەنەوە، بەلام خودی ئەم بابەتە وەک وتم فاکتۆڕیکە بۆ نزیکبوونەوەی نێوان هەسەدەو پارتی، بەوجۆرەی کەتورکیا و دۆخی هەسەدە لەسوریا و ناوچەکە دەیخوازێت.
ئۆکتۆبەر: ئامادەبوونی بەرپرسانی عێراقی هەر لە محمد شیاع ئەلسودانی سەرۆك وەزیرانی ئێستا تا خەمیس خەنجەر و عەمار حەکیم و فایەق زێدان، لەم کۆڕبەندەدا چۆن لێك دەددەیتەوە؟
خەسرەو سایە: ئەوەی گرنگە بەشداری سودانیە لە کۆڕبەندەکەدا، کەدیارە بۆ ئاشتکردنەوەی پارتی و گفتوگۆکردن بووە لەسەر ڕازیکردنی پارتی کەپشتیوانی بکات بۆ خۆ دوبارە کاندیدکردنەوەی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران، بەتایبەتی کە لەرابردوودا سودانی بەهۆی وابەستەبوونی بە”چوارچیوەی هەماهەنگی” شیعەکانەوە، نەیتوانیبوو وەلامدەرەوەی داواکانی پارتی بێت و لەسەر موچەو شایستە داراییەکانی هەرێمیش، گیروگرفتی زۆری پێکهێنا بۆ پارتی و حکومەتەکەی. بەکورتی سەردانی سودانی و ئەوانی تر زیاتر بۆ خوێندنەوەی دەمی پارتی بووە لەسەر ئەوەی کە ڕایان چیە لەسەر دوبارە خۆکاندیدکردنەوەی سودانی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران..
hkkurdistan.org